باڵیۆزى عێراق لە ئەڵمانیا: نێچیرڤان بارزانی رۆڵێکی گرنگی لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەڵمانیادا هەیە

26-06-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
لوقمان فەیلی، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا
لوقمان فەیلی، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا، رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە دروستکردنی پەیوەندیی قووڵی وڵاتانی ئەوروپی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ''رەوەندى کوردى لە ئەڵمانیا کۆنترین رەوەندى عێراقییە، پێویستە عێراقییەکان سوود لەم پەیوەندییانە وەربگرن.''
 
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ لوقمان فەیلی، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا کردووە، لەبارەی گرنگیی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە و پەیوەندیی نێوانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
لوقمان فەیلی پێیوایە پێویستە بەرپرسانى ئەڵمانیا گوێیان لە بۆچوونى بەرپرسانى حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان بێت و بەپێچەوانەکەشییەوە. گوتیشی: ''ئەو دیالۆگە بووەتە بەشێک لە دۆستایەتى و متمانەى دوولایەنە.''
 
باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا دەڵێت: "پەیوەندیی نێوان ئەڵمانیا و عێراق لەم ساڵانەی دواییدا، بە قۆناخێکی باشدا تێپەڕیوە و پێویستیشە عێراق بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان، سوود لە پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە وەربگرێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لوقمان فەیلی، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا:
 
رووداو: ئێوە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
لوقمان فەیلی: پەیوەندیى عێراق و ئەڵمانیا بە قۆناخێكى باشدا تێدەپەڕێت، ئێستا چەند دۆسیەیەکى گرنگ هەیە لەنێوان هەردوو وڵات، لەم ساڵەى رابردوودا بەرەپێشچوێنێکى گەورە هەبووە، ئەڵمانیا تێڕوانێکى هەیە بە ئاراستەى عێراق، هەروەها وەڵامدانەوە هەیە لەلایەن حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بۆ ئەو ویستەى ئەڵمانیا، بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان لە چەند ئاستێکى جیاوازدا.
 
رووداو: ئەو سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندە گرنگە؟
 
لوقمان فەیلی: ئەڵمانیا گرنگى بە عێراق دەدات، دۆسیەى جیاواز و پرس و مێژووى هاوبەش هەیە. ویست هەیە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان لە چەندین لایەنى جیاوازەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش ئەم سەردانەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ بەرلین دەبێتە یەکێک لە پایە گرنگەکان بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییە هاوبەشەکان.
 
رووداو: پێشوازیکردن لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی ئەڵمانیایە، لە رووی دیپلۆماسییەوە ئەم پێشوازیکردنە چۆن دەبینیت؟
 
لوقمان فەیلی: ئەڵمانیا وڵاتێکى گرنگە لە ئەوروپا، تێڕوانینێکى هەیە بۆ گەڕان بەدواى سەرچاوەکانى وزە، تێڕوانینێکى هەیە بۆ رۆڵێکى گەورەترى نێودەوڵەوتى، بەتایبەت لە دواى رووداوەکانی ئۆکراینا، بەڵگەنامەى ئاسایشى نەتەوەیى هاوبەش کە هەفتەى رابردوو خرایەڕوو، وا دەکات بەدواى رۆڵێکى گرنگ و گەورەتردا بگەڕێ لەوەى کە رابردوو هەیبووە، راستر بە قۆناخێکى نوێدا تێدەپەڕێت، بەهێزکردنى پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە بەشێکە لەو پرسە. بەهێزکردنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دۆستانیان لە حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشێکە لەو پرسە، بۆیە سەردان و گفتوگۆکان لەم روانگەیەوەیە، گەڕانە بەدواى هاوبەشەکاندا، گەڕانە بەدواى خاڵە ناکۆکەکان کە چین؟ هەروەها هەوڵدان بە بەهێزکردنى پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوو وڵات و لەنێوان حکومەتى ناوەندى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لایەنى ئەڵمانى، تێڕوانینێک لەلایەن هەردوولاوە هەیە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان.
 
رووداو: ئەو پرسانە چین، کە گرنگە لە نێوان هەردوولا باس بکرێت؟
 
لوقمان فەیلی: سەردانى محەممەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەڵمانیا یەکەم سەردانى بوو بۆ دەرەوەى ناوچەکە، گرنگى ئەڵمانیاى دەرخست سەردانى دووەمى بۆ کۆنگرەى میونشن و ئەو دیدارانەى کردی. دواتریش سەردانى ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى، هەروەها سەردانى ژمارەیەک لە بەرپرسانى ئەڵمانیا بۆ عێراق، وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا چوار رۆژى لە عێراق بەڕێکرد کە ئەوە ناسرووشتییە، تەنانەت لە عورفى ئەڵمانیا و ئەوروپاش، بەڵگەى گرنگى ئەو پرسانە بوو، دۆسیەى هاوبەش و گرنگ هەن، گەڕان بەدواى دۆسیەى نوێدا هەیە لەنێوان هەردوو وڵات، بۆ نموونە پرسی وزە پرسێکى نوێیە، پرسی بۆچونى سیاسیی هاوبەش و کێشەکانى ناوچەکە بە پرسی نوێ دادەنرێن، دۆسیەى کۆن هەیە کە پەیوەندیدارن بە بونیاتنانى پرۆژەکانى سیمنیز و تەندوستى ئەمانە کۆنن، بەڵام گەڕان هەیە بەدواى ئەوەى کە عێراق ببێتە سەرچاوەى وزە بۆ ئەڵمانیا نەک کۆمپانیا ئەڵمانییەکان، ئەمە بۆ ئەوان نوێیە. ئەڵمانەکان بەدواى ئەم دۆسیانەدا دەگەڕێن، جگە لەمانە دۆسیەى دیکەى وەک رەوەندى عێراقى لە ئەڵمانیا هەیە، رەوەندى ئێزدى کە جێگەى گرنگییەکى زۆرى حکومەتى ئەڵمانیا و پەرلەمان و پارتەکانى ئەڵمانیایە، گەڕان بەدواى ئەم پرسانەدا گرنگن، ئەم گەڕانە تەنیا لە رێگەى دیالۆگەوە دێتەدى، ناشبێت لەو دیالۆگە لە دوورەوە بێت، نەک پەیوەندیى تەلەفۆنى، بەڵکو بە دیدار دەبێت، بۆیە هەر سەردانێکى بەرپرسێک بۆ ئەڵمانیا و بەپێچەوانەوە، پێویستە بەردەوام بێت و دیالۆگى تێدابێت.
 
رووداو: ئایا پەیوەندیی بەهێزی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان سوودی بۆ عێراق هەیە؟
 
لوقمان فەیلی: ئەڵمانیا کۆمەڵێک گرنگیپێدانى هەیە لە عێراق وەک حکومەت، پارتە فەرمانڕەواکانى ئەڵمانیاش دۆسیەیان هەیە، کە گرنگى بەو پرسانە دەدەن کە تایبەتن بە کارنامەى حکومەت، لەوانە پرسەکانى مافى مرۆڤ و کەمینەکان، ئێزدییەکان، بۆ نموونە شنگال. ئەو پرسانە پەیوەندارن بە دوو رەهەندەوە، یەکێکیان پەیوەندارە بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانەوە بۆ حکومەتى ئەڵمانیا، رەهەندێکى دیکەى پەیوەندیدارە بە پارتەکانى ئەڵمانیا، لەوانە پارتى سەوز، بۆ نموونە پارتى لیبراڵ، سۆسیالیست، سی دى یوو. گرنگیپێدانە کەسییەکان وەک پەرلەمانتاران نەک بە تەنیا حکومەتى ئەڵمانیا.
 
گرنگە سوود لەمە ببینرێت، ئەگەر تێبینیان هەیە یان بۆ نموونە یاسا هەیە لەبارەى پرسی ئێزدییەکان و کۆمەڵکوژى و ناساندنى وەک جینۆساید بە بڕیارى ئەڵمانیا، ئەمە خاڵى بەهێزن بۆ ئێمە وەک عێراق، گرنگە سوودى لێ ببینین وەک خاڵى بەهێز، ئەڵمانییەکان خۆیان پابەندکردووە بە پاڵپشتیکردنى چەندین دۆسیە کە بۆ ئێمە گرنگن، بۆ نمونە پرسی داعش و قوربانیانى داعش، گرنگە کە هاریکارى عێراقى هەبێت لەگەڵ ئەڵمانیا، لەم پرسەدا، بۆ ئەوەى پاڵپشتیمان بکەن و دەرفەتى ئەوە بڕەخسێنن، کە ئەوەى کاریگەریمان هەبێت لە بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا یان ئەوروپیەکاندا کە ئەڵمانییەکان بە ناوى تۆوە قسە بکەن کە بەهێزترە لە بۆنەکانى ئەوروپا.  
 
رووداو: پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
 
لوقمان فەیلی: وەک حکومەتى عێراقى گوێگرتن و بەدەنگەوەهاتنمان هەیە بۆ خوێندنەوەى ئەڵمانیا بۆ مافى مرۆڤ و مافى کەمینەکان، لە هەرکوێ بێت هاوکاریان دەبین، هەوڵدەدەین کە کێشەى رەوەندى عێراقى لەوێ چارەسەر بکەین، بەر لە هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە شاندێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە ئەڵمانیا بوون، چوونە هانۆڤەر و شتوتگارت، بۆ پرسی کچانى ئێزدى و بەڵگەنامەکان و پرسی دیکە، بەدەنگەوەچوونمان بۆ ئەم جۆرە کارانە هەیە لەبەر ئەوەى پێوستى و ویست هەیە لەلایەن عێراقەوە، کە پردى پەیوەندى لەگەڵ سەرجەم کەمینەکان دروست بکات، لەگەڵ هەموو رەوەندەکانى دەرەوە بەتایبەت ئێزدییەکان. 
 
رووداو: رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە نزیکبوونەوەی نێوان ئەڵمانیا، عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ ئایا رۆڵێکی گرنگی هەیە؟
 
لوقمان فەیلی: بەڵێ، ئێمە وەک حکومەت بەدواى بەهێزکردنى پەیوەندییەکیاندا دەگەڕێین لە هەموو لایەنەکانەوە، هەموو پارێزگارەکانى عێراق، هەموو بەرپرسانى عێراق، وەزیرەکانى عێراق، سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەرۆک و سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، هانیان دەدەین بێن بۆ ئەڵمانیا و گفتوگۆ هەبێت لەسەر ئاستى حکومەتى فیدراڵى یان لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان یان ئاستى پارێزگاکان، ئێمە هانى ئەمە دەدەین، وەک باڵیۆز گرنگە بەرپرسانى ئەڵمانیا گوێیان لە بۆچوونى بەرپرسانى حکومەتى عێراق و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان یان بەرپرسانى پارێزگاکان بێت، گرنگە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى عێراق گوێیان لە تێبینى ئەڵمانییەکان بێت، ئەو دیالۆگە بووەتە بەشێک لە دۆستایەتى و متمانەى دوولایەنە، فەخامەتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان خاوەنى ئەزموون وپەیوەندییەکى بەهێز و دێرینە لەگەڵ ئەڵمانییەکان، رەوەندى کوردى لە ئەڵمانیا کۆنترین رەوەندى عێراقییە لە دەرەوە، بە تایبەت لە ئەڵمانیا و باکوورى ئەوروپا، گرنگە ئێمە وەک عێراقییەکان سوود لەم پەیوەندییانە وەربگرین، سوود لەو رەوەندە وەربگرین کە لێرەن، بۆ ئەوەى لەناو ئەڵمانیا دەنگمان هەبێت، نەک تەنیا لەبارەى پەیوەندى دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات، لە ناوخۆى ئەڵمانیا لەسەر پارتەکان، ئەڵمانیا وڵاتێکە کە عێراق متمانەى پێدەکات، پەیوەندیى مێژووییمان باش و بەهێزە، متمانەمان بە نیازی ئەڵمانیا هەیە بەرامبەر بە عێراق کە نیازی باشن و بەدواى بەهێزکردنى رۆڵى عێراق و گەڕاندنەوەى خۆشگوزەرانییە بۆ عێراق. لەم روانگەیەوە سەردانى فەخامەنى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ ئەڵمانیا بەرهەمەدار و سووبەخش دەبێت، هانى سەرجەم بەرپرسانى عێراق دەدەین بێن گفتوگۆ لەبارەى دۆسیەى روون و گرنگ بکەن لە رووى سیاسى، ئابوورى و کولتوورى، ئەمە گرنگە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى. 
 
رووداو: ئەڵمانیا چ هاوکارییەکی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات؟
 
لوقمان فەیلی: دۆسیە گەلى ئابوورى هەن، پرسی دیکە هەیە کە پەیوەندیدارن بەوەى ئەڵمانیا بەدواى رۆڵیدا دەگەڕێت لە ناوچەکەدا، رەوەندێکى زۆرى تورکى لەئەڵمانیا هەیە، کە ملیۆنانن، رۆڵى تورکیا لە ناوچەکە گرنگە بۆ ئەڵمانیا، رۆڵى سعودیە لە ناوچەکە بۆ ئەڵمانیا گرنگە. رۆڵى ئێران بۆ ئەڵمانیا گرنگە. عێراق وڵاتێکى سەنتەرە لەو رووەوە، بەهێزکردنى پەیوەندیی لەگەڵ عێراق گرنگە بۆ دۆزینەوەى سەقامیگرى بۆ ناوچەکە، ئەڵمانیا دەگەڕێت بەدواى سەقامگیریى سەرچاوەکانى وزە لە ناوچەکەدا. بەدواى سەقامگیریى پەیوەندییە سیاسەکانیدا دەگەڕێت لە ناوچەکەدا وەک تورکیا، ئێران، سعودیە و هەر وڵاتێکى دیکەى نزیک لەعێراق، عێراق لەپێوەرى ئەڵمانیادا وڵاتێکى دیموکراسییە، عێراق بە وڵاتێکى گۆڕاو و بەهێز و نوێ دادەنرێت، بەهێزە بە چل ملیۆن هاووڵاتى، سەرچاوەکانى وزە، دەرفەتى زۆر لەعێراق و هەرێمى کوردستان هەن، ئەمە بابەتێکى سوودمەندە بۆ ئێمە وەک عێراق، ئەمە سوودمەندە بۆ ئێمە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى، بۆیە ئێستا دۆسیەى هاوبەش هەیە کە پەیوەندیدارن بە وزە و رەوەندەکان و بازرگانى. دۆسەى سیاسى هاوبەش، هەوڵ هەیە بۆ دۆسیەى دیکەى نوێ، کە پەیوەندییان بەوەوە هەیە، بەوەى عێراق ببێتە هەناردەکارى وزە بۆ ئەڵمانیا، ئەوەى عێراق ببێتە هاوبەشی ستراتیژى بۆ ئەڵمانیا لەسەر ئاستى سیاسى، ئەوەى عێراق ببێتە هاوپەیمانیى ئەڵمانیا کە بەدواى رۆڵێکى نوێدا دەگەڕێت لەدواى رووداوەکانى ئۆکراینا و بەڵگەنامەى ئەمنى نەتەوەیى کە هەفتەى رابردوو خستیانەڕوو، ئەڵمانیا بەدواى ئەوەدا دەگەڕێت ببێتە دەوڵەتێکى گرنگ لە ئەوروپا، دەوڵەتێکى سەربازى، ئەمنى، سیاسی و ئابوورى، عێراق دەکرێت ببێتە هاوبەشێکى بەهێزى لەوەدا. 
 
رووداو: رێککەوتنەکەی نێوان عێراق و سیمنز چی بەسەر هاتووە؟ 
 
لوقمان فەیلی: پەیوەندییەکە ئاڵۆز بوو، لەگەڵ سەردانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بۆ ئەڵمانیا ئەو پرسە چارەسەر کرا، گرێبەست واژۆکران، نەک پەیماننامەى لێکتێگەیشتن، سیمنز دەستیکرد بە دووبارەکردنەوەى قۆناخى یەکەم و گەڕان بەدواى قۆناخى دووەمى نەخشە رێگەکەیان، ئێستا کاروبارەکان باشن و بەرەو باشتر دەڕۆن، کێشەى عێراق لە سیمنزدا نییە، بەڵکو پێویستى عێراق بۆ وزە زۆرە، ئەم پێویستییە وامان لێدەکات پێویستمان بە سیمنز و ئەوانی دیکە بین، بەڵام ناشتوانین ئەم پێداویستییە دابین بکەین بەو رۆتینەى ئێستا هەیە، پێویستمان بەوەیە بگەڕێین بەدواى رێکارى خێراتر، خۆمان لە رۆتینى ئێستا لابدەین، بۆ چارەسەرى کێشەى وزە لەگەڵ سیمنز، کە ئامادەیە، سیمنیز ئێستا دەگەڕێت بەدواى سیمنزى تەندروستى، سیمنزى بونیاتنان نەک بە تەنیا سیمنزى وزە. سیمنزی ئێستا سێ کۆمپانیایە، وزە، کارەبا و تەندروستى. ئێستا بەدواى رۆڵى گەورەى تەندروستیدا دەگەڕێت، ئێستا قسەى بەرایی هەیە لەبارەى سیمنزى بونیاتنان واتە ژێرخان، نەک تەنیا سیمنزى وزە، ئەوە بۆ ئەوەى روون بێت.
  
رووداو: ئێوە وەکو باڵیۆزی عێراق، چۆن ئاسانکاری دەکەن بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەی عێراقییەکان و کورد لە ئەڵمانیا؟
 
لوقمان فەیلی: من وەک باڵیۆز نوێنەرایەتیی سەرجەم عێراق دەکەم بە هەموو رەنگەکانییەوە، لە بەسرە هەتاوەکو زاخۆ دەگەڕێم بەدواى رۆڵدا، بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى لە نێوان رەوەندە جیاوازە عێراقییەکان لێرە، دەڵێم بە داخەوە تائێستا ئەنجوومەنێکمان نییە، کە هەموو رەوەندى عێراقى کۆبکاتەوە بۆ چارەسەرى کێشەکانیان، کێشەکانیان لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى ئەڵمانیا، مانەوە و دەرفەتى کار، بۆ نموونە ئێزدییەکان ئاڵنگارى زۆریان هەیە کە پێویستە تێیانپەڕێنین، من وەک باڵیۆز هەوڵدەدەم بۆ بەهێزکردنى ئەم پەیوەندییە لە رێگەى پەیامێکەوە بەوەى کە نوێنەرایەتى هەموو عێراقییەکان دەکەم، دەرگاکانى باڵیۆزخانە بۆ هەمووان کراوەیە. کۆنسووڵخانەکانمان لە فرانکفۆرت یان بەرلین، پێى خۆشە لەگەڵ هەمووان پەیوەندیى ببەستێت و خزمەتگوزارى پێشکێش بکات، ئەمە بەشێکی، بەشێکى دیکەى ئەوەیە رەوەندى عێراقى نزیکەى 400 هەزار کەسن، ئەمە بە ژمارەیەکى زۆر دادەنرێت، لەسەر ئەو بنەمایە ئەو خزمەتگوزارییەى کە پێویستە پێشکێشی بکەین پێویستە وەک ستراتیژییەتێکى عێراقى قووڵ لێى بڕوانین، بەو مانایەى بۆ نموونە سێ نوێنەرمان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا هەیە، یەکێکیان لەدەوڵەتدا وەزیرە بۆ کاروبارى یەکانگیربوون، گرنگە کە پەیوەندییەکە بەهێز بکەین لەنێوان ئەندمانى پەرلەمان و ئەندامانى حکومەتە خۆجێییەکان لە 16 ویلایەتەکەى ئەڵمانیا، دەبێت ئەو پەیوەندییە بەهێز بکەین، پەیوەندى کورد لەگەڵ هەرێمى کوردستان، لە رێگەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ نمونە، بەبێ چارەکردنى ئەم کێشانە ناتوانین بڵێن دۆخێکى دروست و باش هەیە لەنێوان عێراق و رەوەندەکانى. پێویستمان بەوەیە ئەم کێشانە چارەسەر بکەین، کە پەیوەندیدارن بە جۆرى مانەوەیان، گەشتە ئاسمانیەکانیان، وەبەرهێنان، کەسێک دەیەوێت لە عێراق موڵکێکى هەبێت و رێکارەکانى موڵکداریکردنى، یان کردنەوەى کۆمپانیا، ئەزموونێکی دیاریکراوى لە ئەڵمانیا هەیە دەیەوێت بگوێزێتەوە، عێراقییەک کە دەیەوێت لە ئەڵمانیا بخوێنێت، یان بۆ چارەسەر دێت، ئەمە گرنگە کە لێى بڕوانین، ئەگەر ئەمانە چارەسەرکرا دەتوانین بڵێین ستراتیژیەتى قووڵى عێراقى لە ئەڵمانیا هەیە، ئەگەرنا هەوڵ و خواستە و پێویستە بکرێتە کردار.
  
رووداو: ئێوە دوو ساڵە باڵیۆزی عێراقن، هەوڵدەدەن ئەم کێشانە چارەسەر بکەن؟
 
لوقمان فەیلی: ساڵى یەکەم بەداخەوە کۆرۆنا رێگری لە جوڵەکانمان کرد، چونکە حکومەتى ئەڵمانیا زۆر هەستیارە لە جموجۆڵ و کۆبوونەوەکان و شێوازى کۆڕ و ئەو جۆرانە، ئەم ساڵەى دواتر بەشێوەیەکى بەهێز جموجۆڵمان کرد بە ئاڕاستەى رەوەندەکانمان، پرسەکە پەیوەندار نییە بە ساڵ و دوو ساڵەوە، من وەک باڵیۆز پێویستە بونیات بنێم و ئاڵاکە رادەستى ئەو باڵیۆزە بکەم کە لەدواى من دێت لەدواى ساڵێک یان دوو ساڵ، سێ ساڵ، چوار ساڵ و بنیاتنانێکى بەهێز هەبێت، کە یەکترى تەواو بکەین، ئەمە رێگەیەکى دوورودرێژە، هەندێک لەو رەوەندانەى لێرەن هەیانە پەنجا بۆ چل ساڵە لێرەن، پێویستمان بەوەیە بۆ دە ساڵى دیکە بیر بکەینەوە چۆن بەرنامەیان بۆ دانبێن، نەک بەرنامەیەکى هەنوکەیی، بۆ نمونە بەهێزکردنى هێڵەکان و گواستنەوە و چەندین پرسی دیکە، ئەنجوومەنێک بۆ رەوەندى عێراقى،  کە لەنێوان خۆیاندا گفتوگۆ بکەن، بەرپرسێک لە ناوخۆ یان وەبەهێنان یان هەر شوێنێکى دیکە کە دێت، ئەم کارە پێویستى بە رژدى حکومەتى عێراقە بۆ پاڵپشتیکردنم، بەرپرسی عێراقى کە دێت بۆ ئێرە پرسەکە لەبەرچاو بگرێت کە چۆن پەیوەندى لەگەڵ رەوەندى عێراقى گرێ دەدات، نەک تەنیا باڵیۆزخانە، هەروەها رەوەندى عێراقى کاتێک دەگەڕێنەوە، قسە لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بکەن بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى، پرسەکە تەنیا لە ئەستۆى باڵیۆزدا نییە بەڵکو دەکرێت هاوئاهەنگى بکەم، دەکرێت ستراتیژیەتێک دابنێم، رەنگە گفتوگۆ لەگەڵ ئەڵمانیا و عێراق بکەم بۆ چارەسەرى کێشەکان، ئەمە پرسێکى یەکدی تەواوکردنە.  
 
ووداو: ژمارەی هاووڵاتییانی عێراقی لە ئەڵمانیا چەندە و چەندیان کوردن؟
 
لوقمان فەیلی: بەگوێرەى ئامارى فەرمى حکومەتى ئەڵمانیا، 400 هەزار عێراقى هەن، هەروەها لە سنورى 40 هەزار ئێزدى هەن، کە نیوەیان عێراقین، ئەوانەى دیکە ژمارەى فەرمى نین، فرەڕەنگى رەوەندى عێراقى هەیەلە  هەرێمە جیاوازەکاندا، بۆ نموونە ئێزدییەکان زیاتر لە شتوتگارت یان هانۆڤەرن، کوردیشى لێیە، لە هەرێمى ئەسن زۆرێک لە رەوەندى شیعەى عێراقى لێیە، تائێستا نەخشەیەکى دیاریکراومان نییە، یەکێک لە هۆکارەکانى ئەمە ئەوەیە ئەنجوومەنێکى هاوبەش نییە، تەنانەت من بەدواى بۆنەکاندا دەگەڕێم، لەوانە لە نەورۆز یان هەر بۆنەیەکى دیکە دەچمە هەرێمەکان و چاوم بە رەوەندەکان دەکەوێت، هەندێک لە بۆنەکان پەیوەندارن بە باڵیۆزخانە، هەندێکى دیکە بانگهێشت دەکرێم بۆ بۆنەکە و بەشدار دەبم، بەڵام ئەوە لە ئاستى پێویستدا نییە، ئەمە پێویستى بەکار و توانست هەیە، گرنگە باڵیۆزخانە تواناى ئەوەى هەبێت بۆنە ساز بکات بۆ رەوەندەکان،. ئەم توانایانە هێشتا نییە، هەڵدەدەین بەدەستى بهێنین، هەروەها خزمەتگوزارى کۆنسوڵخانەکە لە دوورەوە پێشکش بکەین، نەک چوار کاژێر یان 10 کاژێر گەشت بکات بۆ ئەوەى بگاتە کۆنسووڵخانە، لە رێگەى ئینتەرنێت و ئەمە پێویستى بەکارکردنە بەهاوکارى وەزارەتى ناوخۆ و هەرێمى کوردستان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە