نێچيرڤان بارزانى: لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا

01-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ‏ئەفريقا و ‏نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان کۆبووەوە و رایگەیاند، هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌وڵى ‏به‌رده‌وامدايه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا. 
 
رۆژی چوارشه‌ممه‌ 01-03-2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ‏پێشوازى له‌ لۆرد تارق ئه‌حمه‌د، وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ‏ئەفريقا و ‏نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان كرد. 
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لۆرد ئه‌حمه‌د جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ‏له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ به‌ريتانيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ ‏له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر - به‌غدا ده‌ڕوانێت و پێیوايه‌، سه‌قامگيرى و په‌يوه‌نديى باشى ‏هه‌ولێر - به‌غدا، عێراق "به‌هێزتر" ده‌كات له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كاندا، ستايش و ‏پشتگيريى وڵاته‌كه‌يشى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولا نيشاندا. 
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق و كۆنسوڵى گشتييان له‌ هه‌ولێر ‏ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان تاوتوێ كرد. ‏له‌مباره‌يه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى رایگەیاند،‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌وڵى ‏به‌رده‌وامدايه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى يه‌كڕيزى له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ ئارامى و سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، بره‌و به‌ ‏پێشكه‌وتن و گه‌ڕانه‌وه‌ى عێراق بۆ پێگه‌ى شايسته‌ى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌سه‌ر ئاستى جيهان ‏ده‌دات و ده‌ر‌فه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى بيانى زياتر ده‌كات. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرسه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى كوردستان، ياساى نه‌وت و گاز و بودجه‌ى عێراق، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ‏لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا و چه‌ند بايه‌تێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە