رووداو دیجیتاڵ
ئەو گوێزە ناسکەی ساڵان لە هەورامان هەبوو و دەگوترا بە دەست دەشکێت، ئەمساڵ وانەماوە، جووتیارەکانی هەورامان خۆیان دەڵێن، کەم بارانییەکەی ساڵی رابردوو کاریگەری لەسەر بەرهەمی گوێزەکانیان هەبووە، هەم بەرهەمیان کەمبووەتەوە، هەم گوێزەکەش وەک ساڵانی پێشتر نەبووە.
تەلار ئەحمەد، جووتیارە، لەم ڤیدیۆیەدا قسە دەکات و دەڵێت، بژێویی خەڵکی هەورامان، بەتایبەتی بیارە و تەوێڵە زیاتر لەسەر گوێزە، بەڵام چونکە ساڵی رابردوو کەم بارانی بوو، بەرهەمەکە جوان نەبوو و کەمیش بوو، بۆیە تەکاندنی گوێزەکان دواکەوت، هەندێک باخیش هەیە هەر نایتەکێنن.
جووتیار و باخداران ئومێدیان بەوەیە بارانبارینی ئەمساڵ قەرەبووی ساڵی رابردوویان بۆ بکاتەوە.
سەرکەوتن بەسەر دارەکان و راوەشاندنی دارەکە وایکردووە کۆکردنەوەی بەرهەمی گوێز کارێکی زەحمەت بێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمیی بەرهەمەوە بەشێک لە جووتیاران بڕیاریان داوە کۆکردنەوەی بەرهەم دوابخەن، لەکاتێکدا وەرزی کۆکردنەوەی گوێز مانگی 10 دەستپێدەکات و مانگی 11 کۆتایی دێت.
نزیکەی 85 هەزار داری گوێز لە هەورامان هەن، پێش فرۆشتن، جووتیاران پەلکەکانیان لێدەکەنەوە و نزیکەی 1000 دانە گوێز بە 70 هەزار دینار دەفرۆشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ