لە کێڵگەوە بۆ سەر سفرە؛ شاندێکی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ دێنە هەرێمی کوردستان

13-06-2023
دیار کوردە @diyarkurda
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ستیڤ لوتز
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ستیڤ لوتز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا بگەنە بەغدا و دواتریش سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، شاندەکە بۆ ماوەی هەفتەیە لە بەغدا دەبن و هەفتەیەکیش لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، سەردانی هەولێر و سلێمانیش دەکەن، لەم سەردانەدا زیاتر چاویان لەسەر کەرتی کشتوکاڵە، ئەوەش بەشێکی سەرەکی لەسەر داواکاریی هەرێمی کوردستان بووە. 
 
ستیڤ لوتز، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و سەرۆکی شاندەکە دەڵێت، "ئێمە سەرنجەکەمان زۆر پوختە و شاندێکی دیاریکراومان هەیە کە ئێمە پێیی دەڵێین، شاندی بەرهەمهێنان لە کێڵگەوە بۆ سەر سفرەی نانخواردن، بیرۆکەی ئەمەش لە گفتوگۆیەکمدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران بارزانی دروستبوو، ئەو باسی لەو چەند سێکتەرێک و ستوونێکی دیاریکراو کرد کە بەلایەوە گرنگبوون، یەکێک لەو کەرتانەش، کەرتی کشتوکاڵ بوو، بۆیەش دەمانەوێت وەڵامدەرەوەی بیرۆکەکەی سەرۆکوەزیران بین."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ستیڤ لوتز:
 
رووداو: ستیڤ سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، دەتوانیت پێم بڵێیت، کەی بەڕێدەکەون و کێ لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەبینن؟ 
 
ستیڤ لوتز: بەر لە هەمووشتێک سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و هەمیشە خۆشحاڵم کە قسە بۆ ئێوە و هاوڕێیانم لە رووداو دەکەم و دەرفەتەکە دەنرخێنم. بەڵێ، بەمزووانە بەڕێدەوکەین و بۆ نزیکەی دوو هەفتە لەوێ دەمێنینەوە. کاتەکە دابەش دەکەین، سەرەتا لە بەغدا دەبین و دواتریش بەرەو هەولێر و سلێمانی بەڕێدەکەوین. هەم لە هەولێر و هەمیشە لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسانی حکومەت کۆدەبینەوە، هەروەها لەگەڵ بازرگان و کارسازە گەنجەکانیش لە بەغدا و لە هەرێمی کوردستانیش کۆدەبینەوە. بۆیە زۆر دڵخۆشین بەم سەردانەمان.
 
رووداو: دەتوانی پێمان بڵێیت شاندەکەتان لە چەند کەس پێکهاتووە، کۆمپانیاکان زیاتر لە چ بوارێک کاردەکەن و چاوتان لەوەیە لەم سەردانەتان بۆ هەولێر و بەغدا چیتان دەستبکەوێت؟
 
ستیڤ لوتز: باسی هەرێمی کوردستان بکەین، ئێمە سەرنجەکەمان زۆر پوختە و شاندێکی دیاریکراومان هەیە کە ئێمە پێیی دەڵێین، شاندی بەرهەمهێنان لە کێڵگەوە بۆ سەر سفرەی نانخواردن، بیرۆکەی ئەمەش لە گفتوگۆیەکمدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران بارزانی دروستبوو، ئەو باسی لەو چەند سێکتەرێک و ستوونێکی دیاریکراو کرد کە بەلایەوە گرنگبوون، یەکێک لەو کەرتانەش، کەرتی کشتوکاڵ بوو، بۆیەش دەمانەوێت وەڵامدەرەوەی بیرۆکەکەی سەرۆکوەزیران بین، شاندێکی کۆمپانیاکان بێنین کە بتوانین لەهەر بەشێکی کەرتی کشتوکاڵدا کاربکەن، وەک نموونە کۆمپانیای دابینکردنی تۆو، دابینکردنی کەلوپەلی کشتوکاڵی و کۆمپانیای پەینی کیمیایی، هەروەها هەر لە کۆمپانیای خۆراک و ژینگەیی تاوەکو دەگاتە کۆمپانیاکانی دابینکردنی بەرهەمەکان بۆ سوپەرمارکێت و چێشتخانەکان، هەروەها ئەو کۆمپانیانەش کە لەو بوارەدا کاردەکەن، وەک کۆمپانیاکانی گواستنەوە، کۆگاکردن و چێشتخانەکانیش، واتە هەر کۆمپانیایەک کە پەیوەندی بە پیشەسازیی خۆراک و ژینگەی کشتوکاڵییەوە هەبێت، شاندەکە لە نزیکەی 30 کۆمپانیا و 40 ئەندام پێکهاتووە، کە تایبەتن بە بەرهەمە خۆراکییەکان و سیستمی ژینگەیی.
 
رووداو: هیچ داتایەکتان هەیە لەبارەی قەبارەی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، هەروەها چەند کۆمپانیای ئەمریکی لە ناوچەکەدا کاردەکەن؟
 
ستیڤ لوتز: دەزانم کە وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا بەپەرۆشەوە ئامارەکان و قەبارەی بازرگانی و ژمارەکانی پەیوەستی هەیە و دەپارێزێت، ئێمەش لە ژووری بازرگانی کارمان ئەوەیە کە دڵنیابن لەوەی کۆمپانیاکان بەئاگان و ئاگاداری دەرفەتەکان دەبن بۆ بازرگانیکردن و وەبەرهێنان، کاری دووەمیش ئەوە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی حکومەتەکان دەکەین سەبارەت بە ژینگەی بازرگانی، چۆن دەتوانین کاری بەیەکەوەییمان بەرەوپێشەوەببەین، چۆن بتوانین گۆڕانکارییەک یان چاکسازییەک لە یاسا و رێنماییەکاندا بکەین و جۆرێک لە دەستپێشخەری هەبێت کە کۆمپانیاکان بتوانن بێێن و وەبەرهێنان و چالاکیی بازرگانی بکەن، یان پەرە بە کارە بازرگانییەکانیان لە هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عێراقیش بدەن.''
 
رووداو: ئێمە دەزانین کە ئێستا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان وەستاوە، هەندێک کۆمپانیای ئەمریکیش هەن لەو بوارە لە هەرێمی کوردستان دا کاردەکەن، لەسەر ئەم پرسەش لەگەڵ هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەکەن؟
 
ستیڤ لوتز: ئێمە لەسەر ئەمە قسەمان هەم لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا و هەروەها وڵاتەکەش لەبارەی وەستاندنی هەناردەی وزە و گرنگیی کردنەوەی بۆڕییەکە کردووە، هەرچەندە سەرنجی ئێمەش بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر لەسەر شاندی کەرتی کشتوکاڵی و خۆراکە، بەڵام ئەگەر دەرفەتیش بێتەپێشەوە خۆشحاڵ دەبین باس لەم پرسەش بکەین، ئەمەش لە بەرژەوەندیی عێراق بەگشتی و هەروەها هەرێمی کوردستان و ئابووریی جیهانیش، تاوەکو دڵنیابین وزە و بازرگانی لەم بۆرییەوە بەردەوام دەبێت.
 
رووداو: دوایین پرسیارم، سەرەکیترین نیگەرانی کە کۆمپانیاکانی ئەمریکا هەیانە چییە؟ کاتێک دەیانەوێت بچنە ناوچەیەکی وەک هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان یان هاوبەشی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی کوردستان دا بکەن؟
 
ستیڤ لوتز: یەکێک لەو شتانەی کە دڵخۆشم دەکات ئەوەیە کە چەندین نیگەرانی ئەمنیمان تێپەڕاندووە، بەڵێ هێشتا هەندێک ماوە و پێویستە زانیاری بە کۆمپانیاکان بدرێت کە ژینگەیەکی ئەمن و سەلامەتمان هەیە، ئێستا زیاتر چووینەتە سەر کێشە بازرگانییەکان، ژینگەی سیاسەت و رێنوێنییەکان چین کە کۆمپانیاکان دەیانەوێت وەبەرهێنانی تێدابکەن، ئایا هیچ روونی و دڵنایییەک لە رێنوێنییەکاندا هەیە کە کۆمپانیایەک بیەوێت وەبەرهێنان بکات، دڵنیادەبێت کە یاساکان جێگیرن و لەخۆڕا ناگۆڕدرێن، بۆیەش ئێستا لەسەر کێشەی یاسایی و رێنماییەکان کاردەکەین، گرنگترین شتیش ئەوەیە کە ئێمە لەو گفتوگۆیانەماندا بەرەوپێشەوە دەچین، چووینەتە دەرەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکان، کە ئەمە شتێک بووە کە بۆماوەیەکی زۆر جێگەی نیگەرانییەکی زۆرمان بوو، بەخۆشحاڵییەوە ئێمە لەم دۆخە چووینەتە پێشەوە و ئێستا بەرەو گفتوگۆ ئاساییەکانمان هەنگاودەنێین کە لەگەڵ هەموو حکومەتەکانی جیهاندا هەمانە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە