پلاسخارت لەبارەی بەرنامەی 'بێستوون تۆک': بە دەرفەتێکی گەورەی دەبینم بۆ بە‌هێزکردنی گفتوگۆ لەنێو رای گشتی

04-05-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

جێنین پلاسخارت، نێردەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، لە پانێڵێکی تایبەتی دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە بەغدا، باسی لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق و دیموکراسییەکەی کرد و رایگەیاند، بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر، بە دەرفەتێکی گەورە دەبینێت بۆ باشترکردنی دۆخی ئازادیی رادەربڕین.
 
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەو پرسانەی ئێستا رووبەڕووی عێراقیش بوونەتەوە، بەتایبەتی پرسی ئاو، ئاماژەی بەوە کرد دەبێت عێراق ئەو پرسانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چارەسەر بکات "چونکە بەتەنیا ناتوانێت رووبەڕوویان ببێتەوە".
 
"حکومەت هەنگاوی باشی ناوە"
 
لەسەرەتای پانێڵەکەدا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، ئاماژەی بە بەهێزبوونی دامودەزگانی حکومەتی عێراق کرد و گوتی: "ئێستا ئێمە رووبەڕووی سیستمێک بووینەتەوە کە لەخۆیەوە ناگۆڕێت و پێویستە هەنگاو بە هەنگاو کاری لەسەر بکەین و ئارامگر بین. پێمانوایە حکومەتەکەی ئێستا هەنگاوی باشی گرتووەتەبەر، بەتایبەت ئەوەی پەیوەست بێت بە خۆ رزگارکردن لەو دۆخەی کە هەیە بۆ ئەوەی دامودەزگەکان پتەو بکات و حکومەتێکی خاوەن دامودەزگەیەکی بەهێز بێت."
 
پلاسخارت باسی لە رۆڵی یونامی لە بەهێزکردنی پێگەی حکومەتدا کرد و گوتی: "گرنگ نییە قەبارەی پشتیوانیی ئێمە چەند بێت، کاتێک دەستوەردان لە کاروباری حکومەتدا هەبوو، هەوڵەکان هیچ سوودێکیان نابێت، بۆیە زۆر گرنگە دامودەزگەکان سەربەخۆ و دوور لە دەستوەردان بن و تەنیا هی حکومەت بن. هەروەها دەبێت هەلی کار لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی بڕەخسێندرێت، لەسەر بنەمای واستە و واستەکاری و خزمخزمێنە نەبێت."
 
بەرنامەکەی رووداو
 
پرسی مەترسییەکانی سەر ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەری یەکێکی دیکە بوو لەو خاڵانەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەرنجی خستە سەر و گوتی: "ئەو میکانیزمانەی کە ئێمە کاری پێدەکەین بۆ چاودێریی لە عێراق، هەمانە. بەردەوامیش راپۆرت لەسەر دۆخەکە پێشکێش دەکەین"
 
پلاسخارت باسی لە بەشداریکردنی لە ئیڤێنتەکەی هەفتەی رابردووی بەرنامەی بێستوون تۆکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "لەمدواییەدا بەشداریم لە بۆنەیەکدا کرد، بۆ راگەیاندنی سەکۆیەکی نوێ بۆ گفتوگۆی تەلەڤزیۆنی، کە رێگە بە خوێندکاران دەدات گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرساندا بکەن و لەگەڵ بەرپرسە سیاسییەکان بێ هیچ سانسۆرێک قسە بکەن."
 
پلاسخارت هەر لەبارەی بەرنامەکەی رووداوەوە گوتیشی: "ئەمە وەک دەرفەتێکی گەورە دەبینم بۆ بە‌هێزکردنی گفتوگۆ لەنێو رای گشتیدا، بەڵام بێگومان پێوستییەکی باشمان بەوە هەیە کە ئەو جۆرە گفتوگۆیانە بەهێز بکرێن، لەچوارچێوەی یاساییشدا بە‌‌هێز بکرێن. واتا یاسا و بنەماکان بەهێز بکرێن بۆ بەرگری لە ئازادی رادەربڕین. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە پێشتر لە گوتارەکەمدا هەفتەی رابردوو باسم لێوەکرد. گوتم کە پێویستە چاومان کراوە بێت و تەنانەت چوارچێوەیەکی یاساییش هەبێت بۆ پاراستنی ئازادی رادەربڕین."
 
هەروەها جێنین پلاسخارت تێبینی لەسەر هەندێک لەسەر یاساکانی پەرلەمانی عێراق هەبوو و گوتی: "هەندێک لە یاساکان ئازادی رادەربڕین سنووردار دەکەن، بۆیە پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە یاساکان بوارێکی باش فەراهەم دەکەن بۆ ئازادی رادەربڕین و یاساکان نەبنە رێگر. ئەمە یەکێکە لە نیگەرانییەکانم". 
 
"دیموکراسییەکی گەنج"
 
ئەو دیپلۆماتکارە هۆڵەندییە تەمەن 50 ساڵە کە لەساڵی 2018وە هاتووەتە عێراق و ئەو پۆستەی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتووەتە ئەستۆ، باس لە ئەزموونی دیموکراسییەکەی عێراق دەکات و بە "دیموکراسییەکی گەنج" ناوی دەبات. 
 
پلاسخارت دەڵێت: "عێراق دیموکراسییەکەی گەنجە و هەر دیموکراسییەک کە رەگوڕیشەی خۆی پتەو بکات، پێویستی بە ئارامگرتن و کات هەیە".
 
پلاسخارت ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 کرد و گوتی: "رەنگە لەگەڵ من هاوڕا نەبن، بەڵام بەڕاستی یەکێک بوو لە هەڵبژاردنە هەرە شەفاف و دادپەروەرەکان. یەکێک بوو لە هەڵبژاردنە هەرە باشەکانی عێراق".
 
 
هەڕەشەی گۆڕانی کەشوهەوا "تادێت گەورەتر دەبێت"
 
لە کۆتاییدا قسەکانیدا، پلاسخارت کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەزیری بەرگریی هۆڵەندا بووە، باسی لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق کرد و گوتی: "ئەو پرسە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانییەوە."
 
هەروەها ئەو خانمە دیپلۆماتکارە گوتی: "گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیەکە تاوەکو دێت گەورەتر دەبێت. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، کاریگەریی لەسەر زۆر بوار دەبێت، وەکو ئاوارەبوون، تێکچوونی ئاسایشی خۆراک و هەژاریی و ململانێ و زۆر پرسی دیکەی ئەمنی، کە ئەگەر لەکاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت".
 
نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق خۆشحاڵی خۆیشی راگەیاند بەوەی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو پرسانەی کردوونەتە کاری لەپێشینەی خۆی کابینەکەی.
 
بەڵام هۆشداریشیدا کە عێراق بەتەنیا ناتوانێت رووبەڕووی هەموو ئەو کێشانە ببێتەوە کە کاریگەریی نەک تەنیا لەسەر عێراق هەیە، بەڵکو لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەیە.
 
پلاسخارت گوتی "ئەگەر تەماشای هەڵوێستی ناوچەکە بکەین. بەڕاستی عێراق ناتوانێت هەرگیز بەتەنیا رووبەڕووی ئەم پرسانە ببێتەوە. دەبێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی کار بکات ئەمە تاکە پرس نییە کە پەیوەست بێت بە ناوچەکەوە و زۆر پرسی دیکەش هەن کە پێویستە عێراق لەگەڵ وڵاتان کاری لەسەر بکات. بەتایبەتیش پرسی ژێرخانی وڵاتەکە، چونکە ئەگەر ژێرخانەکەی بەهێز نەکات، بەڕاستی بۆ چەندین ساڵی دیکە گیرۆدەی ئەو کێشانە دەبێت. ئەگەریش باس لە گفتوگۆی هەرێمیی بکەین، ئێمە پێی دەڵێین دیپلۆماسییەتی ئاو، دەتوانین وڵاتان هان بدەین بە گفتوگۆ پرسی ئاو چارەسەر بکەن".
 
پلاسخارت دوای بەشداریکردنی لە پانێلەکەدا وەڵامی دوو پرسیاری هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و مادەی 140ی دەستووری عێراق دایەوە.
 
جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە، بۆیە من هێشتا گەشبینم، بەڵام بێگومان باشتر دەبێت ئەگەر پارتەکان لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە سازان."
 
سەبارەت بە جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراقیش، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق گوتی: "بێگومان، ماددەی 140 زۆر گرنگە بۆ هەموو عێراق، بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانیش. بۆیە ئەگەر بڕیاربێت بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە پرسی ماددەی 140ـدا بکرێت، ئەوا من لەوێ دەبینن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.