جووتیارانی باکووری کوردستان بەرهەمەکانیان لە 'پێشانگەی ئەردەخان' دەخەنەڕوو

03-12-2023
شەوکەت هەرکی
شەوکەت هەرکی
پێشانگەی ئەردەخان لە ئەنقەرە.
پێشانگەی ئەردەخان لە ئەنقەرە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و هاتنی پاییز، جووتیار و ئاژەڵدارانی باکووری کوردستان ئەم ساڵیش بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان روو لە شارە گەورەکان دەکەن. پێشانگەی ئەردەخان لە ئەنقەرە بە دەستپێشخەریی کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵەی ئەردەخان، پارێزگاری و شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت. 
 
کەمال یاقووب عەزیزئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی زورزونان دەڵێت، "ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی شارەکەمان، ئەردەخان بناسێنین، ئەوە دووەم جارە ئەو پێشانگەیە دەکەینەوە، کارێکی باشیان کردووە و بەشداریکردنی خەڵکیش لە پێشانگەکە زۆر باشە و هیوادارین باشتریش ببێت، شارەکەمان بچووکە، بەڵام دەمانەوێ هەموو خەڵک بە شارەکەمان ئاشنا بێت." 
 
ئەرگودار شمدی، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رێکخراوەکانی ئەردەخان دەڵێت، "ئەم ساڵ ئەوە دووەم پێشانگەیە لە ئەنقەرە دەیکەینەوە، ئێمە دەمانەوێت خواردن، خۆشی و جوانیی ئەردەخان و بازرگانی و گەشتیاریی شارەکە بە خەڵک بناسێنین. ئەردەخانمان هێناوەتە ئەنقەرە." 
 
ئەردەخان یەکێکە لەو شارانەی کە بەرهەمێکی دەوڵەمەندی جووتیاری و ئاژەڵداریی هەیە؛ بەتایبەتی پەنیر و نڤیشکی ئەو شارە بەنێوبانگە. 
 
واحید ئۆزدەن جووتیارە دەڵێت، "گوتمان با برایانمان لە ئەنقەرە بە ئەردەخان ئاشنا بن، ئێمە باشترین بەرهەمەکانمان هێناوە، با هەمووان بێن."
 
رەجەب ئەلدریک، هاووڵاتییەکە و سەردانی پێشانگەکەی کردووە، دەڵێت: "بۆ بەرهەمەکانی ئەردەخان تەنیا دەڵێم سوبحانەڵڵا، ماشەڵڵا، ئەوەی دیکە کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە هەر لە پەرلەمانتار تاوەکو سەرۆکی شارەوانییەکان و هەموو بەرپرسانی ئەردەخان هاتوون و خەڵکی ئەردەخانیان بە تەنیا بە جێ نەهێشت."
 
یەکێک لە بەرهەمە باڵکێشەکانی ئەردەخان بووکەڵەی داماڵن، فیدان ئەتماچە ژنێکی 77 ساڵانە، بە دەست ئەم بووکەڵانە دروست دەکات. بەهۆی کارەکەیەوە، چەند جارێک خەڵات کراوە. 
 
فیدان ئەتماچە دەڵێت، "ئەمانە بووکەڵەی جۆراوجۆرن، بووکەڵەکان و کچەکان جیاوازن، جلوبەرگی بووکەڵەکان جلوبەرگی دێرینی ئێمەن، ئەو جلانەن کە باو باپیرانمان دەیانپۆشی، ئێستا منیش هەمان ئەو جلانەم کردووەتە بەر بووکەڵەکان." 
 
هەرچەند لە پێشانگەکە دیمەنی رەنگاورەنگ و سەرنجڕاکێش هەن، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی بە دڵی فرۆشیاران نییە. بەهۆی زیادبوونی نرخ و خەرجی، وەکو پێشتر قازانج ناکەن. 
 
فازڵ ئۆکیای جووتیارە، چەند بەرهەمێکی خۆماڵیی لە پێشانگەکەدا داناون و دەڵێت، "خۆی ئابووریی تورکیا باش نییە. خەڵکیش پارەی پێ نییە. بەرهەمەکانیش زۆر گران بوون. کیلۆیەک پەنیر گەیشتووەتە 300 ملیۆن لیرە، نڤیشک بووەتە 350 ملیۆن لیرە. خەڵکیش توانای کڕینیان نییە." 
 
پێشانگەی ئەردەخان بە میوزیک و چەند چالاکییەکی هوونەری بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو. 
 
 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە