دانانی قەیووم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خەلفەتی لە باکووری کوردستان بە تووندی سەرکۆنە کرا

04-11-2024
عەبدولسەلام ئاکنجی
لە مێردین، خەلفەتی رووها و ئێلیهـ لە دژی دانانی قەیووم خۆپێشاندا کرا.
لە مێردین، خەلفەتی رووها و ئێلیهـ لە دژی دانانی قەیووم خۆپێشاندا کرا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دژی دانانی قەیووم لەسەر شارەوانیی میردین، ئێلیهـ و ناوچەی خەلفەتی رووها، لە بەردەم شارەوانیی هەر سێ شوێنەکە خۆپێشاندان کرا.  
 
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی تشرینی دووەم، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ گەورە شارەوانی مێردین، شارەوانی ئێلیهـ و شارەوانی شارۆچکەی خەلفەتی سەربە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان دانرا.
 
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی مێردین دانرا.  
 
پارێزگای مێردین دوای بڕیاری دانانی قەیووم، ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌، خێوه‌تهه‌ڵدان و سه‌كۆدانانی بۆ ماوی 10 رۆژ قەدەخە کرد. 
 
لەلایەکی دیکەوە بەیانی ئەمڕۆ قەیووم بۆ شارەوانی ئێلێهـیش دانرا. فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دانانی قەیووم گەیێندرایە گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانی و لە شوێنی ئەو ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیهـ بە قەیووم دانرا.
 
هەر ئەمڕۆ دوابەدوای دانانی قەیوم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین و شارەوانیی ئێلیهـی باکووری کوردستان، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووها دانرا.  
 
هێزە ئەمنییەکان زوو رێوشوێنی ئەمنیی بەرفراوانیان لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی خەلفەتی گرتەبەر و دوای دانانی قەیوم، محەممەد قەرەیڵان دەستبەسەرکرا. 
 
لە شوێنی قەرەیڵان، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی شارۆچکەی خەلفەتی لەلایەن پارێزگاری رووها وەک قەیوم بۆ سەرۆکی شارەوانی خەلفەتی دەستنیشانکرا.
 
ئەحمەد تورک و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە بەیانی زوو بەرەو بینای شارەوانی بەڕێکەوتن و لەوێ گردبوونەوە. تیمەکانی پۆلیس لە ناوچەکەدا بوون.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەحمەد تورک رایگەیاند: "شارەوانیی ئێمە داگیر کراوە. ئێمە لە دۆخێکداین کە شارەوانی بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵک دەستی بەسەردا گیراوە. کاردانەوەی خەڵک ئاشکرایە. درێژە بە خەباتی دیموکراسیمان دەدەین. گوتارێک کە حەوت ساڵ پێش ئێستا لە سێرت پێشکەشم کردووە کراوە بە پاساو. ئێرە داگیرکراوە و خەڵک سەرکۆنەی دەکەن. گەلەکەمان دژی ئەو تێگەیشتنە ناڕەزایەتی دەردەبڕن کە ئیرادەیان قۆرخ دەکات."
 
ئەحمەد تورک گوتی، "تەنانەت نەمانتوانی کەلوپەلەکانمان لە بیناکە وەربگرین. بینای شارەوانی پڕ بووە لە پۆلیس. بێگومان خەڵک لە سەر سندووقی دەنگدان ئیرادەی خۆیان دژی ئەمە دەردەبڕن. ئەگەر ئەمە ئەو شتە بێت کە ناوی دەنێن کرانەوە، ئەوە کرانەوە نییە. ئێمە بە هیوای وڵاتێکەوە خەریکی سیاسەت دەبین کە خەڵک لەسەر بەها دیموکراسییە هاوبەشەکان کۆببنەوە. ئێمە بۆ ئەمە لێرەین. بەم رەفتارە حکومەت نیشانی دا کە نیازی چارەسەرکردنی نە کێشەی دیموکراسی و نە کێشەی کوردی نییە."
 
محەممەد قەرەیڵان، هاوسەرۆکی شارەوانیی خەلفەتی رووها رایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک رێگە بەم عەقڵییەتە نادەین."  
 
هاوکات، گولستان سۆنوک، هاوسەرۆکی ئێلیهـ رایگەیاند: "لەنێو 81 شار دا بە زۆرترین رێژەی دەنگ ئەم شارەوانییەمان بەدەستهێناوە. بەهیچ شێوەیەک ئەم ئەمانەتە رادەستی فەرمانبەرێکی سووک ناکەین. ئێمە لێرەین و تێدەکۆشین و هەموو گەلی خۆمان بۆ بەرخودان بانگهێشتی ئێرە دەکەین." 
 
لە خۆپێشاندانەکانی ئێلیهـ دا گرژی لە نێوان خۆپێشاندەر و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو. پۆلیس بە ئاو بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کرد. لە ئەنجامدا بە دەیان کەس دەستبەسەر کران. 
 
هاوسەرۆکانی دەم پارتی و دەبەپە و پەرلەمانتارانی هەردوو پارتەکە بۆ پشتگیریکردنی خۆپێشاندەران سەردانی ئێلیهـ و مێردینیان کرد. 
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەنێو خۆپێشاندەران دا رایگەیاند: "لەبەر ئەوەی لە بواری سیاسی دا ناتوانن کۆنترۆڵمان بکەن، بە دەستی دادوەر و پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ کودەتایان بەسەرمان دا کردووە." 
 

 

 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی رێگەکە کە پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە

پارێزگای هەولێر: دووسایدکردنی رێگەی کۆیە – هەولێر کەوتە واری جێبەجێکردنەوە

پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە گوژمەی زیاتر لە 560 ملیار دینار، پڕۆژه‌ی دووسایدی هه‌ولێر - كۆیه‌ كه‌وته‌ واری جێبه‌جێكردنەوە.