رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدەی ئەهلی بۆ مانگی رابردوو لە هەولێر و دهۆک دەگاتە 17 هەزار و 500 دینار؛ لە سلێمانی دەگاتە 14 هەزار و 500 دینار و لە هەڵەبجەش لەنێوان 12 بۆ 15 هەزار دیناردا دەبێت.
رۆژی یەکشەممە 04-12-2022 قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مانگی رابردوو 274 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانیان و نرخی لیترێک گاز بە 850 دینار بووە. نرخی ئەمپێر جیاواز بووە؛ کەمترین نرخ ئەمپێری 14 هەزار دینار بووە و بەرزترینیش 17 هەزار و 500 دینار."
لە سلێمانی 220 بۆ 255 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانیان و ئەمپێرێک لەنێوان 13 بۆ 14 هەزار و 500 دینار دەبێت. ئەمڕۆ یەکشەممە تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەندێک موەلیدەی "زۆر کەم" هەن کە 24 کاژێر کارەبا دەدەن و ئەوانە نرخی ئەمپێریان زیاترە.
تاریق سەمین گوتیشی، گۆڕانکارییان لە خشتەی پێدانی کارەبای موەلیدە کردووە و لەمەودوا لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا رۆژانە کاژێر 06:30 بەیانی بۆ 08:30، نیوەڕوان 01:00 بۆ 01:00ی شەو کارەبای موەلیدە دەدەنە هاونیشتمانیان.
لە دهۆک جیاواز لە شارەکانی دیکە، لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا بۆ ماوەی 24 کاژێر کارەبای موەلیدە دەدەنە هاونیشتمانیان. ئەمڕۆ یەکشەممە، هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی رابردوو 285 کاژێر کارەبای موەلیدەیان داوەتە هاونیشتمانیان و بەوەش نرخی ئەمپێرێک کارەبا 17 هەزار و 500 دینار بووە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، پێشەوا حەیدەر، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی مانگی رابردوو تاوەکو ئێستا دیاری نەکراوە؛ بەگوێرەی کاژێرەکانی کارەبا کە نزیکەی 250 کاژێر کارەبای موەلیدەمان داوەتە هاونیشتمانیان، نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 12 بۆ 15 هەزار دینار دەبێت."
بەرزترین نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە لە مانگی ئۆکتۆبەر بەم شێوەیە بوو: هەولێر 12 هەزار و 500 دینار؛ سلێمانی 9 هەزار؛ دهۆک 14 هەزار و هەڵەبجە 6 هەزار و 750 دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ