ئەو ئەندازیارە کوردەی بەشداریی هەڵدانی مووشەکی ئاریان-6ی کرد: شانازییە لە پڕۆژەیەکی کوردیدا بەشداربم

17-07-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەڵمانیا و فەرەنسا بە هاوبەشی لە رێگەی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەورووپا (ESA)، رۆژی 10-7-2024 مووشەکی ئاریان-6یان هەڵدایە بۆشایی ئاسمان. ئەو مووشەکە 56 مەتر درێژییەکەیەتی و بە سەرکەوتوویی گەیشتە شوێنی مەبەست.
 
ئاریان-5 کە ساڵی 1996 تاوەکو 2023 لە بۆشایی ئاسمان بوو، دوای ئەنجامدانی 117 ئەرکی جیاواز، پار کۆتایی بە ئەرکەکەی هێندرا و لەمەودوا ئاریان-6 بە زانست و تەکنەلۆجیای نوێوە جێگەی دەگرێتەوە.
 
ئەو مووشەکە بە هاوبەشیی چەند کۆمپانیایەکی ئەڵمانی و فەرەنسی دروستکراوە. یەکێک لە ئەندازیارانی ئەو پڕۆژەیە کوردە و تاوین پیرانی ناوە. تاوین بەرپرسی بەشی سیستمی مووشەکی ئاریان-6ـە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ تاوین پیران
 
رووداو: مووشەکی ئاریان-6 بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵدرا. ئەورووپییەکان زۆر بە گرنگییەوە چاودێرییان کرد. دەتوانی باسی گرنگیی ئەو پرۆژەیەمان بۆ بکەیت؟
 
تاوین پیران: ئاریان -6 مۆدێلێکی بەرزتری رۆکێتی ئاریان-5ـە کە یەکێک بوو لە رۆکێتە هەر پێشکەوتووەکان. بە تاقیکردنەوەی ئاریان-6، توانیمان سەربەخۆیی ئەورووپا بۆ گەیشتن بە بۆشایی ئاسمان بپارێزین. بێگومان ئەو رۆکێتە نەوەک تەنیا ئەورووپا، بەگشتی بۆ هەمووان گرنگە. رۆکێتی وەک ئاریان-6 رێگەمان پێدەدات مانگی دەستکرد لە بۆشایی ئاسمان جێگیر بکەین و بۆ چەندین مەبەست سوودی لێوەربگرین وەکو جی پی ئێس، هێڵی ئینتەرنێت، پەیوەندیکردن، پێشبینیی کەشوهەوا، چاودێریکردنی دۆخی زەوی و چەندین مەبەستی دیکە. 
 
رووداو: رۆڵی تۆ وەکو کچە کوردێکی ئەندازیار لە پڕۆژەکە چییە؟
 
تاوین پیران: من وەک ئەندازیاری سیستمی رۆکێتەکان کاردەکەم کە بە Upper Liquid Propulsion Module ناسراوە. ئەرکەکەشم بریتییە لە کارکردن لە قۆناخە کۆتاییەکانی هاوێشتنی رۆکێتەکان بۆ بۆشایی ئاسمان. ئەمەش بەو واتایەی لەدوای قۆناخی یەکەم کە هاوێشتنی رۆکێتەکەیە، ئیدی کار دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە کە رۆکێتەکە دەگاتە شوێنی مەبەست. ئەرکی من جیایە و کار لەسەر سیستمە جیاجیاکانی ئەو رۆكێتە دەکەم و هەموو سیستمێکیش لەکاتی هەڵدانی رۆکێتەکە لە ژینگەی جیاوازدا کار دەکات. لەکاتی هەڵدانەکەش رۆکێتەکە بە دۆخی جیاوازدا تێدەپەڕێت، وەکو پلەی گەرمی بەرز و نزم، لەرزین، پاڵەپەستۆی کەشوهەوا و شتی دیکە کە هەموو ئەوانەش ئاڵنگاریی جیاواز دەهێننە پێشەوە بۆ بەردەوامیی گەشتەکە و گەیاندنی رۆکێتەکە بۆ شوێنی مەبەست. 
 
رووداو: ئەوەی ئێمە بیزانین تۆ داواکاریی چەند کۆمپانیایەکی گەورەت رەتکردووەتەوە و دەتویست کار لە بۆشایی ئاسمان بکەیت. پاڵنەر چی بوو؟
 
تاوین پیران: وەکو تێبینی، ناتوانم بڵێم ژمارەیەک کۆمپانیا، بەڵام لەلایەن گەورەترین کۆمپانیای بواری بۆشایی ئاسمان داواکرام، پێش ئەوەی ئەم کارە بکەم. هەمیشە بۆشایی ئاسمان سەرنجی راکێشاوم. لەبەرئەوەی هێشتا زانیاریی کەم لەبارەی بۆشایی ئاسمان دەزانرێت و هیواخوازیشم مرۆڤایەتی لەڕووی زانستییەوە گەڕانی زیاتر لەبارەی بۆشایی ئاسمان بکات، چونکە زۆرمان ماوە لەبارەیەوە فێربین. بێگومان ناردنی هەر تەنێک بۆ بۆشایی ئاسمان بۆ من سەرنج راکێش دەبێت، بەتایبەتی لەو ژینگە جیاوازانەی دێنەپێش کە باسمکردن و ئاڵنگاریی نوێ دێننە پێش. 
 
رووداو: هەموو کوردێک دڵخۆشە بە بیستنی هەوڵەکانی ئێوە. هیچ کات بیرت لەوە کردووەتەوە بە ناوی کوردستان لە پڕۆژەیەکدا بەشدار بیت؟
 
تاوین پیران: بەڵێ، زۆر حەز دەکەم کارێکی لەو جۆرە بکەم. ئەگەر پڕۆژەیەکی کوردی هەبێت بۆ بۆشایی ئاسمان، شانازی دەکەم رۆڵم هەبێت تێیدا. 
 
رووداو: بێگومان گەیشتنت بەم قۆناخەی ئێستا ئاسان نەبووە. لەم بارەیەوە چی دەڵێیت؟
 
تاوین پیران: تاوەکو ئەمڕۆش زۆر کەسان هەن کە کلاسیکییانە بیر دەکەنەوە بەتایبەت کاتێک دێتە سەر باسی کارکردنی ژن لە بواری بۆشایی ئاسمان، هەروەها گەورەبوونیش لە خێزانێکی پەنابەردا یارمەتیدەر نییە. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ماندووبوون لە ئەرکەکەت دەتوانێ بەرهەمی هەبێت. زۆر گرنگیشە سەرنجت لەسەر بەدەستهێنانی خەونەکان و ئامانجەکانت بێت. ئەگەر بەڕاستی بڕوات بە خەونەکانت هەبێت، ئەوا هیچ شتێک نییە راتبگرێت. خۆشبەختانە بواری بۆشایی ئاسمان، بوارێکی نێودەوڵەتییە و بۆ گەیشتن بەو قۆناخە، پێویستت بە خوێندن و مەشق و راهێنانی زۆرە، بەڵام شایەنییەتی!
 
رووداو: بیرۆکە و پلانت بۆ داهاتوو چییە؟ دەتەوێت چی بکەیت و بگەیت بە چی؟
 
تاوین پیران: دەمەوێت ئەزموونی زیاتر لەبارەی ئەندازیاریی سیستمی بۆشایی ئاسمان بەدەستبهێنم و زۆرترین زانیاریش لەبارەی لایەنە تەکنیکییەکەی ئەو سیستمە بەدەستبهێنم. بێگومان هیواداریشم ببمە نموونەیەکی باش بۆ کچانی دیکەی کورد و بیسەلمێنم کە ئەو بوارەش بۆ هەمووان شیاوە، بێ گوێدانە ئەوەی لە چی کۆمەڵگەیەک گەورە بوویت.
 
رووداو: دوا گوتەت چییە؟
 
تاوین پیران: هیچ قسەیەکی دیکەم نییە و سوپاست دەکەم بۆ بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکەم!
 
تاوین پیران کێیە؟
 
ساڵی 1994 لە شاری بۆنی ئەڵمانیا لەدایکبووە
دایکی خەڵکی مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە
باوکی خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانە
کۆلێژی ئەندازیاری میکانیکی لە زانکۆی ئاخن لە ئەڵمانیا تەواوکردووە
ساڵی 2020 ماستەری لە زانستی بۆشایی ئاسمان بەدەستهێناوە
بەرپرسی بەشی سیستمی مووشەکی ئاریان-6ــە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن بۆڵتن.

جۆن بۆڵتن: ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، نێوبانگی لەکەدار دەکات

جۆن بۆڵتن لە ساڵانی 2018 بۆ 2019 وەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاری کردووە و کەسێکی نزیک بووە لە دۆناڵد ترەمپ، دواتر لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، مافی کورد و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکات.