لە پێنج مانگی رابردوودا لە زاخۆ چوار جار ئاگر لە کەمپێکی ئاوارەکان کەوتووەتەوە

04-09-2022
یوسف موسا
کەمپی باجد کەنداڵ لە سنووری زاخۆ. وێنە: رووداو
کەمپی باجد کەنداڵ لە سنووری زاخۆ. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - زاخۆ

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە لە کەمپێکی ئاوارەکان لە زاخۆ ژمارەیەک خێوەت سووتان و زیانێکی زۆری ماددی بەر خێوەتەکان کەوتن، بەشێک لەو پاشماوانەش کە لەنێو بەشێک لە خێوەتەکاندا ماونەتەوە بازن، ئەنگوستیلە و پشتوێنی زێڕ بوون.
 
سەباح خۆدێدا، زیانبەرکەوتووی کەمپەکە دەڵێت، بە بەهای 15 هەزار دۆلار زێڕیان هەبوو، زێڕی دایک و خوشکی بوو. رەمزیە خۆدێدا، خوشکی سەباح 50 گرام زێڕی هەبوو، داویەتی بە براکەی بیفرۆشێت، دەڵێت، ویستوویەتی ئەو زێڕە بفرۆشێت و براکەی و خێزانەکەی بە پارەکەی بچنە یۆنان، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاوە.
 
لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی کەمپی باجد کەنداڵ لە ناحیەی باتێل، 12 چادر سووتان و 24 بنەماڵە جارێکی دیکە دەربەدەر بوونەوە، کەسانی بەرپرس سەردانی زیانلێکەوتووانیان کرد.
 
مەحما خەلیل، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "چارەسەری کێشەکەمان لای حکومەتی ناوەندییە، بە وەزیرمان گوتووە چارەسەری کێشەی کەمپەکان بکەن، بەڵام نەیانکردووە، داوامان کردووە ژیانی خەڵکەکەمان خۆش بکەن."
 
فەواز حەسۆ، زیانلێکەوتوو داوا دەکات یان شوێنی مانەوەکەیان چاکبکەن یان کارئاسانییان بۆ بکەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان. سەبعۆ سێڤۆ، زیانلێکەوتوویەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، شەش ساڵە چادرەکانیان بۆ نەگۆڕاوە و هەموویان کۆنن و ماددەی نەوتیان تێدایە.
 
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکان، ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
 
پێشتر و لە 30ی نیسانی ئەمساڵ 22 چادری دیکە لەو کەمپە سووتان، کە هێشتا شوێنەوارەکانیان دیارە، خەڵکەکەش هێشتا قەرەبوو نەکراونەتەوە.
 
لە 15ی نیسانەوە تاوەکو ئێستا چوار جار ئاگر لە کەمپی باجد کەنداڵ لە ناحیەی باتێل کەوتووەتەوە، نزیکەی 60 خێزان لە کەمپەکە لەنێو بنکەی کۆرۆنادا دەژین.
 
خەولا خدر، زیانلێکەوتووی ئاگرکەوتنەوەکەی 30ی نیسانی ئەمساڵ دەڵێت، "هیچ خزمەتگوزارییەک" نەگەیێندراوەتە کەمپەکەیان، "سەلاجە و موجەمیدەیان بۆ دابین نەکراوە، پێیان گوتووین کەلوپەلی ناوماڵمان بۆ دابین دەکەن، بەڵام هیچمان نەبینیوە، پێمان گوتراوە قەرەبوو دەکرێینەوە، بەڵام هیچ نابینین."
 
لە کەمپی باجد کەنداڵ لە ناحیەی باتێل-ی سەر بە قەزای سێمێل، نزیکەی دوو هەزار خێزانی ئاوارە دەژین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.