رووداو دیجیتاڵ
مام ئیسماعیل و گەلاوێژ خانی هاوژینی، ماوەی شەش ساڵە بەهۆی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە چوونەتە هەولێر و کەلاوە خانووەیەکی دەشتی بەهەشتیان بۆ خۆیان کردووە بە گوڵزار، خەمی ئاوارەیی و دووری لە شارەکەی خۆیان نیشانەی پیری زیاتر لێدەرخستوون.
ئەوان بە ئومێدی رزگاربوون لەو دۆخە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا گەڕانەوە بۆ کەرکووک و دەنگیان بە لایەنێکی کوردی دا.
گەلاوێژ ئەحمەد، بە رووداوی گوت، "پارتی و یەکێتی پشت بەخودا بران و هەموو کوردن و یەکبگرن و پشت بەخودا بە خۆشی دەگەڕێینەوە، داواکاریم لە کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان بارزانییە چاوێک بەم دەشتی بەهەشتەدا بخشێننەوە."
هەروەها ئیسماعیل ئەحمەد گوتی، "ئێمە حەز دەکەین یەک بگرن و یەک دەنگبن و میللەتەکە هەموو پشتیان دەگرێت کەوا بتوانین شتێک بکەین، سەیر دەکەین هیچمان بۆ ناکەن، لێرەین و بە رەزالەت دەژین بەڕاستی."
دەشتی بەهەشت پرۆژەیەکی تەواونەکراوی هەولێرە، نزیکەی 50 خێزانی ئاوارەی 16 ئۆکتۆبەری کەرکووکی لێدەمێننەوە، زۆرینەی ئەو ئاوارانەی لەو پرۆژەیەدا دەژین، ناتەبایی و دووبەرەکی نێو سیاسییەکانی کورد بە خەتاباری ئەو دۆخەی ژیانیان دەزانێت.
یەشار جەبار، یەکێکە ئاوارەکانی 16 ئۆکتۆبەر، دەڵێت، "ئێمە بە یەکگرتوویی دەگۆڕێین، یەکبگرن، دەمانەوێت کورد یەکبگرێت، پارتی و یەکێتی، ئەمجارە ئیتر خەڵک عەزیەت نەخوا و خەڵک غەدری لێنەکرێت."
تیمی رووداو لە دەشتی بەهەشت لە هەولێرەوە بەرەو کەرکووک دەڕۆن و پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو باس لەوە دەکات، کە یەکێک لە هێمای کورد بوونی لە دەروازەی شارەکە لە پەیکەری پێشمەرگەدا بەدیکردووە، بەڵام رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر ئاڵای کوردستانەکەیان لێسەندەوە و ئاڵای عێراقیان لە جێگەدانا.
لە چەند ساڵی رابردوودا بە بیانووی جۆراوجۆر، کوردی ئەو شارە هەراسان دەکرێن کە خەڵکی کەرکووک ناویان ناوە "تەعریبی نوێ"، نوێترینیان دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆزن کە ژمارەیان 122 ماڵە.
قاسم ئەحمەد، دانیشتوویەکی گەڕەکی نەورۆزە باس لەوە دەکات، کە "کورد بەڕاستی دەیویست ئەمجارە ئیدارەی بکەوێتەوە دەست کورد، کورد ببێتەوە زۆرینە لێرە، بۆ ئەوەی ئیدارەیەکی کوردی بێت و ئەو زەختەمان لەسەر نەمێنێت."
فەخرەدین ساڵح، دانیشتوویەکی دیکەیە دەڵێت، "لە خیانەتیش گەورەترە، ئەو کەسەی کە دووبەرەکی بخاتە ناو ریزی کورد لە کەرکووک، رەنگە لە کوردستانیش جێگەی نەبێتەوە، خەڵکی کوردستانیش لێی قبوڵ نەکات."
لە هەڵبژاردنی ئەمجارە لە کۆی 16 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسیان هەیە،
ئەگەر پارتی و یەکێتی لەگەڵ یەکدی و لایەنێکی دیکە رێکبکەون، ئەوکات دەتوانن حکومەتی خۆجێی کەرکووک پێکبهێنن.
هەروەها بەپێچەوانەوە وەک ئەو چەند گفتوگۆیەی کە لە ئارادایە، رێککەوتنی هەر لایەنێکی کوردی بەجیا لەگەڵ لایەنە عەرەبەکان، خەونی پارێزگار و کورد لە پۆستە کاریگەرەکان گرەنتیکراو نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ