وەزیری تەندروستی: 71 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون

04-02-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 71 هەزار و 74 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون، بەڵام ژمارەیەکی زۆریش لە تووشبووانی نەخۆشییەکە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن. 
 
رۆژی شەممە 04-02-2023، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ''زۆرترین رێژەی شێرپەنجە لەناو ئافرەتانە و شێرپەنجەی مەمکە.''
 
بەپێی راپۆرتی رێکخرای تەندروستیی جیهانی، لە هەر 100 هەزار کەس 190 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار دەکرێن، بەڵام ئەم رێژەیە لە هەرێمی کوردستان کەمترە و نزیکەی 151 کەس لە هەر 100 هەزار کەسە، ئەمە بە گوتەی وەزیری تەندروستی. 
 
سامان بەرزنجی پێیوایە، کەمتربوونی رێژەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان ''بە مانای ئەوە نایەت کە دۆخی ئێمە باشە و ئیدی دەکرێت گرنگی پێنەدەین، بەڵکو پێویستە سەنتەری دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەمان زیاتر بێت.''
 
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکێک لە جیاوازیییەکانی شێرپەنجە لەگەڵ نەخۆشییەکانی دیکە، ناڕوونی هۆکاری تووشبوونە و خەرجییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییەش زۆر قورسە.
 
سامان بەرزنجی باسی لە گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە کرد و گوتی، حکومەت سندووقێکی بەناوی "کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە" دامەزراندووە و ئێستا لەگەڵ تیمی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دروستکردنی ستراتیژی و سیاسەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات.
 
لەبارەی ژمارەی ئەو تووشبووانەی سەردانی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، وەزیری تەندروستی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 71 هەزار و 74 نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان ناویان تۆمارکراوە.
 
بەگوتەی سامان بەرزنجی، ساڵی رابردوو نزیکەی 9 هەزار تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون کە 35٪یان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و گوتیشی: "لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عێراق کۆدەبینەوە لەبارەی دەرمانە کیمیاییەکان و چارەسەریی شێرپەنجە گفتوگۆ دەکەین. دەبێ رەچاوی ئەو هەموو ئاوارە و پەنابەرە بکرێت کە لە سەنتەرەکان چارەسەر وەردەگرن." 
 
زیاتر لە 95٪ی تووشبووانی شێرپەنجە لە کەرتی گشتی و نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەر وەردەگرن و وەزیری تەندروستیش پێیوایە، ''ئەمە بارێکی قورسە لەسەر حکومەت." 
 
سامان بەرزنجی گوتیشی، نزیکەی 85٪ی ئەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە پێویستن لە سەنتەرەکانی کوردستان بەردەستن. 
 
وەزیری تەندروستی رایگەیاند: "ساڵی 2022 زیاتر لە 75 ملیار دینار بۆ دەرمان و چارەسەرییەکانی شێرپەنجە خەرجکراوە کە نزیکەی 56 ملیار دیناری لە رێگەی سندووقی کۆمەک بە نەخۆشانی شیرپەنجە بووە و زیاتر لە 19 ملیاریش لە رێگەی بودجەکانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی بووە." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە