رووداو دیجیتاڵ
رۆژ لەدوای رۆژ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زیاتر بەر شاڵاوی بە عەرەبکردن دەکەون. سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، لەو چەند ساڵەدا نزیکەی 600 هەزار عەرەب هێنراونەتە ناوچە کوردستانییەکان و پێیوایە، هیچ گەرەنتییەک بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نییە.
رۆژی هەینی 1-7-2022 رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ماددەی 140 میوانی بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداوبوو کە فواد رەحیم پێشکەشی کرد و رایگەیاند: "پێویستە کورد بە یەکهەڵوێست و یەکگرتوویی رووبەڕووی تەعریبی ناوچە کوردستانییەکان ببێتەوە و کۆتایی بەو پێشێلکارییە بهێنێت".
رێبوار تاڵەبانی گوتی: "ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی 140 سیمایان بە جۆرێک شێوێنراوە کە کوردستانیبوونیان پێوە دیار نەماوە، سەدام حوسێن لەماوەی 35 ساڵ 200 هەزار عەرەبی هێنایە ئەو ناوچانە، بەڵام لەو چەند ساڵەی دواییدا سێ ئەوەندە عەرەب خزێنراوەتە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان".
بە گوتەی رێبوار تاڵەبانی، تائێستا هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ چارەسەری ریشەیی کێشەکە نەخراوەتەگەڕ و ئەو هەوڵانەی ئێستا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە عەرەبکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت هەمووی پینەکردنە.
رێبوار تاڵەبانی دەڵێت: "کاتێک لە پەلکانە یان هەر شوێنێکی دیکە هەوڵی داگیرکردنی زەویی کورد دەدرێت، لە هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندی بە بەرپرسێکی بەغداوە دەکرێت و ئەویش پەیوەندی بە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک دەکات و دەڵێت رێگە بە هێرشی ئەو عەرەبانە مەدەن، بەڵام راستییەکەی ئەوە پینە و پەڕۆکردنی کێشەکەیە".
دۆخی سیاسیی عێراق بە تەنگژەیەکی قووڵدا تێدەپەڕێت، بە بۆچوونی رێبوار تاڵەبانی کورد دەتوانێت بۆ بەشداری لە حکومەت یەکگرتووانە خواستەکانی بەدیبێنێت، بەڵام وەک ئاماژەی پێدەدات: "ئێستا پارتی و یەکێتی بە جیا دانوستاندن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئەوەش جێی داخە".
راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ماددەی 140 دەڵێت: "پارتی وەک مەرج بۆ بەشداری لە حکومەتی داهاتووی چارەسەری ماددەی 140ی خستووەتە بەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پێموایە ئەوە داواکاری یەکێتیی نیشتمانیش بێت، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ چارەسەر، لەبەر ئەوەی پێشتریش لەگەڵ نووری مالیکی و حەیدەر عەبادیش لەسەر ئەو بابەتە رێککەوتبووین و جێبەجێ نەکرا".
رێبوار تاڵەبانی پێیوایە، کورد مافێکی رەوای لە عێراق هەیە، بەڵام پارێزەری باشی نییە و دەڵێت "پارێزەرانی ئێمە کە سیاسی و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانن، ناتوانن داوای ئەو مافە رەوایانە بکەن".
راوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ماددەی 140 کورد بە "کەمتەرخەم" دەزانێت بەرامبەر مافەکانی لە بەغدا و دەڵێت: "پێویستی دەکرد هەرێمی کوردستان سەتان سکاڵای لە دادگەی فیدڕاڵیی عێراق لەسەر بەغدا تۆمار کردبا، لە دژی ئەو پێشێلکارییانەی رۆژانە دەکرێتە سەر مافەکانی، بەڵام دەبینین، عێراق هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و هەموو رۆژێک رایدەکێشێتە دادگە، دەبووایە ئەوە پێچەوانە بووبا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ