بەرپرسێکی رەوتی حیکمە: سەرۆک بارزانی بەشداریی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات

02-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سبەی چوارشەممە سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدا بکات، بەرپرسێکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت، سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی عەمار حەکیم، سەرۆکی سەرۆکی حیکمەی نیشتمانی بەشدار دەبێت.
 
د. محەممەد حوسام حوسێنی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەردانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی زۆر گرنگ و جێ بایەخە، ئەو لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشدار دەبێت کە لە ماڵی بەڕێز عەممار حەکیم دەبێت، میوانێکە لەسەر ئاستی بەرز، بۆیە کۆبوونەوەی چوارچێوەی لەسەر ئاستی کەسانی یەکەم دەکرێت."
 
د. محەممەد حوسام حوسێنی ئاماژەی بەوەدا لە کۆبوونەوەکەدا زۆر دۆسیە و بابەتی گرنگ باس دەکرێن. دەشڵێت: "میوانداریکردنی کەسایەتییەکی وەکو کاک مەسعود بایەخی زیاتر بە کۆبوونەوەکە دەدات، دۆسیەی نێوخۆیی عێراق، هەروەها ژمارەیەک بابەتی دەرەکی و هەرێمی تاوتوێ دەکرێن."
 
جگە لە باسکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند، سەرۆک مەسعود بارزانی ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسی لایەنەکان دەبینێت و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکان لە چوارچێوەی قۆناخی ئێستا نامێننەوە بەتەنیا، بەڵکو بە گوتەی ئەو بەرپرسەی رەوتی حیکمە: "دانانی بەردی بناخەیەکی تۆکمەیە بۆ ئایندەی عێراق."
 
سەرۆک بارزانی دوایین جار رۆژی پێنجشەممە، 22ـی 11ـی 2018 سەردانی بەغدای کرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەوکاتی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێكرا.
 
محەممەد خالیدی، ئەمنیداری گشتیی پارتی بەیارق خەیر، سەردانەکەی بە "زۆر گرنگ"، ناوبرد، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەردانەکە زۆر دۆسیەی تێدا باس دەکرێت لەوانە دۆسیەی سیاسی، ئابووری، ئەمنی، بەڵام گرنگترینیان ژمارەیەک دۆسیەی ئەمنی و سیاسی دەبن."
 
هەروەها باسی لەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە لایەنە سەرەکییەکانی عێراق، سەرۆک بارزانی، باسی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان دەکات، کێشەی ئەمنی و لەنێویاندا هێرش و پێشێلکارییەکانی تورکیا. جگە لە دۆسیەی یاسای نەوت و گاز و بابەتی گرنگی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."