پارێزگاری هەولێر: لە رۆژی چوارشەممەوە بارهەڵگرەکان بە رێگەی کەرکووکدا هاتووچۆ دەکەن

02-05-2023
هیدایەت جان
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای چەند رۆژێک لە خۆپێشاندان و رێگریکردنی دانیشتووان لە بەکارهێنانی رێگەی بالیسان، سماقووڵی و هیران لە لایەن شۆفێرانی بارهەڵگرەوە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، گوێیان لە هەموو داواکارییەکانیان گرتووە و لە بەیانییەوە هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بۆ سلێمانی لە رێگەی کەرکووکەوە دەبێت.

رۆژی سێشەممە، 02-05-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە خەڵکی نزیک لە بازگەکانی سماقووڵی، هیران و بالیسان رێگەکانیان گرتووە و ئەوەش گرفتێکی گەورەی بۆ جووڵەی بازرگانیی نێوان هەولێر و سلێمانی دروستکردووە.
 
پارێزگاری هەولێر گوتی، "بۆ گوێگرتن لە داواکاریی خەڵکی ئەو سنوورانە و خۆپێشاندەرانیان، ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا و چەند بڕیارێکمان بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دەرکرد".
 
ئومێد خۆشناو رایگەیاند: "بڕیارماندا هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رێگەی کەرکووکەوە بێت و بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر بە زووترین کات ئەو ئامادەکارییانە دەکات بۆ ئەوەی بەربەستەکان نەهێڵێت و بارهەڵگرەکان بەو رێگەیەدا هاتووچۆ بکەن".
 
سەبارەت بە داواکاریی خۆپێشاندەران بۆ چاککرنەوەی رێگەکان، پارێزگاری هەولێر گوتی، "ئێستا چوار پڕۆژەی گرنگ لەو سنوورانە لە جێبەجێکردندان کە یەکێکیان تەواوکردنی شەقامی فیدراڵیی کۆیەیە و ماوەیەک بوو گرفتی بودجەی هەبوو، چارەسەری ئەم گرفتە دەکەین و بەم نزیکانە بەڵێندەر دەبێ کارەکانی لەو شەقامەدا دەستپێبکاتەوە".
 
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، "رێگەی سکتان 40٪ـی تەواو بووە و لەم چەند رۆژەدا چاککردنەوەی ئەو رێگەیەش دەستپێدەکات و رێگەی سماقووڵی کە گوشارێکی زۆری لەسەربوو و بەڵێندەر نەیدەتوانی کاری تێدا بکات، بە زووترین کات دەست بە کارەکانی دەکاتەوە و رێگەی بالیسانیش کە گرفتی بودجەی هەبوو، هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین."
 
پارێزگاری هەولێر چەند داواکارییەک ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە وەک ناڕەزایەتی، بەربەستیان لەسەر رێگەکان داناوە و دەڵێت، "لە هەموو ئاستەکانی حکومەتدا گوێمان لە داواکارییەکانی ئەو هاووڵاتییانە گرت و داخوازییەکانیان جێبەجێ دەبن و داوایان لێدەکەین ئەوانیش گوێ لە بڕیارەکانی ئێمە بگرن و داخوازییەکانمان جێبەجێ بکەن".
 
ئومێد خۆشناو گوتیشی، "ئەو بارهەڵگرانەی ئێستا لە بازگەکاندا ماونەتەوە، پێویستە رێگەیان بدەن بڕۆن و چیدیکە لەو شوێنە نەمێننەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە بەیانییەوە رێگە بە بارهەڵگری دیکە نادرێت ئەو شەقامانە بەکاربهێنن بۆ هاتووچۆکردن".
 
پارێزگاری هەولێر داوای هەڵگرتنی هەموو ئەو بەربەستانە دەکات کە هاووڵاتییان دروستیانکردووە و دەشڵێت: "با خەڵکەکە بچنەوە سەر کارەکانیان و خۆپێشاندانەکانیان کۆتایی پێبهێنن، لەبەرئەوەی لە بەیانییەوە بڕیارەکان جێبەجێ دەکرێن و هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رێگەی کەرکووکەوە دەبێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە