ئاسایشی هەرێمی کوردستان: ئەو کەسانەی ئاڵای داعشیان لە سەیدسادق هەڵکرد، دەستگیرکران

04-02-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
ئەو کەسانەی دەستگیرکراون. وێنە: بەتایبەت بۆ رووداو نێردراوە
ئەو کەسانەی دەستگیرکراون. وێنە: بەتایبەت بۆ رووداو نێردراوە
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەنجامدەرانی "کردەوە تیرۆریستییەکانی شارەزوور" و دانانی ئاڵای داعش لە سنووری سەیدسادق دەستگیرکراون. 

 

ئاسایش دەڵێت، ئەو کەسانە لەلایەن ئاسایشی شارەزوور و ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراون، ڤیدیۆیەکیشیان بڵاوکردووەتەوە کە دانپێدانانی کەسەکانە. کەسێک تێیدا قسە دەکات کە دەڵێت، "ناسراوم بە سامان و هەر لە کۆنەوە فیکرەی دەوڵەتی ئیسلامیم هەبووە.. ئەوەش لەژێر کاریگەریی باوکمدا، بەهۆی ئەوەی باوکم پێشتر ئەنسارولئیسلام بووە". 

ئەو دەڵێت، پێشتر باوکی دەستگیرکراوە، "بەهۆی گومان لەسەرم کە من تیئێنتییەکم داناوە، منیش دەستگیرکرام". ئەو کەسە ناڵێت پێشتر لە کوێ بووە، بەڵام دەڵێت، "کاتێک گەڕامەوە عێراق، ئاگاداری هەواڵەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بووم بەپێی توانا، هەمیشە هەوڵم داوە بزانم دۆخی دەوڵەتی ئیسلامی و موسڵمانان چۆنە لە جیهاندا.. موسڵمانانیش مەبەستم پشتیوانەکانی دەوڵەتی ئیسلامییە". 

ئەو کەسە لە دانپێدانانەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک موسڵ داگیرکراوە، کە ئاماژەیە بۆ هێرشی داعش لە ساڵی 2014، "پێخۆشحاڵ بووم کە دەوڵەتی ئیسلامی توانیویەتی ناوچەیەکی زۆر کۆنترۆڵبکات و هەوڵمدا بتوانم خۆم بگەیێنم بە دەوڵەتی ئیسلامی و خۆشەویستییان بۆ دەرببڕم". 
 
سەرەتای مانگی رابردوو، لە سنووری قەزای سەیدسادق و لە نزیك شەقامی پێنجوێن - سەیدسادق، ئاڵایەکی داعش لەلایەن کەسانی نەناسراو دانرابوو و لەژێریدا بۆمبێک چێنرابوو، لەکاتی هەڵگرتنەوەی ئاڵاکەش، ‏دوو کارمەندی ئاسایش بریندار بوون. 

دواى رووداوەکە تیمەکانى ئەندازەی ئاسایشى شارەزوور لە هەڵەبجەوە چوونە شوێنی رووداوەکە. پاش کاژێرێک پارچەى دووەمى تی ئێن تیییەکەیان تەقاندەوە.

ئەوکات توانا حەمەقادر کە وەک شایەتحاڵێک قسەی بۆ رووداو کرد ئاماژەی بەوە کرد، "هاتین بۆ سەیران ئاڵایەکى گەورەى داعشمان بینى. لێی نزیک بووینەوە، بەڵام گومانمانکرد کە شتى لەژێردا بێت، بۆیە پەیوەندییمان کرد بە ئاسایشەوە و ئەوان هاتن. کە ویستیان هەڵىبگرنەوە، بە یەکێکیاندا تەقییەوە."
 
لە دانپێدانانەکەیدا ئەو کەسەی خۆی بە سامان ناساندووە، ئاماژە بەوەشدەکات، "هەرێمی کوردستان یەکێکبووە لەو هاوپەیمانانەی کە دژی دەوڵەتی ئیسلامی کاری کردووە.. هەر بۆیە بڕیارمدا دەستێکی لێبووەشێنم و کارێک بکەم کە دەنگدانەوەی زۆری هەبێت. بۆیە بڕیارماندا ئاڵایەک هەڵبکەین لەسەر رێگەی دەربەندیخان". 

بە گوتەی ئەو کەسە بۆیە ئەو ئاڵایەیان لەسەر رێگەی دەربەندیخان داناوە "بۆ ئەوەی گومانیان لێنەکرێت". ئاماژە بەوەشدەکات، کەسێک بەناوی "زمناکۆ" بە ئۆتۆمبێلەکەی هاوکاری کردوون، "چونکە کەسێکی جێگەی متمانە بووە". ئەو کەسە دەشڵێت، "عەبدوڵڵای برام و کاک خەباتم بە ئۆتۆمبێلەکەی کاک زمناکۆ نارد بۆ ئەوەی یەکەم ئاڵا دابنێن لەسەر رێگەی خەبات. پاشان سوپاس بۆ خودا بە سەلامەتی گەڕانەوە". 

"سامان" لە دانپێدانانەکەیدا باس لەوە دەکات، کاتێک یەکەم ئاڵایان داناوە (ئاڵای داعش) دەنگدانەوەی نەبووە، بۆیە بڕیاریداوە بۆ جاری داهاتوو "تی ئێن تی" لەژێر ئاڵاکەدا دابنێت تاوەکو دەنگدانەوەی هەبێت، دەڵێت "چونکە ئێمە دەنگدانەوەمان مەبەستبوو". 

ئەو ئاڵایەکی دیکەی ئامادەکردووە و ئاماژە بەوە دەکات "بە یەکێک لە خوشکەکانم گوت، ئەوانیش دوورییان بە شیشێکدا". لەبارەی دروستکردنی تی ئێن تییەکەوە دەڵێت، "لەبەر ئەوەی سەیری سەرچاوەکانی دەوڵەتی ئیسلامیم کردبوو، شارەزایم هەبوو لە چۆنیەتی دروستکردنی تی ئێن تی، تی ئێن تییەکم دروستکرد، پەتێکی پێوەبوو، ئەگەر راتبکێشایە، دەتەقییەوە". 

کەسێکی دیکە کە خۆی بە خەبات دەناسێنێت، دەڵێت، لە ساڵی 2017ـەوە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاشنا بووە بە بیرۆکەی دەوڵەتی ئیسلامی. "ئیدی خۆشەویستیم بەرەبەرە زیادیکرد.. ویستوومە هیجرەت بکەم، بەڵام نەگونجا".  

ژنێکیش لە دانپێدانانەکەدا قسە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات، "ئاڵای یەکەمیان دروستکردووە، ئاگاداربووم، بەڵام دەستم تێیدا نەبوو. لە دووەم ئاڵادا دووریومە و کاری خەیاتییەکەیم بۆ کردووە. ئەو ئاڵایەش ئاڵای داعش بوو. دروستکراوە و ئەوان دروستیان کردووە". 
 
لە راگەیێندراوی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، کەسی یەکەم کە بە "سامان ناسراوە" ناوی (ج. ع)ـە و تەمەنی 25 ساڵانە. ئەو کەسەی خۆیشی بە خەبات ناساند ناوی (ع. ع)ـە و تەمەنی 26 ساڵانە. 

ئەو ئافرەتەیشی لە ڤیدیۆکەدا قسە دەکات، تۆمەتبارە و ناوی (ب. ع)ـە و تەمەنی 23 ساڵانە. 
 
دەزگای ئاسایش ئاماژە بەوەشدەکات، هەر پەیوەست بەو پیلانە، شەوی رابردوو لە پارێزگای هەڵەبجە "دوو تیرۆریستی بە رەچەڵەک عەرەب لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دەستگیرکراون".
 

 

  

 

دەقی راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان: 

 
دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکەی شارەزوور و دانانی ئاڵای داعش ، لەگوندی بەردەڕەش سەربەقەزای سەیدسادق لەسەر رێگای پێنجوێن دەستگیردەکەن و پیلانێکی گروپێکی تیرۆریستی داعش لەناوچەکە ئاشکرادەکەن ، کە  مەرامیان بوون چەندین کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
 
هەر پەیوەست بەم پیلانە، شەوی ڕابردوو لە پارێزگای هەڵەبجە دوو تیرۆریستی بە ڕەگەز عەرەب لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دەستگیرکران .
 
پاش ئەوەی رۆژی ٢٥ / ١٢ / ٢٠٢٠ لە نزیک گوندی میرەدێ لەسەر رێگای سەرەکی ( قەزای شارەزوور - دەربەندیخان ) ئاڵایەكی داعش ھەڵکرا ، لەسەر بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، ژورێکی لێکۆڵینەوەی ھاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ، پێکھێنراو راستەخۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم کەیسە دەستیپێکرد و چەندتیمێک دەستبەکاربوون .
 
ئەوەبوو لەھەمان کاتی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە ، دوای یەک ھەفتە لەڕۆژی(  ٢ / ١ / ٢٠٢١ ) لەنزیک گوندی بەردەڕەشە لە قەزای سەیدسادق لەسەر رێگای پێنجوێن نزیک گوندی کانی سپیکەی پەرخ ، ئاڵایەکی تری تیرۆریستانی داعش بەھەمان شێوەی ئەوەی تر ھەڵکرابوو ، کە لەژێرەکەیدا عبوەی پێوەلکێنرابوو . لەکاتی ھەڵگرتنەوەیەدا دووکارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوو برینداربوون .
 
 لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و بەدوو ئاڕاستە ، دوو تیمی لێکۆڵینەوەو سەربازی دەستبەکاربوون ، لەلایەک زانیاری کۆدەکرایەوە ، لەھەمانکاتیشدا کیوماڵی سنورەکەدەستپێکرد .
 
پاش چەندرۆژێک ماندووبوون و شەونخونی ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ( ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی ) ، سەرەداو و بەڵگەی دروست بەدەستھاتن و زانیاری تەواو لەسەر شانەیەکی نەنستوی تیرۆریستی داعش  ئاشکراکران و ئەندامەکانیان ناسنامەو شوێن و جێگایان دەستنیشانکراو خرانە ژێرچاودێری ورد .
 
رۆژی  ٢٤ / ١ / ٢٠٢١ پاش رەزامەندی دادوەری بەڕێز ، بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ،  جوڵە بەھێزەکانی ئاسایش کراو لەچەند ھەڵمەتێکدا لە قەزای سەیدسایدق ھەر سێ تیرۆریست ( ج - ع ) و (ع - ع ) کەھەردووکیان برابوون لەگەڵ ( ع  - ع - ح )   دەستگیرکران کە پیلاندانەرو ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە بوون .
 
کە مەرامیان بووە دوای ئەم کردەوە تیرۆریستیانە ، چەند شوێن و جێگایەکی تر ی گشتی لە شارەرزوور دەستنیشانبکەن و بیان تەقێننەوە .
 
بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بەردەوام بوو ، روونبووەوە چەند تۆمەتبارێکی تر ھاوکاری ئەم کردەوە تیرۆریستی و تۆقێنەرانە بوونە و ، لەئۆپراسیۆنێکدا رۆژی ٢٨ / ١ ئەمساڵ لەقەزای سەیدسادق ( ز- م ) دەستگیراکراو ، لەھەمان رۆژ بەتاوانی ھاوبەش ، ئەندامانی سەرجەم خێزانی تیرۆریستی تاوانبار ( ج - م ) دەستگیرکران ، کە پێکھاتبوون لە دایکی بەناوی ( ب . ک ) و دوو خوشکی بەناوەکانی ( ب.ع /  ز . ع / ف .ع ) لەگەڵ ھاوسەری تیرۆریست ( ج -م ) بەناوی ( ب . ع ) . دەستیشگیرا بەسەر  ھەموو ئەو کەرەستەو کەلوپەل  و پێداویستییانەی بۆ  کردەوە تیرۆریستییەکانیان بەکاریانھێنابوو.
 
ناسنامەی تیرۆریستان 
 
 - تیرۆریستی ج - ع و  ع - ع کوڕی تیرۆریست ( عومەری دایس ) ن - کە ئەندامی رێکخراوی القاعیدە بوو وە ، و یەکێک بووە لە چەکدارەکانی تیرۆریستانی ( ئەنسار ئیسلام  ) لە ناوچەی ھەورامان ،لەسەرەتای دروستبوونی ئەنسار ئیسلام لەساڵی ٢٠٠١  بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆریستی کردەوساڵی ٢٠٠٣  دوای راودونانیان ھەڵھاتوون بۆ دەرەوەی سنوری ھەرێم ، و لەگەڵ سەرھەڵدانی داعش دەکەونە ژێر کاریگەری فکری توندڕەوی تیرۆریستی . 
 
تیرۆریست ( ع . ع ) ناسراو بە خەڵات لەساڵی ٢٠١٥ لەرێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بیری توندڕەوی داعش و چەندجارێک ھەوڵی داوە بچێتەناو داعش و دواتر بڕیار ئەدەن لەگەڵ تیرۆریست ( ج - ع )  لەسنوری شارەزوور بمێنەوە و شانەیەکی نەنستوی داعش دروستبکەن و چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنورەکە ئەنجامبدەن .
 
هەر لە میانەی بەدواداچوونەکانماندا، شەوی ٣\4 2/2021  دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەر ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە دوو هەڵمەتی جیا جیادا دوو تیرۆریستی دیکەی عەرەبیان دەستگیرکرد، لە داهاتوودا زانیاری و ناسنامەی ئەم تیرۆریستانەش بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین .
 
لەبارەی ئەم کەیسەوە ، رەوتی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ھێزەکانمان بەردەوامە و ، لەبەر سەلامەتی و پاراستنی زانیارییەکان ، چەندین بەڵگەو دیکۆمێنتی تر بەشاراوەیی ھێڵراونەتەوە . 
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان -یش دڵنیادەکەینەوە دەزگای ئاسایشی ھەرێم ئەرک و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییەتی ، کە شەونخون بێت و گیانی ھێزەکانی بخاتە مەترسیەوە لەپێنا و ئاسایش و ئۆقرەیی زیاتر لەھەرێمەکەماندا ،  تا ھەموولایەک بە ئارامی ژیان بەڕێبکەن و سەروماڵی ھاووڵاتیان  پارێزراوبێت .
لەماوەی رابردووشدا دوور لەچاوی میدیا  ،چەندین پیلانی تیرۆریستان لەھەرێم شکستیپێھێنراو  ئەندامەکانیان دەستگیرکران و رووبەڕووی دادگاکراونەتەوە ، لەناوچەدابڕێندراوەکان و شارەکانی عێراقیش ھەماھەنگ و ھاوکاری بەردەوامی ھێزەعێراقییەکان و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتین ، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی چەندین شانەی تیرۆریستی داعش و پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانیان .
 
وەک ھەمیشە سوپاس و  پێزانینی دەزگای ئاسایش بە ھاووڵاتیان ( کەسوکارمان  ) و خەڵکی خۆمان دەگەیەنین  ، کەھەمیشە ھاوکارو ھەماھەنگ بوون لەسەرخستنی ئەرکەکانماندا و شکستپێھێنانی پیلانی تیرۆریستان کە مەرامیانە ژیان لەھەرێمەکەمان تێکبدەن .سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ ھێزەکانی ئاسایشی شارەزوور و ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی کەلەپاش کەمتر لەیەک مانگ ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆرستییەو گروپێکی  شانەی نەنستوی داعشیان ئاشکراکرد و ئەندامەکانیان دەستگیرکرد و رادەستی یاساو قانوونیان کرد .
ھەرشادو سەرفرازبن 
 
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سودانی و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە رێوڕەسمى یادى 100 ساڵەى دامەزراندنى وەزارەتى دەرەوەى عێراق

سوودانى: وەزارەتى دەرەوە راسپێردراوە بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکانى ئیسرائیل لەسەر عێراق بکات

محەممەد شیاع سوودانى دەڵێت، "رژێمى زایۆنى بە پاساوى بێ بنەما، هەڕەشەى لە عێراق کردووە و ئەوەش وایکرد، ئێمەش جەخت لەوە بکەینەوە کە نابێت عێراق بکرێتە شوێنێک هیچ هێرشێکی لێوە بکرێت. داوامان لە وەزارەتى دەرەوەش کردووە بەدواداچوون بۆ دۆسیەى هەڕەشەکەى زایۆنى بکات."