گەڕانی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەسەدە لە نزیک گرتووخانەکان دەستپێدەکاتەوە

03-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لەگەڵ هەسەدە راگرتووە. بەرپرسێکی هەسەدەش دەڵێت، لە ئەمڕۆوە گەڕانی سنوورداری هاوبەشی هەسەدە و هێزەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری گرتووخانەکان دەستپێدەکاتەوە. 
 
رۆژی هەینی، 2ـی کانوونی یەکەمی 2022، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی هەموو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە دژی داعش لە سووریا راگرتووە. 
 
جۆح بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا گوتی: "هەسەدە بەردەوامە لە گەڕانەکانی و دابینکردنی ئاسایش لە کامپی هۆل و گرتووخانەکان." جەخت لەوەش دەکاتەوە کە داعش هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و دەڵێت: "ئێمە پابەندین بە بەزاندنی داعش و چاومان لە بەردەوامیدانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشە لە داهاتوودا". 
 
بەرپرسێکی هەسەدەش لەوبارەوە گوتی، ئەمڕۆ شەممە، 3ـی کانوونی یەکەم، گەڕانە هاوبەشەکان لە نزیک گرتووخانەکان دەستپێدەکەنەوە. 
 
بە گوتەی بەرپرسەکەی هەسەدەش، گەڕانی هاوبەش لە ناوچە سنوورییەکان دەستپێدەکەن، بەڵام ئەمریکا دەڵێت ئەو گەڕانانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش نییە. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژی 30ـی تشرینی دووەم پاتریک رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش نەوەستاون. رایدەر گوتی: "ئێستا شەڕی دژی داعش بەردەوامە، بەڵام گەڕانی هاوبەشمان کەمکردووەتەوە. بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان بەتایبەتی هێرشی زەوینی، ئەو دەستکەوتانەی بەزەحمەت لە دژی داعش بەدەستهێندراون، دەخاتە مەترسییەوە و ناسەقامگیرییش لە ناوچەکە دروست دەکات."
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی هەسەدە و ناوچەی تەنف هەیە. 
 
رۆژی 20-11-2022 سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەی بۆردوومان و تۆپباران کرد و ئەوەش وایکرد، هەسەدە گەڕانە هاوبەشەکانی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رابگرێت و سەرنجی خۆی بخاتە سەر ناوچە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا، وەک گرێ سپی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە