رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، هیچ گوشارێک لەسەر بافڵ تاڵەبانی نییە؛ باس لەوەش دەکات "دەمانەوێت هەڵبژاردنی ئەمجارە، نەخشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بگۆڕێت."
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند "یەکێتی بە قۆناخی سەخت و هەستیاردا تێپەڕیوە، بەڵام توانیویەتی هەموو ئەو قۆناخە سەختانە تێپەڕێنێت. ئێستا یەکێتی یەکدەست و یەکدەنگە. هیچ کاتێک یەکێتی وەک ئێستا یەکدەنگ و یەکدەست نەبووە."
لەبارەی بوونی یەک بڕیار لەنێو یەکێتی، پۆڵا تاڵەبانی گوتی "بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی یەکێتییە، بەڵام هیچ کات بە تەنیا بڕیاری نەداوە. بڕیار و هەڵوێستەکانی یەکێتی لەنێو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و بە کۆدەنگی بڕیار دەدرێت."
ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیە و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە پەیامێکدا پیرۆزبایی 49ـیەمین ساڵیادی دامەزراندن لەو حیزبە دەکات و دەڵێت، "جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە لەسەر هاوئاهەنگی، تەبایی و ھاوخەباتیمان."
پۆڵا تاڵەبانی گوتی "یەکێتی هیچ کاتێک دەرگای بە رووی لایەنە سیاسییەکان دانەخستووە؛ دەمانەوێت پەیوەندییەکی باش و تەندروستمان لەگەڵ لایەنەکان هەبێت، بەتایبەتی پارتی."
بافڵ تاڵەبانی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا پەیامێکی بۆ لایەنگرانی یەکێتی نارد و گوتی "هەرگیز جێتان ناهێڵم". لەبارەی دەنگۆی گوشار لەسەر سەرۆکی یەکێتی، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند "هیچ گوشارێک لەسەر سەرۆکی یەکێتی نییە و پەیامەکەی جەختکردنەوەیە لەوەی هەمیشە لەگەڵ خەڵک دەمێنێتەوە."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پۆڵا تاڵەبانی گوتی "دەمانەوێت هەڵبژاردنی ئەمجارە نەخشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بگۆڕێت. یەکێتی بەرنامەی هەیە بۆ راستکردنەوەی حکومڕانیی هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ