رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری هەڵگرتنی مەرجی بەڵگەنامەی ڤاکسین لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا جێبەجێکرا و گەشتیاران بەبێ بەڵگەنامەکە هاتووچۆیان کرد. سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان دەڵێت، لە کاژێر هەشتی ئەمڕۆوە بڕیارەکە جێبەجێکرا.
رۆژی پێنجشەممە، 1-12-2022، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان سەبارەت بە هەڵگرتنی مەرجی بەڵگەنامەی ڤاکسین بۆ گەشتیاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کاژێر هەشتی بەیانیی ئەمڕۆوە، بڕیاری داوانەکردنی بەڵگەنامەی ڤاکسین لە گەشتیاران چووە واری جێبەجێ کردنەوە بۆ لەمەودواش جێبەجێ دەکرێت."
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانیش بە رووداوی گوت، هەمان بڕیاریان جێبەجێکردووە و لە کاژێر هەشتی رۆژی پێنجشەممەوە داوای بەڵگەنامەی ڤاکسین لە هیچ گەشتیارێک نەکراوە.
دەروازەکە لە راگێیندراوێکدا روونیکردەوە، "لە دەروازەی نێودەولەتیی حاجی ئۆمەران بۆ هاتن و چوونی گەشتیارانی (ناوخۆ و بیانی) لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و لە ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-12-2022 پێویست بە (کارتی ڤاکسینی کۆرۆنا) یان (بڕوانامەی پشکنینی کۆرۆنا) ناکات و داوایان لێناکرێت، بۆیە گەشتیارانی خۆشەویست دەتوانن بەبێ گرفت و بەبێ هەبوونی کارتی ڤاکسینی کۆرۆنا، گەشتی خۆیان بکەن."
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە رووداوی راگەیاند، "ئەم بڕیارە تەنیا پەیوەستە بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی بە رێنماییەکانی تەندروستیی ئێرانەوە نییە کە تائێستا داوای کارتی ڤاکسین یان بڕوانامەی پشکنینی کۆرۆنا دەکەن."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ پێنجشەممە هەمان بڕیار لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل جێبەجێکراوە.
هەر ئەمڕۆ فڕۆکەخانەکانی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانیش ئەو بڕیارەیان جێبەجێکردووە و داوای کارتی ڤاکسینیان لە گەشتیاران نەکردووە.
رۆژی 30-11-2022، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان کردووە، داوا دەکات بڕوانامە "کارتی ڤاکسین" لە گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی هاتوو یان دەرچوو لە هەرێمی کوردستان لە رۆژی پێنجشەممە 1-12-2022ـەوە داوا نەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 30-11-2022، وەزارەتى تەندروستیى عێراق بەڵگەنامەى نێودەوڵەتیى تایبەت بە ڤاکسینى کۆرۆناى بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوە و بەپێچەوانەوە هەڵوەشاندەوە، بڕیارەکەش لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە کاری پێدەکرێت، هاوکات بەستنى ماسک جگە لە فەرمانگەکانى ئەو وەزارەتە، بۆ شوێنەکانی دیکە کرایە ئارەزوومەندانە.
بەگوێرەى نووسراوەکە، بڕیاردراوە لە رۆژی پێنجشەممەوە یەکى کانوونى دووەمى 2022، کار بە بەڵگەنامەى نێودەوڵەتیى وەرگرتنى ڤاکسینى کۆرۆنا نەکرێت بۆ ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوە دەکەن یان بەپێچەوانەوە، ئەگەر ئەو گەشتیارانە عێراقى بن یان بیانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ