رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق کە ئێستا لەگەڵ سەرۆکوەزیران لە ئەڵمانیایە، دەڵێت، سەرۆکی ئەڵمانیا پرسیاری ئەوەی کردووە کە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر چۆنن و گوتووشییەتی ئاگای لە کێشەی نێوان لایەنە کوردستانییەکانە. لەبارەی 400 ملیار دینارەکەشەوە گوتی، کێشەکە چارەسەر کراوە و بەدڵناییەوە لەم رۆژانەدا دەگاتە هەرێمی کوردستان.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا لەگەڵی ئەنجامی دا، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە ئەنجامی سەردانی شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بۆ ئەڵمانیا کرد و لەبارەی پرسی کۆچبەرانەوە رەتیکردەوە کە عێراق رەزامەندی بە دیپۆرتکردنەوەی عێراقییەکان لە ئەڵمانیا دابێت. ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق سەردانی داڤۆس دەکەن.
نزیکەی 36 هەزار عێراقی لە ئەڵمانیا دەژین کە تاوەکو ئێستا مافی مانەوەیان پێ نەدراوە، لەوبارەوە وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، راوێژکاری ئەڵمانیا داوای کارئاسانی کردووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ عێراق.
سەبارەت بە پرسی ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن گوتی، کێشە لای وەزیری دارایی هەبووە بۆ ناردنەکەی و چارەسەرکراوە و پارەکە لە بانکی تی بی ئایە. دەشڵێت، لەم رۆژانەدا 400 ملیارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق:
رووداو: لەم دوو رۆژەدا چەند کۆبوونەوەیەکتان ئەنجامدا، ئەو پرسانە چی بوون لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا باستان کرد؟
فوئاد حوسێن: زۆرینەی پرسەکان پەیوەندیداربوون بە بابەتی ئابووری، سووتەمەنی و پەنابەرانی عێراقی لە ئەڵمانیا.
رووداو: لەگەڵ کۆمپانیای سیمێنس گرێبەستێکتان واژۆ کرد، ئەو کۆمپانیایە دەیەوێت چی بکات لە عێراق؟
فوئاد حوسێن: لەگەڵ سیمێنس چەند گرێبەستێک هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سێ بۆ چوار ساڵ پێش ئێستا، بەڵام قۆناخەکان دیارن؛ هەر کارێکی نوێ گرێبەستێکی دەوێت، ئەمە بۆ قۆناخێکی نوێیە، بۆ داهاتووە؛ بە تێڕوانینی من ئەگەر ئەم گرێبەستە جێبەجێ بکرێت مانای وایە سیمێنس رۆڵێکی باڵا دەگێڕێت لە کارکردن لەسەر کارەبا. سیمێنس کۆمەڵێک کەرەستەی هێناوە کە پەیوەندیی بە نەخۆشخانەکانی عێراقەوە هەیە و لەوێش کاردەکەن، گرێبەستەکە پەیوەندی بە کارەباوە هەیە.
رووداو: سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی کارئاسانی بۆ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا دەکەن، بۆ ئەوە داوای ئەڵمانیا چی بوو؟
فوئاد حوسێن: ئەڵمانیا دەڵێت دۆخی ئەمنی باشە، باس لەوەش دەکات کە یاسا و کارەکانی وەبەرهێنان چۆنن و ئەو بیۆکراتییەی کە هەیە، هەروەها ئاماژەیان بە بابەتی گەندەڵی کرد، بە گشتی لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەڵمانی گفتوگۆ کرا، سەرۆکوەزیریش باسی لەوەکرد کە ئێستا عێراق ئامادەیە پێشوازیی لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بکات بۆ وەبەرهێنان لە عێراق.
رووداو: لەگەڵ سەرۆکی ئەڵمانیا و راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبوونەوە، لەگەڵ سەرۆکی ئەڵمانیا باسی چی کرا؟
فوئاد حوسێن: لەگەڵ سەرۆکی ئەڵمانیا و سەرۆکوەزیران کۆمەڵێک تەوەر باسکران، جگە لە باسی ئابووری، دۆخی سیاسیی ناوچەکە، هەروەها سەرۆککۆماری ئەڵمانیا باسی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و پرسیاری چۆنییەتی پەیوەندییەکانی دەکرد، پڕسیاری پڕۆژەیاسای نەوتیشی کرد.
رووداو: لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؛ سەرۆکوەزیران بڕیاری داوە کە 400 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، کەی دەینێردرێت؟
فوئاد حوسێن: 400 ملیارەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجوومەنی وەزیرانی بڕیاری ناردنی دا، بەڵام دواکەوت و کۆمەڵێک کێشەی تێکەوت لای وەزیری دارایی، بەڵام چارەسەر بوو، پێش ئەوەی ئێمە بێینە ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەر بوو.
رووداو: کەی پارەکە دەنێردرێت؟
فوئاد حوسێن: ئەوە نازانم؛ لای بانکی تی بی ئایە، لەم رۆژانە بەدڵنیاییەوە دەگات، چونکە بڕیارەکە هەیە و رەزامەندیشی لەسەر دراوە، جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لەم رۆژانە لە بەغدا بوو، لەنێوان هەردوولا رێککەوتن کراوە.
رووداو: لەسەر کۆچبەری چیتان گوت؟ ئەڵمانیا داوای چی لە عێراق کرد؟
فوئاد حوسێن: راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و شاندی عێراق باسی لەو عێراقییانە کرد کە مافی نیشتەجێبوونیان نییە و بەشێوەیەکی نایاسایی لە ئەڵمانیا دەژین، باسی لەوەکرد کە 35 تاوەکو 36 هەزار عێراقی لە ئەڵمانیا هەن و مافی نیشتەجێبوونیان نییە، داوای لە عێراق کرد کە رێگەیەک بکاتەوە و هاوکارییان بکات بۆ گەڕانەوەیان، چونکە لێرە مافی نیشتەجێبوونیان نییە و پێیان نادرێت. سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: ئێمە پلانێکمان هەیە؛ منیش خۆم لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لە بەرلین کۆبوونەوەم هەبوو باسی پلانێکی دوو قۆڵیمان لەنێوان ئەڵمانیا و عیراق کرد، بەڵام بەشێكی پلانەکە پەیوەندیی هەبێت بە یەکێتیی ئەوروپاوە، چونکە ئەم کێشەیە کێشەی ئەڵمانیا نییە و کێشەی وڵاتانی ئەوروپایە، بەشێکی لە پەیوەندی دوو قۆڵی چارەسەر دەبن و بەشێکیشێ بە پەیوەندیی ئەوروپا و عێراق، کێشەیەکی قوڵە و قورسە و ئاسان نییە بڵێین چارەسەر دەبێت. دوور نییە کە ئەو پلانەی لەلایەن ئێمە، ئەڵمانیا و ئەوروپاوە بێتە پێشەوە بتوانێت رێگەیەک بکاتەوە بۆ دانانی چەند پلانێک بۆ چارەسەربوون.
رووداو: عێراق دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی قبوڵ کرد یان نا؟
فوئاد حوسێن: نانا باسی ئەوە نەکرا، باسی پلانێک کرا کە چۆن لەگەڵ کێشەکەدا مامەڵەبکەین، کە باسی دەکەین دەبێت پلان هەبێت، کە پلان هەبوو دەچینە نێو وردەکارییەوە.
رووداو: ئەو کۆمپانیایانەی بڕیارە لە عێراق وەبەرهێنان بکەن تاوەکو چەند هەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبێت؟ لە کۆبوونەوەکان باسی هەرێمی کوردستان کرا؟
فوئاد حوسێن: کە باسی وەبەرهێنان دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستانیشە، زۆرینەی ئەو کۆمپانیایانە لە هەرێمی کوردستان هەن، هەندێکیان دەمێکیشە لەوێن، بەگشتی بۆ هەموو عێراقە.
رووداو: لەگەڵ سەرۆکی ئەڵمانیا باسی پرسی کوردیش کرا، دەمانەوێت بزانین باسی چی کرا؟
فوئاد حوسێن: سەرۆکی ئەڵمانیا خۆی باسی کرد، یەکەم پرسیاری کرد کە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر چۆنن؛ دووەم پرسیاری کرد بابەتی نەوت، سێیەمیش گوتی ئاگادارم کێشە لەنێوان کوردەکان خۆیان؛ لەنێو هێزە سیاسییەکانی نێو هەرێمی کوردستان، ئەگەر کوردستان سەقامگیر نەبێ کێشەیە.
رووداو: دەتانەوێت بچنە داڤۆس، لەوێ لەگەڵ کێ کۆدەبنەوە؟
فوئاد حوسێن: من دەچمە داڤۆس و سەرۆکوەزیرانی دەگەڕێتەوە بەغدا؛ لەوێ کۆمەڵێك کۆبوونەوەم هەیە لەگەڵ سەرکردەکان و وەزیرانی دەرەوەی زۆر لە دەوڵەتەکان، جەنابی سەرۆککۆماریش دێت بۆ داڤۆس و لەوێ بەرنامەیەکمان هەیە کە 16ـی مانگ داڤۆس دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ