مێرووی بەڕووخۆر لەنێو بەشێک لە دارستانی زاگرۆس بڵاوبووەتەوە و دارەکان لەنێودەبات

04-09-2022
رووداو @Rudawkurdish
هاووڵاتییەک لقەکانی دارێک دەبڕێتەوە
هاووڵاتییەک لقەکانی دارێک دەبڕێتەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دارستانەکانی زاگرۆس لەنێو دەچن، ئەویش بە کۆمەڵێک هۆکاری مرۆیی و ژینگەیی، بەڵام هۆکارێکی هاوبەشیش هەیە، ئەویش مێرووی بەڕووخۆرە، کە ئەمساڵ لە داربەڕووەکانی زاگرۆسی داوە. ئەو جۆرە مێرووە گەڵای دارەکان دەخوات و وشکیان دەکات.
 
چالاکڤانێکی ژینگەیی دەڵێت، "ئێستا لە شاخی دەهەکین. دەبینین بارودۆخ چۆنە، لەپشت سەرمەوە دەیبینن کە زۆربەی دار بەڕووەکان وشک بوون، ئەم پەتایە ئەم ناوچەیەی بە تەواوەتی گرتووەتەوە، بارودۆخێکی زۆر مەترسیدارە، لە هەر 100 دار، دارێک نەخۆشییەکەی نەگرتووە."
 
لە هێرشی مێرووی بەڕووخۆر و بەرەنگاربوونەوەی دا، تاوەکو ئێستا مێرووەکە سەرکەوتوو بووە. عەلی موعتەمەدی پوور، سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیر ئەحمەد، راشکاوانە گوتی، "دەسەڵاتمان بەسەر ئەم ئافاتەدا ناشکێت، سەرەڕای هەوڵەکان، ئەم مێرووە کەم نەبووەتەوە و زیانەکانیشی هەر زیاد دەبن."
 
بەشێکی زۆری ئەو پارەیەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مێرووە تەرخانکراوە، بە گوتەی موعتەمەدی پوور، نەدراوە. ئەو دەڵێت، "بەرەنگاربوونەوەی ئەم مێرووانە، دەبێت بکرێتە پرۆژەیەکی نیشتمانی و حکومەت خەرجییەکانی لەئەستۆ بگرێت."
 
بەڵام پرسە ژینگەییەکان لە ئێران کاری لەپێشینەی حکومەت نین. بارودۆخی ئابووریی وڵات و خۆبژێوی لەڕووی ئابوورییەوە کاری لەپێشینەی حکومەتن، ئەم بابەتانە بە زیانی ژینگە شکاونەتەوە.
 
ژینگەپارێزێک باس لەوە دەکات، "بەهۆی هەندێک کێشەی تایبەتی وەکو بودجە و نەبوونی ژەهرێکی تایبەت کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مێرووانە هەیە، ئەم ئافەتە لە قۆناخی یەکەمدا کۆنترۆڵ نەبوو."
 
خۆڵبارینەکان، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، لەنێوبردنی دارستان بۆ زەویی کشتوکاڵی و خانوو، مەڕوماڵات، نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان و ئاگرکەوتنەوەکان مەترسییان لەسەر دارستانەکانی زاگرۆس دروستکردووە.
 
ئەو دارستانانە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی خۆراکی ئێران هەیە، ساڵانە نزیکەی شەش ملیار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنن و سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئۆکسجینی خاوێنن.
 
ئەو سەرچاوە دەوڵەمەندە لە سەرەولێژیی لەنێوچووندایە. بە گوتەی چالاکڤانانی ژینگە لە 70 ساڵی رابردوودا حەوت ملیۆن هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لەنێوچوون و ئەگەر خەمیان لێ نەخورێت، تاوەکو 50 ساڵی دیکە شتێک نامێنێت کە ناوی دارستانەکانی زاگرۆس بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە