رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار ساڵ و هەشت مانگ لە داخستنی، دەرگەی ئیمراڵی کرایەوە و دەم پارتی سەردانی ئۆجەلانیان کرد. لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ رووداو، عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری دەم پارتی نێوەڕۆکی دیدارەکەی خۆی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاشکرا دەکات.
بەپێی قسەکانی عومەر ئۆجەلان بۆ ماشاڵڵا دەکاک، بەرپرسی نووسینگەی ئامەدی رووداو؛ رێبەری پەکەکە جەختی لەسەر مافی کوردان کردووەتەوە و گوتوویەتی "کوردەکانی ئەمڕۆ وەک 100 ساڵ لەمەوپێش نین و هێز و توانایان هەیە."
قۆناخی نوێی دیدارەکانی ئیمراڵی پێش سێ مانگ بە لێدوانەکانی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکرد. دوای سەردانی عومەر ئۆجەلان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان سەردانی ئیمراڵییان کرد و دواتر بۆچوونەکانی ئۆجەلانیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا باس کرد.
سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان، عومەر ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی شیکردنەوەی ئۆجەلان "دەرگەی دیپلۆماسی بۆ کوردەکان کراوەتەوە."
لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەدا، عومەر ئۆجەلان ئاشکرای کرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان هۆشداری داوە "ئەگەر پرسی کورد و کوردستان چارەسەر نەکرێت، ئێستا غەزەیەک هەیە دەبێتە 50 غەززە" و "دەوڵەتی تورکیا دەکشێتەوە ئەنادۆڵ و لە ئەنادۆڵ تووشی دۆزەخی خۆی دەبێت."
تائێستا شاندی ئیمراڵی سەبارەت بەم دیدارانە هیچ روونکردنەوەیەکی بەرفراوانیان نەداوە و نێوەڕۆکی ئەو دیدارانەیان بە وردی ئاشکرا نەکردووە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عومەر ئۆجەلان
رووداو: پێش چەند مانگێک چوویتە ئیمراڵی و بۆ یەکەم جار تۆ و مامت یەکترتان بینی. ئەم قۆناخی چاوپێکەوتنە چۆن روویدا؟
عومەر ئۆجەلان: وەک پەرلەمانتارێک هەندێک جار سەردانی وەزیری دادمان دەکرد. بۆ 23ی تشرینی یەکەم داوامان کردبوو. دوو رۆژ پێش چاوپێکەوتنەکە زانیارییان بۆ ناردین. ئێمەش خۆمان ئامادە کرد. لە ئەنقەرەوە چووینە بورسا و لەوێشەوە چووینە دوورگەی ئیمراڵی. لە 23ی تشرینی یەکەم بۆ یەکەم جار رێبەری گەلی کوردم بینی. لە هەمان کاتدا مامیشمە. 4 ساڵ و 8 مانگ بوو کەس لە خێزانەکە نەچووبووە دوورگەی ئیمراڵی. لە دوورگەی ئیمراڵی یاسا جێبەجێ ناکرێت. دەستووری تورکیا جێبەجێ ناکرێت. بۆ بەڕێز ئۆجەلان یاسا هەڵوەشێنراوەتەوە. کاتێک گەیشتمە ئیمراڵی نزیکەی کاژێرێک و چل خولەک چاوپێکەوتنمان ئەنجامدا.
رووداو: ئەمە یەکەم جار بوو مامت ببینیت؟
عومەر ئۆجەلان: راستە، تەمەنم 38 ساڵە. من ساڵی 1987 لەدایک بووم بەڵام بەڕێز ئۆجەلان ساڵی 1979 لە سروجەوە چووە کۆبانێ. نزیکەی 20 ساڵ لە دەرەوەی وڵات ماوەتەوە. لە رۆژئاواش ماوەتەوە کە ئەویش وڵاتی ئێمەیە. یەکەم جار بوو من ئەوم بینی. ئەویش یەکەم جار بوو منی بینی.
رووداو: هەستەکانتان چۆن بوو؟ هەستی تۆ، هەستی ئەو؟
عومەر ئۆجەلان: بەڕاستی چاوپێکەوتنێکی پیشەیی بوو. پێش بەڕێز ئۆجەلان من چوومە شوێنی چاوپێکەوتنەکە. بەڕێوەبەری ئەوێش لەگەڵم بوو. بەپێوە چاوەڕێی بەڕێز ئۆجەلانم کرد. دواتر ئەو هات، هاتە ژوورەوە. سڵاوی لێکردم، گوتی تۆش هاتوویتە ناو سیاسەتەوە، من چاودێریت دەکەم. بەو شێوەیە لەسەر کورسییەکە دانیشت. مێزێکی بازنەیی هەبوو. ئاوەکەی هێنابوو، کاتژمێرەکەی لەبەردەمی بوو. گوتی با دەستپێبکەین.
رووداو: چاوپێکەوتنێکی خێزانی بوو یان سیاسی بوو؟
عومەر ئۆجەلان: لەنێو خێزانیشدا ئێمە زۆر باسی شتی خێزانی ناکەین. هەڵبەت پرسیاری خێزانی کرد، برای خۆی، خوشکی خۆی، هەندێک هاوڕێی خۆی پرسی. باسی گوندی کرد، باسی خەلفەتی کرد، باسی رووهای کرد. نزیکەی 10 خولەک باسی بابەتی خێزانی کرد. لە کۆتاییدا زیاتر شتەکانی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدەن، شتەکانی کە لە کوردستان روودەدەن، شتەکانی کە لە تورکیا روودەدەن بە فراوانی شیکردەوە.
رووداو: ئۆجەلان لە رووی جەستەییەوە چۆن دیار بوو؟ باش بوو یان لاواز بوو؟ چونکە ماوەیەکی زۆرە هیچ وێنەیەکی ئەومان نەبینیوە.
عومەر ئۆجەلان: دوا وێنەی پێش 10 ساڵ بۆ رای گشتی و خەڵک بڵاوکرایەوە.
رووداو: ئەگەر ئەو وێنەیە بێنیتە بەرچاومان.
عومەر ئۆجەلان: زۆر نزیکە لەو وێنەیە. بەهێز بوو، لەسەرخۆ بوو. بە پێ هات. زۆر قسەی کرد. هەندێک جار قسەم پێ دەبڕی و هەندێک شتم دەپرسی، هەندێک شتی دەگوت، بەڵام زیاتر بەڕێز ئۆجەلان قسەی دەکرد. لە رووی جەستەیی و هۆشیارییەوە بەهێز بوو. زانیاری هەبوو، ئاگاداری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو، ئەو شتانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان روودەدەن، ئەو شتانەی لە کوردستان روودەدەن. زانیاریی لەسەر هەموو رووداوەکان هەبوو.
رووداو: تۆ لەبارەی ئەم چاوپێکەوتنە هیچت بڵاونەکردەوە.
عومەر ئۆجەلان: من زۆر شتم بڵاوکردەوە.
رووداو: تۆ زۆر کەم شتت بڵاوکردەوە. ئەوەی کە بڵاوتان کردەوە، تۆ دەڵێیت ئۆجەلان گوتوویەتی، ئەگەر گۆشەگیری نەمێنێت و مەرجەکان ئامادە بکرێن، من خاوەنی ئەو هێز و تیۆرەم کە شەڕ و پێکدادانەکان نەهێڵم و لە جیاتی تووندوتیژی زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی دروست بکەم، وا نییە؟
عومەر ئۆجەلان: راستە.
رووداو: پێم وایە لە کاژێر و چل خولەکدا ئێوە تەنیا باسی ئەم رستەیەتان نەکرد.
عومەر ئۆجەلان: لە دەوروبەری ئەو بابەتە زۆر شتمان گفتوگۆ کرد. هەڵبەت تەنیا ئەو قسەیە نەبوو.
رووداو: بۆ نموونە هەندێک شت کە خەڵک حەز دەکەن بزانن و ئێوە باستان کرد، چی بوو؟
عومەر ئۆجەلان: دەتوانم بڵاوی بکەمەوە. بەڕاستی لەسەر هەندێک شت گومان دروست کرا. هاوسەرۆکەکەشمان باسی غەزەی کرد. راگەیاندنی تورکیا ئەم قسەیەی پێچەوانە کردەوە، بەڵام بەڕێز ئۆجەلان ئەمەی گوتبوو؛ کێشەی کورد چارەسەر بکرێت، پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چارەسەر بکرێت، داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روون دەبێت. بەڵام ئەگەر پرسی کورد و کوردستان چارەسەر نەکرێت و پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چارەسەر نەکرێت، ئێستا غەززەیەک هەیە دەبێتە 50 غەززە. لە بەغداوە تاوەکو شام، لە شامەوە تاوەکو موسڵ، لە موسڵەوە تاوەکو هەولێر. تورکیاش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. کوردستانیش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئێستا یەک غەززە هەیە، کاتێک چارەسەرێکی کۆمەڵایەتی دروست نەبێت یەک غەززە دەبێتە 50 غەززە.
رووداو: تورکیاش لەنێویدایە؟
عومەر ئۆجەلان: بێگومان، بێگومان.
رووداو: ئۆجەلان لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت ئاسایش بە قەدەر ئازادی گرنگە. لەوانەیە لە چاوپێکەوتنەکەتاندا باسی ئەمەتان کردبێت. ئایا ئەمە هێمایەکە؟ ئێوە لەسەر ئەمە قسەتان کرد؟
عومەر ئۆجەلان: بەم دواییانە ئەمە لە راگەیاندن باس کرا. لەگەڵ ئێمە ئەم بابەتە باس نەکرا. بەڕێز ئۆجەلان بۆ چارەسەری ئەمەی گوتبوو؛ کاتێک گیرام گوتم بۆ چارەسەری ئامادەم بۆ خزمەت. لە فڕۆکەش گوتم، ساڵی 2000یش گوتم بەڵام هەندێک کەس ئەمەیان پێچەوانە کردەوە، گوتیان ئۆجەلان بۆ رزگارکردنی خۆی ئەم قسانە دەکات، بەڵام ئێستا ساڵی 2024ـە، ئێستاش ئەم پرسە هەیە. ئەم پرسە دەبووایە ساڵی 2000 چارەسەر بکرایە، بەڵام بەداخەوە هێشتا چارەسەر نەکراوە. بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش شتی سەرنجڕاکێشی گوت. گوتی کاتێک تورکیا خۆی بۆ چارەسەری ئامادە نەکات، لە داهاتوودا سووریا، عێراق، ئێران و زۆر پلانی هێزە نێودەوڵەتییەکانیش هەیە. لەم شوێنانە ئەگەری هەیە دەوڵەتیش رابگەیێندرێت.
رووداو: واتە کورد دەوڵەت رادەگەیەنن؟
عومەر ئۆجەلان: باسی ئەم شتە کرا. ئاماژەی بە پرسی کورد نەکرد، بەڵام خۆی شتەکە روونە، بەڕێز ماشەڵڵا. پێویست ناکات من هەموو شتێک یەک بە یەک باس بکەم. ئەمەش لەوانەیە ببێتە سەرەتای شەڕێکی گەورە. لەبەر ئەمە بنەمای چارەسەری باس کرا. 23ی تشرینی یەکەم قسەمان کرد، سێ مانگ بەسەر ئەم چاوپێکەوتنەدا تێپەڕی، بەڵام زۆر بە ورەبوو، بە وزە بوو، بەهێز بوو، ورەی زۆر زۆر بەرز بوو.
رووداو: تۆ پێش هەموو کەس چوویتە ئیمراڵی، بەڵام دواتر پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر چوون. بۆچی ناوی تۆ لەو شاندەدا نییە؟
عومەر ئۆجەلان: ئێمە وەک خێزان دەچین لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان چاوپێکەوتن دەکەین. بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر و بەڕێز پەروین بوڵدان خاوەنی ئەزموونێکی گەورەن. ساڵانی 2013 و 2015ـش ئەوان لەو شاندەدا بەشداربوون. بەم شێوەیە پەسند کراوە. ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان، دەبێت ئێمە هەڵوێستی ئەم شاندە بەهێز بکەین، دەبێت لای بەڕێز ئۆجەلان بۆ چارەسەری بەهێز بکەین. پێویستە دەوڵەتیش لەم خاڵەدا ئەو زمانەی کە بەکاری دەهێنێت هەندێک پێداچوونەوەی پێدا بکات، راست بکاتەوە. لەبەر ئەوەی متمانە بەم شێوەیە دروست نابێت. لە لایەکی دیکەوە، ئێمە خێزانین، بە شێوەیەک ئێمە لەنێو ئەم کارەداین.
رووداو: تا ئێستا تەنیا سەلاحەدین دەمیرتاش ناوێکی لەم پرۆسەیە ناوە. تا ئێستا جگە لە ئەو، کەس ناوێکی لەم پرۆسەیە نەناوە. نە حکومەت، نە دەوڵەت و نە دەم پارتی. ئەگەر تۆ وەک عومەر ئۆجەلان ناوێک لەم پرۆسەیە بنێیت، تۆ چ ناوێک هەڵدەبژێریت؟
عومەر ئۆجەلان: بەڕێز من ناوێک لەم پرۆسەیە نانێم. ئێرە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش جێگەی کوردستان جیاوازە. سبەینێ سیاسەت چۆن دەڕوات نازانین، بەڵام دەبێت لە دەستی کورددا زۆر بژاردەش هەبێت. ئێستا من لەنێو کۆمەڵگاش دەگەڕێم. لە رووها، لە ئامەد، لە ئیستەنبووڵ، لە زۆر شار پەیوەندی زۆرم هەیە. لێرە لە پرسی متمانەدا کێشە هەیە. لەبەر ئەوەی زۆر جار شکست روویداوە. لەبەر ئەمە ناتوانین ناوێکی لێ بنێین. بێگومان کورد بە جۆشن. دەیانەوێت ئەم پرسە بە شێوەیەکی ئاشتییانە بگاتە چارەسەر، بەڵام هێشتا شتێک لەبەرچاو نییە. روون نییە. زمانی دەوڵەت، ئەو زمانەی کە سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە بەکاری دەهێنێت، ئەوەی حکومەت و دەسەڵاتدار بەکاری دەهێنن زمانێکی ئەرێنی نییە. لەبەر ئەوەی ئێستا هەر کەس لە لایەنی خۆیەوە، هەڵدەسەنگێنێت، شیکار دەکات، رێوشوێن دەگرێتە بەر، پرۆسە نییە. دەوڵەتیش، دەم پارتیش کوردیش. بۆ ئەوەی بڵێین پرۆسە، هێشتا کاتی زۆر پێویستە.
رووداو: دەوڵەت دەیەوێت ئۆجەلان بانگەوازی چەک دانان بکات. ئۆجەلان لە ساڵی 1993ـەوە چەند جار ئاگربەستی راگەیاند. ئەمجارە لە چاوپێکەوتنەکەتاندا، باسی ئەوەی کرد کە کاتی شەڕی چەکداری نەماوە، ئەو کاتە تەواو بووە؟
عومەر ئۆجەلان: 23ی تشرینی یەکەم، نزیکەی کاژێر و چل خولەک قسەمان کرد. ئەم چاوپێکەوتنە لەوانەیە تۆمار کرابێت. بەڕێز ئۆجەلان باسی چەکی نەکرد. باسی بزووتنەوەکەی خۆی نەکرد. تەنیا گوتی من هیچ ناڵێم. گوتی من ئێستا هەرچی بڵێم بە هەڵە تێدەگەن.
رووداو: ئەگەر ئۆجەلان بانگەوازێک بکات، تۆ باوەڕ دەکەیت کە پەکەکە یان قەندیل گوێ لە بانگەوازی ئۆجەلان بگرن؟
عومەر ئۆجەلان: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. لەوانەیە وەڵامەکەی لای من نەبێت، بەڵام ئەوەی کە من بەدواداچوونی بۆ دەکەم، لەسەر راگەیاندن ئەوەی کە من بەدواداچوونی بۆ دەکەم زۆر بەرپرسی کەجەکە، زۆر بەڕێوەبەری پەکەکە تا ئێستا پشتگیرییان لەم پرۆسەیە و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کردووە. تا ئێستا شتێکی نەرێنیم نەبیستووە کە گوتبێتیان. بەڵام ئەم شتەش هەیە، کاتێک دەتانەوێت لە شتێک ئەنجام وەربگرن پێویستە زەمینەی ئەوە ئامادە بکەن. چارەسەرییەکی جددی و دڵسۆزانە هەبێت هەموو شتێک چارەسەر دەبێت. ئەو کەسانەی 40-50 ساڵ لەمەوبەر چەکیان هەڵگرتووە و دەستیان بە شەڕی چەکداری کردووە، لە ئەنجامی شتێکدا دەستیان بەمە کردووە. تا ئێستا بە دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. شەڕڤانانی کورد، پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا یان سەربازەکانیان، خەڵکی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە. پێویستە زەمینە سازبکرێت. بە جددیەتێکی گەورە، بە متمانەوە پێویستە هەر کەس گیرفانی خۆی بەتاڵ بکاتەوە. بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەم رووداوانە روونەدەن ئەمە پێویستە. کاتێک ئەم شتە چارەسەر نەبێت ئەگەری هەیە ئەمڕۆ پەکەکەیە، کەجەکەیە، ئەگەری هەیە سبەینێ شتێکی دیکە بێتە گۆڕەپانەکەوە. لەبەر ئەمە چارەسەرییەکی راستەقینە پێویستە.
رووداو: چەک دانان یان بێدەنگکردنی چەکەکان، هەردوو ئەگەر هەن. ئەمە سیاسەتی دەم پارتی بەهێز دەکات یان لاواز دەکات؟
عومەر ئۆجەلان: لە لایەنی چەکەوە شتێک نییە کە من بیڵێم. ئێمە پارتێکی سیاسین. ئێمە بە دەستووری تورکیاوە پابەندین، بەڵام لە هەمان کاتدا من دەزانم ئێرە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، ئێرە کوردستانە. ئەم شتەش من دەزانم. لەلایەنی چەکەوە هیچ ناڵێم. پێویستە کورد پەیوەندیی نێودەوڵەتی، دیپلۆماسییان هەبێت، لە لایەنی ئابورییەوە، بە هەموو شێوەیەک دەبێت خۆیان بەهێز بکەن. ئێرە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، ئێرە کوردستانە. لە دەرەوەی ئەوە، لە لایەنی چەکەوە شتێک نییە من بیڵێم، من کەسێکی سیاسەتمەدارم.
رووداو: لەو چاوپێکەوتنەدا ئێوە هیچ باسی رۆژئاوای کوردستانتان کرد یان نا؟ لەبەر ئەوەی ئێستا رۆژئاڤا بەتایبەتی کۆبانێ لە رۆژەڤی هەموو جیهاندایە.
عومەر ئۆجەلان: بێگومان باسی رۆژئاڤامان کرد. ئێستا رۆژئاڤا لە رۆژەڤی هەموو کورداندایە. لە رۆژەڤی هەموو پارتە کوردەکاندایە. من ئەم پرسیارەم کرد، گوتم، سەرۆکی من ئێستا هەموو کەس لە رۆژئاڤایە، هەموو کەس لەگەڵ هەموو کەس قسە دەکات. ئەویش گوتی من بە کورد ناڵێم لەگەڵ کەس قسە مەکەن. گوتی مافی کوردە لەگەڵ هەموو کەس دانوستاندن بکەن. ئەوانیش ئەو کوردانەی 100 ساڵ لەمەوبەر نین. بە شێوەیەک پێگەیشتوون. هێز و تواناشیان هەیە. ئەوانیش بەرگری دەکەن. بەڵام پێش ئەوە، ئێمە بۆ چارەسەرێک دەگەڕێین. بۆ رۆژئاوا ئەم شتانە گوتران. بەپێی شیکردنەوەی من بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت دەرگەی دیپلۆماسی بۆ کورد کراوەتەوە.
رووداو: هیچ پڕۆژەیەکی ئۆجەلان بۆ قۆناخی نوێ، بۆ چارەسەری هەیە؟
عومەر ئۆجەلان: لەم وڵاتە کەسێکی نموونە، خاوەنی مۆدێلێکی گەورە بەڕێز ئۆجەلانە. ئەم شتە بە ئاشکرا دەڵێت، شتێکی شاراوە نییە.
رووداو: لەگەڵ تۆ باسی کرد؟
عومەر ئۆجەلان: کورد چۆن لەگەڵ عەرەب دەژین، چۆن لەگەڵ فارس، چۆن لەگەڵ تورکیا دەژین؟ چۆنییەتییەکەی باس کرا. گوتی، تورکیا کاتێک ئەم پرسە چارەسەر بکات لەم وڵاتە نموونەیە. ئەم پرسە چارەسەر نەبێت، دەوڵەتی تورکیا دەکشێتەوە ئەنادۆڵ و ئەوان لە ئەنادۆڵ دووچاری دۆزەخی خۆیان دەبن. ئەم شتانە گوتران. واتە ئەوەی من دەیڵێم، ئەم شتانە تۆمار کراون. نە زیاد نە کەم. کاتێک ئەم پرسە چارەسەر ببێت، دەرگەی ژیان بۆ هەموو کەس دەکرێتەوە، کاتێک ئەم پرسە چارەسەر نەبێت، گوتی، تورکیا دەکشێتەوە ئەنادۆڵ و دووچاری دۆزەخی خۆی دەبێت. ئەم شتە گوترا.
رووداو: تۆ لە پرۆسەیەکی وادا رۆڵی هەرێمی فیدراڵی کوردستان چۆن دەبینیت؟
عومەر ئۆجەلان: بۆ رۆژئاوا یان بۆ گشتی؟
رووداو: خۆ ئێستا سەرنج بە قورسایی لەسەر رۆژئاوایە.
عومەر ئۆجەلان: کورد ئەو کوردەی 100 ساڵ لەمەوبەر نین. ئێمە باشووری کوردستان بە هەستیارییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەین. چاوپێکەوتنی بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێز ژەنەراڵ مەزڵووم، هەموومانی هێنایە جۆش. ئێمە بەهای ئەم کۆبوونەوەیە دەزانین. شاندی ئەنەکەسە کاتێک لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی چاوپێکەوتنیان کرد و ئەو ئامۆژگاری کردن، شتی پێ گوتن، ئێمە بەهای ئەم شتانە دەزانین. پێویستە پارتەکان میکانیزمێکیان هەبێت. بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، دەم پارتی هەیە، ئەوەی شەڕی چەکداری دەکات، پەکەکە هەیە. پارتی بچووک هەن. پێویستی هەیە لەسەر ئەم پارتانە سیستمێک، میکانیزمێک هەبێت. ئێستا هەڵوێستی باشووری کوردستان سەبارەت بە رۆژئاوا کە راگەیاندن دەدات، ئێمە پشتگیری بکەین. پێویستە ئەم پەیوەندییەی رۆژئاوا و باشووری کوردستان بەردەوام بێت. ئەم سیاسەتانەی تواندنەوە و لەنێوبردن شکستی هێنا. پێویستە کۆماری تورکیاش ئەم شێوازەی خۆی بگۆڕێت.
رووداو: پرسیاری کۆتایی. وەک دەم پارتی ئێوە بیر دەکەنەوە بچن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە؟
عومەر ئۆجەلان: من لە سەرکردایەتیی دەم پارتی نیم، بەڵام من بە پێویستی دەزانم. ئێستا بۆ باشووری کوردستانیش هەندێک چاوپێکەوتن و سەردان دەبێت بکرێن. سەردانی دامەزراوەکان گرنگە، بەڵام سەرۆک مەسعود بارزانی رۆڵێکی گرنگی لەسەر شانە. پێویستە ئەویش رۆڵی خۆی بگێڕێت. لەم سەدەیەدا ئێمە دەتوانین بەم شێوەیە سەرکەوتوو بین. نەک تەنیا بە نزیکبوونەوەی حزبی و پارتەکان بجووڵێینەوە. دەبێت بۆ بەرژەوەندیی هەموو کوردستان، کورد خاوەن رۆڵ بن. سەرۆک ئۆجەلان لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئەم شتەشی گوت، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوانەی خاوەن وزە و توانان کوردن. ئەوانی دیکە ئەم 100 ساڵەیە وزەی خۆیان، مۆراڵ و هاندانی خۆیان لەدەستداوە. ئەوانەی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانن سیستمێکی نوێ دروست بکەن کوردن و دەتوانن لەگەڵ خۆیان گەلانی دیکە، نەتەوەکانی دیکەش بەرز بکەنەوە. کورد ئەم توانایەی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ