رووداو دیجیتاڵ
لە هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان زیانی زۆری لێکەوتەوە، مۆڵ دووکان و کارگە سووتان، بەرگریی شارستانی دوو هۆکاری ئاگرەکان دیاری دەکات و دەڵێ، نەبوونی سەلامەتی و کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە و پاڵەپەستۆ لەسەر کارەبا هۆکاری زۆربەی ئاگرەکانە.
جگە لە نێو شار لە دەشتیشدا ئەو رووداوانە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بوون، ملیۆنێک دۆنم دارستان و پووش و پاوان سووتاون، لە ماوەی دوو مانگ و نیوی شەڕی تورکیا و پەکەکەش 12 هەزار دۆنم زەوی لە ناوچە سنوورییەکان بە هەمان شێوە سووتاون.
رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە وەرزی هاویندا زیاتر لە ناوچە کشتوکاڵی و شاخاوییەکاندا روو دەدەن کە دەبنە هۆی سووتانی دارستان و پاوانەکان. هاوکات هەندێکجاریش بەهۆی شۆرتی کارەباوە لەناو شارەکاندا ئاگر لە شوێنە گشتی و بازرگانییەکان دەکەوێتەوە کە زیاتر بۆ کەمتەرخەمیی هاووڵاتییان دەگەڕێنرێتەوە.
بەپێی ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی جۆراوجۆر و شەڕ لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم دارستان و پووش و پاوان سووتاون.
کە تەنیا ئەمساڵ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە 30 هەزار دۆنم دارستان و پووش و پاوان سووتاون، هەروەها بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاش زیاتر لە 12 هەزار دۆنم دارستان و پووش و پاوان لە ناوچە سنوورییەکان سووتاون.
بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان، چەند هۆکارێکی بۆ ئاگرکەوتنەوەکان دەستنیشانکردووە، لەوانە، خەمساردی تاک و رەچاونەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی، شۆرتی کارەبا و خراپیی کوالێتی ئامێر و پێداویستییەکانی کارەبا، خراپیی کوالێتی بەنزین، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بۆردوومانەکانی تورکیا. گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی هەولێریش دەڵێ: 30٪ی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵ وشکەساڵی و بەرزی پلەی گەرمایە.
سەرەڕای زۆربوونی ئاگرکەوتنەوەکان، بەڵام لە سێ هەفتەی رابردوودا، هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە گیانی لەدەست نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ