بێگەرد تاڵەبانی: بازرگانانی عەرەب گەنمی جووتیارانی کوردستان دەکڕن و رادەستی سایلۆکانی عێراقی دەکەن

02-06-2024
ئەحمەد حەمید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی بڕی ئەو گەنمە دەدرێت، کە لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند "لەگەڵ عێراق هێشتا لەبارەی گەنمی جووتیاران نەگەیشتووینەتە رێککەوتن، چونکە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراق نایەنە ژێرباری ئەو راستییەی رووبەری زەوی چێنراو بە گەنم لە هەرێمی کوردستان چەندە، ئەو بڕەی ئەوان دیارییان کردووە، ستەمە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
 
بڕی گەنمی وەرگیراو ساڵانی رابردوو بە 350 هەزار تۆن دیاریکرابوو، دواتر زیادکرا بۆ 500 هەزار تۆن، بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت "بۆ ئەمساڵیش ئەو بڕە کراوەتەوە بنەما، لەسەر داوای ئەوان رووپێویی زەوییمان کردووە و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جیاکراونەتەوە، ئەوان دانیان بە راستی و دروستی ناوەڕۆکی ئەو زانیارییانەدا ناوە کە پێیان دراوە."
 
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گوتی "لە کۆبوونەوەکانماندا لە بەغدا هیچ کەسێک بچووکترین تێبینیی لەسەر ئەو زانیارییانە نییە، کە پێشکێشیان کراوە، بەڵام کە دێتە سەر دیاریکردنی رێژەکە، دەڵێن دەبێت 500 هەزار تۆن وەربگیرێت."
 
لەبارەی ئەو بڕەی بۆ گەنمی جووتیاران لەگەڵ بەغدا لەسەری رێککەوتوون، بێگەرد تاڵەبانی گوتی "داوامانکردووە بەپێی رووبەری چێنراو، بڕی وەرگرتنی گەنم دیاری بکرێت، داوامانکردووە لە یەک ملیۆن تاوەکو یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن چەند دیاری دەکەن رازی دەبین بۆ ئەمساڵ، بەڵام بەغدا رازی نییە و 700 هەزار تۆنیان داناوە."
 
سبەی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش دیاریکردنی بڕی گەنمی وەرگیراوی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.
 
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "سبەی بەرچاومان روون دەبێت، کە 700 هەزار تۆنەکە دەبێت یان زیاد دەکرێت، سبەی دوا بڕیاری لەبارەوە دەدرێت، لە ئەگەری هەر بڕیارێک لە دوو رۆژی داهاتوودا سایلۆکان دەکرێنەوە."
 
هەرچەندە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ناوچە گەرمەکان دروێنەی گەنم دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەرگرتنی گەنم دەستیپێنەکردووە. 

 

 
بێگەرد تاڵەبانی گوتی "درەنگکەوتنی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران هۆکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانیی عێراقە، لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە داوای کۆبوونەوەمان کردووە، بەڵام ئەوان هەر دوایانخست تاوەکو گەیشتە کۆتایی مانگی پێنج، هەموو ساڵێک ئەوە دەکەن بۆ ئەوەی بگاتە کاتی کۆتایی و دۆخێکی 'ئیحراج' بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکەن."
 
سەبارەت بە بوونی گەنمی قاچاخ لە هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی گوتی "گەنمی قاچاخ لە هەرێمی کوردستان نییە، ئەگەر دەنکێک گەنمی قاچاخ هەبێت و بچێتە نێو سایلۆکان، ئەو لیژنانە لێی بەرپرسیار دەبن کە لە وەزارەتی بازرگانی پشکنین بۆ گەنمەکە دەکەن. ئەوەی دەگوترێت پڕوپاگەندەیە تاوەکو ستەم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکەن."
 
وەزیری کشتوکاڵ گوتیشی "جووتیاری ئێمە ناچار دەکرێت گەنمەکەی لەبازاڕی رەشدا بفرۆشێت بە نرخێکی هەرزان، بازرگانی عێراق دێن وەریدەگرنەوە و دەیبەنە سایلۆکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و رادەستی دەکەن بەو نرخە پاڵپشتیکراوەی عێراق دایناوە."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە