رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لادانی کورسیی کۆتاکان یەکلاکەرەوەیە و تانەی لێ نادرێت، گوتیشی: ''بەهۆی چەندین جار دواخرانی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەترسیی جددی لەسەر رەوایی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هەیە''.
رۆژی پێنجشەممە، 22-02-2024، رێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە، میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد و لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لادانی کورسیی کۆتاکان رایگەیاند، ''نەدەبوو نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان ببنە بەشێک لە ململانێی سیاسی."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی: ''کە سەرۆکی پەرلەمان بووم، بە شێوەی داواکاری، تکا و ئامۆژگاری، زیاتر لە جارێک قسەم لەگەڵ پێکهاتەکان کردووە و تکام لێکردوون کە یەکێتی وەکو خۆی بخوێننەوە، بەڵام بەداخەوە گوێیان پێ نەدام و ئەم رۆژەیان لەبەرچاو نەگرت''.
رێواز فایەق لەبارەی کاریگەریی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی دەڵێت، ''هیوادارم کاریگەریی نەبێت، ئێمە ئێستا لە قۆناخێکی نوێداین و دەبێ ئارامتر بیربکەینەوە و ئامادەکاری بۆ ئەوە بکەین کە هەڵبژاردن لە سەرەتای مانگی شەشدا بکرێت."
بڕیارە لە سەرەتای مانگی حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەوبارەوە گوتی، بەهۆی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مەترسیی جددی لەسەر رەوایی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ''بۆیە دەبێ هەموو لایەنەکان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشکی ئەوانە، پەرۆشی ئەوە بن، کە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت.''
رۆژی چوارشەممە، دوای 11 جار دواخستنی بڕیاردان، دادگەی فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاییکردەوە، 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستانی کەمکردەوە و رایگەیاند، نابێ کورسییەکان لە 100 زیاتر بن و بازنەکانی هەڵبژاردنیش لە 4 کەمتربن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێواز فایەق:
رووداو: ئایا بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بە دڵی ئێوە بوو، ئەوەی کە ئێوە چاوەڕوانتان دەکرد هەر ئەوە بوو؟
رێواز فایەق: ئەم کاتەتان باش، راستییەکەی ئێمە هێشتا وەکو حیزب کۆبوونەوەیەکی دیاریکراومان نەکردووە تاوەکو من بتوانم قسە لەسەر ئەوە بکەم، کە ئایا وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەواوی نێوەڕۆکی بڕیارەکەمانی پێ باشە یان نا، بەڵام لە بنەڕەتدا یەکێتی لە رێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەکەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تانەی لە هەندێک لە مادەکانی یاسای هەڵبژاردن دا و بەشێک لەو بڕیارانەی کە دەرچووە، نێوەڕۆکی بڕیارەکە ئەو داواکارییانەیە کە ئێمە پێشکێشمان کردبوون و بەشێکی دیکەی رەنگە بابەتی دیکە بن کە 100٪ ئێمە بەو شێوەیە داوامان نەکردووە، بەڵام دواجار ئەمە دەسەڵاتی بڕیاردانی دادگەیە و بەو شێوەیە بڕیاری لەسەر داوە و بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە و جارێکی دیکە تانەی لێ نادرێت.
قسەکردن لەسەر قبووڵکردن یان قبووڵنەکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لۆژیکی نییە، لەبەر ئەوەی دادگەی فیدراڵی کە بڕیاری دا، بڕیارەکانی بەپێی دەستووری عێراق بۆ هەموو لایەنێک پابەندکەرە و حیزبی سیاسیی و حیزبەکەی ئێمە یان هەر حیزبێکی دیکە، رەنگە زۆر تەندروست نەبێت کە باس لەوە بکات بڕیارەکەی قبووڵە یان نا، تەنیا دەتوانێت باس لەوە بکات کە ئایا نێوەڕۆکەکەی لەگەڵ خواستەکان و ستراتیژییەکانیان و ئەو چاوەڕوانییەی کە لە یاسای هەڵبژاردن هەیانبوو، دەگونجێت یان نا.
رووداو: زۆر جار دەگوترێت ئەم بڕیارانەی دادگەی فیدراڵی بە مەبەستی بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانن، رای ئێوە لەوبارەوە چییە؟
رێواز فایەق: هەر کەسێک ئازادە چۆن رای خۆی دەرببڕێت، بەڵام قسەکردن لەسەر ئەوەی کە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی نادەستوورییە، ئەوە خودی دادگەکە بەرپرسە لەوەی کە بڕیار بدات یاسایەکی دیاریکراو دەستوورییە یان نا، قسەکردن لەسەر ئەوەی کە ئایا بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەستوورییە یان نا، لە راستیدا لە فیقهی یاسادا شتێکی وا نییە کە ناوی ئەوە بێت، دەتوانیت بڵێیت یاسایەک نادەستوورییە یان مادەیەکی یاسا نادەستوورییە، بڕگەیەکی یاسایی نادەستوورییە، بەڵام بڵێیت بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی نادەستوورییە لەکاتێکدا ئەو خۆی دادگەیەکی تایبەتمەندە بە بڕیاردان لەوەی کە بابەتێکی دیاریکراو بە دەستووری ئەژمار دەکرێت یان نا، شتی وا لە فیقهی یاساییدا نییە و منیش حەز ناکەم قسەیەک بکەم کە لە نێو یاسادا بوونی نەبێت.
رووداو: ئەو بۆچوونە یاساییەش هەیە کە ئەوەی دادگەی فیدراڵی کردی کارێکی نادەستووری بوو و پەیوەندی بە ئەوەوە نەبوو بڕیاری لەسەر بدات.
رێواز فایەق: شیکردنەوەی منیش لەسەر ئەوەیە، ناتوانیت بڵێیت دادگەی فیدراڵی شتێکی نادەستووریی کردووە، لەبەر ئەوەی ئەو خۆی لایەنی تایبەتمەندە کە دەستووریبوونی بابەتێک یەکلایی بکاتەوە، ئەو قسەیە بۆ من نابێت و ناتوانم لەم جۆرە قسانە بکەم.
رووداو: بڕیاری دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمان هێنا، رای ئێوە چییە لەسەر ئەم بابەتە؟
رێواز فایەق: رای کۆتاکانم گوێ لێبووە کە نیگەرانن و کۆنگرەی رۆژنامەڤانییان کردووە و قسەی خۆیانیان لەو بارەوە کردووە؛ وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئێمە پێناسەمان بۆ پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەوەیە کە ئەوانە [پێکهاتەکان] پێکهێنەری سەرەکیی بنچینەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردستانین و یەکێتیش پابەندە و خۆی پابەند کردووە بە رێزگرتن و پاراستنی مافەکانیان، پەیوەست بە زمان و کولتووریان بە مافە سیاسییەکانیان بە هەر شتێک کە مافی ئەوانە وەکو پێکهاتەیەکی گەلی کوردستان.
ئێمە ئەوان بە [هاووڵاتیی] پلە دوو نابینین، بەڵکو یەکێتی ئەوان بە پێکهێنەری بنەڕەتیی کۆمەڵگەی کوردستانی دەبینێت، ئەوان رای خۆیان هەیە و ئێمەش بۆچوونی خۆمانمان هەیە، سەبارەت بەوەی کە ئەوان وەکو کۆتا نەمێنن، ئەمە بابەتێکە کە دادگە بڕیاری لەسەر داوە و دادگە پێیوایە ئەم جۆرە لە کۆتا نادەستوورییە رەنگە پەیوەست بێت بە چەند بنەماوە؛ پەیوەستبوونەکە ئەوەیە کە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانیدا پێکهاتەی دیکەش هەن، پێکهاتەی ئایینی و پێکهاتەی نەتەوەیی دیکە؛ ئەگەر بڕیار بێت کە کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان کورسییان هەبێت، دەبێ بە جۆرێک بێت کە بتوانن داکۆکیکارێکی راستەقینە بن بۆ خواستی خودی پێکهاتە و کۆمەڵگەکانیان، بۆ ئێزدییەکانیش....
رووداو: ئایا ئەوە کاری دادگەی فیدراڵییە بزانێت کە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەیان هەیە یان نا؟
رێواز فایەق: لە یاساکانی عێراقدا بڕیاری سزادان [حوکمی جەزایی] هەیە لەسەر هەر کەسێک کە قسە لەسەر دادگەکان بکات، بەو جۆرە من خۆم ناخەمە دۆخێکەوە کە قسە لەسەر بڕیارەکانی دادگە و دەسەڵاتی بڕیاردانی دادگە بکەم.
رووداو: پێکهاتەکان دەڵێن خەتای یەکێتی بوو کە کورسیی کۆتا نەمان.
رێواز فایەق: ئەوە بۆچوونی خۆیانە و یەکێتی سەیری بەرژەوەندیی گەلی کوردستان دەکات، یەکێتی لە روانگەی ئەوەی کە باوەڕی بەوە هەیە دەبێ یاسایەک هەبێت کە دادپەروەری و نوێنەرایەتیی بۆ هەموو ناوچەکان و هەموو پێکهاتەکان بێنێتەدی؛ وا سەیری یاساکە دەکات و مەرجیش نییە بڕیارێک دەردەچێت، هەموو لایەنەکان رەزامەندییان لەسەری هەبێت. بە بۆچوونی من باشتر بوو بۆ ئەو کاتەی ئەو بەڕێزانە ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوون، ئەوەیان لەبەرچاو گرتبا کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێزێکی سیاسییە کە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و خاوەنی شۆڕشی نوێ، هەزارن شەهید، پێگەیەکی سیاسی، نێودەوڵەتی و هەرێمییە کە جیاوازە لە هەر هێزێکی دیکەی سیاسی؛ نەدەبوو ببنە بەشێک لە جۆرێک لە ململانێی سیاسی کە لە نێوان دوو گەورەترین هێزدا هەیە لە هەرێمی کوردستان و دەبووایە ئەم رۆژەیان لەبەرچاو گرتبایە.
لە شوێنی دیکەش گوتوومە کە سەرۆکی پەرلەمان بووم، هەم لە شێوەی داواکاری و تکا و هەم لە شێوەی ئامۆژگاری زیاتر لە جارێک قسەم لەگەڵ کردوون و تکام لێکردوون کە تکایە ئەمەتان لەبەرچاو بێت کە یەکێتی وەکو خۆی بخوێننەوە، یەکێتی نوێ، سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی وەکو خۆی بخوێننەوە، ئەمە زەمەنێکی نوێیە بۆ ئێمە و ئێمەتان لەبەرچاو بێت.
رووداو: ئەمە هۆشدارییە بۆ پێکهاتەکان؟
رێواز فایەق: نەخێر، لەو جۆرە کەسە نیم و هۆشداری نادەم بە کەس، بەڵام بە شێوەی تکا و داواکاری و ئامۆژگاری گوتوومە.
رووداو: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەبێت؟
رێواز فایەق: هیوادارم کاریگەریی نەبێت، ئێمە ئێستا لە قۆناخێکی نوێداین و دەبێ ئارامتر بیر بکەینەوە و ئامادەکاری بکەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە سەرەتای مانگی شەشدا بکرێت و ئەو مەترسییەی کە ئێستا لەسەر رەوایی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هەن، مەترسییەکی جددین و رێکنەکەوتنی ئێمە و نەگەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش سەبارەت بەوەی کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئێمەی گەیاندە ئەم قۆناخە، هەموو لایەنێک بە یەکێتییەوە کە خۆی بە براوەی ئەم دۆسیە دەزانێت و بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە پشکی ئەوانە، لە هەموو لایەنێک دەبێ زیاتر پەرۆشی ئەوە بن کە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی سێیەمدا بکرێت کە بریتییە لە سەرەتای مانگی شەش.
دەبێ هەموومان ئارامتر بیر بکەینەوە و وێنە گەورەکە ببینین کە ئەویش شایەستە و مافەکانی هەرێمی کوردستانە، دەبێ بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئاسانکاری بۆ بکەین کە ئەمە واقیعێکی نوێیە و دەبێ هەموومان لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیە مامەڵە بکەین.
دەزانم بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دوا وێستگە بوو، واتا ئەگەر دادگەی فیدراڵی داواکەمانی رەتکردبایەوە و پابەندی کردباین بە یاساکە وەکو خۆی، ئێمە هەر لەکاتی خۆیدا، لە دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی ئامادە بووین بچینە بەردەم ویژدانی خەڵکی کوردستان بۆ هەڵبژاردن، بۆیە دەبێ هەموو لایەنێک وێنا گەورەکە ببینین.
رووداو: ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو؟
رێواز فایەق: بێگومان؛ دەتوانم بڵێم ئێمە لە هەموو هێزەکانی دیکە زیاتر ئامادەین بۆ هەڵبژاردن.
رووداو: بەڵام لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەدا نین؟ بۆ نموونە کاک لاهوور لیستی راگەیاندووە، ئەمە کاریگەری لە یەکێتی ناکات؟
رێواز فایەق: ئێمە خۆمان دەبینین؛ جگە لە ئەوان خەڵکی دیکەش لە گۆڕەپانەکەدا پێشبڕکێ دەکەن و هەندێکیان ئێستا دیارن، رەنگە هێزی دیکەش دروست بکرێن، رەنگە لیستی دیکەش بخرێتە ئاراوە، بەڵام یەکێتی پشتئەستوورە بە بەرنامەی خۆی، بە پلانی خۆی، بە خەباتی خۆی و دیدگای خۆی؛ ئێمە تەنیا خۆمان دەبینین.
رووداو: بۆ پێشتر لەگەڵ پارتی لەسەر ئەم بابەتەی کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری لەسەردا، رێکنەکەوتن؟
رێواز فایەق: بەڕێزت یەکێکی لەو رۆژنامەنووسانەی کە رەنگە زیاتر لە خەڵکێکی دیکە ئاگاداری پەرلەمان بیت، ئێمە زۆر هەوڵمان دا لە نێو پەرلەمانی کوردستان ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەبچێت، بە درێژایی ساڵێکی تەواو ئێمە لەگەڵ هاوکارانمان لە پارتی هەم لە دەستەی سەرۆکایەتی، هەم لە فراکسیۆنەکان پێکەوە هەوڵمان دا کە لەسەر بابەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن قسە بکەین، ئەوان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون هەتا دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئینجا هاتن گوتیان ئێمە دەستپێشخەریمان هەیە و دەستپێشخەرییەکەشمان ئەوەیە کە پڕۆژەیەکمان هەبێت بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئامادەین قسەی لەبارەوە بکەین.
ئێمە لە سەروبەندی ئەوەدا بووین کە قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین و چەندین کۆبوونەوەی سیاسی کرابوو، بەڵام کارکردن بۆ ئەوەی کە کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و کاراکردنەوەکەی پێش بابەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بخرێت و بەکارهێنانی زۆرینە لە رێگەی پێکهاتەکانەوە رێگرییەکی سیاسیی دروستکرد و دواتریش بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ بە نادەستووری ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئاستەنگییەکی یاسایی و دەستووریی دروستکرد کە ئێمە نەمانتوانی ئەرکە پێویستەکانمان لە پەرلەمان جێبەجێ بکەین، ناچار بووین هانا بۆ دادگەی فیدراڵی ببەین.
رەنگە بەشێکی ئەم بابەتە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت کە بەشێک لە هاوکارانمان لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان و تیمەکەی پارتی لەنێو پەرلەمان سەرکەوتوو نەبوون لە گەیاندنی جددییەتی فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان وەکو یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، بەوەی کە ئەم یاسایە کەڵکی ئەوەی نەماوە هەڵبژاردنێکی دیکەی پێ بکرێت و هەندێکجاریش نەگەیاندنی دۆخ و پەیام وەکو خۆی، رەنگە سەرکردایەتیی سیاسی بە ئاراستەی بڕیارێک ببات کە لە بنەڕەتدا لەگەڵ واقیعدا گونجاو نییە، بۆیە نەمانتوانی لە پەرلەمان ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەین بەداخەوە.
رووداو: ئایا بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی نابێ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەبێت؟
رێواز فایەق: ئەو بابەتە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، چونکە ئەوەی کە من بینیم جگە لەوەی کە مادەی شەش و حەوتی یاسای هەڵبژادنی هەڵوەشاندووەتەوە کە پەیوەندیدارە بە ئەو دامەزراوەیەی هەرێمی کوردستان کە هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات، هەر دوو مادەکەی بە تەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە؛ لە هەمانکاتدا پەیوەست بە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش کە ئێستا بوونی هەیە و لە ساڵی 2015 لە پەرلەمانی کوردستان پێکهێنراوە و دەنگی لەسەر دراوە، بە دیاریکراوی هاتووە کە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق شوێنی ئەم بڕگەیە دەگرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و نەگوتراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
واتا ئەگەر لە روانگەی یاساییەوە بیخوێنینەوە، ئەم مادەیە زۆر رەهایە و مەبەستی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی کۆمیسیۆنی عێراق شوێنی کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەر ئەو بڕیارە وەکو خۆی بخوێندرێتەوە مانای ئەوەیە کە کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان نەماوە، یان لانیکەم بۆ بابەتی پەرلەمانی کوردستان.
رووداو: واتە دەبێت هەڵبوەشێتەوە و بەیەکجاری کۆتایی بە کارەکانی بهێندرێت؟
رێواز فایەق: ناتوانم وا بڵێم، پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەو کۆمیسیۆنە ناتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، مەگەر هەلومەرجێک بێت کە دادگە باوەڕێکی دیکەی هەبێت سەبارەت بەو بابەتە، باسی هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنەکە ناکات، بەڵام لەو شوێنەی کە باس لەوە کراوە کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان پڕۆسەکە بەڕێوەدەبات، لادەبرێ و [کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق] شوێنی دەگرێتەوە.
رووداو: بڕیارەکە دەڵێت دروستکردنی نادەستوورییە؟
رێواز فایەق: دەقەکە وا ناڵێت، بە دیاریکراوی وا ناڵێت، بەڵکو دەڵێت لەو شوێنەی کە باسی کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان کراوە، لادەبرێ و کۆمیسیۆنی عێراقی شوێنی دەگرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە دیاریکراوی ئەوە دەڵیت، واتا خولی شەشەم و هەموو خولەکانی دیکەش؛ واتا ئەو کۆمیسیۆنە ئەگەر بمێنێتەوەش، ناتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات.
رووداو: لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیدا هاتووە کە بڕیاردانی پەرلەمان لەسەر رێککەوتنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشە چارەنووسسازەکانی گەلی کوردستان دژی دەستوورە، بۆچی ئەم بابەتە خراوەتە نێو بڕیارەکەوە؟
رێواز فایەق: ئەم بابەتە لە نێو داواکەی یەکێتیدا باس نەکراوە و وەکو کوردێک و یەکێتییەک قسە لەسەر ئەم بابەتە دەکەم، دەکرێ بڵێیت بەشێکی ئەم بڕگەی دووەمە نادەستوورییە، باقی بڕگەکە نادەستووری نییە، ئەویش ئەوەیە کە بڕیاردانە لەسەر رێککەوتنەکان.
واتا پەسندکردنی رێککەوتنەکان یەکێکە لە دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی فیدراڵی، دەکرێ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەم بڕگەیە دابڕێژێتەوە و تەنیا ئەو بەشەی لابدات کە باس لە بڕیاردان لەسەر رێککەوتنەکان دەکات، چونکە ئەگەر مەبەست لە بڕیاردان لە رێککەوتنەکان، بڕیاردان لە پەیماننامەکانە کە عێراق وەکو حکومەت ئەنجامی دەدات، بەڵێ راستە نادەستوورییە، بەڵام بەشەکەی دیکەی بڕیاردان لە چارەنووسی گەلی کوردستان و پەیوەندیگرتن بە حکومەتی فیدراڵییەوە لە راستیدا ئەمە دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستانە و دەبێ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە ئەم بڕگەیە دابڕێژێتەوە و تەنیا ئەو بەشەی لێ دەربێنێت کە باس لە بڕیاردان لە رێککەوتنەکان دەکات.
ئێمە ئەم مادەیەمان بەکارنەهێنا، بەڵام لە یادمە زیاتر لە جارێک ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانی کوردستان باسیان لەوە دەکرد، ئەگەر مەبەست لە بڕگەکە رێککەوتنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵییە، بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو رێککەوتنانەی دەیانکات نایانهێنێتە پەرلەمان کە ئێمە پەسندی بکەین؛ و ئەگەر مەبەستەکە رێککەوتنی دیکەیە، بۆ نموونە پێیاندەگوتین کوا رێککەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ حکومەتی تورکیا، رێککەوتنی دیکەش رەنگە هەبن و ئێمە لێی ئاگادار نەبین.
مادام ئەم بابەتە بابەتێکی فیدراڵییە و پابەندبوونێکە کە حکومەتی فیدراڵی دەبێ جێبەجێی بکات، ئەو بەشەی دەکرێ لێبکرێتەوە، ئەو دوو وشەیە [بڕیاردان لە رێککەوتنەکان]، ئەوەی دیکەی مافی پەرلەمانی کوردستانە و مافی گەلی کوردستانە و دەبێ جارێکی دیکە پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت.
رووداو: تورکیا پاڵپشتیی تورکمانەکان دەکات و بەگوتەی ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، تورکیا نیگەرانە لە بڕیارەکە، ئێوەش پەیوەندیتان لەگەڵ تورکیا باش نییە، ئەمە دۆخەکە خراپتر ناکات؟
رێواز فایەق: قسەم لەسەر ئەو بابەتە نییە، باوەڕ ناکەم دەوڵەتێک زۆر دەستوەردان بکات لە بڕیاری دادگەی فیدراڵیی دەوڵەتێکی دیکە، چونکە خۆتان دەزانن هەر ئەم دادگەیە کاتی خۆی بڕیاری دا کە جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان نابێ نەوتەکەی بنێرێتە دەرەوە و ئەوە زیانێکی ئابووریی گەورە بوو بۆ حکومەتی تورکیا؛ رەنگە ئەوکاتیش زۆر [بڕیارەکەیان] پێ خۆش نەبووبێت، بەڵام دادگەی فیدراڵیی هیچ حکومەتێک لەسەر ئەوە ناوەستێت کە بزانێت حکومەتێکی دراوسێی پێیخۆشە بڕیار بدات یان نا، و ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتییەوە نییە.
رووداو: دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک گەیشتە کوێ؟ کەی پارێزگارێک دیاری دەکەن؟
رێواز فایەق: دوێنی لە رێگەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی عێراقی کۆبوونەوەیەک کراوە و لە کۆبوونەوەکەدا هەڤاڵ بافڵ ئامادە بووە و نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو هێزە براوەکانی هەڵبژاردن لە کەرکووک ئامادە بوون و بێگومان یەکێتی لەوێ ئامادە بووە و پارتی لەوێ ئامادە بووە و رێککەوتوون لەسەر میکانیزمێکی دیاریکراو، یەکێتی پابەندی ئەو میکانیزمە دەبێت کە خۆی رەزامەندیی لەسەر داوە.
رووداو: میکانیزمی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک چۆن دەبێت؟
رێواز فایەق: هەم لە دەزگاکانی راگەیاندن و هەم لە هەواڵی کۆبوونەوەکشدا باس لەوە دەکرێت کە داوا کراوە چۆن ئێستا هێزە براوەکانی عێراق شتێکیان دروستکرد و ناویان نا هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، شتێک دروست بکرێت ناوی بنرێت هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک و لەسەر بنەمای شایستە و مافی هەر لایەنێک لە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن، پۆستەکانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک دابەش بکرێن و ئەمە رەنگە پێویستی بە دانوستاندن هەبێت و هەڤاڵانی ئێمە پەیوەست بە ئەم دۆسیەیە زیاتر دەتوانن لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەن، لەبەر ئەوەی ئێمە کارەکانمان لە نێوان خۆماندا دابەشکردووە سەبارەت بە ئەم دۆسیەیە ناتوانم قسەی زیاتر بکەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ