رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری کشتوکاڵ و خۆراکی ئۆکراینا دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ نزیکەی 18 ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم بهێنن کە بە نزیکەیی 10٪-15٪ کەمترە لە پار. دەشڵێت، بە گشتی بەر لە شەڕ؛ ئۆکراینا بە تێکڕا نزیکەی 25 ملیۆن تۆن گەنمی بەرهەم دەهێنا.
تاراس ڤیسۆتسکی، جێگری وەزیری کشتوکاڵ و خۆراکی ئۆکراینا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵنیا رەحمان لەگەڵی ئەنجامی دا، باسی لە دۆخی کشتوکاڵ لە وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، جەنگی رووسیا-ئۆکراینا وایکردووە 15٪ بەرهەمی گەنمی دانەوێڵەی وڵاتەکەی دابەزێت. دەشڵێت، ئۆکراینا وەکو پێشتر ناتوانێت دانەوێڵە هەناردە بکات.
رۆژی دووشەممە، 17ـی تەممووز رووسیا رایگەیاند، جارێکی دیکە رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەویڵەی ئۆکراینا نوێناکاتەوە، هەر ئەمە بووە هۆی ئەوەی جاریكی دیکە نرخی گەنم بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە. تاراس ڤیسۆتسکی گوتی، بەهۆی نوێنەکردنەوەی ئەو رێککەوتنەوە، 100 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی لە دانەوێڵە لەنێوچووە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ تاراس ڤیسۆتسکی، جێگری وەزیری کشتوکاڵ و خۆراکی ئۆکراینا:
رووداو: بەڕێز تاراس سوپاس کەلەگەڵمانی، دەمەوێ بزانم ئۆکراینا ساڵانە چەند تۆن گەنم بەرهەمدەهێنت و ئێستا بەهۆی شەڕەوە بەڕێژەی چەند کەمیکردووە؟
تاراس ڤیسۆتسکی: خۆی بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکەین، چونکە هێشتا دروێنە بەردەوامە، بەڵام پێشبینییەکەمان ئەوەیە کە دەوروبەری 18 ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنین. ئەمەیش نزیکەی 10٪-15٪ کەمترە لە پار و ساڵی 2021 و لە تێکڕا کەمترە. بە گشتی بەر لە شەڕ ئۆکراینا بە تێکڕا دەوروبەری 25 ملیۆن تۆن گەنمی بەرهەم دەهێنا.
رووداو: لەدوای نەمانی رێککەوتننامەی گواستنەوەی دانەویڵە ئێستا چۆن دەتانەوێ یاخود پلانتان چییە بۆ ئەوەی کە گەنمی ئۆکراینا هەناردە بکەن؟
تاراس ڤیسۆتسکی: خۆی ئێمە هەندێک رێسای یەدەکمان هەیە کە پێشتر لە چوارچێوەی هێڵەکانی یەکپارچەییدا کاریان پێ کراوە کە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا بە شێوەیەکی هاوبەش دانراوە. هەندێک ئەگەر هەن بۆ هەناردەکردن بە بەکارهێنانی بارهەڵگر یان رێگەی ئاسنین بەناو وڵاتە ئەوروپاییەکانی رۆژهەڵاتدا. هەروەها هەندێک ئەگەری دیکەی هەناردەکردن هەن، وەک بەکارهێنانی ژێرخانی رووباری دانووب. تائێستا ئەم رێگەیانە بۆ هەناردەکردنی گەنم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئۆکراینا بەکاردەهێنرێن. جا ئێمە هیوادارین بتوانین ئەو قەبارەیەی لەم رێگەیانەوە هەناردەیان دەکەین زیاد بکەین.
رووداو: ئەمە پرسیاری دواترم بوو، وادیارە دانوستاندنی ئێوە و وڵاتانی ئەوروپی بۆ هەناردەکردنی گەنم سەرکەوتوو بووە، کەواتە ئێوە دەتانەوێ لە رێگەی ئەو رووبارەوە کە ئاماژەتان پێدا گەنم هەناردە بکەن یان رێگەی دیکە؟
تاراس ڤیسۆتسکی: لە رێگەی ئەو رووبارەوە، بەڵام هەروەها لە رێگەی بەکارهێنانی بارهەڵگر و شەمەندەفەریشەوە دەنێردرێت بۆ بەندەرەکانی یەکێتیی ئەوروپا، وەک لە بەندەرەکانی باڵتیک، هەروەها رەنگە بەندەرەکانی ئەڵمانیا و هەندێک بەندەری کرواتیا و سلۆڤینیا و، هەروەها لە بەندەرەکانی رۆمانیاشەوە بۆ وڵاتانی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا و ئەفریقا و شوێنانی دیکە هەناردە دەکرێن.
رووداو: کەی دەتوانن دەست بە هەناردەکردن بکەن؟
تاراس ڤیسۆتسکی: لەو بەندەرانەوە هێشتا لەژێر گفتوگۆدایە، چونکە ئەو بەندەرانە تەواو دوورن. هەر بۆیە داوای قەرەبووی هەندێک تێچووی لۆجیستی دەکەین، بەڵام هیوادارین لە مانگی ئابی داهاتووەوە دەستپێبکات.
رووداو: کەواتە ئەمە وەکو هیوایەکە کە گەنمی ئۆکراینا بنێرن بۆ هەموو جیهان؟
تاراس ڤیسۆتسکی: تاوەکو ئێستا هەندێک ئەگەر هەن بۆ ناردن و ئێمەش تەنانەت ئەمڕۆش هەر دەینێرین، بەڵام پێویستمان بە زیادکردنی قەبارەکەیە. جا هەر ئەمڕۆ هەندێک بڕ نێردراوە و، هیوادارین بتوانین مانگی داهاتوو قەبارەکە زیاد بکەین.
رووداو: لەم کاتەدا کە رووسیا لە رێککەوتننامەکە کشاوەتەوە ئەوان بەندەرە گرنگەکانیان کردووەتە ئامانج دەمەێت بزانم قەبارەی زیانەکانی سایلۆو گەنم چەند بووە؟
تاراس ڤیسۆتسکی: تاوەکو ئێستا ئەوەی ئەژمار کراوە 100 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی لە دانەوێڵە لەناو چووە.
رووداو: لەماوەی ئەو دوو سێ رۆژەدا کە رووسیا هێرشی کردووە؟
تاراس ڤیسۆتسکی: لە نزیکەی هەفتەیەکی هێرشەکانەوە. لە کاتە جیاوازەکاندا. لەم ماوەیەی هێرشەکاندا تا 100 هەزار تۆن دانەوێڵە لەناو چووە.
رووداو: من دەزانم کە ئێستا گەنمێکی زۆر لە بەرهەمی ساڵی رابردوو ماوەتەوە، پلانتان چییە بۆ ساخکردنەوەی ئەو گەنمە؟
تاراس ڤیسۆتسکی: خۆی ئێمە هەندێک کۆگاکراوی کۆتایی ساڵانی پێشوومان هەیە. ئەوان هێندە زۆر نین وەک ئەوەی پێشتر هەمانبوو. جا ئێستا توانای پێویستمان بۆ هەڵگرتنیان هەیە، بۆیە دەکرێت دانەوێڵە بۆ ساڵێک تاوەکو دوو ساڵ لە سایلۆکاندا هەڵبگیردرێن. تائێستا ئێمە لە سایلۆکاندا هەڵیاندەگرین و کار لەسەر ئەگەرەکانی بەردەوامبوونی هەناردەکردن دەکەین. رووسیا لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە بە شێوەیەکی کاتی داگیرکراون هەندێک بەرهەمی ئۆکراینا دەدزێت.
رووداو: دوای ساڵ و نیوێک لە شەڕ ئەم شەڕە چ زیانێکی لە ژێرخانی کشتوکاڵی وڵات داوە؟
تاراس ڤیسۆتسکی: تاوەکو ئێستا ئەوەی ئەژمار کراوە ئەوەیە کاتێک سەیری هەموو زیانەکان بکەیت، زیانی راستەوخۆ دەگاتە 10 ملیار دۆلاری ئەمریکی لەناویشیاندا بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و دزراوەکان. جا ئەگەر سەیری ئەگەرەکانی زیان بکەین لەبەر ئەوەی ناتوانین بچێنین یان هەناردە بکەین، ئەوا زیانە ناڕاستەوخۆکان کە بەهۆی شەڕی رووسیاوە لە کشتوکاڵی ئۆکراینا دراون زیاتر لە 30 ملیار دۆلاری ئەمریکییە.
رووداو: ئایە هیچ هیوایەک هەیە کە جارێکی دیکە دانوستان لەگەڵ رووسیا بکەن؟ بۆ نموونە ساڵی رابردوو ئەردۆغان و نەتەوە یەکگرتووەکان نێوەندگیرییان کرد، تاوەکو بەڕێککەوتنێک لەگەڵ رووسیا بتوانن گەنم هەناردە بکەن. ئایە دیسان ئەمە دەکەن یان نا؟
تاراس ڤیسۆتسکی: لە راستیدا، پار ئۆکراینا لەگەڵ تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنەکەی واژۆ کرد. ئەمساڵیش لە هەفتەی رابردوودا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داواکاریمان بۆ تورکیا ناردووە و داوامان کردووە کە ئێمە پێکەوە ئامادەین بۆ دروستکردنی ئەگەرەکانی پێویستیی بەردەوامیی هەناردەکردنی دانەوێڵە بەنێو دەریای رەشدا، بۆیە ئێمە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ تورکیا پەیوەندیمان دەبێت. هەروەها لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپاش پەیوەندیمان دەبێت.
رووداو: سەبارەت بە دانەوێڵەکانی دیکە چی وەکو زەیت و گەنمەشامی؟
تاراس ڤیسۆتسکی: ئەوە بۆ هەموو جۆرەکانی دانەوێڵە هەمان دۆخە، چونکە هەموو جۆرەکانی دانەوێڵە، گەنم، جۆ یاخود گەنمەشامی بە هەمان رێگە و هەمان ئامڕاز هەناردە دەکرێن.
رووداو: لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا ئێمە گفتوگۆمان کرد لەگەڵ بەشێک لە جووتیاران، ئەوان نیگەران بوون ئەگەر هیچ دانوستانێک نەبێت رەنگە نەتوانن بەرهەمەکانیان بفرۆشن چی بەوان دەڵێن؟ ئایە ئەوان دەتوانن بەرهەمەکانیان بفرۆشن؟
تاراس ڤیسۆتسکی: ئێمە تاوەکو ئێستا دەڵێین حکومەت ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات بۆ ئەوەی رێککەوتن بەردەوام بێت و هەروەها هەندێک هەناردەکردنیش هەبێت. جا دەبێت جووتیارەکان تەنیا چەند هەفتەیەک چاوەڕێ بن تا دۆخەکە باشتر دەبێت. ئینجا پێشنیازیان بۆ دەکەم بەرهەمەکەیان بە کەمترین نرخ نەفرۆشن و رۆژانە کار بکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە بۆ باشتر بگۆڕدرێت. هێشتا هەندێک کات ماوە تا ئەو کاتەی جووتیاران ناچار ببن بەرهەمەکانیان بفرۆشن. ئەوان دروێنە دەکەن و لە دوو مانگدا چارەسەرەکە دەکرێت. تائێستا ئێمە لە پەیوەندیداین و ئەوی لە دەستمان بێت دەیکەین بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دۆخەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی بگۆڕین.
رووداو: ئەگەر شەڕ بەم شێوازە بەردەوام بێت پلانی درێژخایەنی وەزارەتی کشتوکاڵی ئۆکراینا چی دەبێت؟
تاراس ڤیسۆتسکی: بەردەوامبوون لە گەشەدان بە هەموو رێگە بەردەستەکان، لەنێویشیاندا ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا، هەروەها دروستکردنی ئەگەری نوێیە بۆ پشتیوانیی هەناردەکردن لە رێگەکانەوە یاخود لە رێگە ئاسنینەکانەوە، بەردەوام بوونە لە کارکردن. ئێمە لە پەیوەندییەکی جێگیرداین لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و ئەوان جەخت دەکەنەوە کە ئامادەن پشتیوانی لە زیادکردنی بڕ و قەبارەی ئەوە بکەن کە بە ترانزێت بۆ یەکێتیی ئەوروپا دەڕوات. هەر بۆیە لەسەر ئەو ئاراستەیە کاردەکەین.
رووداو: هەر لەگەڵ چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵ جووتیاران ئەوان ئاماژەیان بەوەدا کە ئێمە دەتوانین بەرهەمەکانمان لە رێگەی وشکانییەوە هەناردە بکەین، بەڵام تێچووەکەی زۆرە، پێتوایە وڵاتانی ئەوروپا پاڵپشتیتان بکەن؟
تاراس ڤیسۆتسکی: ئێمە بە فەرمی داوامان لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە کە تێچووی هەناردەکردنی دانەوێڵە بە رێگەکان و رێگەی ئاسنیندا قەرەبوو بکەنەوە. جا ئێستا چاوەڕێی وەڵام دەکەین. هیوادارین ئەوە ببێتە راستییەک و ئەوان پشتیوانی دارایی بکەن و ئەگەری هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا بە یەکێتیی ئەوروپادا قەرەبوو بکەنەوە.
رووداو: سوپاس کەلەگەڵمان بووی
تاراس ڤیسۆتسکی: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ