مەلا بەختیار: هەمیشە کورد لە هەلومەرجە بابەتەییەکاندا یەک بووە کەچی ئێستا ناکۆکین

03-09-2022
گۆڤەند مستەفا
A+ A-

رووداو - دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری گشتیی پلاتفۆڕمی دابڕان رەخنە لەو "دابەشبوونەی" هێزە کوردستانییەکان دەگرێت کە هەیە و دەڵێت، هەمیشە کورد لە هەلومەرجە بابەتەییەکاندا یەک بووە، بەڵام ئەمجارە هەلومەرجێکی بابەتی لە بەغدا و ناوچەکە لەئارادایە، کەچی هێزە کوردستانییەکان ناکۆکن.
 
ئەمڕۆ شەممە 03-01-2022، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دابڕان کە وەک ئامادەسازییەک بۆ کۆنفرانسی دابڕان و فێمێنزمی رۆشنگەری ئەنجامدرا، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
لە بەشێکی گوتارەکەیدا مەلا بەختیار رایگەیاند، ئەوان لە هەلومەرجێکدا ئەو کۆنفرانسە دەبەستن کە "دەبینین رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت و ململانێیەکی سەخت لەنێوان وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی رۆژهەڵات و وڵاتانی کەنداو هەیە؛ ململانێیەکی سەخت بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەرژەوەندییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان وڵاتانی هەرێمایەتی هەیە". 
 
مەلا بەختیار گوتیشی، "هەروەها ململانێیەکی سەختیش لەنێوان هێزە سیاسییەکان، هێزە تائیفییەکان، هێزە مەزهەبییەکان لە عێراق هەیە؛ هەمووشی لەپێناوی ئەوەیە دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە بگرنە دەست".
 
بە بڕوای مەلا بەختیار، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو کێشمە کێشانەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت و دەڵێت: "بە داخێکی زۆرەوە ئەوەی نەدەبوو رووبدات، روویدا، ئەویش ئەوەیە هیچ نەتەوەیەک ناکۆکیی زەدە نییە بە قەد نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، کەچی دەبینین لەناو ئەو هەموو ناکۆکییانەی کە باسمان کردن، جارێکی دیکە لەبری ئەوەی سەنگەرەکانی کوردایەتی یەکبخرێنەوە، بەداخەوە بە چوار ئاراستەی جیاواز هێزە کوردستانییەکان لە باشووری کوردستانەوە بۆ بەغدا دەڕۆن؛ لە بەغداش لەو دۆخە تێکچووەی کە ئێستا دەیبینین، تاوەکو ئێستا هێزە کوردستانییەکان نەتانتوانیوە لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش رێکبکەون. لەبەردەم ئەو ناکۆکی و تێکهەڵچوون و خۆپێشاندان و بەدبەختیانەی لە بەغدا لەنێوانی هێزە شیعییەکاندا هەیە، ئەمجارە هێزە سوننییەکان دوورەپەرێزن یان خۆیان پاراستووە، بەڵام هێزە کوردستانییەکان بەشێکمان دابەشبووین، بەشێکیشمان چاودێرین، بەڵام بە چوار ئەجێندای جیاواز: ئەجێندای یەکێتی، پارتی، ئیسلامییەکان و نەوەی نوێ".
 
سەرپەرشتیاری گشتیی پلاتفۆڕمی دابڕان پێیوایە ئەو سیاسەتەی ئێستا پەیڕەو دەکرێت "کوتومت پێچەوانەی ئەو سیاسەتەیە بە درێژایی مێژوو کورد لەکاتی میحنەتەکاندا یەکی گرتووە. کورد لە کاتی هەڵکەوتنی هەلومەرجە بابەتییەکاندا یەکی گرتووە؛ بۆ نموونەکاتێک کە ئەنفالەکان و راگواستنەکان و مەترسییەکانی چارەسەرکردنی جەنگی عێراق و ئێران هاتە ئاراوە، یەکێتی و پارتی توانییان بەرەی کوردستانی دروستبکەن. کاتێک کە عێراق کوێتی داگیرکرد، نێوان هێزە کوردستانییەکان و ئەو هێزانەی لە دەرەوەی هێزە کوردستانییەکان بوون تا راددەی لێبووردنی گشتیش دەرکرا بۆ ئەوەی تەواوی وزەی کورد کۆبکرێتەوە بە ئاراستەی بەدیهێنانی خواستەکانی کورد لەو هەلومەرجە بابەتیانەی کە هاتنە پێشەوە".
 
مەلا بەختیار ئاماژە بەوەش دەدات کە پێش ئەوەی دەسەڵاتی سەدام بڕووخێت، دیسانەوە هەلومەرجی بابەتی هاتە پێشەوە و کورد یەکی گرت بۆ ئەوەی بچێتە بەغدا و مافە دەستوورییەکانی دابین بکات و دەستوور جێبەجێ بکات، "بەڵام ئەمجارەیان بە پێچەوانەوە هەلومەرجێکی بابەتی لە بەغدا و ناوچەکە لە ئارادایە، کەچی هێزە کوردستانییەکان ناکۆکن؛ ئەمەش بەڕاستی زەرەرێکی یەکجار گەورەمان پێدەگەیێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەرکی سەرکردایەتیی سیاسیی هێزە کوردستانییەکان لە ئاستی چارەسەرکردنی کێشەکان و خاوکردنەوەی دۆخەکە نییە".
 
مەلا بەختیار پێیوایە ئەو دۆخەی لە عێراق و ناوچەکە هەیە "لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی دیموکراسی نییە، بەڵکو هێزە دیموکراسییەکان و مەدەنییەکان ئێستا بوونیان نییە و ناتوانن پێ لەسەر زەمینەیەکی نوێی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو دابگرن و بەردەوامبن لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆیان".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە