لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر خۆراکی نەشیاودا گیرا

01-11-2024
پەیمان محەممەد
دیمەنێک لە فێستیڤاڵەکەی هەڵەبجە. وێنە: سازگار سەڵاح - رووداو
دیمەنێک لە فێستیڤاڵەکەی هەڵەبجە. وێنە: سازگار سەڵاح - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە دەڵێت، لە فێستیڤاڵی هەنار، دەستیان بەسەر زیاتر لە 250 کیلۆگرام خۆراکی نەشیاو و رێگەپێنەدراودا گرتووە؛ گوتیشی، ''رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو فرۆشیارانە دەگیرێتەبەر کە نرخی کەلوپەلەکانیان بە نایاسایی بەرز دەکەنەوە''
 
ئەمڕۆ هەینی 01-11-2024، دڵنیا فاڕووق ئیبراهیم، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە، بۆ چاودێریی نرخ لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵی هەناردا بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''پێچەوانەی دوێنێ، پێشێلکاری لە زیادکردنی نرخدا تۆمار کراوە.''
 
دڵنیا فاڕووق ئاماژەی دا، فرۆشیارێک لە فێستیڤاڵەکە بە شێوەی نایاسایی نرخی کەلوپەلەکانی بەرز کردووەتەوە، ''بەڵام دەستبەجێ لیژنە هاوبەشەکان دەستیان بەسەر بەرهەمەکانیدا گرتووە و خاوەنەکەیان رووبەڕووی رێکاری یاسایی کردووەتەوە.''
 
فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەیەمین ساڵە بەدوای یەکدا بەردەوامە، لەسەر ئاستی پارێزگەی هەڵەبجە و رێکخراوەکانی پارێزگەکە رێکخراوە. بەگوتەی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە، ''ئەم ساڵ کەمترین نرخ بۆ هەر کیلۆگرام هەنار لە فێستیڤاڵەکە، 500 دینار بووە و زۆرترین نرخیش، دوو هەزار دینارە''.
 
دڵنیا فاڕووق ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە چوارچێوەی چاودێریی فێستیڤاڵەکەدا، ''دەستمان بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەلدا گرتووە کە شیاوی فرۆشتن نەبوون؛ رێکاری یاساییش بەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.''
 
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە دەڵێت، ''دەست بەسەر نزیکەی 100 کیلۆگرام شیلەدا گیراوە کە خاوەنەکەی دەیویست بە نرخی هەنگوین ساخی بکاتەوە.''
 
گوتیشی، دەستیان بەسەر نزیکەی 50 کیلۆگرام جگەری رێگەپێنەدراو و 100 کیلۆگرام دانەوێڵەی خراپدا گرتووە کە شیاوی خواردن نەبوون.
 
دوێنێ پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەم فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەستیپێکرد و بڕیارە بۆ سێ رۆژ بەردەوام بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ قسە بۆ رووداو دەکات.

گرووپە چەکدارەکان رێگری لە گەڕانەوەی 20 خێزانی عەفرینی دەکەن

لە شاری تەرتووس، کاوروانێکی هێزەکانی ئاسایشی گشتی سەر بە بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا، دەکەونە بۆسەیەکی سەربازانی پێشووی سووریا و 14 کەسیان کوژراون. ئێستا بۆ گرتنی بکوژەکان دەست بە ئۆپەراسیۆن کراوە.