رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی بەلاڤێ لە بەرواری باڵا پیاوێکی 84 ساڵانی نابینا بەردەوامە لە کارکردن و خۆی بژێویی ژیانی دابین دەکات، رۆژانە لە نزیک ماڵەکەی گیا کۆدەکاتەوە و دەیفرۆشێت. نزیکەی هەشت ساڵە مووچەی 150 هەزارییەکەی وەرنەگرتووە.
ئەو پیاوە نابینایە ناوی یاقوو تومایە و کریستیانە، ئەو دەڵێت، دۆخی داراییان باش نییە و هیچ مووچەیەک وەرناگرێت، رۆژانە سەرقاڵی کۆکردنەوەی گیایە و لە بازاڕ دەیفرۆشێت، لەو رێگەیەوە بژێویی ژیانی دابین دەکات.
ئەو پارەیەی لە فرۆشتنی گیا دەستی دەکەوێت، بەشی خەرجیی ماڵ و کڕینی دەرمان ناکات، هاوژینەکەی دووجار تووشی جەڵتەی مێشک بووە و جارێکیش جەڵتەی دڵ لێیداوە.
سەمریە پولس، هاوژینی یاقوو دەڵێت، بارودۆخی زۆر خراپە و بە ئەستەم دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بڕوات، هەروەها دەشڵێت، مانگانە بەبەهای نزیکەی 50-60 هەزار دینار دەرمان دەکڕێت، خەڵکیش هاوکارییان دەکەن.
د. شیراز هرووری، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەردانی ئەو ماڵەی کردووە و لەبارەی بڕینی مووچەکەی یاقوو توما دەڵێت، لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییەوە چەند رێنوێنییەک دەرچوون و بەو پێیە مووچەکانیان بڕیوە.
ئەو پیاوە بەتەمەنە لە ساڵی 1993 ژیانی هاوژینی لەگەڵ سەمریە پولس پێکهێناوە، ئێستا هیچ کەسوکارێکی نەماوە و لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ