رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەوام لە زانکۆکەیان دەستپێدەکاتەوە و تاوەکو 20ی ئەم مانگەش بەشەناوخۆیی بۆ خوێندکاران دابین دەکەن.
لەم مانگەدا پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەگوێرەی ساڵنامەی زانکۆکان، هەر زانکۆیەک کاتی دەستپێکردنی خوێندن دیاری دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2022، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوای 1ـی ئەیلوولەوە؛ هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ساڵنامەی خۆیان و پلانەکانیان، رۆژی دەستپێکردنەوەی خوێندن دیاری دەکەن."
هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی دووشەممەی داهاتوو 4ـی ئەیلوول لە تەواوی کۆلێژەکانی زانکۆکەمان خوێندن دەستپێدەکاتەوە و خشتەی وانەکانیش بۆ خوێندکاران دانراون".
سامان عەبدوڵڵا گوتیشی، خوێندکارانی نیشتەجێی بەشەناوخۆییەکان ئاگادار دەکەنەوە کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی، دەرگەی سەرجەم بەشەناوخۆییەکان بە رووی خوێندکاراندا دەکرێنەوە و تاوەکو 20ـی ئەیلوول بەردەوام دەبن لە دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان.
لە زانکۆی سەڵاحەدین زیاتر لە 25 هەزار خوێندکار دەخوێنن. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ بڕیارە لە 10ـی ئەیلوولی 2022، لە زانکۆی سلێمانیش وەرزی نوێی خوێندن دەستپێبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ