رووداو - بەردەڕەش
14 ساڵە برینەکانی سەر جەستەی محەممەدی 14 ساڵ وشک نەبوونەتەوە. ئەو مێردمنداڵە لە ساڵی 2008 لەدایکبووە و هەر لە سکماکییەوە تووشی نەخۆشییەکی دەگمەنی پێست بووە بەناوی ئێپیدێرمۆلیس بولۆسا، بە کوردی پێی دەڵێن "پەپوولەی پێست."
دایکی محەممەد ئێستا رۆڵی پزیشک بۆ کوڕەکەی دەبینێت و رۆژانە دوو جار دەرمان لە برینەکانی دەدات، دەڵێت، برینەکانی دەبێتە پفکە و "پڕدەبێت لە ئاو، دەیتەقێنم و دەبێتە برین؛ کە دەرمان دەکەم بە مانگێک تاوەکو دوو مانگ جارێک برینەکەی چاک دەبێتەوە، رۆژانە من جارێک یاخود دوو جار دەرمانی دەکەم، ئاوا لەگەڵ برین پەنجەکانی ھەموو پێکەوە دەنوسێت."
دایک و باوکی محەممەد تەلال، چوار ساڵە منداڵەکەیانیان نەبردووەتە لای پزیشک. بە گوتەی پزیشکان، چارەسەری نەخۆشییەکەی محەممەد لە کوردستان نییە و باوکیشی بێهیوا بووە.
نەخۆشییەکەی محەممەد درێژخایەنە و پێویستی بە چارەسەری بەردەوامە، باوکی دەڵێت، "چارەسەری تەنیا ئەوروپایە، یەک پزیشک ئەو راستیەی بە ئێمە گوتووە ئەویش د. فەرەیدوون قەفتانە. دەرگا نەماوە لێم نەدابێت، کەس ھاوکاریی نەکردووم."
بنەماڵەکەی محەممەد دانیشتووی ناحیەی کەلەکن لە قەزای بەردەڕەش، باوکی پۆلیسە و جگە لە محەممەد دوو کوڕ و کچێکی هەیە. بەهۆی نەخۆشییەوە محەممەد لە خوێندنیش بێبەشە.
دکتۆر فەرەیدوون قەفتان، پسپۆری نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە بەرنامەی بەرپرسیار کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی، ئەو نەخۆشییەی محەممەد پێیدەگوترێت دەردە بەڵق و سێ جۆری هەیە، نەخۆشییەکە بۆماوەییە و درێژخایەنە و نەخۆش بێزار دەکات، بەڵام ژمارەی نەخۆشەکانی هاوشێوەی محەممەد زۆر نین، پێویستە بنێردرێنە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ