لە حەجکردنی ئەم ساڵدا زیاتر لە دوو ملیار دینار زیان بە حاجیانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت

04-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەو کەسانەی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ حەجکردن دەچنە سعودیە، زیاتر لە دوو ملیار دینار لە جیاوازیی بەهای دۆلار، زیانیان بەردەکەوێت.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2024) دوایین کاروانی ئەو کەسانەی بۆ بەجێگەیاندنی حەج دەچنە سعودیە، بەڕێکەوت و ژمارەیان 345 کەس بوو.
 
هەرچەندە بە بڕیاری حکومەتی عێراق هەر کەسێک لە عێراقەوە بچێتە حەج، بڕی 3000 دۆلاری بە بەهای بانکی ناوەندی کە 131 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک بۆ دەگۆڕدرێتەوە، بەڵام ئەمە هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، بڕی جیاوازیی لەنێوان بەهای بازاڕ و بەهای بانکی ناوەندی بۆ هەر کەسێک، 450 هەزار دینارە؛ بەو جۆرەش ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان دەڕۆن بۆ حەج، زیاتر لە دوو ملیار و 108 ملیۆن دینار زیانیان لەو ئاڵوگۆڕنەکردنەی پارەدا بەردەکەوێت.
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "بڕیار بوو ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەڕۆن بۆ حەجکردن لە بڕیارەکەی عێراق سوودمەندبن و دۆلاریان بە کەمتر لە بەهای بازاڕ پێبدرێت، بەڵام ئەوە نەکرا، چونکە بانکەکان بەتایبەت TBI وەک پێویست پارەدار نەکرا؛ بۆیە پرۆسەکە حاجیانی هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە."
 
کۆی ئەو پارەیەی بە حاجیانی هەرێمی کوردستان دەدرا ئەگەر پارەکەیان بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ بگۆڕدرایەتەوە، زیاترە لە 14 ملیۆن و 55 هەزار دۆلار دەبوو. 
 
لەکاتێکدا لە بازاڕەکاندا نرخی 100 دۆلار لەنێوان 145 بۆ 146 هەزار دینارە، بە گوێرەی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق کە رۆژی 14ـی ئایاری 2024 لەلایەن جێگری پارێزگاری بانکەکە بەوەکالەت واژۆکرا و، ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی کرد، هەر کەسێک حەج بکات سێ هەزار دۆلاری بە 131 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار بۆ دەگۆڕدرێتەوە.
 
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج ناویان لە تیروپشک دەرچوو؛ نرخی حەج بە رێگەی ئاسمانی 4800 دۆلار و بە وشکانی 4000 دۆلارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."