ئەرکی سەربازانی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کۆتاییهات

01-05-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەرکی 125 سەربازی هۆڵەندی بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کۆتاییهات و بڕیارە ئەم هەفتەیە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و سەربازانی سوپای ئیستۆنیا جێگەیان بگرنەوە.
 
رۆژی 30ی نیسانی 2023 وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا لە بەیاننامەیەکدا کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی 125 سەربازی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگەیاند، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو سەرجەم ئەو سەربازە هۆڵەندییانە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەی هەولێر بە سەربازانی ئیستۆنی دەسپێردرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا هاتووە، هێزەکانیان ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەکەیان لە کانوونی دووەمی 2021ـەوە پێسپێدراوە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە کوردییەکان و هێزەکانی ئەمریکای هاوپەیمانیان.
 
وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا، دەڵێت، "ئەرکی سەربازەکان بریتی بووە لە پشکنینی خەڵک و کاڵاکان، لەگەڵ چاودێریکردنی نێو بنکە ئاسمانییەکە و دەروازەکەی، هەروەها هێزەکە مەشقیان بە هێزە کوردییەکان کردووە."
 
وەکو بەشێک لە ئەرکیان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، سوپای هۆڵەندا ئەرکی پاراستن و چاودێریکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریان پێ سپێردرا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی مەشقپێکردن و راوێژکاری بە هێزی پێشمەرگەیان لەئەستۆ گرت.
 
سوپای هۆڵەندا بەشداریشە لە ئەرکی رێکخراوی ناتۆ لە عێراق و مەشق و راهێنان بە سەربازانی عێراق دەکات.
 
لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارە تیمێکی بچووکی راوێژکاریی سەربازی هۆڵەندی لە هەولێری پایتەخت بمێنێتەوە و یەکێک لە راوێژکارەکان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بێت بۆ بەردەوامیدان بە هەنگاوە چاکسازییەکانی هێزی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکەکانی 70 و 80ی هێزی پێشمەرگە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە