رووداو - رادیۆ
قایمقامی قەزای شێخان دەڵێت، لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا نزیکەی 85٪ی شەقام و کۆڵانەکانی قەزای شێخان قیرتاوکراون، دەشڵێت، لەساڵانی 2019 تاوەکو 2021، ساڵانە نزیکەی هەشت ملیار دیناریان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری قەزای شێخان لەلایەن حکومەت فیدراڵی عێراقەوە دابینکردووە و لە پارێزگەی دهۆکیش 12.7٪ی بوجەی پارێزگاکە پشکی قەزای شێخانە.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە 79 ساڵی رابردوودا هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی لە قەزاکەدا جێبەجێکرنەکردووە، تەنیا چوار بۆ پێنج باڵەخانەی دروستکردووە.
گوتیشی، حکومەتەکانی پێشووی عێراق نزیکەی 38 گوندی کورد و کریستیانی لە سنووری شێخاندا راگواستووە و پشتگوێخستنی قەزاکە لەبەر کوردستانی بوونی قەزاکە بووە.
قایمقامی قەزای شنگال گوتیشی، لە 2019وە بەردەوام گوشار دەکەین بۆ جێگیرکردن و دابینکردنی پشکی قەزاکە، بە پشتیوانی نوێنەرانی کورد لە بەغدا، لە ساڵانی 2019، 2020 و 2021دا ساڵانە زیاتر لە 8 ملیار دینارمان وەکو بودجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی قەزاکە دابینکردووە.
سەردار شێخ یەحیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتییدا بەگوێرەی ئەو پلانەی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە دانراوە بۆ پشکی شارەکان لە بەشە بودجە، لەسەر سێ بنەمایە ئەوانیش: رێژەی دانیشتووان، فراوانی رووبەری ناوچەکان، رێژەی هەژاری، بەڵام بۆ ناوچە کوردنشینەکان حکومەت ئەو خاڵانەی رەچاو نەکردووە.
لەبارەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی قەزای شێخان، قایمقامی شێخان گوتی: پێش 2016، تەنیا 9٪ی گەڕەکەکانی قەزای شێخان قیرتاوکرابوون، بەڵام ئێستا نزیکەی 85٪ی کۆڵانەکان قیرتاو بکرێت.
سەرەڕای ئەوەی قەزای شێخان لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە، بەڵام وەکو قایمقامی قەزاکە دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی دهۆک، هیچ کات کەمتەرخەم نەبوون بەرامبەر بە قەزای شێخان، ئێستا لە پارێزگای دهۆک پشکی شێخان بە 12.7٪ لە بودجەی خۆیدا جێگیر کردووە."
گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە پێشخستینی کەرتی کشتوکاڵ لە شێخان دەدات و ئێستا بەنداوی خنس زیاتر لە 97٪ی کارەکانی تەواو بووە و توانای گلدانەوەی 7 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
لەماوەی 19 ساڵی رابردوودا، 186 پرۆژەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و چاندن لە سنووری قەزای شێخان جێبەجێکراون و ئێستا شێخان بووەتە ناوەندێکی گرنگی بەرهەمهێنانی پەتاتە و ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتەی هەیە و زیاتر لە 100 هەزار تۆن بەرهەمی گەنم.
لە سنووری قەزای شێخان، ژمارەیەکی زۆر شوێنەواری مێژووی بوونیان هەیە، سەردار شێخ یەحیا دەڵێت، زیاتر لە 246 جێگەی شوێنەواری لە قەزای شێخان هەن.
بەگوتەی قایمقامی شێخان، ئێستا شوێنەواری دهۆک لەگەڵ حکومەتی ئیتاڵیا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پارکێکی گەورەن کە بەشێکی زۆری دەکەوێتە سنووری شێخان و لە سنووری خنسەوە دەستپێدەکات تاوەکو سێمێل و زاوێتە. دەشڵت "بەردەوام کۆنسوڵ و نێردەی وڵاتان سەردانی شێخان دەکەن و سەرسامن بەو پێکەوەژیانەی لە شێخان هەیە."
لە سنووری قەزای شێخاندا چەند کێڵگەیەکی نەوت هەن و کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت کاری تێدا دەکەن، قایقمامی شێخان دەڵێت، پێش چوار ساڵ رێژەی 30٪ی خەڵکی سنوورەکە لە کۆمپانیا نەوتییەکاندا کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا نزیکەی 80٪ـە و زیاتر لە هەزار کەس لە دانیشتووانی سنوورەکە لە کۆمپانیا نەوتییەکاندا کاردەکەن.
هەروەک گوتیشی، لەسەر بودجەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە بواری پەروەردە و تەندروستی و تۆڕی ئاو لە سنووری گوند و ناحییەکانی سنوورەکەدا جێبەجێکراون.
لەبارەی پرۆژەکانەوە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پرۆژانەی دروستکراون، وەکو بنکەی تەندروستی گوندی ئیسیان لە سنووری ناحیەی باعەدرێ بە گوژمەی زیاتر لە 400 ملیۆن دینار و دروستکردنی قوتابخانە لە گوندی بێرستەک لە باعەدرێ بە گوژمەی 500 ملیۆن دینار و هەروەک نۆژەنکردنەوەی پارکێک و باخچەی ساوایان و رووباری باعەدرێ و تۆڕی ئاو لە سنووری قەزاکەدا جێبەجێکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ