رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی گوندێکی سەر بە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن سێ لە هاوڕێکانییەوە کوژرا.
دووشەممە 3ی شوباتی 2025، هاونیشتمانییەک لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەو گەنجە کە ناوی یاسین رەحمەتیانە و دانیشتووی گوندی میکی سەر بە شاری سەقزە، سێ رۆژ لەمەوبەر لە دۆڵی قرژدابان لەسەر رێگەی نێوان بانە - مەریوان، لەلایەن سێ لە هاوڕێکانی لێیدراوە و دواتر بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە سووتێندراوە.
یاسین، کە جەستەی بە رێژەیەکی بەرز سووتابوو، سەرەتا گواستراوەتەوە نەخۆشخانەی سەقز و پاشان نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، گیانی لەدەستداوە.
ئەو هاونیشتمانییە لەبارەی هۆکاری کوشتنی یاسین رەحمەتیان گوتی: "تاوەکو ئێستا روون نییە هۆکاری کوشتنەکەی چییە، بەڵام دەنگۆ هەیە بەهۆی قەرزەوە کوژرابێت".
سەبارەت بە بکوژانی یاسین، هاونیشتمانییەکەی سەقز گوتی: "یاسین رەحمەتیان لە نەخۆشخانە بەر لەوەی گیان لەدەست بدات، توانیویەتی قسە بکات، ناوی ئەو کەسانەی هێناوە کە لێیانداوە، دوو لە بکوژەکانی دەستگیرکراون، بەڵام بکوژی سێیەم تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ