پارێزگاری هەولێر: قووڵترین بیر لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ناحیەی قوشتەپە لێدرا

04-07-2022
گۆڤەند مستەفا
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قووڵترین بیری ئاو لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ناحیەی قوشتەپە کەوتە کار، قووڵیی بیرەکە دەگاتە 670 مەتر و 42 مەتر سێجا ئاو بۆ 500 ماڵی ناحیەکە دابین دەکات.
 
رۆژی دووشەممە 04-07-2022، قووڵترین بیر لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ناحیەی قوشتەپە کە لەلایەن کۆنسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر و مانگی سووری ئیماراتییەوە کاری تێداکراوە، ئەمڕۆ کەوتە کار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر بە پێزانینەوە لە هەنگاوەکان و کارە هاوبەشەکانی کۆنسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر و مانگی سووری ئیماراتی لەگەڵ حکومەت دەڕوانین، جێگەی سوپاس و ستایشە."  
 
پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "ناحیەی قوشتەپە لە سنووری پارێزگای هەولێر پار ساڵ یەکێک بوو لەو جێگایانەی کە گەورەترین گرفتی کەمئاوی و کاریگەریی وشکەساڵی بەسەریەوە دیاربوو، قووڵترین بیر کە قووڵاییەکەی دەگاتە 670 مەتر لێدرا و ئەمڕۆ کەوتە خزمەتی هاووڵاتییان، ئەو بیرە دەبێتە هۆکاری دابینکردنی ئاو بۆ 3 بیری دیکە، بەمەش 500 ماڵ لەو بیرە سوودمەند دەبن، 42 مەتر سێجا ئاو دابین دەکات."  
 
بە گوتەی ئومێد خۆشناو ئەمساڵ وێڕای ئەوەی کە وشکەساڵیشە، "کەمترین گرفت لە سنووری ناحیەی قوشتەپە هەیە، بە هیوای ئەوەی بتوانین لە چوارچێوەی بەرنامە و پلانەکان لە تەواوی سنووری پارێزگای هەولێر بگەینە ئەو قۆناخەی کە هەموو جێگەکان گرفتی ئاوی تێدا چارەسەر ببێت، ئەوەش بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژە ستراتیجیەیە کە لەلایەن حکومەتەوە بە بنچینەیی وەرگیراوە، خودی سەرۆکی حکومەت بە بەردەوامی چاودێری دەکات و بەدواداچوونی بۆ دەکات." 
 
ئومێد خۆشناو گوتیشی، "گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیای بای وەتەر دەستیپێکردووەتەوە، بە تەواوبوونی پرۆژەی ئاوی ئیفراز چوار ئەوکات هەولێر بە تەواوەتی دەربازی دەبێت لە گرفتی بێئاوی و کەمئاوی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە