پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا: کورد لە ئەڵمانیا هاوبەشێکی زۆر گرنگە بۆ دیموکراسی

19-02-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
کریستۆف دەفریس، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا و ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا.
کریستۆف دەفریس، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا و ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کریستۆف دەفریس، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لەسەر پشکی کریستیان دیموکراتەکان دەڵێت، ''من پێموایە کوردەکان لە ئەڵمانیا هاوبەشێکی زۆر گرنگن بۆ دیموکراسی، ئەگەر ئەوان نەبووان، داعش زۆر بەرەوپێش دەچوو، من سوپاسیان دەکەم.''
 
کریستۆف دەفریس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا ئەو قسانەی کرد.
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئەڵمانیا لەسەر پشکی کریستیان دیموکراتەکان ئاماژەی دا، ''کورد خەڵکێکی چالاک و بەتوانان، ئەوان هاتوون بۆ ئەڵمانیا بۆ کارکردن، ئێمە دەمانەوێت کە کارکردن لە ئەڵمانیا دووبارە بەسوود بێت، ئەو کەسانەی زیاتر کار دەکەن لە باج ببەخشرێن، پێموایە زۆر شت لە ئەڵمانیا نەدەکرا بەردەوام بێت ئەگەر کورد نەبووایە".
 
کریستیان دیموکراتەکان یەکێک لەو پارتانەن کە پلانیان بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران هەیە. لە وەڵامی پرسیاری ئاڵا شاڵی کە چی دەکەن ترسی کورد و کۆچبەرانی دیکە لە دیپۆرتکردنەوە بڕەوێننەوە کریستۆف دەفریس دەڵێت، ''گرنگ نییە کەسێک لە کوێوە هاتووە و چۆن بیر دەکاتەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پابەندی بنەما سەرەکییەکانی ئەڵمانیا بێت. لەوبارەوە لەگەڵ کوردەکان هیچ کێشەیەک نابینم. بەڵام ئەوەی دەبێت کۆتایی پێ بهێنین، کۆچی نایاسایی ساڵانی دواییە".
 
دەقی قسەکانی کریستۆف دەفریس
 
رووداو: بەرێز دەفریس سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، بەڕێزتان ئەندامن لە گرووپی پەرلەمانیی (ژیانی کورد لە ئەڵمانیا) بۆچی بۆتان گرنگ بوو ببنە ئەندام لەم گرووپە؟ 
 
کریستۆف دەفریس: من پێم وایە کوردەکان لە ئەڵمانیا هاوبەشێکی زۆر گرنگن بۆ دیموکراسی. من بەرزی دەنرخێنم، کە ئەوان لە پاڵ ئیسرائیلدا وەستاون و بە تووندی دژی دوژمنایەتی جوون، هەروەها قەڵایەکیشن دژی ئیسلامگەرایی کە لە ئەڵمانیادا هەیە.
 
من عەلی ئارتان تۆپراک، سەرۆکی چڤاکا کوردی ئەڵمانیا، لە مێژە دەناسم و کاتێک داوای لێ کردم، من دەستبەجێ قبووڵم کرد، چونکە بەتایبەتی دەزانم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە سووریا و عێراق، هەمیشە توانیومانە پشت بە کورد ببەستین. ئەگەر کورد نەبوایە، داعش بەرەوپێش دەچوو، بۆیە من زۆر سوپاسگوزاریانم.
 
رووداو: لە دوای رووداوەکانی پەرلەمان لە دوای ئەوەی پارتەکەی بەرێزتان هەوڵی دا پرۆژەیاسایەک لە پەرلەمان تێپەرێت بە دەنگی AFD، لەو کاتەوە کریستیان دیموکراتەکان رووبەڕووی رەخنەی تووند دەبنەوە. ئایا دەنگدەران چۆن دڵنیا دەکەن کە ئێوە لەگەڵ پارتێکی راستڕەوی تووندڕەو کار ناکەن. چۆن دڵنیایی دەدەنە دەنگدەرانی کورد و هەروەها دەنگدەرانی دیکەشتان؟ 
 
کریستۆف دەفریس: ئێمە هیچ گفتوگۆیەک، هیچ هاوکارییەک، هیچ هاوپەیمانییەک لەگەڵ AFD ناکەین. من هەرگیز رازی نابم بە شتی وا و کەسیش لە CDU (پارتی دیموکراتی مەسیحی) ناناسم کە ئەمە بکات. ئەمە هەر لە بیر و باوەرماندا نییە. تەنها دەتوانم بڵێم، باوەڕ بە پڕوپاگەندەی SPD و سەوزەکان مەکەن. ئەمە دوایین قسەی  ئۆلاف شۆلتسە، چونکە دەزانێت ناتوانێت بە ناوەڕۆک سەرکەوێت.
 
من گوتم بۆچی رێزی زۆر لە کورد دەگرم. زۆر لە ئێوە هاووڵاتیبوونی ئەڵمانیتان وەرگرتووە. هەروەها تەنها هاووڵاتیبوونی ئەڵمانیتان نییە، بەڵکو ئێوە بە دڵ هەست دەکەن سەر بە ئەڵمانیان. ئەمەش دەقاودەق ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت - خەڵکانێک کە پاسپۆرت وەردەگرن، بەڵام شەیدای سەرۆکی وڵاتانی دیکە نین.
 
هەر بۆیە کوردەکان خەڵکانێکی زۆر چالاک و بەتوانان، ئەوان هاتوونەتە ئەڵمانیا بۆ کارکردن. ئێمە دەمانەوێت کارکردن لە ئەڵمانیا دیسان بەسوود بێت. ئەو کەسانەی زیاتر کار دەکەن، لە باج ببەخشرێن. پێم وایە زۆر شت لە ئەڵمانیا نەدەکرا بەردەوام بێت ئەگەر کوردمان نەبوایە.
 
رووداو: ئێوە بڕیارتان داوە دوای هەڵبژاردنەکان دەستبەجێ پلانی سیاسەتی کۆچبەرانتان جێبەجێ بکەن، پلانە پێنچ خالیەکە. زۆر کەس هەن کە بە رەچەڵەک ئەڵمان نین، بەڵام بەشێکن لەم کۆمەڵگایە و ترسیان هەیە، کە ئێستا بەهۆی پرسی کۆچبەرانەوە هەموو بە یەک چاو تەماشا دەکرێن، چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات؟ 
 
کریستۆف دەفریس: پێم وایە ئەڵمانیا وڵاتێکی کراوە و لێبووردەیە نموونەی کەمە لەسەر زەوی. ئەگەر وا نەبوایە، خەڵک هەر نەدەهاتن بۆ ئەڵمانیا، بەڵام ئێمە لێرە بە باوەشی کراوە پێشوازی لە زۆر کەس دەکەین. دیارە لە هەندێک حاڵەتی تاکەکەسیدا کێشە هەیە، بەڵام پێم وایە پێکەوەژیانێکی زۆر باشمان هەیە.
 
گرنگ نییە کەسێک لە کوێوە هاتووە، چۆن بیر دەکاتەوە یان چ ئایینێکی هەیە؟ بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە مرۆڤ هەوڵ بدات و پابەندی بنەما سەرەکییەکانی ئەڵمانیا بێت، یەکسانی رەگەزی قبووڵ بکات، یاساکانی ئێمە لە پێش یاسا ئایینیەکانەوە بن. رێز لە کەمینەکان بگرێت. لەم بارەیەوە هیچ کێشەیەک لەگەڵ کوردەکان نابینم.
 
بەڵام ئەوەی دەبێت کۆتایی پێ بێنین، کۆچی نایاسایی ساڵانی دواییە. ئێستا هەموو رۆژێک یاسای پەنابەری ئەوروپی و ئەڵمانی پێشێل دەکرێت. رێساکان رەچاو ناکرێن و ئەمەش بە زیانی ئەڵمانیایە. جا چ کەسێک ئەڵمانی بێت یان پێشینەی کۆچبەری هەبێت، زۆر کەس پێم دەڵێن ناکرێت بەم شێوەیە بەردەوام بین. یەکگرتن کار ناکات. تاوان لە زیادبووندایە. کێشەی خانوو و باخچەی ساوایانمان هەیە، جێگە نەماوە. لەبەر ئەوە دەبێت ئێستا بگەڕێینەوە بۆ یاسا و رێکخستن.
 
رووداو: ئەگەر بەرێزتان لە کابینەی داهاتوو حکومەت پێکبهێنن، چۆن هاوکاری کورد لە سووریا دەکەن و هەروەها ئێستا پەیوەندییەکانتان لەگەڵ کورد لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟ 
 
کریستۆف دەفریس: من گوتوومە ئەگەر کوردمان نەبوایە، ئەوا بارودۆخێکی کارەساتبارمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبوو. ئەوان بەشدار بوون لە شکستهێنان بە داعش، بۆ نموونە لە عێراقیش، تا ئەمڕۆ دڵنیایی دەدەن کە هەزاران شەڕکەری داعش لە بەندیخانەدا زیندانی کراون. ئەمانە مەترسییەکی گەورە دەبوون بۆ ئاسایش لەوێ و لە ئەڵمانیاش ئەگەر بهاتنایە.
 
ئەوەی کورد ئێستا شایستەیەتی، پشتگیری و هاوپشتییە. لە ئەڵمانیاوە لە یەکێتی ئەوروپاوە، بەڵام بەتایبەتی لەئەمریکاوە. ئەمەش مانای وایە دەبێت یارمەتییە داراییەکان بەردەوام بن بۆ ئەوەی کورد بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات. کورد دەبێت بەشداری دەسەڵات بێت لە سووریا. 
 
هەروەها بەتایبەتی دەبێت پەیامێکی روون بدرێت بە بەڕێز ئەردۆغان، کە ئەم هێرشانەی میلیشیا ئیسلامییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کە ئەو پشتگیرییان دەکات، کۆتاییان پێ بێت. لێرەدا دەڵێم دەبوایە حکومەتی فیدراڵ، خاتوو بێربۆک داوای روونی زیاتر هەبوایە ، لەوەی تا ئێستا هەیبووە.
 
رووداو: لەپلانتاندایە پەیوەندیەکانتان لەگەڵ کورد لە سووریا بەهێزتر بکەن؟ 
 
کریستۆف دەفریس: ئێمە تاوەکو ئێستا لە حکومەتدا نەبووین، بەڵام CDU (پارتی دیموکراتی مەسیحی) چەندین دەیەیە پەیوەندی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە عێراق هەیە. ئێمە دەمانەوێت هەمان شت لە سووریاش دروست بکەین، چونکە پێم وایە لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکانمان لەوێ پێکەوە دەتوانین سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا دروست بکەینەوە. ئەمانە لە راستیدا باشترین هاوپەیمانەکانمانن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە