رووداو دیجیتاڵ
بريكارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى گاز رایگەیاند عێراق پلانی داناوە ساڵی 2030، سووتاندنی گازی هاوەڵ بگەیێنێتە سفر.
لەم هەڤپەیڤینەیدا لەگەڵ رووداو، د. عیزەت سابیر، بريكارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى گاز، زانیاریی نوێ لەبارەی سێکتەری گاز لە عێراق دا ئاشکرا دەکات.
عیزەت سابیر دەڵێ، "عێراق تاوەکو 100 ساڵی دیکە گازی سرووشتیی دەبێت و 11ـیەمین وڵاتی جیهانە لە یەدەگی گاز دا. عێراق 127 تریلیۆن پێ سێجا یەدەگی گازی هەیە."
سەبارەت بەو گازەی لە عێراق هەیە، بریکارەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز دەڵێ "25٪ـی گازی هاوەڵە و 75٪ـی گازی بەتەنیایە."
لەبارەی وەبەرهێنانیش لە گاز دا، وەک عیزەت سابیر دەڵێ "یەک دۆلار وەبەرهێنان لە گاز، سێ دۆلار داهاتی هەیە و
ئەگەر 1٪ وەبەرهێنان لە گاز زیاد بکەین، پێویستمان بە ملیارێک دۆلارە.''
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی ئەوەشی کرد حکومەتی عێراق لەنێوان 2020-2030 نزیکەی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە گازدا دەکات و، دەڵێ "لەبەرامبەر ئەو 10 ملیار دۆلارە، عێراق 30 ملیار دۆلاری دەستدەکەوێت.''
جەختیش دەکاتەوە لەوەی؛ لەو کابینەیەی محەممەد شیاع سوودانی، وەبەرهێنان لە گاز بەڕێژەی 14٪ زیادیکردووە.
تێکستی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دکتۆر عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز
رووداو: گفتوگۆ لەگەڵ د. عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز دەکەم، گاز یەکێکە لە کاڵا زۆر ستراتیژی و گرنگەکان، دکتۆر زۆر خۆشحاڵم دوای دابڕانێکی زۆر گفتوگۆت لەگەڵ دەکەم، بەیادی ئەوەی کە دکتۆر و مامۆستای زانکۆ بوویت، دەمانەوێت هەروەک چۆن لە زانکۆ بە روونی بابەتەکانت شیدەکردەوە، ئاواش بابەتی گازمان بۆ روون بکەیتەوە لە عێراقدا، ئەمە بابەتێکی ئاڵۆزە، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی گاز لە عێراقدا چەندە و خواستی ناوخۆی عێراق بۆ گاز چەندە؟
د. عیزەت سابیر: زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لەگەڵ ئێوە یەکدی دەبینینەوە، بەداخەوە لە 20 ساڵی رابردوودا بەرهەمی گاز کە پێی دەوترێت گازی هاوەڵ لەگەڵ نەوت، حکومەتی عێراق نەوتی دەردەهێنا و هەناردەی دەکرد و دەیفرۆشت، گوێی بە گازەکە نەدەدا و بەشێکی زۆری دەسووتا. لە ساڵی 2011 گەورەترین کێڵگەکانی نەوتی لە عێراقدا گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بەبێ ئەوەی بیر لە وەبەرهێنان لە گازەکەی بکاتەوە، ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە بەشێکی زۆری گاز دەسووتێت، ئێستا لە رۆژێکدا سێ هەزار ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەمدێت، دوو هەزار ملیۆن پێ سێجا وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت و هەزار ملیۆن پێ سێجا گاز دەسووتێت...
رووداو: بەفێڕۆدەچێت؟
عیزەت سابیر: دەسووتێت، چونکە یەکێک لە هۆکارەکانی دەرهێنانی نەوت، فشاری گازە کە نەوتەکە دەنێرێتە دەرەوە. لەم سێ ساڵەی حکومەتی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، ئەولەویەتی داوە بە گاز. لە ساڵی 2021 تەنیا 53% گاز وەبەرهێنانی تێدا دەکرا، ئەمڕۆ 67% وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت. واتا 14% ئەو گازەی کە لە 50 ساڵی رابردوودا لە عێراقدا دەسووتا، کەمکراوەتەوە. هەموو یەک لەسەدێک یەکسانە بە یەک ملیار دۆلار.
رووداو: واتای چییە یەک لە سەدی یەکسانە بە یەک ملیار دۆلار؟
عیزەت سابیر: واتە یەک لە سەد سووتان کەمبکەوە، ملیارێک دۆلارت دەستدەکەوێت، دوو لەسەد سووتان کەمبکەوە، دوو ملیار دۆلارت دەستدەکەوێت.
رووداو: بۆ کەمکردنەوەی یەک لەسەدی سووتان، پێویستی بە وەبەرهێنانێکی زۆر هەیە؟
عیزەت سابیر: وەبەرهێنان لە گاز، سەرمایەیەکی گەورەی دەوێت. لەنێوان ساڵانی 2020 تاوەکو 2030 حکومەتی عێراق 10 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە گازدا بکات و سووتان کەم بکاتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا سی ملیار دۆلار داهاتی دەستدەکەوێت، واتە یەک دۆلار لە وەبەرهێنانی گازدا خەرج بکەی، سێ دۆلارت بۆ دەهێنێتەوە.
رووداو: بۆچی لە چ رێگەیەکەوە بۆت دەهێنێتەوە؟
عیزەت سابیر: ئەم گازە کە وەبەرهێنانی تێدا دەکەیت، گازی شلت دەداتێ، ئێڵپیجی بۆ پێویستیی هەموو عێراق بەکاردەهێنیت و زیادەکەی، 2024 نیو ملیۆن تۆن گازی ئێڵپیجیمان هەناردە کردووە. هەر تۆنێک بە نزیکەی 500 دۆلار دەفرۆشرێت، بەنزینی موحەسەنی لێ دروست دەکەین. رۆژانە 20 هەزار بەرمیل کۆندێنسەیت بە سەدان ملیۆن دۆلار هەناردە دەکەین. گازی جاف (سرووشتی) بەرهەم دەهێنین و دەیکەینە وێستگەکانی کارەبا. هەر مەقمەقێک - یانی ملیۆن پێ سێجا - چوار تاوەکو پێنج هەزار دۆلار نرخەکەیەتی، ئەگەر ئەم وەبەرهێنانە نەکەین و لە ئێران یان دەرەوە بیکڕین، ئەو پارانە کۆبکەیتەوە، بۆت دەردەکەوێت ملیارێک دۆلار خەرج بکەیت، سێ ملیار دۆلار داهاتت دەداتێ، هەوایەکی پاک و خاوێنیشت دەداتێ، بەڵێ، وەبەرهێنان لە گاز سەرمایەیەکی زۆری دەوێت، کاتی زۆریشی دەوێت. ناڵێم ئەمە هەمووم کردووە، بەڵام چەندین پڕۆژە هەن.
رووداو: لەو کاتەوەی تۆ هاتوویتە وەزارەتی نەوت، وەبەرهێنان لە گاز لە 53 لەسەدەوە گەیشتووەتە چی؟
عیزەت سابیر: ئەم 14 لەسەدە بە 8 ملیار دۆلار خەرجکراوە تائێستا. بە 8 ملیار دۆلار 14 لەسەد وەبەرهێنانمان زیاد کردووە و سی ملیار دۆلار داهاتمان دەستکەوتووە. جگە لەوە، پێداویستیی وڵاتیش پڕدەکەینەوە. لە سێ-چوار ساڵی داهاتوو دا دەگەینە ئەوەی یەک ملیۆن تەن ئێڵپیجی هەناردە بکەین.
رووداو: ئێستا کورتهێنانی پێداویستیی گازمان لە عێراقدا چەندە؟
عیزەت سابیر: سەیرکە، پلان و بەرنامەی عێراقمان هەیە کە لە ساڵی 2030ـدا هیچ گازێک نەسووتێت. هەمووی وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت. جەولەی پێنجەم و شەشەمی کێڵگە نەوتییەکانمان داوە بە کۆمپانیا جیهانییەکان و ناچارمان کردوون لەگەڵیدا وەبەرهێنان لە گازەکەشدا بکەن، کۆمپانیایەکی وەک تۆتال دەبێت لە 2028-2029ـدا 600 ملیۆن پێ سێجا وەبەرهێنان لە گازدا بکات لە کێڵگەی ئەرتاوی لە بەسڕە.
رووداو: ئەو کێڵگەیە یەدەگی گازی چەندە؟
عیزەت سابیر: ئەو کێڵگەیە دەتوانێت رۆژانە بۆ 25 ساڵ، 600 ملیۆن پێ سێجا گاز دەربهێنێت.
رووداو: ئەوە گازی هاوەڵە یان گازی سەربەخۆیە؟
عیزەت سابیر: 75٪ـی گازی هەموو عێراق هاوەڵە، 25٪ـی گازی سەربەخۆیە.
رووداو: جیاوازیی کوالێتییان هەیە، دکتۆر؟
عیزەت سابیر: بەڵێ، جیاوازییان هەیە. گازی هاوەڵ چەورترە، بەرهەمی ئێڵپیجی و کۆندێنسەیتی زیاترە، گازی وشکی کەمە. گازی ئازاد و سەربەخۆ گازی وشکی زۆرە، رێژەی ئێڵپیجی و کۆندێنسەیتی کەمە، چونکە ئەمیان لەگەڵ نەوتدا دێتە دەرەوە، دەتوانرێت تێکەڵی نەوت بکرێت و پڕۆژەیەک دروست بکرێت بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی موحەسەن.
رووداو: بەدڵنیاییەوە تێچووی وەبەرهێنانیش جیاوازە؟
عیزەت سابیر: بەڵێ، تێچووی وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵدا زیاترە، چونکە پڕۆژەی زیاتر پێویستە، ئامێری زیاتری دەوێت. پێی دەگوترێت جیاکردنەوەی شلەمەنییەکان، ئامێری زۆری دەوێت و پارەی زیاتری پێویستە.
رووداو: ئێستا قەبارەی وەبەرهێنان و ئەو سەرمایەیەی خراوەتەگەڕ لە کەرتی گازدا لە عێراق چەندە؟
عیزەت سابیر: 10 بۆ 15 ملیار دۆلار خەرج کراوە، پێنج بۆ 7 ملیار دۆلاری دیکەش تاوەکو 2030 خەرج دەکرێت.
رووداو: گرێبەستەکەی تۆتال نزیکەی 26 بۆ 27 ملیار دۆلار باس دەکرێت.
عیزەت سابیر: گرێبەستەکەی تۆتال، چوار گرێبەستە لەنێو یەکدا، واتە گرێبەستێکە کە چوار پڕۆژە لەخۆدەگرێت، پڕۆژەیەک بۆ وەبەرهێنانی گاز بە دوو قۆناخ کە 600 ملیۆن پێ سێجا دەبێت، پڕۆژەیەک بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی ئەرتاوی کە بگاتە 200 هەزار بەرمیل، ئەرتاوی لە بەسرەیە. پڕۆژەیەک بۆ پاککردنەوەی ئاوی شەتولعەرەب لە ئاوی سوێر و کردنە ناو کێڵگە نەوتییەکانەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت، پڕۆژەی چوارەمیش دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبایە بە تیشکی خۆر بە توانای هەزار مێگاوات، هەر چوار پڕۆژەکە خزمەت بە ژینگە دەکەن و پارێزگاری لە ژینگەیەکی پاک دەکەن، پڕۆژەکانیش هیچیان پڕۆژەی ئاسان نین، هەمووی پڕۆژەی ستراتیژیی گەورەن، بۆیە سەرمایەکەی نزیک دەبێتەوە لە 25 بۆ 27 ملیار دۆلار.
رووداو: مادام باسی قەبارەی سەرمایەکەمان کرد، ئێستا بە ساڵانە بە بەهای چەند گاز هاوردە دەکەین و لە کوێوە دێت؟
عیزەت سابیر: بۆ 3 ملیار دۆلار لە وڵاتی ئێران، تەنیا لە ئێرانەوە، لە تورکیا یان شوێنی دیکەوە نا. سێ ساڵی داهاتوو تێرمیناڵێکی جێگیر دروست دەکەین لە بەندەری فاوی گەورە بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی گاز لە وڵاتی قەتەر، لە جەزائیر و لە رووسیا و چەندین وڵاتی دیکەوە.
رووداو: ئەو گازەی لە ئێرانەوە دێت، گران ناگاتە دەستی عێراق؟
عیزەت سابیر: هاوکێشەی نرخی هەیە. ئەم هاوکێشەیە بەپێی بەرزی و نزمی نرخی جیهانیی نەوتە.
رووداو: ئەو گازەی بەرهەمی دێنن لە عێراق، دەتوانی بە رێژە پێمان بڵێیت چەندی بۆ کارەبا دەڕوات، چەندی بۆ گازی بەکارهێنانی ماڵان و کۆمپانیاکان؟
عیزەت سابیر: ئەگەر 100 مەتر گاز لە عێراقدا پێویستیمان بێت، 35ـی لە دەرەوە دەهێنین، 65ـی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنین. ئێستا ئەوەی لە ناوخۆدا بەرهەمی دەهێنین، 90 بۆ 95ـی بۆ کارەبایە، 5 بۆ 10 ٪ـی بۆ پیشەسازی و کارگەکانە.
رووداو: کارەبا چەند پشتی بە گاز بەستووە؟
عیزەت سابیر: 40-50٪ پشت بە گاز دەبەستێت. 10 ساڵ پێش ئێستا 20-30٪ بوو، 20 ساڵ پێش ئێستا 10-15٪ بوو.
رووداو: کارەبای کە لە گاز بەرهەم دێت، بڕی بەرهەمەکەی و کوالێتییەکەی جیاوازە؟
عیزەت سابیر: پرسیارێکی زۆر بەجێیە. گاز باشییەکەی ئەوەیە بە 200 ملیۆن پێ سێجا، هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت. لەم هەزار مێگاواتە تێربین سایکڵە، 500ـی دیکەشی پێ بەرهەم دێت، ئەوەندە و نیوێکی دیکە رێسایکڵی دەکەیتەوە، گەرمییەکە بۆ ئەوەیە کار بە وێستگەی دیکە بکەیت، بەڵام ئەگەر بە نەوتی خاو و نەوتی رەش کار بکات، ناتوانی. بە هاوتای 200 ملیۆن پێ سێجا کە نەوتی رەش و نەوتی خاوە، تەنها دەتوانی هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنیت، بەڵام بە 200 ملیۆن پێ سێجا گاز، دەتوانی هەزار و 500 مێگاوات. واتە توانای گاز ئەوەندە و نیوێکی نەوتی رەش و نەوتی خاوە، جگە لە پاکیەکەی و جگە لە تەمەنی وێستگەی کارەباکە، وێستگەی کارەبا ئەگەر بە گازیش کار بکات، 30 بۆ 35 بۆ 40 ساڵ تەمەنی دەبێت. ئەگەر بە نەوتی رەش و نەوتی خاو کار بکات، 20 ساڵ تەمەنی دەبێت، بۆیە لە بەرژەوەندیی وەبەرهێنە وێستگە کارەباییەکەی بە گاز کاربکات نەوەک نەوت.
رووداو: سفر فڕێدان، سفر سووتان، سفر بەفیڕۆدان ئەوەی پێی دەگوترێت (زیڕۆ فلێر)، کەی وا لێ دێت مەشخەڵەکانی عێراق گڕیان لێ بەرزنەبێتەوە لە ئەنجامی فڕێدان و بە چەند پارە دەگەینە ئەوە؟
عیزەت سابیر: 10 ملیار دۆلارمان دەوێت. 2030 پەنا بەخوا پێی دەگەین. پارەش ئامادەیە، چونکە بەشێکی حکومەت خۆی دەیکات، بەشێکی وەک نموونە تۆتالە. تۆتال پارە دەهێنێت و سووتانی گاز کەم دەکاتەوە، ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنێت لەو نەوتەی دەیفرۆشین پارەی گازەکەی دەدەینەوە و گازەکەشمان بەرهەمدەهێنێت، لای ئێمە لە سلێمانی و کەرکووک، ئەو گازە زۆرەی لە کەرکووک هەیە دەسووتێت و شارەکەی پیس کردووە.
رووداو: نزیکەی 36٪ـی ئەو گازەی ئێستا بەفیڕۆدەچێت، بە بەهای 8 بۆ 10 ملیار دۆلار دەبێت لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا. هیچ رێگرییەک هەیە؟
عیزەت سابیر: کێشەی تەکنیکی هەیە، هەندێک جار لەوانەیە سیاسیش بێت، بە ئاسانی ئەم کارە ناکرێت.
رووداو: سەبارەت بە گەڕانەوەی بیپی بۆ عێراق، بەتایبەتی بۆ کەرکووک، دوای چەندین دەیە لە دابڕان. بیپی وەک باس دەکرێت وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵدا دەکات، دەمەوێت زانیاریم بدەیتێ لەسەر گرێبەستی بیپی.
عیزەت سابیر: بی پی چوار کێڵگەی نەوت لە کەرکووک و دەوروبەری وەبەرهێنانی تێدا دەکات و پەرەی پێدەدات، دەزانی من بەشێوەیەک لە شێوەکان کەرکووکیم. خێری بۆ کەرکووک دەبێت، دە هەزار گەنجی کەرکووکی بۆ دادەمەزرێنێت، ئەمە یەکێک لە مەرجەکانە، کە کاتێک پەرەپێدانێک دەکرێت، پێویستە ئەولەویەت بۆ هێزی کاری خەڵکی کەرکووک بێت. ئێستا لە بەسرە زۆر زەحمەتە کەسێک لە کوردستان یان لە بەغداوە بچێت لەوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کار بکات. دەڵێن هەلی کارەکە بۆ خەڵکی بەسرە دەبێت، بۆ کەرکووکیش دەبێت هەروا بێت، پڕۆژەکە ئەمەیە: چوار کێڵگەی نەوت لە کەرکووک وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. ئێستا بەرهەمی 300 هەزار بەرمیلە، دەیگەیەننە 450 و تاوەکو 15-20 ساڵی دیکە، هەر گازێک زیاد بێت لە ئەنجامی پەرەپێدانی ئەم کێڵگانە، پڕۆژەی بۆ دروست دەکەن و وەبەرهێنان لە گازەکەشدا دەکەن. مانای وایە ئەو چوار کێڵگەیە و دەوروبەرەکەی لە سێ-چوار ساڵی داهاتوودا، پێویستە لەسەر کۆمپانیای بیپی هیچ سووتانێکی گاز لەو ناوچەیە نەهێڵێت، بەرهەمی نوێ هەلی کار دروست دەکات، بەرامبەر بەو پارەیەی خەرجی دەکات، وەریدەگرێتەوە.
رووداو: هیچ خەمڵاندنێک هەیە کە قەبارەی ئەو رێککەوتن و گرێبەستە پەسندکراوە بزانین کە چەندە؟
عیزەت سابیر: هێشتا ئەو گرێبەستە نە واژۆ کراوە و نە تەواوکراوە.
رووداو: ئەو گازە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بۆ چەندین شتی دیکە بەکاردەهێنرێت. ئەوەی لە کەرکووک بێتەدەرەوە؟
عیزەت سابیر: بۆ هەموو وێستگەکانی کارەبای کەرکووک و موسڵ و ئەو ناوچانە دەبێت، گازی شین دابەش دەکرێت بەسەر دانیشتووان و کارگە و پیشەسازییەکان. کۆندێنسەیتەکەشی دەکرێتە پاڵاوگە و بەنزینی پێ دروست دەکرێت.
رووداو: ئەو بەشەی تۆ لە وەزارەتی نەوت لە هەمووی گرنگترە، چونکە ئێستا عێراق هەرچەند وەبەرهێنان لە نەوتدا زیاد بکات، ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس یەخەی دەگرن و دەڵێن بەرهەمهێنان زیاد مەکە؟
عیزەت سابیر: ئاراستەی عێراق، وەک باست کرد، ئێمە دەتوانین زۆر لەوە زیاتر بنێرینە دەرەوە کە ئێستا رێگەمان پێدراوە و سنووریان بۆ داناوین، ئاراستەی عێراق ئەمەیە: لەمەودوا هەر بەرهەمێکی زیادە دروست دەکات لە نەوت، دەیکاتە ناو پاڵاوگە و پترۆکیمیاویات، ئامانجی لەو کێڵگانە پەلە دەکات کە گازی زۆرە و نەوتی کەمە. پێی دەوترێت GOR (نیسبەتی گاز). چەندین کێڵگەی نەوتمان هەیە، بەڵام بڕی گازەکەی زۆر زۆرە، واتا وەبەرهێنان لەو نەوتە دەکات بۆ ئەوەی گازەکەی دەستبکەوێت. بۆیە سنوور لەسەر عێراق نییە چەندێ گاز بەرهەمبێنێت، بە بەڵگەی ئەوەی هاوردەی دەکەین، بۆیە هەرچەندە ئێمە وەبەرهێنان لە گازدا بکەین، سەرکەوتوو دەبین، کەس پێمان ناڵێت بۆ کردتان و داهاتیشمان دەستدەکەوێت و ژینگەیەکی پاکیشمان دەبێت.
روودو: دکتۆر بەم پرسیارە شارەزایان هەندێک جار باس لەوە دەکەن گاز وەک وزەیەکی پاک دەخەنە نێو وزە نوێبووەوەکان، وەک وزەی خۆر دەیبینن، بۆ نموونە، کریستن پێترۆلیۆم لە هەرێمی کوردستان دەڵێت 'ئێمە لە رێگەی بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی گازەوە توانیومانە رێگری لە فڕێدانی نزیکەی 20 ملیۆن تۆن CO2 بکەین' باشە ئەم وەبەرهێنانەی کە عێراق لە گازدا دەیکات، توانیویەتی رێگری لە فڕێدانی چەندین ملیۆن تۆن گازی زیانبەخش و باشکردنی ژینگە دا بکات؟
عیزەت سابیر: عێراق لە ساڵی 2015 واژۆی کردووە و بەڵێنی داوە تاوەلو ساڵی 2030 سووتانی گاز نەمێنێت. ئێمە وەکو وەزارەتی نەوت، بەردەوامین و هیوامان زۆرە پێش ساڵی 2030ـیش بگەینە ئەو ئامانجە.
رووداو: کەی هاتیتە وەزارەتی نەوت؟
عیزەت سابیر: یەکی مانگی شوباتی ساڵی 2023، هێشتا نەبووەتە دوو ساڵ.
رووداو: لەم دوو ساڵەدا جیاوازییەکی زۆر روویداوە؟
عیزەت سابیر: باسی خۆم ناکەم، چونکە پێشتر وەکالەتێک نەبوو بە تەنیا پەیوەست بێت بە گازەوە. کاری خۆم دەکەم، ئامانجم هەیە، دەزانم بۆچی هاتووم و ئەرکەکەم چییە، لەبەرئەوە هەمیشە هەوڵمداوە سەرکەوتوو بم لە کارەکەمدا، لەم ژوورەدا چەندین دۆسیەی هەڵپەسێردراو هەبوون لە بابەتی گاز، وەک گوتم لەماوەی ئەم دوو ساڵ و نیوەدا - با بڵێین من 6 مانگ دوای سەرۆک وەزیران هاتووم، 14 لەسەدی هەموو گازی عێراق کە دەسووتا، کەممان کردووەتەوە."
رووداو: ئەوە کارێکی زۆر زۆر باش بوو کردووتە دکتۆر، زۆر زۆر خۆشحاڵ بووین، هەر بژی.
عیزەت سابیر: سوپاس بۆ ئێوە و سەرکەوتووبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ