رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد دەڵێت، پار بایی نزیکەیی 400 ملیۆن دۆلار لە ئامەدەوە کاڵایان بۆ وڵاتان هەناردە کردووە؛ لەبارەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانیش دەڵێت، ئەو چاوەڕوانییەیان هەیە کە زۆرترین سوودی بۆ شارە کوردنشینەکانی باکووری کوردستان هەبێت.
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد، رۆژی یەکشەممە، 26ی کانوونی دووەمی 2025 میوانی بووڵتەنی کاژێر 09:00ی رووداو بوو و لەبارەی دۆخی ئابووریی ئامەد و پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان قسەی کرد.
محەممەد کایا ئاماژەی بەوە کرد، پار بایی 400 ملیۆن دۆلار لە ئامەدەوە کاڵایان هەناردەی وڵاتان کردووە و راشیگەیاند: ''نزیکەی 55٪ی هەناردەمان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانە، واتە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشی بازرگانی، بۆ ئێمە زۆر گرنگن''.
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد باسی لەوەش کرد، دوای تەواوبوونی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، پارێزگەکانی باکووری کوردستان زۆرترین سوودی لێ وەردەگرن و گوتیشی، دەیانەوێت رێگەکە ببێتە مایەی ئەوەی بەرهەمەکانی ناوچەکە بە هەموو وڵاتانی ئەورووپا بگات.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: بەڕێز کایا، ئەم کاتەت باش. ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە بابەتی پڕۆژەی گەشەپێدان دەدەین. لە باکووری کوردستانیش بەو شێوەیە بەلاتانەوە گرنگە؟
محەممەد کایا: سەرەتا سڵاو و رێز. راستییەکەی تاوەکو ئێستا ئەم بابەتە بەتەواوی لە رۆژەڤی تورکیادا نییە. یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی ئەوەیە، سیاسەتەکانی تورکیا لە ناوچەکە زیاتر لە چوارچێوەی ئاسایش و سەقامگیریدا دەخولێنەوە. وەک رای گشتی و کەرتەکانی کار، سەبارەت بە پێشخستنی ئەم بابەتە و کردنی بە رۆژەڤ، لە گفتوگۆداین، بەڵام تا ئێستا ئەم رێگەی گەشەپێدانە کە رۆڵی هەیە لە گەیاندنی بەرهەمەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەورووپا، ناتوانین بڵێن لە تورکیا لە ئاستی قسەکردنە لەسەری.
رووداو: هیچ شارێکی باکووری کوردستان هەیە کە ئەم رێگەیەی پێدا تێپەڕبێت؟ ئەو شارانە کامانەن؟
محەممەد کایا: لە راستیدا ئەو چاوەڕوانییەی لەم رێگەیە (رێگەی گەشەپێدان) هەیە، ئەوەیە شارە کوردنشینەکان کە چەندین ساڵە پشتگوێخراون و ئاستی گەشەسەندنیان نزمە، زۆرترین سوود لەم رێگەی گەشەپێدانە وەربگرن. ئێستا وەزارەتی گواستنەوە و نەخشەسازی بۆ پڕۆژەکانی رێگە و هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچەکەدا دەکات. واتە، کار و چالاکی لەمبارەیەوە لە پارێزگە کوردنشینەکاندا هەن.
بە گشتی داواکاریی ئێمەش، بەهێزکردنی ئەم رێگەی گەشەپێدانەیە بەتایبەت لە شرنەخ، دیاربەکر(ئامەد) و شانڵیئورفا(رووها) و هەموو ئەو رێگەیانەش کە دەچنەوە سەر ئەو پارێزگەیانە. ئێستا کار و چالاکییەکانی رێگەوبان بەتەواوی لەگەڵ رێگەی گەشەپێدان یەکناگرنەوە، بەڵام چاوەڕوانیی راستەقینەی ئێمە ئەوەیە، دوای تێپەڕبوون بە نێو هەرێمی کوردستانی عێراق، مسۆگەرکردنی گواستنەوەی بەرهەمەکانی ناوچەکەشە بۆ ئەورووپا. ئێمە ئێستا بۆ ئەم مەبەستە ناوەندێکی گەورە و بەهێزی لۆجیستیکی لە دیاربەکر دروستدەکەین.
رووداو: هیچ کۆمپانیا، بەڵێندەر و وەبەرهێنەرێکی کورد و باکووری کوردستان هەن کە بەشێوازی بەڵێندەرایەتی یان پشکی، بەشداری لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بکەن؟
محەممەد کایا: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی هەمانە، هێشتا کەس لای ئێمە تۆمارنەکراوە و کەس بەشداری لەم پڕۆژەیەدا نەکردووە. بەڵام دەتوانم بڵێم کە بەم دواییانە لە ناوچەکەدا بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت لە بواری لۆجیستیکدا وەبەرهێنان بکەن، سەردانی ژوورەکەمان دەکەن.
رووداو: ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد چەند ئەندامی هەیە؟
محەممەد کایا: ژووری بازرگانیی ئێمە زۆر بەهێزە و زیاتر لە 24 هەزار ئەندامی هەن کە زیاتر لە سێ هەزاریان پیشەساز و بەرهەمهێنن، ئەوانی دیکەش زیاتر بازرگانن. 16 کەرتی جیاواز هەن، واتە نوێنەری هەموو کەرتەکان. هەروەها هەموو کۆمپانیا گەورەکانی بازرگانیی دیاربەکر(ئامەد) لە ژوورەکەمان تۆمارکراون. بێگومان تەنیا کۆمپانیاکانی تورکیا لە ژوورەکەمان تۆمارنەکراون، بەڵکو یاساکانی تورکیا رێگە بە تۆمارکردنی وەبەرهێنەرانی بیانیش دەدات و ئەوانیش لای ئێمە تۆمارکراون. کۆمپانیاکانی عێراقیش لای ئێمە تۆمارکراون و ئەو کۆمپانیایانەی لە تورکیا کار دەکەن لای ئێمە تۆمارکراون. هەروەها ئێمە لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی وەک ناوچەی پیشەسازیی ڕێکخراویش بەشدارین.
رووداو: باسی ناوچەی پیشەسازیتان کرد. لە ئامەد چەند ناوچەی پیشەسازیمان هەن؟ ئێستا چەند کارگە لە ئامەد کاردەکەن؟
محەممەد کایا: لە تورکیا پێنج ناوچەی پیشەسازیی ڕێکخراومان هەیە. بە گشتی کارگەکان لە ناوچە پیشەسازییە ڕێکخراوەکاندا دەکرێنەوە. لەم پێنج ناوچە پیشەسازییە، دوویان ئێستا لە قۆناخی دامەزراندندان. ئەوانی دیکە بەردەوامن، بەڵام لە دوایین راپرسیی پیشەسازی کە لە دیاربەکر(ئامەد) ئەنجامماندا، دەتوانین بڵێین نزیکەی 2000 دامەزراوەی پیشەسازی لە ناوچە جیاوازەکانی شار و ناوچەی پیشەسازیی رێکخراودا هەن. ئەمانە زیاتر لە بوارەکانی وەک رستن و چنین، کانزا، بەرد، دروستکردنی مەڕمەڕ، بەرهەمهێنانی خۆراک و بەرهەمهێنانی بەرهەمی کشتوکاڵی کار دەکەن.
رووداو: لە ساڵی 2024دا ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد، بە کۆی گشتی چەند کاڵا و شتومەکی هەناردەی شارەکانی دیکەی تورکیا کردووە؟ چەندی هەناردەی عێراق، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکە کردوون؟
محەممەد کایا: ئەگەرچی ئەمە لەسەر ئاستی پارێزگە لە تورکیا تۆمارنەکراوە، بەڵام ئێمە بە گشتی باس لە شارێک دەکەین کە لە رووی بازرگانییەوە بەهێزە. بەگوێرەی دەزگای ئاماری تورکیا لە ساڵی 2024 هەناردەی ئێمە لە دیاربەکرەوە بۆ دەرەوەی وڵات بە بڕی نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار بووە. سیستمی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لە تورکیا بەتەواوی وەک پێویست تۆمارنەکراوە، چونکە ئێمە دەزانین کە هەناردەی دیاربەکر زیاتر لە ملیارێک دۆلارە. لەبەر ئەوەی بەندەرمان نییە، زۆربەی هەناردەمان لەو شارانە تۆماردەکرێت کە بەندەریان هەیە. نزیکەی 55٪ی هەناردەمان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانە، واتە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشی بازرگانی، بۆ ئێمە زۆر گرنگن. کاتێک ئامارەکانی 2024مان راگەیاند، هەناردەمان بەراورد بە 2023 نزیکەی 6٪ زیادی کردووە، بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 15٪ زیادی کردووە، واتە هەناردەمان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
رووداو: کامە کاڵاتان زیاتر هەناردە کردووە؟
محەممەد کایا: بەم دواییانە زیاتر بەرهەمی رستن و چنینمان هەناردە کردووە. لە پاڵ ئەمانە، بەرهەمی کانزایی وەک دەرگە و پەنجەرە، کەرەستەی بیناسازی وەک مەڕمەڕ، هەروەها خۆراک و بەرهەمی کیمیاییمان هەناردە کردووە.
رووداو: لە ساڵی 2024دا چەند کۆمپانیا تۆمارکراون، چەندیان مایەپووچ بوون یان داخراون؟
محەممەد کایا: بێگومان لەم ماوەیەدا زیادبوونێک لەم ژمارانەدا هەیە. بە تێکڕای ساڵانە زیاتر لە 2000 کۆمپانیا تۆمار دەکەین. رێژەکەی جار جارە بە 5٪ یان 6٪ کەم و زیاد دەکات، بەپێی دۆخی ئابووری دەگۆڕێت. بەڵام ئەگەر ساڵانی 2023 و 2024 بەیەکەوە بەراورد دەکەین، بە رێژەی 60٪ زیادبوون لە داخستنی کۆمپانیاکاندا هەیە. ئەمە رێژەیەکی زۆرە، بەڵام ئێمە پێشبینی ئەمەمان دەکرد، چونکە تورکیا بەتایبەتی لە 2024دا تووشی قەیرانێکی گەورە بوو، خەڵک نەیاندەتوانی دەستیان بە قەرز بگات. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە قەرزەکانی پێشوویان بە سوودێکی کەم وەرگرتبوو، کاتێک رێژەی سوود بەرز بووەوە، بانکەکان ئەم سوودەیان بەرز کردەوە، واتە سوودی بەرز بۆ قەرزی کۆن جێبەجێ کرا، ئەمەش هاوسەنگی پارەدانی کۆمپانیاکانی تێکدا. بینیان وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان لە دامەزراوە حکومییەکاندا دواکەوت. واتە، کۆمپانیاکان کێشەی جێبەجیکردنی یاساییان هەیە.
رووداو: پێشبینی دەکەیت جێبەجێکردنی رێگەی گەشەپێدان ببێتە مایەی زیادبوونی دامەزراندنی کۆمپانیا لە ئامەد؟ هەروەها کەرتی پیشەسازی و بازرگانی گەشەیەکی بەرچاو ببینن لە ئامەد و باکووری کوردستان؟
محەممەد کایا: رێگەی گەشەپێدان بە بۆچوونی ئێمە گرنگترین پڕۆژەی ئەم ناوچەیەیە. تەنیا پڕۆژەیەکی ئابووری نییە، هاوکات پڕۆژەیەکی دۆستایەتییە کە دەبێتە مایەی لێکتێگەیشتنی خەڵک لە یەکدی. هەناردەکردنی بەرهەمەکان لە بەندەرەوە بۆ ئەورووپا، وەبەرهێنەری نوێ دەهێنێتە ناوچەکە، بە تایبەتی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دێن و لە ناوچەکەدا وەبەرهێنان دەکەن. دیاربەکر ناوەندێکی گرنگی کشتوکاڵە. بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمپانیا گەورەکان بێن و لێرە بەرهەمهێنان بکەن، هاوکات ئەو بەرهەمانە بۆ ئەورووپا و جیهان بگوازنەوە. بۆیە ئێمە چاوەڕێ دەکەین کۆمپانیا بیانییەکان بێن و لە ناوچەکەدا تۆمار بکرێن و وەبەرهێنان بکەن. هاوکات پێمان وایە کۆمپانیاکانی تورکیا و عێراقیش بە هاوبەشی، سوود لەم رێگەی گەشەپێدانە وەردەگرن، چونکە ئەم رێگەیە تەنیا بە یەک وڵاتدا تێناپەڕێت، چەندین وڵات لەخۆدەگرێت و دەبێتە هۆی گەشەکردنی بازرگانیی هاوبەش. ئێستا ئێمە لەم رووەوە لەو ئاستەدا نین کە دەمانەوێت. بەڵام ئەگەر ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرقەرار بێت، گرنگی رێگەی گەشەپێدان بۆ ناوچەکە جارێکی دیکە دەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ