دوای 20 ساڵ دکتۆر بەڵقیس کچەکەی دەدۆزێتەوە

04-08-2023
بەختیار قادر
بەختیار قادر
دکتۆر بەڵقیس لەگەڵ هەڵکەوت زاهیر کە هاوکاری سەرەکیی بووە لە دۆزینەوەی کچەکەی
دکتۆر بەڵقیس لەگەڵ هەڵکەوت زاهیر کە هاوکاری سەرەکیی بووە لە دۆزینەوەی کچەکەی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دکتۆر بەڵقیس دڵی خۆشە و گۆرانی دەڵێت، چونکە دوای 20 ساڵ دابڕان و بێ هەواڵ بوون لە کچەکەی، ئێستا سۆراخی پەیداکردووە و دووری و لێکدابڕانیان بەم نزیکانە کۆتایی دێت.
 
هونەرمەند دکتۆر بەڵقیس دەڵێت، هەواڵی جیاوازیان لەبارەی کچەکەیەوە لەو ماوەیە پێ گوتووە، بەشێک پێیان گوتووە کەوتووەتە نێو دەریاوە و بەشێک پێیان گوتووە گیانی لەدەستداوە. "من باوەڕم بە خودا هەیە و دەمویست تەنیا بزانم ماوە یان مردووە."
 
ئێستا دوای ئەو ماوەیە لە دووری، لە کاژێرێکدا دوو بۆ سێ جار پەیوەندی بە یەکدییەوە دەکەن و بەسەرهاتی دووریی 20 ساڵ لەگەڵ یەکدی باس دەکەن، بەڵام کچەکەی رازی نەبوو وێنەی نیشان بدرێت.  
 
پاڵەوانی چیرۆکی پێکگەیشتنەوەی ئەو دایک و کچە، هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر بووە، کارزانانە کچەکەی دکتۆر بەڵقیسی لە ئەمریکا دۆزیوەتەوە. دەڵێت، "ئیمەیڵێکم بۆ هات و هەستم کرد شتێکی جیاوازە، دواتر قسەمان کرد و کۆپییەکی پاسپۆرتەکەی بۆ ناردم، پێشانی دکتۆر بەڵقیسم دا و ئەویش بوورایەوە."
 
کچەکەی دکتۆر بەڵقیس ناوی دینەیە و تەمەنی 43 ساڵانە. هەڵکەوت زاهیر داوا لە شاعیران دەکات شیعرێک بۆ ئەو پێکگەیشتنەوەیە دابنێن تاوەکو لەگەڵ گەیشتنەوەی کچەکەی لە مانگەکانی داهاتوودا، بەرهەمێکی هونەری تۆمار بکەن. 
 
دکتۆر بەڵقیس دایکی کوڕ و کچێکە، کاتێک لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، کچەکە لەلای باوکی بووە، ساڵی 2003 ماڵی لە بەغدا بووە، لەوکاتەوە لە کچەکەی بێ هەواڵ ماوەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە