رووداو دیجیتاڵ
جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رایگەیاند، لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) هیچ خاڵێکی ناکۆکیان نەماوە و رێککەوتوون، کەسانی یەکەمی هەردوولاش بە فەرمی یەکگرتنەوە رادەگەیێنن.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 02-08-2022 لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەردوو حیزبی لێکجیابووەوەی حدک و حدکا دوای 16 ساڵ دابڕان، کۆبوونەوە.
حەمەنەزیف قادری، جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی و بەرپرسی دەستەی دیالۆگی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆسەی یەکگرتنەوە لە چوارچێوەی گفتوگۆکاندا بڕاونەتەوە و گەیشتووینەتە چەند خاڵێکی هاوبەش و هەردوولا پشتگیرییان کردووە.
حیزبی دیموکرات و جیابوونەوە
حیزبی دیموکرات لە 16ی ئابی 1945 لە شاری مهاباد لەسەر بناخەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ-ک) دامەزراوە، یەکەم رێبەری حیزبەکە پێشەوا قازی محەممەد بوو، دواتر ئەحمەد تۆفیق و دوای ئەویش عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو. سەرەتا بە ناوی (حیزبی دیموکراتی کوردستان) دامەزرا، بەڵام دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران).
لە دوای كۆنگرەی 13یەم، بەهۆی تێڕوانینی جیاواز لە بەڕێوەبردن، حیزبەکە جیابوونەوەی تێکەوت و بە فەرمی لە 16ی كانوونی یەكەمی 2006 حیزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفرانسێكی میدیایی لە هەولێر جیابوونەوەی خۆی لە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران راگەیاند.
دوای ئەو جیابوونەوەیە، بۆ یەکەمجار هەردوو حیزب دوای چوار ساڵ کۆبوونەوە، دواتر کۆبوونەوەکان تاوەکو ئاستی دەفتەری سیاسی و کەسانی یەکەمی هەردوولا رۆیشت، بەڵام ئەنجامیان نەبوو.
بەرپرسێکی پێشووی حدکا: دوای یەکگرتنەوە دووژمن بێکار دانانیشێت
باباعەلی مێهرپەروەر، ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لەبارەی رێککەوتنەکەوە بە رووداوی گوت: "رێککەوتنی هەردوو حیزب موژدەیەکی خۆش بوو، جەماوەری هەردوولای دڵخۆش کرد، ئەو دابڕانە چەند زیانی لە جووڵانەوە و شۆڕشی کورد دا، یەکگرتنەوەش ئەوەندە سوودی بۆ دەبێت".
باباعەلی مێهرپەروەر ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی هەردوولا کۆبووەتەوە و بە وردی باسی یەکگرتنەوەیان کردووە، هیچ شتێک بێ کەموکوڕی نابێ، بەڵام تاوەکو ئەو رادەیەی کە پێویستبووە کاریان کردووە و ئومێدی سەرکەوتنیان بۆ دەکات.
لە 16 ساڵی رابردوودا، هەردوو حیزب لێکدووربوون و ماوەیەکیش پەیوەندییەکانیان گرژی تێکەوت. باباعەلی مێهرپەروەر دەڵێت: "ئەمە کاریگەریی نەرێنی هەبووە، ئێستا دەبێ سەرکردە و ئەندامانی هەردوولا بە دڵ و گیان لەگەڵ یەکدیبن و دان بە هەڵەی خۆیاندا بنێن و وانەی لێوەربگرن، جیابوونەوەکە چۆن خەڵکی نائومێدکرد و دووژمنی دڵخۆش کرد، یەکگرتنەوەکە گوڕوتینی باش دەدات بە هەردوولا و جەماوەریش، لە رووی سیاسی و ئابووریشەوە سوودی بۆیان دەبێت".
ئەو بەرپرسەی پێشووی حدکا کە لە سوێدەوە قسەی بۆ رووداو کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای ئەم یەکگرتنەوە، دووژمن بێکار دانانیشێ، دەبێ هەردوولا بە دڵ و گیان یەکدی قبووڵبکەن و هەوڵبدەن هەڵەکان راستبکەنەوە و بەیەک دەست رووبەڕووی کێشە و بەربەستەکان ببنەوە".
"یەکگرتنەوەیەک سەخت، بەڵام هیوابەخش"
مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پرۆسەی یەکگرتنەوەی بە "سەخت" بەڵام بە "هیوابەخش" لە قەڵەمدا و گوتی: "لێکدابڕان، زیانی بە یەکگرتوویی خەباتی حیزبی دیموکرات" گەیاندووە و پێداگری کردووە بە یەکگرتنەوە "قەرەبووی قۆناخی دابڕان" بکرێتەوە و "گوڕوتینێکی پتر بە جووڵانەوەی" رۆژهەڵاتی کوردستان بدرێت.
هەروەها خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانیش، لە کۆبوونەوە هاوبەشەکەدا گوتی: "بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد و هەنگاوی کاریگەر لە سەرخستنی خەباتی نەتەوەکەمان ریزەکانمان یەکدەخەینەوە."
ئەوانەی دەستیان لەکارکێشایەوە، دەگەڕێنەوە؟
باباعەلی مێهرپەروەر، ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، یەکێکە لەو بەرپرسانەی کە وەکو ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر جیابوونەوە، دەستی لەکار کێشاوەتەوە دەڵێت: "کاتی خۆی کە دەستم لەکارکێشایەوە، وەکو ناڕەزایەتیی بوو بۆ ئەو جیابوونەوە و دابڕانە، ئەوەی توانامان هەبوو کردمان بۆ ئەوەی جیابوونەوە روونەدا، بەڵام نەمانتوانی و بە ناچاری دەستم لەکار کێشایەوە.. ئەگەر یەکبگرنەوە، من خۆم بە ئەندامیان دەزانم، هەرچەندە ئەوان دەڵێن دیموکرات حیزبی خۆمە".
مێهرپەروەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە "دەبێ حیزبی دیموکرات لەگەڵ زویربووەکان دابنیشن و ئاشتیان بکەنەوە، چونکە کەسانی زەحمەتێکش و بە ئەزموونن، دەکرێ ئەوانیش لە ناوەندەکەدا بۆچوون و چالاکیی خۆیان هەبێت، رەنگە من بەهۆی تەمەنەوە نەتوانم کارێک بکەم، بەڵام دەکرێ لە رووی فیکرییەوە هاوکاریان بم".
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆتاییەکانی پاییزی ساڵی 2006 جیابوونەوەی تێکەوت. لە 10 ساڵی رابردوودا چوار جار هەوڵی یەکگرتنەوەیان دا، دوایینجار زیاتر لە ساڵ و نیوێکە شاندی یەکگرتنەوەی دوو لایەن دانوستاندنیان کردووە.
دوو لایەنی دیموکرات رێککەوتنیان لەسەر بابەتی سیاسی، رێکخستنەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی حیزب تاوەکو کۆنگرەی هاوبەش و تەنانەت کۆنگرەی هاوبەشیش کردووە.
هەردوو دیموکراتەکە بە ناوی "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران"ەوە یەکدەگرنەوە.
هەردوو لایەن رێککەوتن ناوەندێکی 12 کەسی، بەناوی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێک و تاوەکو یەکەم کۆنگرەی هاوبەش، حیزب بەڕێوە دەبات. بەرپرسی ناوەندەکە کەسی یەکەمی حدکا و گوتەبێژەکەشی کەسی یەکەمی حدک دەبێت.
دوو لایەنی دیموکرات تاوەکو ساڵی 2012 هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نەبوو. ساڵی 2012 بە هەوڵی فریدریک تیسۆ، کۆنسوڵی ئەو کاتی فەرەنسا لە هەولێر، کەسانی یەکەمیان (مستەفا هیجری و خالید عەزیزی) لە کۆنسوڵخانەی فەرەنسا کۆبوونەوە.
کەی بە فەرمی یەکگرتنەوە رادەگەیێندرێت؟
حەمەنەزیف قادری، جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی و بەرپرسی دەستەی دیالۆگی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە رووداوی گوت "رەنگە لە دانیشتنێکی دیکە، یەکگرتنەوە بەشێوەیەکی پرۆتۆکۆلی رابگەیێندرێ و کەسانی یەکەمی هەردوولا ئامادەکاری دەکەن، ئێستا هیچ خاڵێکی ناکۆک نەماوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ