کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان کەم دەکرێنەوە

01-03-2023
شەنگە ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە نێوەڕاستی ئەمساڵدا کەمپی ئاوارەکان یەکدەخەن و ژمارەی کەمپەکان کەم دەکرێنەوە. دەشڵێت، "ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لە گەڕەکێکدا پێویستە هەبێت لە کەمپەکان دابینی دەکەین".
 
رۆژی چوارشەممە، 1-3-2023، حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زۆریی کەمپی ئاوارەکان بارگرانیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بۆیە بڕیاریان داوە کەمپەکان کەم بکەنەوە و خزمەتگوزاریی زیاتریان بۆ دابین بکەن.
 
بە گوتەی حوسێن کەلاری، خەرجیی رۆژانەی هەر ئاوارەیەک لە هەرێمی کوردستان رۆژانە دوو تاوەکو سێ دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت و رۆژانەش خەرجیی سەرجەم ئاوارەکان دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێیوایە "حکومەتی عێراق کەمترین هاوکاری پێشکێش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ خەرجیی ئاوارەکان" و دەشڵێت، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کۆمەکەکانیان کەم کردووەتەوە و دەڵێن: عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و پێویستی بە کۆمەکی خێرخوازیی نییە.
 
لەبارەی گەڕانەوەی هەزار و 637 ئاوارە لە کەمپەکانی ئاشتی و ناوەندی پارێزگای سلێمانی، حوسێن کەلاری دەڵێت: ئەو هەواڵە دوورە لە راستی و جارێ ئاوارەکان بە نیازی گەڕانەوە نین، بەڵام لە پلانیاندایە ژمارەی کەمپەکان کەم بکەنەوە.
 
بە گوتەی حوسێن کەلاری، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانە، بەڵام لیژنەی تایبەت هەیە و بەردەوام ناوی ئەو ئاوارانە تۆمار دەکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە و کارئاسانییان بۆ دەکرێت.

 

لە هەرێمی کوردستان 931 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، 665 هەزار کەسیان ئاوارەی عێراقین، جگە لەوەی 36 کەمپی ئاوارە هەن، بەڵام 74٪ی ئاوارەکان لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستانن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.