رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆنگرێسمان مایکڵ واڵتز پێدانی سیستمی نوێی بەرگریی ئاسمانی بە هەرێمی کوردستان بە "گرنگ" ناودەبات و پێیوانییە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دژایەتیی ئەو هەنگاوە بکات، بەڵام دەڵێت، "لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە ئەمە جێگەی پرسیارە."
ژەنەڕاڵ ئێرنی ئاودینۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆنگرێسمان مایکڵ واڵتز لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵی ئەنجامداوە باسی پێدانی سیستمی نوێی بەرگریی ئاسمانیی بە هەرێمی کوردستان کرد و دەڵێت، "کۆنگرێسمان مایکڵ واڵتز، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆنگرێسمان بەیکن پشتیوانییان لە پڕۆژەیاسایەک کرد کە پێویستە سیستمی دژە مووشەکی بە هەرێمی کوردستان بدرێت. بۆیە هیواخوازین لە ئەنجوومەنی پیرانیش پەسند بکرێت و سەرۆکیش واژۆی لەسەر بکات."
لە وەڵامی ئەوەی کە "ئایا پێیوایە لە ئەنجوومەنی پیران یان ئیدارەی بایدن دژایەتیی پڕۆژەیاساکە بکرێت؟" گوتی، "پێموانییە لە ئەنجوومەنی پیران دژایەتییەکی گەورەی بکرێت، بەڵام لەلایەن ئیدارەی بایدن ئەمە جێگەی پرسیارێکی جیدییە."
لە ئەگەری پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە پێویستی بە شارەزایی لە بەکارهێنانی سیستمەکە دەبێت، ژەنەڕاڵ ئاودینۆ دەڵێت، "ئەمە دەکەوێت سەر پێنتاگۆن، چەند بژارەیەک هەن، یەکێکیان، راهێنانی پێشمەرگەیە کە سیستمەکە بەکاربهێنن، ئەمە بژارەیەکە، دەتوانن لە کوردستان ئەو راهێنانەیان پێبکەن یان لە ئەمریکا، ئەمەش بژارەیەکی دیکەیە، یان هێزی ئەمریکا لەسەر سیستمەکە بن."
رووداو: زۆر سوپاس ژەنەڕاڵ کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەدایت و خۆشحاڵین لە رووداویت.
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: من خۆشحاڵترم.
رووداو: ئەمڕۆ زۆر شتم لەبارەی عێراق و کێشە هەنووکەییەکانی عێراق بیست، بەتایبەتیش پرسی بودجە، کە کورد چەندین نیگەرانییان لەبارەی بودجە هەیە، پارەیەکی زۆر بۆ حەشد تەرخانکراوە، بەڵام هیچ دۆلارێکیان بۆ پێشمەرگە تەرخان نەکردووە، روانین و بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم پرسانە و هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چییە؟
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: پرسی بودجە، تۆ ئاماژەت بە دوو هێندەکردنی بودجەی حەشدی شەعبی کرد، کە زۆربەیان گرووپی سەر بە ئێرانن، من هیچ پاساوێک بۆ ئەمە نابینم وەکو ئەوەی کە پاساوێکی ئەمنی هەبێت، بەڵام وا دەردەکەوێت کە مەلاکانی تاران دەیانەوێت گرووپێکی فەرمی و تەواو کۆنترۆڵکراو لەنێو عێراق دروستبکەن.
رووداو: من ئەم پرسیارەم رووبەڕووی بەرپرسانی ئەمریکا کردووەتەوە، هەر لە وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسانی دیکەش لەم شارە و لەم پایتەختەدا، بەڵام وەڵامێکی بەهێز لەم ئیدارەیەوە بۆ ئەم نیگەرانییانەی کورد نییە، ئەوان لە چەندین شوێن و کاتی دیکە ئەم پرسەیان وروژاندووە، بەڵام بۆچی ئەم ئیدارەیە بەدەم داواکاریی کوردەوە لەم دۆخەی عێراق ناچێت؟
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: پێموایە ئەم ئیدارەیە لەم پرسەدا هەڵەیە، زۆر نامەنتیقین، راستییەکەش ئەوەیە کوردستانێکی بەهێز لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ناوچەکەشدایە، بەڵام ئەم ئیدارەیە و ئەم سەرۆکە شوێن رێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ تاران کەوتووە کە من باوەڕم وایە ئەمە لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆشمانە. ئێستاش، ئەگەر بتەوێت دەست بە دانوستاندن لەگەڵ لایەنێکدا بکەیت، وەکو نموونە واشنتن و تاران، دانوستاندنێکی مەنتیقییانە دەبێت لە پێگەیەکی بەهێزەوە دەستپێبکرێت، ئێمە هەموو هێزە شەڕکەرەکانمان لە عێراق کشاندووەتەوە کە لە ساڵی 2011 سەرۆک ئۆباما کردی، هەروەها هێزی شەڕکەرمان لە ئەفغانستانیش نەماوە، کە ئەمە هەردوولای ئێران بوو، لەڕووی ستراتیجییەوە ئێران بە هێزی شەڕکەری ئەمریکاوە دەورەی درابوو، بۆیە ئەگەر باشترین کات هەبووبێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تاران، ئەو کاتە بوو کە هێزی شەڕکەرمان لە ناوچەکە هەبوو، نەک لەو کاتەی کە هەموو شتێکمان بەلاوەناوە.
رووداو: پێتوایە ئەم ئیدارە کورد پشتگوێدەخات؟
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: پێموانییە لە دۆخی کورد تێبگەن، پێموانییە بزانن بۆچی کوردستانێکی بەهێز لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە.
رووداو: دەمەوێت ئەم دەرفەتە بەکاربهێنم بۆ پرسیارکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگری لە کۆنگرێس، کۆنگرێسمانەکەی ئێوە مایکڵ واڵتز کاری لەسەر ئەم پرسە کردووە، تاوەکو چ ئاستێک پێتانوایە لەم دۆخەدا کوردستان پێویستیان بە هەبوونی سیستمی دژە مووشەکی هەیە تاوەکو رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببنەوە کە لە چەند گۆشەیەکی جیاوازەوە لە ناوچەکە دەکرێتە سەریان؟
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: بە دڵنیاییەوە پێویستییە، گرنگە کە پێویستیی سیستمی نوێی بەرگریی ئاسمانی بدرێت بە هەرێمی کوردستان، چونکە دەبێت بزانین کێ دەیەوێت هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان، ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێرانن، ئەوان بە درۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر هاوبەشە باشەکانی ئێمە کە گەلی کوردن، ئێمەش توانای ئەوەمان هەیە کە بیانپارێزین، بۆیەش بەرپرسەکەی من، کۆنگرێسمان مایکڵ واڵتز، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆنگرێسمان بەیکن پشتیوانییان لە پڕۆژەیاسایەک کرد کە پێویستە سیستمی دژە مووشەکی بە هەرێمی کوردستان بدرێت. بۆیە هیواخوازین لە ئەنجوومەنی پیرانیش پەسند بکرێت و سەرۆکیش واژۆی لەسەر بکات.
رووداو: پێتوایە لە ئەنجوومەنی پیران یان ئیدارەی بایدن دژایەتی بکرێت؟
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: پێموانییە لە ئەنجوومەنی پیران دژایەتییەکی گەورەی بکرێت، بەڵام لەلایەن ئیدارەی بایدن ئەمە جێگەی پرسیارێکی جیدییە.
رووداو: لەبیرمە کاتێک ئێرانییەکان هێرشیان کردە سەر هەولێر، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، لەگەڵ حکومەتەکانی هەولێر و بەغدا لە گفتوگۆداین تاوەکو جۆرێک لە سیستمی بەرگرییان پێبدەین کە بتوانن خۆیان بپارێزن، بەڵام ئەمە رووینەدا، بۆچی؟
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: ئێ ئەوان لە هەمان کاتدا، قسە لەگەڵ تارانیش دەکەن، پێموایە ئەم ئیدارەیە نایانەوێت هیچ شتێک بکەن کە کێشە بۆ گفتوگۆکانیان لەگەڵ تاران دروستبکات.
رووداو: ئەی کاتێک ئەنجوومەنی پیران پەسندی کرد، سەرۆک دەسەڵاتی هەیە بەتایبەت ئەم بڕگەیە ڤیتۆ بکات یان دەبێت هەموو پڕۆژەیاساکە بەیەکەوە ڤیتۆ بکات؟
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: نەخێر، ئەو قەڵەمێکی بەدەستەوە نییە و هێڵی بەسەردا بهێنێت، ناتوانێت بە تەنیا ئەم بڕگەیە ڤیتۆ بکات.
رووداو: کەواتە هیوایەک هەیە کە کاتێک لە ئەنجوومەنی پیران پەسند کرا، ئەوکاتە...
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: رێی تێدەچێت.
رووداو: باشە، ئەی ئەوان بانگهێشتی پێشمەرگە دەکەن کە بێنە ئێرە و راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی ئەم دژە مووشەکانە پێبکەن یان ئەمەش لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە دەکرێت؟
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: پێموایە ئەمە دەکەوێت سەر پێنتاگۆن، چەند بژارەیەک هەن، یەکێکیان، راهێنانی پێشمەرگەیە کە سیستمەکە بەکاربهێنن، ئەمە بژارەیەکە، دەتوانن لە کوردستان ئەو راهێنانەیان پێبکەن یان لە ئەمریکا، ئەمەش بژارەیەکی دیکەیە، یان هێزی ئەمریکا لەسەر سیستمەکەبن، من نازانم چۆن دەبێت، پێنتاگۆن بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، شتە گرنگەکە ئەوەیە سیستمێکی هاوچەرخی بەرگریی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان هەبێت.
رووداو: ئەی دەبێت لێرە لە واشنتن، لەلایەن کورد و دۆستەکانی کورد چی بکرێت تاوەکو ئەم پڕۆژەیاسایە پەسندبکرێت و ببێت بە راستییەک کە ئەمریکا سیستمی دژە مووشەکە یان جۆرێک لە سیستمی بەرگری بە کوردستان بدات لە دژی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران یان گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق؟
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: باشترین شت کە هەر کەسێک بتوانێت بیکات، بە خۆشمەوە، هاوکاربین لەوەی لێرە خەڵک تێبگات و بۆیان روونبکەینەوە کە بۆچی هەبوونی ئەم جۆرە دژە مووشەکییە لە بەرژەوەندیی ئەمریکاشدایە، ئەمە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە کە ئاسایشی هاوپەیمانە بەهێزەکانمان لە ناوچەکە، وەکو کورد، بپارێزین.
رووداو: گوتم دوایین پرسیار، بەڵام ئەوەش دەپرسم، ئێوە زۆر چوونەتە کوردستان، بیری چی شتێکی کوردستان دەکەیت؟ لەوێ دۆستی زۆرت هەیە؟
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: بەڵێ، دەمەوێت سڵاو و هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ دۆستی پێشمەرگەی دێرینم فەرماندە ئەنوەر دیلانی بنێرم، کە ئەو ئێستا نەخۆشە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ دەخوازم.
رووداو: باست لە پێشمەرگە کرد، بەڵام ئێستا ناکۆکییەکی زۆر لەنێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە، دەشزانم کە ئەمریکا رازی نییە لە پڕۆسەی یەکگرتنەوەیان کە لەم چەند ساڵەدا خەریکی بوون، پێتوایە هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو لە چەند ساڵی داهاتوودا؟
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: ئەوان کار لەسەر ئەمە دەکەن و کار لەسەر یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام پێشم وانییە کە هەموو پێشمەرگە دەبێت یەکبگرن یان پێویست بێت یەکبگرنەوە، چونکە هەتا ئێمەش لە ئەمریکا هێزێکی یەکگرتوومان نییە و زۆربەی خەڵکیش ئەمە نازانن، بەهۆی دەستوورەکەمانەوە 55 هێزی جیاوازمان هەیە. ئێمە یەک هێزی فێدراڵیمان هەیە کە ئەمە گەورەترین هێزە، بەڵام هەر ویلایەتێکیش هێزێکی خۆی هەیە کە پێی دەڵێن، پاسەوانی نیشتمانی، بۆیەش بۆ فەرماندەی چەکداری ئەو هێزانە، حاکمی ویلایەتەکانن، بەڵام دەستوورێکمان هەیە کاتێک پێویستییەکی نیشتمانی دەبێت، ئێمە دەتوانین بانگێشتی ئەو هێزانە لە ویلایەتەکان بکەین و ببن بە هێزێکی فێدراڵی، ئێمەش 55 هێزی جیاوازمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا حاکمەکانی ئێمە یان دیموکراتن یان کۆماری، بەڵام شتە باشەکە ئەوەیە کە لەگەڵ یەکدا شەڕ ناکەن.
رووداو: زۆر سوپاس، پێم خۆشدەبێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆی دیکە بکەین، زۆر سوپاس بۆ پێدانی ئەم دەرفەتەش.
ژەنەڕاڵ ئاودینۆ: خۆشحاڵم، سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ