وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرۆکی زانکۆکان سەرپشک دەکات لە راگەیاندنی پشووی فەرمی

04-01-2023
کۆشش بێستانسووری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی راگرتنی دەوام لە زانکۆ و پەیمانگەکان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بڕیاردرا بە پێدانى دەسەڵات بە سەرۆکى زانکۆکانى کوردستان (حکومى و تایبەت) و راگرى پەیمانگەکان بۆ راگرتنى دەوام لە کاتى نالەبارى کەشوهەواى ناوچەکانیان."

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و ئەو شەپولە سەرما و سۆڵەیەی روویکردووەتە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بۆ پاراستنی گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیان و بە رەچاوکردنى بارودۆخى کەشوهەواى ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان، بڕیاردرا بە پێدانى دەسەڵات بە سەرۆکى زانکۆکانى کوردستان (حکومى و تایبەت) و راگرى پەیمانگەکان بۆ راگرتنى دەوام لە کاتى نالەبارى کەشوهەواى ناوچەکانیان."

ئەوەش لە کاتێکدایە شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر باریوە و لە هەندێک ناوچە ئاستەنگی هاتووچۆی دروستکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 04-01-2022 زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەردەوامبوونی بارینی بەفر لە سنووری قەزاکەماندا، بە راوێژ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پێنجوێن بڕیارمان دا رۆژی پێنجشەممە 05-01-2023 پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم خوێندنگەکانی سنووری هەردوو ناحیەی گەرمک و ناڵپارێز و ناو قەزای پێنجوێن."

پێشتریش حکومەتی عێراق رۆژی پێنجشەممە 05-01-2023ی وەکو پشوو لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق راگەیاند، ئەوەش بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانەی رووی لە ناوچەکە کردووە و بەهۆیەوە لە چەند پارێزگایەکی عێراق لافاو دروستبوو.

هاتووچۆی سلێمانییش لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا بۆ شۆفێران و هاونیشتمانیان داوای کرد، لەپێناو سەلامەتییان رێگەکانی چوونە سەر شاخی گۆیژە بەکارنەهێنن، چونکە بەهۆی بەفربارینەوە بەربەستکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە