وەزیری گەشەپێدانی ئابووریی فەلەستین: کوردەکان پێکهاتەیەکی رەسەنی نێو کۆمەڵگەی فەلەستینین

31-05-2023
دڵدار هەرکی
دڵدار هەرکی @dildarherki
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری گەشەپێدانی ئابووریی فەلەستین
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری گەشەپێدانی ئابووریی فەلەستین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گەشەپێدانی ئابووری لە دەسەڵاتی فەلەستین لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، پەیوەندییەکی دێرین لەنێوان بزاڤی رزگاریخوازی فەلەستینی و کورد هەیە. دەشڵێت، ئەو فەلەستینییانەی رەچەڵەکیان کوردە، بەشێکی رەسەن و پێکهاتەیەکی رەسەنی نێو کۆمەڵگەی فەلەستینین.
 
ئەحمەد عەبدولسەلام مەجدەلانی، وەزیری گەشەپێدانی ئابووری لە دەسەڵاتی فەلەستین لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی لەگەڵی ئەنجامی دا و ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-05-2023، پەخشکرا، باسی لە کێشەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، رێژەی بێکاری لە کەرتی غەززە، کوردانی دانیشتووی وڵاتەکە، بزووتنەوەی حەماس، هەناردەی فەلەستین بۆ ئیسرائیل و چەندین بابەتی دیکەیش کرد.
 
ئەحمەد عەبدولسەلام مەجدەلانی گوتی، داهاتی ساڵانەی تاکەکەس لە کەرتی غەززە ناگاتە 1200 دۆلار، رێژەی بێکاری لەو کەرتە 52%ی تێپەڕاندووە، لە غەززە رێژەی ئەوانەی لە خوار هێڵی هەژارین دەگاتە سەرووی 66٪. دەشڵێت، گەشەی ئابووریی فەلەستین لە ساڵی رابردوو 3.9% بوو.
 
ئەو وەزیرە فەلەستینییە دەشڵێت، هەشت کارگەی گەورەی دروستکردنی دەرمانیان هەیە، "گرنگترین هەناردەمان پیشەسازیی بەرد، خۆراک، ئای تی و پرۆگرامسازییە." گوتیشی، "هەناردەمان بۆ ئیسرائیل و بۆ وڵاتانی عەرەبی نزیکەی پەنجا بە پەنجایە. کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان پرۆگرامەکانی کۆمپیوتەر لە ئێمە دەکڕن."
 
لەبارەی کوردەکانی نیشتەجێی وڵاتەکەش، مەجدەلانی پێیوایە کە پەیوەندییەکی درێژ و دێرین هەیە لەنێوان هەردوو بزاڤە نیشتیمانییەکە، بزاڤی رزگاریخوازی فەلەستینی و بزاڤی رزگاریخوازی کورد، بەڵام کورد لەنێو کۆمەڵگەی فەلەستینیدا "تواونەتەوە"، چونکە وەکو خۆی باسی دەکات، "نەوەی نوێ نازانن رەچەڵەکیان کوردە و تەنیا بەتەمەنەکان دەیزانن."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەحمەد عەبدولسەلام مەجدەلانی:
 
رووداو: ئاستی بژێویی ژیان لە کەرتی رۆژئاوا چۆنە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: دەکرێ باسی بارودۆخی کەناری رۆژئاوا و غەززە پێکەوە بکەم، چونکە پێنوێنە ئابوورییەکان کە بە پێنوێنە گشتییەکان بەراوردی دەکەین، مەسەلەی داهات و بژێوی، ئاستی بێکاری و هەژاری، سەرەڕای جیاوازییەکانی نێوان کەناری رۆژئاوا و کەرتی غەززە لە سایەی گەمارۆی ئیسرائیلی و هەروەها هەوڵەکانی دابڕینی و سەپاندنی ئەو لێکدابڕان و جیابوونەوەیەی کە هەیە، بەڵام بە تەواوی روونە کە ئاستی داهاتی ساڵانەی تاکەکەس لە کەرتی غەززە ناگاتە 1200 دۆلار لە کاتێکدا لە کەناری رۆژئاوا داهاتی ساڵانەی تاکەکەس دەگاتە سەرووی دوو هەزار دۆلار لە ساڵێکدا ئەگەر داهاتی گشتی نەتەوەیی دابەشی سەر ژمارەی دانیشتووان بکەین. رێژەی بێکاری لە کەناری رۆژئاوا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا هەندێ پاشەکشەی کردووە و لە %18 دابەزیوە بۆ 14%، باسی ئەم قۆناخەی ئێستا دەکەم کە رێژەی بێکاری لە کەرتی غەززە 52%ی تێپەڕاندووە. هەروەها لەباری ئاستی هەژاریشەوە لە فەلەستین، ئەوانەی دەکەونە خوار هێڵی هەژاری، واتە ئەوانەی کە زۆر هەژارن، لە کەناری رۆژئاوا نزیکەی 28% دەبێ، کەچی لە کەرتی غەززە رێژەی ئەوانەی لە خوار هێڵی هەژارین دەگاتە سەرووی 66%، بۆیە ئێمە لەبارودۆخێکداین کە هۆکارگەلی خۆی هەیە، واتە ئەو بارودۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتییە کۆمەڵێ هۆکاری هەن کە هۆکاری راستەوخۆن و پەیوەستن بە بەردەوامیی دۆخی داگیرکارییەوە کە دەستی بەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و دەروازە و سنوورەکاندا گرتووە و سەرباری ئەوەش سیاسەتی سنووردارکردنی گەشەی ئابووری لە وڵاتی ئێمە و دەستگرتنی بەسەر سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات لەلایەک و گۆڕینی ناوچەکانی فەلەستین و خاکی فەلەستین بۆ بازاڕێکی بەکاربەری کاڵا و بەرهەمی ئیسرائیلی و هەروەها گۆڕینی بازاڕی ئیسرائیلی بوو، یەکەم دەستی کاری هەرزان بەهۆی کرێکارانی فەلەستینی و هەروەها بازاڕی ساخکردنەوەی شتومەکەکانی لە خاکی فەلەستین، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ ئەگەر باسی بارودۆخی ئابووری لە فەلەستین بکەین، سەرباری گەشەی زۆری ئابووریی فەلەستین کە ساڵی رابردوو 3.9%ی تێپەڕاند و ئەمساڵیش بە 3% مەزەندە دەکرێ، ئەمە گەشەیەکی گەورەیە لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی گەشەی ئابووری لەنێوان کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا، بەڵام وا تەماشای دەکەین کە ئەم گەشەیە هیچ رەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی لەسەر ئاستی گەشەی کۆمەڵایەتی نەبووە، چونکە گەشەیەکە مۆرکی بەکاربردنی پێوەیە.
 
رووداو: تێکڕای رێژەی هەژاری و بێکاری لە کەرتی رۆژئاوا چەندە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: کەرتی غەززە لە بارودۆخێکی نائاساییدایە. پاش باڵادەستبوونی بزووتنەوەی حەماس و کودەتاکردنی لەسەر شەرعیەت لە مانگی تەممووزی ساڵی 2006 هەتا ئەمڕۆ، ئەم ستاتۆیە نائاساییە جۆرێک لە گەمارۆی سەپاندە سەر کەرتی غەززە و ئەوەش بووە هۆی پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی رەوای فەلەستینی لە کەناری رۆژئاوا. لە ئەنجامی ئەمەدا ناهاوسەنگی لە پەرەسەندندا پەیدا بوو لەنێوان هەردوو ناوچەکە. هەتا ئەم ساتە، واتە لە کودەتاکەوە هەتا ئەمڕۆ، حکومەتی فەلەستینی هەتا ئەم ساتە بەرپرسیارێتیی تەواوی لە کەرتی غەززە لەئەستۆ گرتووە، بەتایبەتی لە کەرتە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو تەندروستی و پەروەردە و پاراستنی کۆمەلایەتی و چاودێریی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، هەتا ئێستاش ئەمانە لە ئەستۆی حکومەتی فەلەستینین بە مووچەی فەرمانبەرانیشەوە، بەڵام ئەو گەمارۆیەی سەر کەرتی غەززە یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە ئەو دۆخەی خولقاندووە و بووە بەهۆکاری ئەو جیاوازییە لە ئاستی گەشەکردن و بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری و نەداری و بێکاری لەو بەشەی فەلەستین. هەروەها بەردەوامبوونی دوژمنکاریش لەسەر کەرتی غەززە لە ساڵانی رابردوودا و هەتا ئەوەی لەم چەند رۆژەی رابردووش دووبارە سەری هەڵدایەوە، ئەمەش دیسان فاکتەرێکی دیکەی سستبوونی گەشەی ئابووری بووە کە رێگر بووە لە کاری وەبەرهێنان، چونکە هیچ دەرفەتێکی ئارامی نەماوە بۆ وەبەرهێنان لەو ناوچەیە.
 
رووداو: رێژەی هەژاری و بێکاری لە غەزە بەراورد بە کەرتی رۆژئاوا زۆر بەرزە، بۆچی؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: رێژەی گەشەی ئابووریمان لە ساڵی رابردوو باشتریش بوو لەوەی ئەمساڵ. رێژەی گەشە لەمساڵدا بەهۆی کەمبوونەوەی پشتیوانی و هاوکاریی نێودەوڵەتی هەندێ پاشەکشەی کرد و کەمتر بوو لە ساڵی رابردوو. ئەم رێژەیە تەنانەت کەمتریش بوو لەوەی ساڵانی رابردوو. ئێمە هەندێ ساڵ هەبووە، بۆ نموونە لە 2010 و 2011 رێژەی گەشەی ئابووریمان نزیکەی %9 بوو، بەڵام راستییەکەی ئێمە رێژەی باجمان زیاد نەکردووە ئەگەر بمەوێ ورد بم لەگەڵت، بەپێچەوانەوە هەندێ چاکسازیمان لە باج کردووە لە ساڵی رابردوو، ئەم چاکسازییە لە باج بەتایبەتی لە بابەتی پەیوەندیدار بە باجی دەرامەت لەسەر توێژە نەدارەکان، ئێمە خەڵکی کەمدەرامەتمان لە باج بەخشیوە. ئەوەی داهاتی کەمتر بووبێ لە 600 دۆلار هیچ باجێکی نەخراوەتە سەر، بۆ ئەوانی دیکەش کە دەرامەتیان بەرزە باجی هەڵکشاومان داناوە. هەروەها چاکسازیشمان لە باجی سەر کاڵا و شتومەکی بەکاربراو کردووە. پشتیوانیی داراییمان بۆ کاڵا و شتومەکی بەکاربراو داناوە. رێژەی گەشەی ئابووریی بەرز لای ئێمە بەتایبەتی لە دوو کەرتی سەرەکیدایە. یەکەمیان کەرتی تەکنۆلۆژیای زانیارییە، دووەمیشیان کەرتی بیناسازییە، جگە لەوانەش کەرتی پیشەسازی کشتوکاڵی و پیشەسازییەکانی دیکەمان هەیە. 
 
ژمارەی مووچەخۆرانی حکومەت بە سەرباز و سڤیلەوە نزیکەی 138 هەزار کەسن، بەڵام هێزی مرۆیی هەرەگەورەی ئێمە ئەوانەن کە لە کەرتی تایبەت کاردەکەن کە هەندێ زیاتر لە یەک ملیۆن کارمەندیان بەکارخستووە. لە هەمان کاتیشدا دەبێ ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەش لەبەرچاو بگرین کە خانەنشین بوون و مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، ئەوانەش زیاترن لە 55 هەزار مووچەخۆر، بەشە سەرەکییەکەی لە باجەوە دێت، باجی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هەناردەی جۆراوجۆرمان هەیە، گرنگترینیان پیشەسازیی بەردە، پیشەسازیی خۆراک و پاشان ئای تی، پرۆگرامسازی، پرۆگرامسازی، پیشەسازییەکی پێشکەوتوومان لەو بوارە هەیە و هەروەها پیشەسازیی دیکەشمان هەیە، لەوانە پیشەسازیی دەرمان، هەشت کارگەی گەورەی دروستکردنی دەرمانمان هەیە کە بڕوانامەی ئەوروپییان هەیە و بەرهەمەکانیان هەناردەی ئەوروپا و رووسیا و ناوچەکانی دیکەی جیهان دەکەن. هەندێ پیشەسازیی دیکەشمان لە پۆڵا هەیە کە ئەویش پیشەسازییەکی پێشکەوتووە.
 
هەروەها پیشەسازیی پلاستیک کە ئەویش پیشەسازییەکی پێشکەوتووە و بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوە دەکەن. هەروەها پیشەسازیی بەرد، هەناردەمان بۆ ئیسرائیلیش هەیە و هەناردەمان بۆ ئیسرائیل بەراورد بەوەی هەناردەی وڵاتانی عەرەبی دەکەین، نزیکەی 50 بە 50یە، گرنگترین بەرهەمی هەناردەمان بۆ ئیسرائیل ئەوانەن کە بریتین لە مادەی نیوە دروستکراو و دروستکراو، بۆ نموونە پیشەسازیی رستن و چنین، ئیسرائیل زۆربەی کارگەکانی خۆی لەو بوارە داخست و ئێستا بەرهەمی رستن و چنین هەر ئەوانەن کە لە کەناری رۆژئاواوە بۆیان دەچێ. هەروەها لە پیشەسازیی پلاستیک زۆربەی بەرهەمە پلاستیکییەکان هەناردەی ئیسرائیل دەکرێن. لە پرۆگرامسازیش کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان مامەڵە لەگەڵ ئەوانەی ئێمە دەکەن و زۆربەی پرۆگرامەکان لە ئێمە دەکڕن، ئەمە بۆ کەرتەکانی دیکەش بەهەمان شێوەیە، بۆ نموونە لە پیشەسازیی بەرد زۆربەی بەرهەمەکانی بەرد کە بۆ رووکاری خانووبەرە بەکاردێن بۆ ئیسرائیل دەچن. لە پیشەسازییەکانی دیکەش هەناردەمان بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا و رووسیا هەیە. گرنگترین بازاڕ بۆ ئێمە لە بابەتی پەیوەندیدار بە دەرمان بازاڕی ئەوروپایە.
 
رووداو: پەیوەندیی حکومەتەکەتان لەگەڵ حکومەتی ئێستای ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهوو چۆنە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: ئێمە حکومەتێکی گەلمان هەیە کە کەوتووەتە ژێر داگیرکاری و لەگەڵ حکومەتی داگیرکار بەرەوڕووە. ئەمە واقیعی ئەو ململانێیەیە کە مەحکومە بە هەندێ رێککەوتنی راگوزەر. حکومەتی داگیرکەر هەموو رۆژێ ئەو رێککەوتنانە پێشێل دەکات، بۆیە ئەم پەیوەندییە پەیوەندی ململانێیە، ململانێ لەپێناوی مانەوە. هیچ کەسێک چاوەڕێی ئەوە لە گەلێک ناکات کە لەژێر داگیرکاریدایە، بارودۆخێکی ئاسایی بژی لەگەڵ داگیرکار و خۆی لەگەڵ داگیرکاری بگونجێنێ و وا رەفتار بکات کە ئەمە داگیرکارییەکی پێنج ئەستێرەیە بۆ نموونە، بەپێچەوانەوە گەلی فەلەستین رۆژانە بە خوێن باج دەدەن و قوربانی و شەهید دەدەن، بەتایبەتی لەگەڵ ئەم حکومەتە ئیسرائیلییە نوێیە کە لە هاوپەیمانییەکی سێقۆڵی پێکهاتووە و بریتییە لە هاوپەیمانییەکی راستڕۆی نەتەوەیی و ئایینی و گرووپێکن لە فاشیزمی نوێ. ئەم حکومەتە ددان بە پرۆسەی سیاسیدا نانێ و هیچ باوەڕێکی بە چارەسەری دوو دەوڵەت نییە کە بەگوێرەی بڕیارنامە شەرعییە نێودەوڵەتییەکان فۆرمولە بووە و مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی فەلەستینی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ خەڵکی فەلەستین کە پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێ، بە رەوا دەزانێ. 
 
بەرنامەی ئەم حکومەتە بریتییە لە سڕینەوەی دەسەڵاتی نیشتیمانیی فەلەستینی و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و داگیرکردنی هەنگاو بە هەنگاوی خاکەکەی و تەهویدی شاری قودس و دابەشکردنی مزگەوتی ئەقسا. ململانێیەکە لەگەڵ پلانی داگیرکاری روون و ئاشکرایە. حکومەتی ئیسرائیل سوورە لەسەر وێرانکردنی ژێرخانی و کۆمەڵایەتیی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستینی. ئیسرائیل مانگانە لە داهاتی ئەو بازرگانییە دەرەکییەی بە خاکی ئەواندا دێت و دەچێ، نزیکەی 80 بۆ 90 ملیۆن دۆلار دەبڕێ، بیانووەکەشی ئەوەیە کە دەسەڵاتی فەلەستینی هاوکاریی دارایی تیرۆر دەکات. چۆن هاوکاریی تیرۆر دەکەین؟ مووچە دەدەینە کەسوکاری شەهیدان و برینداران، ئەوان وای دادەنێن کە ئەمە هاوکاریی تیرۆرە، لەکاتێکدا ئەوە بەلای ئێمەوە پابەندییەکی سیاسی و نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە بەرامبەر خانەوادەی ئەو شەهیدانە و ئەوانەی کە دەسەڵاتی ئیسرائیلی دەستگیریان دەکات، بۆیە ئەم چەتەگەرییەی ئیسرائیل و بردنی بەشێک لە داهاتی فەلەستین بۆ خۆی، یەکێکە لە فاکتەرەکانی دروستبوونی کەلێن لە دابینکردنی بودجە و ئەو قەیرانە داراییەی دەسەڵاتی فەلەستینی گیرۆدەی بووە.
 
رووداو: پێشتر ئاستەنگی زۆر بۆ کارکردنی فەلەستینییەکان لە ئیسرائیل هەبوو، بەتایبەتی بەهۆی سەختیی هاتووچۆی رۆژانەیان بۆ نێو ئیسرائیل، ئەم دۆخە بەردەوامە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: هێشتا بەردەوامە، ئەوە یەکێکە لە کێشەکانی ئەو کرێکارە فەلەستینییانەی کە بۆ کار دەچنە ئیسرائیل. رۆژانە لە دەروازەکاندا بێڕێزییان پێدەکرێت. بیهێنە پێش چاوت ئەو کرێکارەی دەبێ لە کاژێر حەوتی بەیانی بگاتە شوێنی کارەکەی، دەبێ لە کاژێر شەشی بەیانی لە دەروازەکە بێت، هەتا بتوانێ تێپەڕێ و لە کاژێر حەوت بگاتە سەر کارەکەی، ئەم رەفتارە وزە و توانای کرێکارەکە دەکوژێ. سەرباری ئەوە، زۆرینەی کرێکارە فەلەستینییەکان لە هیچ جۆرە مافێک بەهرەمەند نین، هەربۆیە لە کاژێرەکانی کاردا مافیان پێشێل دەکرێت، لە کرێی رۆژانەیاندا مافیان پێشێل دەکرێ و هیچ یەکسانییەک لە کرێی کاردا نییە، بیمەیان نییە و ئەگەر تووشی رووداوێک بوون لە کاتی کارکردن هیچ مافێک وەرناگرن و هیچ مافێک لەوانەیان نییە کە نێوەندە جیهانییەکان بڕیاریان لەسەرداون، بەتایبەتیش رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار.
 
رووداو: زۆرترین هەلی کار لە فەلەستین لە کام سێکتەردایە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: وەکو پێشتریش گوتم، کەرتی خزمەتگوزاری نزیکەی 28%ی ئەوانە پێکدەهێنێت کە لە کەرتی تایبەت کاردەکەن. دوای ئەو کەرتی بیناسازی دێت، ئینجا کەرتی کشتوکاڵ دێت. کەرتی کشتوکاڵ نزیکەی 11%ی هێزی کار لەخۆدەگرێت و کەرتی پیشەسازیش هەروەها، بەڵام توێژی فەرمانبەران کە ئەویش توێژێکی گرنگە، فەرمانبەران و ئەوانەی لەناو حکومەت کاردەکەن، ئەوانیش کەرتێکی گرنگی ناو هێزی کاری فەلەستینین.
 
رووداو: جیاوازی چینایەتی لە کەرتی رۆژئاوا تا چ ئاستێکە؟  
 
ئەحمەد مەجدەلانی: بڕوانە، جیاوازیی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لای ئێمەش هەیە، ئەمە شتێکی سروشتییە حاڵمان حاڵی هەموو کۆمەڵگەکانی دیکە. ئەمە لە بنەڕەتدا بەرهەمی خراپ دابەشبوونی سامان و خراپ دابەشبوونی داهاتە. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و لەنێو کۆمەڵگەی فەلەستینی هەژاری زۆر تەشەنەی کرد، هۆی ئەوەش زیادبوونی قەیرانە ئابووری و داراییەکان بوو کە حاڵی چینی ناوەندی بەرەو خراپی برد. چینی ناوەند و کۆمەڵگەی فەلەستینی بەجۆرێک رەوشیان خراپ بوو کە ئاستیان دابەزی بۆ هێڵی هەژاری و تەنانەت خوار هێڵی هەژاری، بەڵام هەتا ئەم ساتەش ناتوانین بڵێین جیاوازیی چینایەتی لە فەلەستین زۆر گەورەیە، واتە ئێمە چینێکی سەرمایەداری زۆر باڵامان نییە کە لە ژمارەیەکی کەمدا سنووردار بووبێ و لەولاشەوە چینێکی بەرفراوانی هەژارانمان هەبێ. جیاوازیی چینایەتی و کۆمەڵایەتی لە سنوورێکی دیاریکراودایە. چینی ناوەند و چینی ناوەندی باڵا لە کۆمەڵگەی فەلەستینیدا هەن، چینی باڵا هەتا ئاستێکی دیاریکراو، با بڵێم تێکەڵەیەک هەن، بەڵام بەشێوەیەکی بنچینەیی، مووچەخۆرانی کەرتی گشتی و کەرتی مەدەنی و سەربازی بەشێکی گرنگی چینی ناوەند پێکدێنن، لەپاڵ ئەوانیشدا کەرتی پیشەگەرانمان هەیە وەکو ئەندازیاران و پزیشکان و پارێزەران کە رووبەرێکی بەرفراوانی چینی ناوەند پێکدێنن و هەموو ئەمانە پێکەوە هاوسەنگیی نێو کۆمەڵگەی فەلەستینی دەپارێزن.
 
رووداو: بۆ چاودێریکردن و بەخێوکردنی خێزانە هەژارەکان بەرنامەی تایبەتی حکومیتان هەیە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: ئێمە چەند پرۆگرامێکی حکومیمان هەیە نە تەنیا یەک پرۆگرام. وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بەرپرسە لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانە. پرۆگرامێکمان هەیە بەناوی پرۆگرامی کۆمەکی دارایی کە تایبەتە بە خێزانە هەژارەکان، ئەمە هاوکاریی دارایی خێزانە هەژارەکان دەکات، بێگومان بەپێی رووپێوێکی کۆمەڵایەتی، مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو داتاکانی خۆمان نوێکردەوە. سەرلەنوێ هەمووی بە داتا کرایەوە، بەگوێرەی ئەوە 88 هەزار خێزانمان هەن لە کەرتی غەززە کە هاوکاریی دارایی وەردەگرن. بەڵێ لە ئێمەی وەردەگرن. هەروەها نزیکەی 40 هەزار خێزانیشمان لە کەناری رۆژئاوا هەیە. بەهای ئەو هاوکارییە داراییە، لانیکەمی مانگانەی هەر خێزانێک نزیکەی 100 دۆلارە. بەڵێ لای کەمی بۆ هەر خێزانێکی هەژار. بەگوێرەی ئەندامانی خێزانەکەیە. ئەگەر ئەو خێزانە کەسی کەمئەندامیان هەبێ، یان حاڵەتی کۆمەڵایەتی تایبەت، ئەوە بڕی هاوکارییەکە زیاتر دەبێ، بەڵام لانیکەمی هاوکارییەکە بۆ هەر خێزانێک لە 100 دۆلار کەمتر نییە. نا بۆ خێزانێک نا لە چوار کەس پێکهاتبێ. ئێمە.. ئێستا پێتدەڵێم. بێگومان بۆ چوار کەس بڕەکە زیاتر دەبێ. بڕەکەی لەوە زیاتر دەبێ.
 
رووداو: چەند خێزان لەم بەرنامەیەدا سوودمەندن؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: بڕوانە، ئەگەر دوو کەس بن، بەڵام لە بەرامبەردا خێزانە هەژارەکان چییان دەستدەکەوێ؟ چارەسەری تەندروستی بە خۆڕایی. لە پارەی کارەبا هاوکاری دەکرێن. هەروەها لە بەشێکی پارەی ئینتەرنێت هاوکاری دەکرێن، خوێندنیان بە خۆڕاییە. ئێمە لە فەلەستین هاوکێشەیەکی نوێ جێبەجێ دەکەین کە ناوی هاوکێشەی هەژاریی فرەڕەهەندە. چیدی بە تەنیا کەمدەرامەتی تاکە پێوەری هەژاری نییە لە فەلەستین، ئێمە لە فەلەستین، پاش نوێکردنەوەی داتاکان کە کەمێک پێش ئێستا باسمکرد، هەژاری بە حەوت رەهەند و 21 پێنوێن دەپێوین، داهات یەکێکە لەوانە، کار یەکێکی دیکەیە لە رەهەندەکان، تەندروستی یەکێکی دیکەیە لە پێوەرەکان، هەروەها خوێندن و فێرکردن، شوێنی نیشتەجێبوون، ئازادیی هاتوچۆ یەکێکی دیکەیە لەو رەهەندانە و هەروەها ئازادیی مامەڵە بە موڵک و ماڵەوە یەکێکی دیکەیە لەو رەهەندانە. واتە حەوت رەهەندمان هەیە کە هەژارییان پێ دەپێوین. بێگومان داهات یەکێکە بەرزترین رەهەندیانە، بەڵام پێنوێنەکانی دیکەش پێوەری گرنگن بۆ دیاریکردنی هەژاری، بۆیە ئێمە بارودۆخی خێزان بەم حەوت رەهەندە دەپێوین نە تەنیا ئەوەی کە خێزانێک چەندە پارە لە وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی وەردەگرێ، چونکە ئەو خزمەتگوزاریانەی دیکەش گرنگن و هیچیان کەمتر نییە و تێچوویشیان کەمتر نییە لەو داهاتەی کە خێزانێک دەستیدەکەوێ، بەڵام لە بەرامبەریشدا هەندێ پرۆگرامی دیکەمان هەیە، لەوانە بەرنامەی تایبەت بە بەساڵاچووان، بە کەمئەندامان، هەروەها بەرنامەی تایبەت بۆ منداڵان، هەروەها بۆ ئەو خێزانانەی کە بەخێوکەریان ژنن.
   
رووداو: قەبارەی هاوکارییە بەخشراوەکان لەلایەن رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ خەڵکی کەرتی رۆژئاوا چەندە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: ئێمە راستییەکەی وەکو وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە هاوبەشییەکداین لەگەڵ دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هاوکاری پێشکێشی هەژاران دەکەن. بۆ نموونە ئێمە پرۆگرامی جیهانیی خۆراکمان هەیە دەبلیو ئێف پی، ئەوان هاوکارییان پێشکەشی 223 هەزار کەس دەکرد، هاوکاریی دارایی بۆ هەر تاکەکەسێک 12 دۆلار و نیو لە مانگێکدا، ئەمە بریتی بوو لە کارتێک کە سەرۆکی خێزانەکە دەچووە سوپەر مارکێتێک و پێداویستییە سەرەکییەکانی پێ دەکڕی. بێگومان رێکخراوی جیهانیی خۆراک داتای ئەم خێزانە نەدارانەی لە ئێمە وەردەگرت، ئەمە تەواوکەری ئەو بەشەیە کە پێش ئێستا باسمانکرد. ئێستا رێکخراوی جیهانیی خۆراک لە قەیرانێکی دارایی گەورەدایە، بۆیە ئەم ژمارەیە زۆر کەمکرایەوە، مانگی رابردوو و ئەم مانگە و وا چاوەڕێ دەکرێ هەتا مانگی داهاتوو قەیرانی رێکخراوەکە گەورەتریش ببێ. 
 
جگە لەوە یونیسێفیشمان هەیە، ئەویش پرۆگرامی هەیە، بەڵام پرۆگرامەکەی تایبەتە بە منداڵان، هەروەها پرۆگرامی دیکەمان هەیە لەگەڵ یوئێن ومەن، لەگەڵ رێکخراوی جیهانیی کار و زۆر پرۆگرامی دیکەی نێودەوڵەتی کە هاوکاریی ناڕاستەوخۆ پێشکەش دەکەن، ئێمە دەبلیو ئێف پیمان هەیە کە هاوکاریی راستەوخۆ پێشکەش دەکات، بۆیە ئێمە شتێکمان هەیە بەناوی گرووپی کاری کۆمەڵایەتی کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تێیدا ئەندامن و وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەرۆکایەتی دەکات و جێگری سەرۆکیش تێیدا یەکێتی ئەوروپایە. ئێمە بۆ هەموو کارەکانی ئەم گرووپی کارە لەنێوخۆی فەلەستین لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە هاوئاهەنگی دروست دەکەین و پلان و کاری لەپێشینەیان دیاری دەکەین. هەندێ دامەزراوەی ئەهلی و دامەزراوەی کۆمەڵگەی مەدەنیشمان هەن کە لۆکاڵین و هەندێکیشیان نێودەوڵەتین، ئەوانیش بەشێکن لەم کارە و هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەکەین لە چوارچێوەی ئەو ئەولەویەتانەی کە حکومەت دەستنیشانیان دەکات، بە سەرپەرشتی ئێمە.
 
رووداو: حکومەت توانای دامەزراندنی تازە دەرچووانی زانکۆکانی لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا هەیە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: بڕوانە ئێمە، بۆ ئەوەی ورد بین. کۆمەڵگەی فەلەستینی کۆمەڵگەیەکی گەنجە. رێژەی گەنجان تێیدا، ئەوانەی لە خوار تەمەنی 29 ساڵن، 71%ی کۆمەڵگەی فەلەستینی پێکدێنن. رێژەی خوێندەواریش لە فەلەستین رێژەیەکی بەرزە، زۆریش بەرزە، بۆیە ئەگەر سەیری دەرچووانی زانکۆکان بکەی، بێکارەکانیشمان زۆربەیان لەنێو دەرچوواندان. بێکارەکان لەنێو توێژی کرێکاراندا نین. لە کەناری رۆژئاوا نزیکەی 14% دەبێت. لە غەززە دەگاتە نزیکەی 52%، بەڵام رێژەی هەرە بەرز لەو رێژە گشتییە لەنێو دەرچووانی زانکۆیە. هۆیەکەی ئەوەیە کە سیستمی خوێندن لای ئێمە پێویستی بە پەرەپێدانە. سیستمی خوێندنی ئەمڕۆ ئەوە لەبەرچاو ناگرێ کە بازاڕی کار پێویستی بە چی هەیە. هەتا ئەم ساتە هەندێ کۆلێژمان هەن کە هێشتا هەر بڕوانامە دەدەنە قوتابی، بەتایبەتی کۆلێژە کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکان، بڕوانامە دەدەنە قوتابی، بەڵام هیچ هەلی کارێک نابیننەوە کە کێبڕکێی لەسەر بکەن، ئەمە وەک نموونە. ئێمە هەر ساڵێک پێویستمان بە دوو هەزار مامۆستای نوێ هەیە. ئەوانەی داوا پێشکەش دەکەن بۆ کێبڕکێ لەسەر ئەو دوو هەزار هەلی کارە ژمارەیان دەگاتە سەرووی 45 هەزار کەس، ئەمە نیشاندەری ژمارەی بێکارانە لەنێو دەرچووانی زانکۆ. بێگومان لە فەرمانگە حکومییەکانی دیکە، ئێمە لە وەزیفەی گشتی بەرزترین رێژە کە بتوانین خەڵک دامەزرێنین، لە ساڵێکدا نزیکەی سێ هەزارە.
 
رووداو: ئایا ئاستی پشتیوانیی وڵاتانی عەرەبی بۆ دەسەڵات و حکومەتی فەلەستین بەرەو داکشان دەچێت؟
 
ئەحمەد مەجدەلانی: بەڕاستی نەک هەر دابەزین، پاشەکشەیەکی ترسناکیشە، نزیکەی شەش لە ساڵ لەمەوبەرەوە دەستیپێکردووە. تاکە دەوڵەتێک کە تا ئێستا هاوکاریی راستەوخۆی گەلی فەلەستین و حکومەتی فەلەستینی دەکات، دەوڵەتی جەزائیرە.
 
رووداو: شێوازی دەستوەردانی بزووتنەوەی فەتح لە کاروباری حکومەتی فەلەستین چۆنە؟
 
ئەحمەد مەجدەلانی: فەتح سەرکردایەتیی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین دەکات، سەرکردایەتیی حکومەتیش دەکات. حکومەتی ئێستاش هاوپەیمانییەکە لەنێوان بزووتنەوەی فەتح و بەرەی خەباتی گەلی فەلەستین کە من نوێنەرایەتی دەکەم، هەروەها یەکێتیی دیموکراتی فەلەستینی و لەم حکومەتەی دوایی پارتی گەلیش بەشدار بوو کە پێشتر ناوی حیزبی شیوعی بوو، ئەمە جگە لە هەندێ خەڵکی سەربەخۆ و ئۆتۆکرات.
 
رووداو: هاوئاهەنگیتان لەگەڵ حکومەتی حەماس لە غەزە هەیە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: هاوئاهەنگیمان نییە، بەڵام ئێمە چۆن بڵێم، ئەوە حکومەتێکی دیفاکتۆیە. بە فەرمی، بە فەرمی، ئەوەی لە کەرتی غەززە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاردەکات وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییە، ئەوەش لەبەر هۆیەکی سادە، ئەو حکومەتە دیفاکتۆیەی بزووتنەوەی حەماس نایەوێ هیچ بەرپرسیارێتییەکی دارایی و کۆمەڵایەتی و هیچ تێچوویەکی سیاسی لەئەستۆ بگرێ لە مەسەلەی چاودێری و پاراستنی کۆمەڵایەتی، لەبەرئەوەی حکومەتی کودەتایە لەسەر شەرعیەت. راستەوخۆیە لەڕێی بانکەکانەوە. لەڕێی بانکەکان و یان لەڕێی نامەی مۆبایل. بە تەلەفۆن نامە بۆ کەسەکە دەنێری و ئاگاداری دەکەی کە ئەوەندە پارە هاتووەتە سەر حیسابەکەت، یان بە نامە ئاگاداری دەکەی کە ئەوەندە بڕە خۆراکت بۆ هاتووە سەردانی سوپەرمارکێت بکە.
 
رووداو: حکومەتی عێراق هاوکاری حکومەتی فەلەستین و یارمەتی گەلەکەی دەدات؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: بەڕاستی بڵێم، دۆخێکی سیاسیی ئاڵۆز هەیە، حکومەتی عێراق بەداخەوە هەتا ئێستاش لەژێر بەندی حەوتەمە. بەڵێن هەبوون بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی راستەوخۆ لە بودجەی گشتی، بەڵام هەتا ئەم ساتە بەجێ نەهاتووە.
 
رووداو: ژمارەی دانیشتووانی کەرتی رۆژئاوا چەندە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: دانیشتووانی کەناری رۆژئاوا نزیکەی سێ ملیۆن و نیوی تێپەڕاندووە.
 
رووداو: پێکهاتە نەتەوەییەکانی گەل لە کەرتی رۆژئاوا چۆنە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: نەتەوەی هەمەجۆرمان نییە، جگە لە عەرەب، بەڵام لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا فەلەستینیمان هەن کە بنەماڵە و عەشیرەتی دێرینی کوردین، ئەمانە لە هەڵمەتی سەڵاحەدینەوە بۆ رزگارکردنی قودس هاتوون و لەوێ ماونەتەوە، سەرووی 850 ساڵ لەمەوبەر.
 
رووداو: ئاماری ورد لەبارەی ژمارەی کورد لە کەرتی رۆژئاوا هەیە؟ 
 
ئەحمەد مەجدەلانی: ئاماری ورد زەحمەتە، بۆ نموونە تەنیا لە شاری خەلیل نزیکەی 32 عەشیرەت هەن. کۆمەڵەیەکیان هەیە بەناوی دیوانی بنەماڵە ئەیوبییەکان. ئەمە ناسراوە و بنەماڵەکانیش ناسراون و دەزانرێ ژمارەی هەر بنەماڵەیەک لەناو فەلەستین و لە دەرەوەی فەلەستین چەندە، ئەم کۆمەڵانە هی ئەوانەن کە بە رەچەڵەک کوردن، بێگومان، بێگومان. وەزیری ئابووریمان هەیە بە رەچەڵەک کوردە. من خۆیشم رەچەڵەکم کوردە. رەچەڵەکم کوردە.. زۆر کەسی بە رەچەڵەک کوردمان هەن. بەڕاستی بڵێم ئەو شتە نەماوە، بابڵێم ئێمە تەنیا رەچەڵەکەکە دەزانین. باسی 850 ساڵ لەمەوبەر دەکەین. پێکهاتەی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی فەلەستینی هەموو ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەی لەباوەش گرتووە، بۆیە کارێکی زەحمەتە بتوانی ئەم رەچەڵەکە جیاوازانەی نێو کۆمەڵگەی فەلەستینی لێک جیابکەیتەوە. 
 
ئەوە دەمێنێتەوە بۆ... بڕوانە، رەنگە بارودۆخەکە لە کوردستان جیاواز بێت لەوەی لە فەلەستین هەیە، چونکە گەلی کورد، دۆزی کورد و نەتەوەی کورد، لێرە سەرکردایەتییەکیان هەیە. لە سووریا، لە ئێران و لە تورکیا ئەم شتە هەیە، بەڵام لە فەلەستین، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردی، با وای ناوبنێم، لەنێو کۆمەڵگەی فەلەستینیدا تواونەتەوە، شتێک نەماوە بەناوی، با بڵێم پێکهاتەی نەتەوەیی کورد لەنێو کۆمەڵگەی فەلەستینیدا. واتە وەکو پێکهاتەی نەتەوەیی و مافی نەتەوەیی جا سیاسی بێت یان کولتووری. ئەو فەلەستینییانەی رەچەڵەکیان کوردە، بەشێکی رەسەن و پێکهاتەیەکی رەسەنی نێو کۆمەڵگەی فەلەستینین. واتە تۆ ناتوانی بزانی ئەمە کوردە و ئەمەیان... مەگەر بۆ نموونە لەناوی خێزانەکەیەوە بیزانی، تەنانەت زۆر هەن، بەتایبەتی نەوەی نوێ کە هەر نازانن رەچەڵەکی ئەوان کوردە، ئەوە تەنیا بەتەمەنەکان دەیزانن. بابڵێم، بۆنەیەک بوو بۆ دووپاتکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و مێژووییەکانی نێوان سەرکردایەتی فەلەستینی و سەرکردایەتی کورد. 
 
پەیوەندییەکی درێژ و دێرین هەیە لەنێوان هەردوو بزاڤە نیشتیمانییەکە، بزاڤی رزگاریخوازی فەلەستینی و بزاڤی رزگاریخوازی کورد. بێگومان کردنەوەی ئەو مۆزەخانەیە بۆ مەلا مستەفا بارزانی، بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو یادەوەرییە دەستەجەمعیە نیشتیمانییەیە کە یادەوەرییەکی مێژووییشە، چونکە سەرۆک مستەفا بارزانی بە کارنامەی خۆی و کاروانی خۆی مێژوویەکی نوێی دروستکرد بۆ نەتەوەی کورد. بێگومان ئێمە وا لە بەشداریی خۆمان دەڕوانین کە تەنیا هەر بەشدارییەکی هاوپشتی نییە، بەڵکو دووپاتکردنەوەی پەیوەندییە توندوتۆڵەکەی نێوان هەردوولایە و جەختکردنەوەیە لە هاوکاری. ئێمە لەم سەردانەدا زۆر مکوڕ بووین لەسەر نەک هەر لایەنە سیاسییەکەی، بەڵکو دوێنێ دیدارێکی زۆر گرنگیشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، هەروەها لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و باسمان لە ئاسۆکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و وەبەرهێنانی هاوبەش کرد، ئێمە پێمانوایە کە ئاسۆی گرنگ هەن بۆ پتەوکردنی.
 
بەشێوەیەکی گشتی، بەڕاستی بڵێم دوو شت سەرسامیان کردم، یەکەمیان ژێرخان کە نوێیە و پێشکەوتووە، وڵاتیش بە ژێرخانەکەی دەپێورێ، چەندی ژێرخان نوێ و پێشکەوتوو بێت، ئەوە نیشانەیە بۆئەوەی کە ئەو وڵاتە ئاسۆی گەشەسەندنی ئابووریی هەیە. بێگومان ئاسایش و ئارامی فاکتەرێکی زۆر گرنگە و یەکێکە لە فاکتەرەکانی پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی. جگە لەوەش بەڕاستی کە بەڕێگاوە بووین بۆ بارزان، سەرسام بووم بە قەبارەی بیناسازی، ئەوە بەڕاستی بۆ من جێی سەرنج بوو، ئەوەش دیسان نیشانەیەکی گەورەیە بۆ رابوونی ئابووری لەم هەرێمە. لەگەڵ زۆر سەرکردەی کورد هاوڕێیەتیم هەبووە، ئەوان لەگەڵ ئێمە هاوڕێی خەباتی چەکداری بوونە. یەکێ لە هاوڕێ زۆر نزیکەکانم خوالێخۆشبوو عادل موراد بوو کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی. مام جەلالم دەناسی، زۆر هاوڕێی دیکەم لەناو پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەبووە، هەروەها لە شیوعییەکانی کورد کە هاوڕێم بوون و دەیانناسم، هەر ئەمڕۆ لە سەردانێکی هاوڕێ کاوە مەحموود بووم کە پەیوەندییەکی کۆنمان هەیە.
 
راستی من خۆم لە دیمەشق لەدایکبووم و هەر لە گەڕەکی کوردانیش کە لە فەلەستینیش بووین، من خۆم خەڵکی شارۆچکەیەکم ناوی سەفەدە، لەوێش گەڕەکی کوردانمان هەبوو. من خەڵکی ئەو گەڕەکەم. پاش نسکۆی ساڵی 1948 ئاوارە کراین و هاتین بۆ سووریا و لەوێش لە گەڕەکی کوردان نیشتەجێ بووین و لە هەمان کۆڵانی ماڵی خالید بەگداش بووین و دراوسێ بووین، هەر گەڕەکەکە هەمووی کورد بوون.
 
رووداو: حکومەتی فەلەستین بەرنامەی هەیە بۆ خوێندنی زمانی کوردی بۆ کەمینەی کوردی و دامەزراندنی ناوەندی رۆشنبیری کوردی لە فەلەستین؟
 
ئەحمەد مەجدەلانی: بەڕاستی ئەو باسە، با کەمێک ورد بم، کێن ئەوانەی رەخنە لە خالید بەگداش دەگرن. پرسیارەکە ئەوەیە کێ رەخنەی لێ دەگرێ. مەرجیش نییە هەرکەس رەخنەی گرت لەسەرحەق بێت. من خالید بەگداشم دەناسی و بەڵێ کۆمۆنیست بوو. یەکێ لە دامەزرێنەران و لە سەرکردەکانی حیزبی شیوعی بوو لە سووریا، بەڵام ئەو.. ئەوەندەی کە من بزانم، مەسەلەی کورد لای ئەو مەسەلەی نیشتیمان بوو، بەڵام ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن رەنگە کەسانێک بن کە ناکۆکی سیاسی و فکرییان لەگەڵی هەبووە. لە هەموو حاڵێکدا، لە هەموو حاڵێکدا، خالید بەگداش، یەکەمین شت کەس ناتوانێ لە کوردبوونی دایماڵێ، چونکە کوردێکی رەسەن بوو، لە بنەماڵە و عەشیرەتێکی ناسراو بوو، کەسیش ناتوانێ لەو سیفەتەی دایماڵێ کە کەسێکی نیشتمانپەروەر بووە و رۆڵی لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگەی سووریدا هەبووە و هەروەها رۆڵیشی لە بەگژداچوونەوەی ئینتیدابی فەرەنسی لە سووریا. خالید بەگداش لەگەڵی کۆک بی یان ناکۆک بی، ناتوانی رۆڵی ئەو لە بزاڤی نیشتیمانی و بەرەنگاربوونەوەی ئینتیدابی فەرەنسی نادیدە بگری و نکۆڵی لە خەباتی ئەو لە ژیانی سیاسیدا بکەی، لە هەموو حاڵێکدا، لە ژیانی سیاسیدا هەمیشە کەسانێک هەن کە لەگەڵت کۆکن و کەسانێکیش هەن کە ناکۆکن لەگەڵت، ئەوە شتێکی سروشتییە، بۆیە ناتوانی کەسێک بدۆزیتەوە کە سەت لەسەت کۆدەنگیی لەسەربێ. بڕوانە، لە راگەیاندندا، رەنگە بتوانی ئەهریمەن بکەی بە فریشتە و فریشتەش بکەی بە ئەهریمەن، ئەمە پیشەی راگەیاندنە، ئێمە نە فریشتەین و نە ئەهریمەن، ئێمە بزاڤی نیشتیمانیی فەلەستینین، ئێمەین بزاڤی نیشتیمانی فەلەستینی، ئێمەین کە لە دژی ئیسرائیل شەڕمان کردووە. 
 
لە هەموو شەڕەکاندا لە 1965 تاوەکو ئەوکاتەی رێککەوتنی ئۆسلۆمان لە ساڵی 1994 واژۆ کرد و لەسەر بنەمای ئەوەش دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ قۆناخی راگوزەر دامەزرا کە ماوەکەی پێنج ساڵ بوو. هەتا ئەوکاتە نە بزووتنەوەی حەماس هەبووە نە جیهادی ئیسلامی، ئەمە بۆئەوەی بە تەواوی لەمسەرەوە روون بین. ئەمڕۆ کە دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستینی هەیە، قۆناخێکی راگوزەرە وەکو ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە و هەر ئەویشە کە گەلی فەلەستین لە قۆناخی ژێر داگیرکارییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، یەکێ لەو فاکتەرانەی کە دەسەلاتی نیشتیمانیی فەلەستینی و پرۆژەی نیشتیمانیی فەلەستینی لاواز کرد، ئەو کودەتایە بوو کە بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە کردی و سیاسەتی دیفاکتۆی سەپاندە سەر ئێمە، بەڵام ئاخۆ دەسەڵاتی نیشتمانیی فەلەستینی دەگۆڕێ بۆ چوارچێوەیەکی پاشکۆی ئیسرائیل؟ ئەمە هەرگیز مومکین نییە رووبدات و روونادات، نە ئێستا و نە لە ئاییندە وەکو چۆن لە رابردوو رووینەداوە. 
 
ئێمە لانیکەم رۆژانە، بە تێکڕای ناوەندی، هەموو رۆژێ لە کەناری رۆژئاوا سێ شەهیدمان هەیە، بە تێکڕا. تۆ لەم ململانێیەدا کە هەموو رۆژێک بەردەوامە و لەوەش گرنگتر، خۆڕاگریت لە بەرامبەر داگیرکاری و لە بەرامبەر سیاسەتی نیشتەجێکردن و دەستگرتن بەسەر زەوی و موڵک و لە بەرامبەر سیاسەتی تەهویدی قودس و بەرگری لە شوێنە پیرۆزەکانی قودس، پێموایە ئەمە ئەوپەڕی خەباتە. بێگومان پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، ئەمە مەگەر مرۆڤی گێل... لێکتێگەیشتنی بەردەوامیان هەیە لەسەر ئارامکردنەوە، ئارامکردنەوە بەرامبەر ئارامکردنەوە. ئاسایش لە بەرامبەر ئاسایش و ئاسانکاری لە بەرامبەر ئاسایش، هەروەها پەیوەندی هەیە... ئاسانکاری لە هاتوچۆی کرێکاران. ئاسانکاری لە هاتنی کاڵا و شتومەک، ئەمە سروشتییە.
 
رووداو: ئێوە پەیوەندیتان هەیە؟
 
ئەحمەد مەجدەلانی: ئێمە، ئەها.. ئێمە ئاسانکاریمان هەیە، چونکە رێککەوتننامەی نێودەوڵەتیمان لەنێواندا هەیە. نە هەر ئاسانکاری، رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی هەیە لەنێوان ئێمە و ئیسرائیل، لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. هەروەها بە ئاگاداریی ولایەتە یەکگرتووەکان و رووسیا و لیژنەی چوارقۆڵی. ئەمە رێککەوتنی دووقۆڵی نییە لەنێوان ئێمە و ئیسرائیل.. دوو شتی جیاوازن، زۆریش جیاوازن، ئەوەی کە تۆ سیفەتێکی شەرعیت هەبێ و تاکە نوێنەری گەلی فەلەستین بی و بچی لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتن واژۆ بکەی، یان حیزبێکی سیاسی بیت و بچی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکەی.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
ئەحمەد مەجدەلانی: سوپاس بۆ ئێوەش. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن بۆڵتن.

جۆن بۆڵتن: ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، نێوبانگی لەکەدار دەکات

جۆن بۆڵتن لە ساڵانی 2018 بۆ 2019 وەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاری کردووە و کەسێکی نزیک بووە لە دۆناڵد ترەمپ، دواتر لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، مافی کورد و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.