پەرلەمانتارێک: بەهۆی قاچاخچێتی لە خاڵە سنوورییەکان ساڵانە دوو ملیار دۆلار بە هەدەر دەدرێت

03-05-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن قاچاخچێتی لە خاڵە سنوورییەکان پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، زۆر گرنگە لە پرۆژەیاسای بودجەدا سەرچاوەکانی داهات دیاری بکرێن و هەموو داهات بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، چونکە بەهۆی قاچاخچێتی و خراپیی سیتمەوە لە خاڵە سنوورییەکاندا ساڵانە دوو ملیار دۆلار بە هەدەر دەدرێت.
 
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە بواری گومرگدا بەهۆی قاچاخچێتیی کەسانی دەسەڵاتدارەوە پارەیەکی زۆر گەورە بۆ خەزێنەی گشتی ناگەڕێتەوە کە من خەمڵاندوومە ئەو پارەیەی بەهۆی قاچاخچێتی و خراپیی سیستم لە خاڵە گومرگی و سنوورییەکاندا بە هەدەر دەدرێت ساڵانە دوو ملیار دۆلارە کە ئەوە بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی زۆر گەورەیە. ئەگەر پرۆژەیاسای بودجە لە پشتیەوە ویستێکی بەهێزی سیاسی هەبێت، دەبێتە هۆی ئەوەی داهاتەکان بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنەوە و بەوەیش بەشێکی زۆری کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئەوەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە هەموو بوارێکدا هەرێمی کوردستان بخاتەوە سەر پێ، ئەوەیە کە داهاتەکان هەموویان بگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی، لە یەک دەستدا بن و بە بەرنامە خەرج بکرێن و، بە داخەوە ئێستا یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە کە داهاتەکان هەموویان ناگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی. 
 
لە ساڵی 2014ـەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیاسای بودجەی نەبووە و، بەپێی یاسایش دەبوو حکومەت لە 15ی تشرینی یەکەمی 2020ـدا پرۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان.
 
عومەر گوڵپی گوتی: "لە ساڵانی رابردوودا کە بودجە نەبووە، هیچ پاساوێک نییە، چونکە بە شێوەیەکی کردەیی حکومەت هەم داهاتی هەبووە هەم بودجەیش. لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لەگەڵ وەزیری داراییدا کۆبووینەوە و پێیگوتین کە کۆتایی ئەو مانگە دەینێرن، وا ئێستا لە سەرەتای مانگی ئایارداین و هێشتا نەگەیشتووەتە پەرلەمان."
 
ئەو کێشە کەڵەکەبووانەی لە ساڵانی رابردوودا لە سیستمی حوکمڕانیدا هەبوون، بەشێکی گەورەی رێگرییەکانی بەردەم پرۆژەیاسای بودجەن کە گەورەترینیان ئەوەیە سیستمی حوکمداری لە کوردستاندا پشتی بە یاسا و بنەماکانی دەوڵەتداری نەبەستووە. ئەگەر کابینەی پێشوو پرۆژەیاسای بۆ 2020 ئامادە بکردایە، ئەوا کابینەی نۆیەم دەهاتە سەر شتێکی باشتر."
 
ئەو ئەندامەی پەرلەمان دەڵێت: "من بە هەندێک پێوانە و پێوەر پێموایە کە داهاتی هەرێمی کوردستان مانگانە لە تریلیۆنێک دینار زیاترە. کەواتە لە ساڵێکدا 12 تریلیۆن هەیە و ئەوەیش بەشی مووچەی تەواو، بەگەڕخستەنەوەی پرۆژەکان و وەبەرهێنان دەکات."
 
بەشێکی پەرلەمانتاران و چاودێرانی سیاسی و ئابووری هەبوونی پرۆژەیاسای بودجە بە پێویست دەزانن و پێیانوایە دەبێتە هۆی ئەوەی تا رادەیەکی زۆر سەرچاوەکانی داهات و رێگەکانی خەرجی دیار بن.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی و ئابووری بە جەختەوە گوتی: "نەناردنی پرۆژەیاسای بودجە دەبێتە هۆی شاردنەوەی داهات و خەرجییەکان، ئەو کاتە دەزگاکانی چاودێریی وەک پەرلەمان، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەستپاکی و تەنانەت هاووڵاتییانیش نازانن چی لە دۆخی داهاتی ئەم وڵاتەدا دەگوزەرێت. ئێستا نرخی نەوت بەرز بووەتەوە کە پاڵپشتییەکی گەورەی پرۆژەیاسای بودجەیە و، دوای ئەویش داهات و رسوومات و گومرگەکان دێن. ئەمەیش مانای وایە کە هەرێمی کوردستان داهاتی هەیە بۆ ئەوەی پرۆژەیاساکەی پشتی پێ ببەستێت."
 
عومەر گوڵپی باسی لەوە کرد کە زۆر گرنگە ئەم پرۆژەیاسایەی بودجە بتوانێت داهاتە راستەقینەکان ئاشکرا بکات، خەرجییەکانیش بە باشی رێکبخاتەوە کە لەگەڵ دۆخی دارایی هەرێمی کوردستاندا بگونجێن و سیاسەت و بەرنامەی ئابووری و دارایی حکومەت روون بێت. 
 
لە دوای ساڵی 2014وە بەشیکی زۆری پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا راگیراون و بە تەواونەکراوی ماونەتەوە.
 
عومەر گوڵپی گوتی: "زۆر گرنگە لە پرۆژەیاسای بودجەدا پرۆژە وەستاوەکان بە گەڕ بخرێنەوە، بە تایبەتی پرۆژەکانی رێگەوبان، نەخۆشخانەکان، خوێندنگەکان و دابینکردنی ئاوی خاوێن. هەروەها لە رووی وەبەرهێنانیشەوە دەبێت ئیدی حکومەت هێندە چاوی لەسەر نەوت نەبێت و پارە بۆ کەرتەکانی دیکەی وەک کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و پیشەسازی دابین بکات، چونکە لەو سێ لایەنەوە ماددەی خاومان هەیە. کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی ئایندەسازن."
 
بڕیارە ئەم هەفتەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 کۆببێتەوە و دوای پەسندکردنی رەوانەی پەرلەمانی کوردستانی بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە