بەرنامەی دیاسپۆرا: کورد بە شەش قۆناخ چووەتە هۆڵەندا

25-11-2023
پەیمان محەممەد
هۆڵەندا بە وڵاتی گوڵ بەنێوبانگە.
هۆڵەندا بە وڵاتی گوڵ بەنێوبانگە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو هاونیشتمانیی دانیشتووی هۆڵەندا چیرۆکی بەشداریکردنی دیلان یەشیلگیوز لە چالاکییە کولتوورییەکانی کورد لەو وڵاتە دەگێڕنەوە و ئاماژە بەوەش دەکەن، کورد لانیکەم بە شەش قۆناخ چووەتە ئەو وڵاتە ئەوروپییە. 
 
خەلیل شنگالی و لەیلا عەبدوڵڵای هاوژینی دوو لەو هاونیشتمانییانەن دەیان ساڵە چوونەتە هۆڵەندا. ئەوان لەبارەی مێژووی کورد لە هۆڵەندا و دۆخی ژیانیان لەو وڵاتە، هەروەها چالاکییە کولتووری و سیاسییەکان، قسەیان بۆ زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
 
هەڤپەیڤینی ئەو دوو هاونیشتمانییە شەوی رابردوو لە بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو پەخش بوو. 
 
بە گوتەی خەلیل شنگالی، کورد بە چەند قۆناخێک چووەتە هۆڵەندا. قۆناخی یەکەم لە ساڵانی 1960ەکان بوو و ئەو کات کۆمپانیاکانی هۆڵەندا کرێکاری تورک و مەغریبییان بردووەتە وڵاتەکەیان و کۆمەڵێک کوردیشیان لەگەڵ چوون. 
 
ئەو دانیشتووەی هۆڵەندا ئاماژەی بەوە کرد، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، قۆناخی دووەمی کۆچی کورد بۆ ئەو وڵاتە ئەنجامدرا و نزیکەی 50 کەس وەکو پەنابەری سیاسی گەیشتنە هۆڵەندا.
 
وەک خەلیل شنگالی گوتی، قۆناخی سێیەم دەگەڕێتەوە بۆ دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 و دواتر لە راپەڕینی ساڵی 1991ـی باشووری کوردستان ژمارەیەکی زۆری دیکەی کورد روویان کردە ئەو وڵاتە.
 
ئەو کوردەی دیاسپۆرا وەک قۆناخی پێنجەمی کۆچکردنی کورد بۆ هۆڵەندا، باسی لە دۆخی ئاڵۆزی سووریا لە دوای ساڵی 2011 کرد کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە کورد چوونە ئەوروپا و لەوێ دەستیان بە ژیان کرد.
 
رۆژی 3ی ئابی 2014، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری. بەهۆی هێرشەکەوە سەدان هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت. خەلیل شنگالی ئەو قۆناخە بە شەشەم قۆناخی کۆچکردنی کورد، بەتایبەتی کوردی ئێزدی بۆ وڵاتی هۆڵەندا ناودەبات.
 
ئەو کوردەی دیاسپۆرا پێیوایە یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکی کوردی دیاسپۆرا راهێنان و پەروەردەی منداڵانە بۆ ئەوەی بتوانن لە دواڕۆژدا خۆیان لە دامەزراوەکانی حکومەتی وڵاتاندا ببیننەوە؛ دەشڵێت، ''کاتێک هاتمە هۆڵەندا بینیم خەڵکی ئەم وڵاتە زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی کورد نییە، بۆیە بایەخێکی زۆرم بە بابەتی راگەیاندن دا و لەو رێگەیەوە هەوڵم دا خەڵکی هۆڵەندا زیاتر بە دۆزی کورد ئاشنا بکەم".
 
یەکێک لە چالاکییەکانی خەلیل شنگالی و هاوژینەکەی، بەرهەمهێنانی دۆکیۆمێنتارییەکی تایبەت بە کوردانی هۆڵەندا بوو بە ناونیشانی ''کوا کوردستانی من؟ کوا؟'' کە لە ساڵی 1986 لە میدیاکانی هۆڵەندا پەخشکرا. وەک خەلیل شنگالی ئاماژەیدا، دیلان یەشیلگیوز، سەرۆکی ئێستای پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی کە وەزیری داد و ئاسایشی هۆڵەندایە رۆڵی لە دۆکیۆمێنتارییەکەدا گێڕاوە و وەکو کچی کرێکارێکی کورد تێیدا بەشدار بووە.
 
ئەو کوردەی دانیشتووی هۆڵەندا ئاماژەی بەوە کرد، ''ساڵی 1981 رۆژژمێرێکم دەرکرد کە تێیدا نووسرابوو، منداڵی ئەمڕۆ، هیوای دواڕۆژن. ئەو کات هەوڵم دا منداڵانی ئێمە پەروەردە بکرێن. ئێستا دیلان دەبینم، زۆر خۆشحاڵم کە کچێکی کورد گەیشتووەتە ئاستێک ببێتە سەرۆکی لیستی پارتێکی بەهێز".
 
لەیلا عەبدوڵڵا کە هاوژینی خەلیل شنگالی و یەکێک لە چالاکڤانە سیاسی و کولتوورییەکانی دانیشتووی هۆڵەندایە، لەبارەی دیلان یەشیلگیوز بە زنار شینۆی گوت، ''ئەمڕۆ دیلانە و سبەی ژمارەیەکی زۆر دیلانی دیکە سەرهەڵدەدەن. گرنگ ئەوەیە کە ئێمە لە کاری خۆمان بەردەوام بین. ئێمە باسی پەروەردەی منداڵ دەکەین و یەکێک لە رێکارەکان ئەوەیە کە منداڵ بتوانێت لە نێو کۆمەڵگەی هۆڵەندا جێگەی خۆی بگرێت. پێویستە ئەم مەسەلەیە بچووک نەبینین و گەورە بیر بکەینەوە.''
 
خەلیل شنگالی زیاتر باسی چالاکییەکانی رابردووی خۆی و بەشێک لە کوردانی دانیشتووی هۆڵەندا دەکات و دەڵێت، لە ساڵانی 1979-1980 گۆڤارێکیان بۆ ناساندنی بزووتنەوەکان و دۆزی کورد بە ناوی ''کوردستان وڵاتی نەوتە'' دەرکرد و گوتیشی، هەڵبژاردنی ناوەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی ''کۆمپانیا و سیاسەتمەدارانی هۆڵەندا چاو لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن، کوردستانیش وڵاتێکە کە سەرچاوەی سرووشتی زۆرە و نەوتی هەیە؛ بۆیە بڕیارمان دا ناوی بکەینە ''کوردستان وڵاتی نەوت''.
 
ئەو کوردەی دانیشتووی هۆڵەندا یەکێک لە پێنج پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوو کە دوای نسکۆی ساڵی 1975 چووە ئەو وڵاتە ئەوروپییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە