گوتەبێژی پێشووی سێنتکۆم بۆ رووداو: ئەگەر حکومەتی عێراق داوا بکات، ئەمریکا وڵاتەکە جێدەهێڵێت

12-12-2023
دیار کوردە @diyarkurda
  هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆلۆنێڵ جۆو بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆلۆنێڵ جۆو بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، ترسی پەرەسەندنی ئاگری شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە پێی نایە مانگی سێیەمەوە، ناوچەکەی داگیرکردووە. گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکاش دەڵێت، ئێستا ئیدارەی بایدن نایەوێت گرژییەکان فراوان ببن و لەم کاتەدا کە بەرەو هەڵبژاردنە، سەرنجیان لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت. 
 
جگە لە پرسە جیهانییەکان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرسی هێرشەکانی سەر ئەمریکا لە عێراق و سووریا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و چاکسازییەکانی پێشمەرگە و هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەم لەگەڵ کۆلۆنێڵ جۆو بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا تاوتوێکرد. 
 
جۆو بوچینۆ گوتی، ئەمریکییەکان نیگەرانییان لە کاریگەریی ئێران و حەشدی شەعبی لەسەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەیە و "پێم وایە نیگەران دەبم ئەگەر ئیدارەیەکی دیکە لە واشنتن بێتە سەر حوکم و ئەو هێزانە لە عێراق بکشێنێتەوە. ئێستا بە راستی دەبینیت کاریگەریی ئێران زیاد بووە. یان یەکێک لەو هێرشە مووشەکییانەی بۆ سەر عێراق کارەسات و قوربانیی لێ کەوتووەتەوە. جا لێرە لە کۆنگرێسیش دەنگێک هەیە کە هێزەکانی ئەمریکا بکشێنرێنەوە کە ئەوە زیاتر دەستی ئێران لە بەغدا کراوەتر دەکات و رێیان دەدات کاریگەرییان زیاتر بکەن."
 
لەسەر پرسی یەپەگە، هەسەدە و تورکیا، جۆو ئاماژەی بەوەکرد، هەرجارێک بە باشی باسی یەپەگە بکەین، تورکیا لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە داوای سڕینەوەی راگەیێندراو و پۆستەکانمان لە سۆشیاڵ میدیا دەکات. ئەمریکاش بۆیە گوشار لە تورکیا ناکات، چونکە لە شەڕی ئۆکراینادا پێویستی بە تورکیایە. 
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆلۆنێڵ جۆو بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا
 
رووداو: زۆر سوپاس. کۆلۆنێڵ، تۆ کە گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بوویت تاوەکو مانگی ئابی ئە مساڵ، سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و بنکەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبینیت؟ پێت وایە کە سیاسەتێکی بەهێز بێت؟ 
 
جۆو: نەخێر، وای هەڵناسەنگێنم کە کاریگەر بێت. ئێمە کەلوپەل و ئامێرمان بردووەتە دەریاوە، دوو کۆمەڵە فڕۆکەهەڵگرمان بردووە کە خۆیان لە سەدان کەشتی و فڕۆکە و هەزاران سەربازدا دەبیننەوە. کەچی هێشتا هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپە شیعەکانەوە بەردەوامە. کەمنەبوونەتەوە، بەڵکو لە راستیدا بەرەو دەریای سوور فراوان بوون. ئێستا دەبینیت ئەم گرووپانە لە دەریای سووردا هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.  
 
رووداو: هیچ شتێک هەیە وا لە ئەمریکا بکات کە رووبەڕووی ئەو گرووپانە نەبێتەوە؟ چونکە ئەمریکا دەڵێت ئێمە پەیامێکی زۆر بەهێزمان ناردووە بۆ ئەو گرووپانە کە شەڕەکە فراوان نەکەن؛ هێرش نەکەنە سەر هێز و بنکەکانمان. کەچی لە لایەکی دیکەوە دەبینین رۆژانە ئەم هێرشانە روو دەدەن، بە تایبەتی لە عێراق و لە یەمەن لەلایەن حووسییەکانەوە. تەنانەت لە عێراق هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا. 
 
جۆو: راستە. ئەوە هێرشێکی هەڵکشاوی بەرچاوە کە پێرێ شەو لە بەغدا کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، کەچی ئەمریکا هیچی نەکرد. جا من نامەوێت کارێک بکەم کە وەک رێگەچارەیەکی زۆر سادە دەربکەوێت، چونکە وەک هەرشتێکی ئەو بەشەی جیهان، ئەوە زۆر ئاڵۆزە. لەگەڵ ئەویشدا ئەوی کردوومانە و دەیکەین هێرشکردنە سەر هەندێک بینا و کوشتنی هەندێک چەکداری پلەنزم و لێدان لە هەندێک جبەخانەیە لە سووریا. جا ئێرانیش ئەو شتانەی بە لاوە گرنگ نییە. ئەوان بایەخیش بەم شتانە نادەن، چونکە دەزانن یان باوەڕیان وایە کە ئیدارەکەی بایدن نایەوێت بەکارهێنانی کەشتییە بارهەڵگرە جەنگییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە ئێرانییەکان، بۆ سەر سوپای پاسداران لە سووریا یان لەناو ئێراندا زیاد بکات.  
 
رووداو: ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ئەمریکا نیگەرانە لە روودانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی ئێران و دوودڵن لە بەئامانجگرتنی بەرپرسانی ئەو گرووپانە، یاخود هەندێک شتی دیکە هەن کە وا لە ئیدارەی بایدن دەکەن خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە بەدوور بگرێت؟  
 
جۆو: چەند شتێکن. یەکێکیان تۆ ئاماژەت پێ دا. راستییەکەی، ئیدارەی بایدن دەیەوێت ئەمە بە سەرنراوەیی بمێنێتەوە، سەری گرژییەکان بنێتەوە، نایانەوێت بەرەو لوبنان و ناو دەریای سوور فراوان ببن. لە راستیدا ئیدارەکە نایەوێت شەڕێکی بەرەفراوان لەگەڵ ئێراندا بکات، بە دڵنیاییشەوە ئێرانیش ئەوەی ناوێت. جا ئەوە یەکێکە لە خاڵەکان. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئیدارەی بایدن لە راستیدا نایەوێت هەواڵەکان سەرنجیان لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. ئێستا ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ چوونە ناو هەڵبژاردنەوە و ئیدارەکە پێی خۆشە هەواڵەکان سەرنجیان لەسەر کێشە ناوخۆییەکان و راپۆرتەکانی کار و هاوکاریی ئۆکراینا و کاروبارەکانی زەریای هێمن-هیندستان بێت. بۆیە ئیدارەکە هیوادارە هەموو ئەمانە خۆیان چارەسەر ببن یان بڕەوێنەوە. 
 
رووداو: پێت وایە ئەمە یارمەتیدەرە؟ 
 
جۆو: نەخێر، یارمەتیدەر نییە. 
 
رووداو: بەشێک لەو هێزە میلیشیایانەی لە عێراق هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی باڵی سیاسییان هەیە و باڵە سیاسییەکانیان بەشێکن لە حکومەت، بەڵام ئەمریکا هیچ سەرزەنشتێکی حکومەتی عێراق ناکات کە بەرەنگاری ئەم گرووپانە ببێتەوە. ئایا شتێک هەیە ئەمریکا لێی دوودڵ بێت بۆ سەرزەنشتکردنی حکومەتی عێراق؟ بۆچی نایکات؟ چونکە ئەم گرووپانە بەشێکیان لەلایەن حکومەتی عێراق و ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن؟ 
 
جۆو: دۆخی ئەمریکا لە عێراق زۆر لاوازە، چونکە لەم یەک-دوو ساڵەی دواییدا ئەمریکا لەسەر لێواری کەندەڵان بووە و حکومەتی عێراق دەڵێت دەمانەوێت هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە. با بچنە دەرەوە، بەڵام ئێمە ئەوەمان ناوێت، چونکە ئەوە دەرگا بۆ ئێران واڵا دەکات کە بە تەواوەتی کاریگەریی خۆی لەسەر عێراق دابنێت و پاشان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاژاوە بگێڕێت.  
 
رووداو: ئەمە لەبەر ئێرانە یان لەبەر ئەو هەڕەشانەن کە لە لایەن داعش و گرووپەکانی دیکەوە هەن؟ 
 
جۆو: لەبەر ئێرانە. ئێمە هەزاران سەرباز لە عێراق و 900یش لە سووریا لەگەڵ هەندێک سەربازی دیکەدا دەهێڵینەوە و قسەی لەسەر ناکەین، بەڵام لەوێ دەیانهێڵینەوە تا ئەوە بکەن کە بە راستی بۆ شەڕی دژی داعش باشە. جا ئەوە کەی تەواو دەبێت؟ نازانم! هەرگیز وا دیار نییە تەواو ببێت.  
 
رووداو: ئەی کاریان چییە؟ 
 
جۆو: ئەوە پرسیارێکی باشە. بە روواڵەت، ئەرکیان دابینکردنی سەقامگیرییە بە رووبەڕووبوونەوەی داعش و بەهێزکردنی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ لەناوبردنی داعش. هەروەها دەمانەوێت دڵنیایی بۆ جێپەنجە و ئامادەیی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەستەبەر بکەین. چونکە ئەمە جۆرێکە لە خۆپارێزی و بەربەست دژی دەسەڵاتی تەواوەتی ئێران کە دەیەوێت لەو دوو وڵاتەدا کاریگەریی تەواوی هەبێت و لەوێوە کاریگەریی خۆی بۆ دەرەوەی ناوچەکە فراوان بکات.  
 
رووداو: ئەگەر حکومەتی عێراق داوا لە ئەمریکا بکات عێراق بە جێ بهێڵن، ئایا ئەمریکا ئەمە دەکات؟ 
 
جۆو: ئەمریکا ئەوێ جێ بهێڵێت؟ بەڵێ. 
 
رووداو: بەڵام هەوڵ دەدەن ئەو شتە روو نەدات؟ 
 
جۆو: ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان لەو دۆخە بە دوور بگرین، چونکە ئێمە دەمانەوێت هەندێک کاریگەریمان لەسەر بەغدا و حکومەتی عێراق هەبێت و شوێنپێمان لە عێراق قایم بکەین. جا بیر لەوە بکەرەوە کە ئێمە لە عێراق بێینە دەرەوە، باشە ئەوە هاتینە دەرەوە، ئەی پاشان چی روو دەدات؟ داعش خۆی دەخزێنێتە ناوەوە و ئەوەیش رێگە دەدات ئێران شوێنپێی لەوێ قایم بکات، دواتر دیسان دەبێت هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەوێ بگەڕێنینەوە. هەر بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان لەوە بپارێزین. لە کاتێکدا من لەم هەڤپەیڤینە کورتەدا ئەم شتانەت بۆ باس دەکەم، لەوێ ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە. قەرەبوو هەیە. مەترسی هەیە. هیچ یەکێک ڤڤلەم شتانە ئاسان نین. کەچی ئەو پەیامانەی لە واشنتنەوە دێن ورد نین و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە لایەنی ئەوەی کە بە راستی خەریکین چی دەکەین و بۆچی لەوێ دەمێنینەوە، کەمێک فریودەرن.  
 
رووداو: با بچینە سەر شەڕی حەماس و ئیسرائیل. پێت وایە کە سوپای ئیسرائیل بتوانێت لە باشووری غەزە هاوشێوەی باکوور ئۆپەراسیۆن بکات؟ چونکە لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و موسڵمانەوە گوشارێکی زۆر هەیە و ئێستایش ئەمریکا گوشار لە ئیسرائیل دەکات کە ئۆپەراسیۆنەکەیان لە باشوور بە جۆرێک بێت کە زیانی خەڵکی سڤیل کەم بکەنەوە. پێت وایە کە ئیسرائیل ئەم کارە بکات؟  
 
جۆو: من پێم وا نییە ئەوە بکەن. پێم وایە بۆ ئیسرائیل زۆر قورس دەبێت کە لەم کاتەدا ئەوە بکات. ئەوان رێڕەوی مرۆییان کردووەتەوە و بە خەڵک دەڵێن بەو رێڕەوە مرۆییانەدا بڕۆن. هەروەها داوایان لە خەڵکی غەزە کردووە باکوور جێ بهێڵن و بچن بۆ باشوور. ئێستا لە باشوور خەڵک لە سەرووی هەموو شتێکەوەن، کەچی بۆردوومانی دەکەیت و کاولکاری دەکەیت.  
 
رووداو: بەڵام رێگەیان پێ نادەن بگەڕێنەوە بۆ باکووریش. 
 
جۆو: بەڵێ، رێگەیان نادرێت بگەڕێنەوە باکووریش. 
 
رووداو: دەرچەیەکیش نییە بۆ میسریش. 
 
جۆو: راستە. ئەوان ئەم خەڵکەیان قفڵ کردووە و ئۆپەراسیۆنیش دەکەن … من نازانم … ئیدارەی ئەمریکا لێرە لە واشنتن دەستبەجێ هات و ناتانیاهۆی لە باوەش گرت و لە پشتی ئیسرائیل وەستا. کەچی ئێستا بامانداوەتەوە و هەوڵ دەدەین گوشار لە ئیسرائیل بکەین و دەڵێین ئێمە حوکمێکی مرۆییانەترمان لەم شەڕە دەوێت.  
 
رووداو: ئامانجی ئیسرائیل لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چییە؟ ئەمریکا دەڵێت، "کە شەڕەکە کۆتایی هات نابێت لە داهاتوودا هیچ هێزێکی ئیسرائیلی لە غەزە بمێنێتەوە." پێت وایە ئیسرائیل بتوانێت بە یەکجاری حەماس لەناو ببات، لە کاتێکدا حەماس بەشێکە لە خەڵکی غەزە. پێت وایە بتوانن ئەمە بکەن و لە داهاتوودا رێگری لە هێرشێکی وەک ئەوەی حەوتی ئۆکتۆبەر بکەن؟  
 
جۆو: بەو جۆرە ناتوانن بیکەن کە ئێستا دەیکەن. بەو جۆرەی حوکم لەسەر ئەم شەڕە دەدەن، ناتوانن بیکەن. پێم وانییە بتوانن. پێم وایە دەتوانن هەموو توانا سەربازییەکانی حەماس لەناو ببەن. پێم وایە ئەوە یان شتێکی نزیک لەوە روو دەدات و دەتوانن هەموو تونێلەکان بڕووخێنن. بیرۆکەکە ئەوەیە ئەمە بکرێت. دەتوانن هەموو فەرماندەکانی حەماسیش بکوژن. بەڵام ئەگەر بیرت بێت، حەماس لە بنچینەدا بزووتنەوەیەکی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتییە. حەماس لە شێوەی حکومەت و پەروەردەدا پەلی هاویشتووە. حەماس "رێپێوانی گەورەی گەڕانەوە"ی رێکخست کە ناڕەزایەتییەکی ئاشتییانە بوو. جا ئەوانە توخمەکانی حەماسن، بۆیە ناتوانیت لەناویان ببەیت، ناتوانیت بۆردومانیان بکەیت. من لە بارەی ئەوەوە نیگەران دەبم کە ئیسرائیل گورزێکی وا بەهێز بوەشێنێت. ئەو ڤیدیۆیانەمان بینیوە کە پیاوانێک جلیان لە بەر داکەنراوە و سووکایەتییان پێ دەکرێت. باشە ئەوە چ پەیامێکە بۆ خوای دەنێرن؟ ئەوە تەنیا بزووتنەوەی بەرەنگاری گڕ دەدات. بزووتنەوەی بەرەنگاری دژی ئیسرائیل گڕ دەدات. ئەگەر ئیسرائیل لەودیوەوە بێت و بڵێت، "باشە، ئێستا ئێمە حکومەتین و سەرپەرشتیی ئێرە دەکەین"، ئەو کاتە دەستبەجێ غەزە دەبێتە گرتووخانە و بزووتنەوەی بەرەنگاری گڕ دەدات کە ئەوەیش ئەو شتەیە حەماس لەسەری دەژی.  
 
رووداو: ئیسرائیل کار لەسەر ئەوە دەکات لەنێو غەزەدا ناوچەیەکی سەر بە خۆی دروست بکات. ئەوەی من لە وەزارەتی دەرەوەم پرسیوە، ئەمریکایش دەڵێت ئێمە پشتیوانی لەو بیرۆکەیە ناکەین. لە هەمان کاتدا گڵۆپی سەوزیان هەڵنەکردووە. پێت وایە ئیسرائیل بتوانێت بەبێ رەزامەندیی واشنتن ئەو ناوچەیە دروست بکات؟  
 
جۆو: پێم وا نییە. پێم وانییە زۆر بخایەنێت. چونکە سوپای ئیسرائیل دەبێت خۆی لە حیزبوڵڵای لوبنانی بپارێزێت کە زۆر لە هێزەکانی حەماس بەتواناترە کە ئێستا لاواز بوون. لەم شەڕەدا هەزاران سەربازی یەدەکیان هەیە. پێم وانییە بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا بتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ ئەم ناوچە دابڕێنراوە بەڕێوە ببەن.  
 
رووداو: بەرپرسانی ئێرانی، لە ناویاندا سەرۆککۆمار و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، هەمیشە دەڵێن، ئەگەر ئەمریکا لە پشتیوانییەکانی بۆ ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئەم شەڕە فراوان دەبێت. ئێوە هیچ نیگەرانییەک لە واشنتن دەبینن کە ئەم شەڕە فراوان ببێت و بە ناوچەکەدا بڵاو ببێتەوە بۆ حووسییەکان لە یەمەن و حیزبوڵڵا لە لوبنان و بۆ گرووپە چەکدارەکان لە عێراق؟ 
 
جۆو: نیگەرانیی راستەقینە هەیە. هەر بۆیە دەبینیت بلینکن، وەزیری دەرەوە سەردانی ناوچەکە دەکات و لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی عەرەبیدا دادەنیشێت. لەبەر ئەوەیە ئەمە دەبینین. بەم تازەکییانەیش هێنری کیسنجەر مردووە کە ئەمەیش. ئەمە دیپلۆماسیەتی نێوانگیرانەیە (الدبلوماسية المكوكية) کە ئەو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێی کرد. سەردانی سەرۆکی وڵاتانی دەکرد و هەوڵی دەدا وەک هێورکەرەوەیەک لەسەر ئەم شتانە خزمەت بکات. پێم وایە، ئەو گرووپانەی باسیان دەکەیت، ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەکان هیچ کامیان شەڕێکی بەرەفراوانیان ناوێت. ئەم گرووپانە، گرووپە شیعییەکان، تەنیا دەیانەوێت ئیسرائیل قوفڵ بکرێت و ببەسترێتەوە و لەگەڵ حەماسدا شەڕ بکات و وا بکەن بەردەوام لە باکوورە چەند مووشەکێک بگرنە ئیسرائیل و بەردەوام سوپای ئیسرائیل سەرنجی لەسەر ئەمە بێت. بەڵام پێم وایە هیچ کامیان شەڕی بەرەفراوانیان ناوێت. ئەوەی ئێستا لە بارەیەوە نیگەرانم ئەوەیە ئاماژەت پێی دا: ئێمە کۆمەڵێک کەشتیی جەنگیی فرۆکەهەڵگرمان هەیە و، ئێرانیش خەریکە پەیامەکانی زیاد دەکات. پەیامناردن هەیە. هەروەها هەندێک حساباتی هەڵەی ستراتیژی هەن، رێک وەک ئەوانەی جەنگی یەکەمی جیهانییان هەڵگیرساند. ئەو کاتە دەکەوینە جەنگێکی کارەساتاوییەوە کە هیچ کەسێک نایەوێت. ئێمە رێک دەکەوینە ناویەوە. ئەوە ئەوەیە کە لە بارەیەوە نیگەران دەبم. 
 
رووداو: ئەی لە بارەی ناوچە ئاوییەکانەوە چی؟ ماوەیەک بەر لە ئێستا بینیمان سوپای پاسداران دوو بەلەمیان گرت، حووسییەکانی یەمەن دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرت. ئێستا ئەمریکا هەوڵ دەدات جۆرێک لە هاوپەیمانێتییەکی نێودەولەتی هەبێت تا ئاسایشی ناوچە ئاوییەکان بپارێزێت. پێت وایە ئەمریکا بتوانێت ئەمە بکات بەبێ ئەوەی پەیامێکی زۆر توند بۆ حووسییەکان و ئێران بنێرێت؟ 
 
جۆو: پێم وایە دەبێت هەندێک وەڵام بۆ ئەو هێرشانە هەبن. ئێمە هیچمان بۆ هێرشەکەی حووسییەکان نەکرد. لە ناوچەکەدا روون نییە کە ئەم کۆمەڵە کەشتییە فڕۆکە هەڵگرە جەنگییانە لە دەریای سووردا چی دەکەن. من خەڵکی ناوچەکە ئەمەی پێ گوتووم. ئایا لەوێن بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان؟ ئایا لەوێن بۆ پاراستنی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا؟ ئایا ئەگەر پێویست بێت هێرش دەکەنە سەر ئێران؟ ئایا ئەگەر پێویست بێت هێرش دەکاتە سەر سووریا؟ دەزانی، ئەوە روون نییە. راگەیەنراوی سەرکردایەتیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا زۆر لێڵە. پێم وایە ئەوە یارمەتیی دۆخەکە نادات. پێم وایە وەڵامی زۆر بەهێزی واشنتن بۆ هێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور رێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکان دادەخات. ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە بڵێن ناتوانین کەشتییەکانمان لەوێ بخەینە مەترسییەوە، بە راستی بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر بازرگانیی جیهانی و سەقامگیری جیهانی دەبێت. 
 
رووداو: پێت وایە ئێران ئەم هەلە دەقۆزێتەوە؟ ئایا پەیامەکانی ئەمریکایان بە جددی وەرگرتووە کاتێک دەڵێت بەشدار مەبن، بەڵام ئەوان دەیکەن؟ 
 
جۆو: خۆت وەڵامی پرسیارەکەتت دایەوە. ئێران ئەو راگەیەنراوانە بە جددی وەرناگرێت.  
 
رووداو: ئایا ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە؟ 
 
جۆو: بەڵێ، ئێستا زۆر وایان کردووە. 
 
رووداو: ئەی بۆچی ئەمریکا بڕیاری داوە بێدەنگ بێت و چاوەکانی دابخات بەرامبەر ئەو بەڵگانەی لە ناوچەکەدا هەن؟ 
 
جۆو: کاتێک لە دیدگای جیاوازەوە سەیری ئەمە دەکەم کە یەکێکیان بەکاربردنی هەواڵەکانە لەم وڵاتەدا. پێم وا بوو هێرشەکانی دەریای سوور هەواڵی گەورە بوون. ئەو گرژییە گەورەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەواڵێکی گەورە بوو. نزیکەی شەش کاژێر هەواڵی ئەمریکا بوو. بەیانیی یەکشەممە بوو، کە یەکشەممە تەواو بوو، ئیدی لە هەواڵەکاندا نەبوو. دەزانی، ئەم شارە زۆر بۆ پەخشی هەواڵی تەلەڤزیۆنەکان زۆر گونجاوە، چونکە هەواڵی تەلەڤزیۆنی لەم شارەدا واشنتن پۆست و نیویۆرک تایمز دەجووڵێنن. پێم وایە، پێیان باشە خەڵک، خەڵکی دەنگدەر، زیاتر سەرنجی لەسەر کێشە ناوخۆییەکان بێت. نایانەوێت [لە دەرەوە] شتێک بکەن کە سەرنجی خەڵک بۆ ئەوە رابکێشن. 
 
رووداو: ئەی پێت وایە کاتێک ئەمریکا قسە لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە باکووری سووریا دەکات، زۆر جددییە کە ئەو هێرشانە هاوپەیمانەکانی ئەمریکای بۆ تێکشکاندنی داعش لاواز کردووە؟ 
 
جۆو: ئێمە لە پابەندبوونمان بە هێزەکانی سووریای دیموکراتدا جددیین. پێم وایە ئێمە هێزەکانی سووریای دیموکراتمان دروست کرد بۆ شەڕی داعش. لە پنتاگۆن بە راستی پابەندبوون بە هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە هەیە.  
 
رووداو: ئەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەسەدە هەن؟ 
 
جۆو: هەڕەشە لەلایەن کێوە؟ 
 
رووداو: لەلایەن تورکیاوە.  
 
جۆو: من نامەوێت ئەمە سادە بکەمەوە -، بەڵام ئەوە قورسە، چونکە ئێمە تورکیامان وەک توخمێکی ناتۆ دەوێت کە ئەم شەڕە دژی رووسیا تەواو بکات کە ئێستا پرسی رووسیا-ئۆکراینا چەقی بەستووە. ئێمە تورکیامان لەوێدا دەوێت. جا هەرچۆنێک ئەو شتە چارەسەر ببێت. ئێمە دەمانەوێت تورکیا لەوەدا بەشدار بێت. بەڵام دەبینیت تورکیا دژی هەسەدەیە.  
 
جا کاتێک لە فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا بووم، تورکەکان زۆر دژایەتییان دەکرد کە هەر جارێک بە ئاشکرا ستایشی هەسەدەمان بکردایە. بۆیە دەترسم …  
 
رووداو: کاتێک بە باشە باسی هەسەدە دەکەن، ئەوان پەیوەندیتان پێوە دەکەن؟  
 
جۆو: لە رێگەی باڵیۆزخانەوە. 
 
رووداو: لە رێگەی باڵیۆزخانەوە. 
 
جۆو: ئێمە ستایشی هەسەدەمان دەکرد کە هاوبەشمانە، وەک هاوبەشێک دەماننرخاندن، کەچی تورکەکان، باڵیۆزخانەی تورکیا، پەیوەندییان دەکرد: "دەکرێت ئەو توویتە بسڕنەوە؟ دەکرێت فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ئەو قسەیە لا ببات؟"  
 
رووداو: ئەمە شتێکم بیر دەخاتەوە: هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی راگەیەنراوێکی لەسەر هەندێک هێرش لە سووریا هەبوو، کەچی دوای ماوەیەکی کەم ئەو توویتەیان سڕییەوە. ئەمە لەسەر داوای تورکیا بوو؟  
 
جۆو: من بە دروستی و تەواوەتی ئەوەیانم بیر نییە. 
 
رووداو: ئەو کاتە بوو کە ئەمریکا لە سووریا درۆنێکی تورکیای خستبووە خوارەوە، چونکە درۆنەکە لە بنکەیەکی ئەمریکا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا نزیک بووبووەوە. 
 
جۆو: زۆر راستە، بەڵێ راستە. بەڵێ، ئەوەم بیر کەوتەوە.  
 
رووداو: تورکیا داوای لێ کردن کە ئەم پۆستە لە تویتەر بسڕنەوە؟ 
 
جۆو: بیرمە کە لەو باریەوە پۆستێکمان کردبوو، بیرم نایەت سڕیبێتمانەوە، بەڵام بیرمە لە ساتێکی دیاریکراودا لە لایەن وەزارەتی دەرەوە ئاگادار کراینەوە کە واز لە باسکردنی هەسەدە بهێنین. مەبەستی ئێمە ئەوە بوو کە هەسەدە لە شەڕی داعشدا هاوبەشمانە و تەنیا وەک هاوبەشێک دەماننرخاندن. دۆخێکی زۆر ئاڵۆز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. لە کاتێکدا تورک ئەوەندەی بتوانن هەرچی سوودە لە پشتیوانیی ئەمریکای وەردەگرن، ئەوەندەی بتوانن هەرچی سوودە لە ئەندامێتییان لە ناتۆی وەردەگرن.  
 
رووداو: ئایا هیچ هەوڵێکی دیپلۆماسی لەلایەن ئەمریکاوە هەیە کە وا لە تورکیا بکات بەرامەبەر بە هەسەدە هێندە توند نەبێت؟ 
 
جۆو: پێم وایە پەرژینی دژی ئەوە ئەوەیە کە ئێمە هێزەکانی ئەمریکامان لەگەڵ هەسەدەدا جێگیر کردوون و، تورکیایش ئەوە دەزانێت. ئەگەر هێرش بکەنە سەر هەسەدە … ئەوە هیچ کە ئەوان ناتوانن ئەمریکییەک، سەربازێکی ئەمریکی، بکوژن، چونکە ئەوە بۆ تورکیا دەبێتە کارەسات.  
 
رووداو: با بگەڕێینەوە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان. چ نیگەرانییەکتان لە هێزەکانی پێشمەرگە هەیە؟ کاتێک خۆیشت لە فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا بوویت، دەزانیت کە ماوەیەکی زۆرە دەستیان بە پرۆسەیەک کردووە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی بەرخەستە نین، بۆچوونی تۆ لەسەر ئەمە چییە؟  
 
جۆو: خۆی بە هیچ شێوەیەک هیچ شتێک روون نییە. هیچ شتێک پتەو نەکراوە. لە راستیدا هەرگیز گەشەی نەکردووە و هەرگیز ئاشکرا نەکراوە. هەموو کاروبارەکان لەناو عێراقدا زۆر ئاڵۆز بوون. هاوکات ئێران لەوێ کاریگەریی هەیە. تورکیایش کاریگەریی هەیە. ئینجا پێشمەرگە هەیە کە تا ڕادەیەک کە عێراق وەک وڵاتی خۆیەتی، بەڵام هەرگیز بە تەواوەتی ئەوە روون نەبووە.  
 
رووداو: لە پرسی شەڕی داعشدا ئاستی هاوئاهەنگیتان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە چۆنە؟ هەروەها هەڵوێستتان لەسەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانتان لە هەرێمی کوردستان چییە؟  
 
جۆو: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی شەڕی داعش کار لەگەڵ پێشمەرگەدا دەکات، بەڵام فەرماندەیی بەش بەش بووە. خۆی پێشمەرگە یەک پێکهاتەیە. یەک توخمە کە فەرماندەیی کاری لەگەڵدا دەکات. فەرماندەیی لەگەڵ سووریایشدا کار دەکات. لەگەڵ هەسەدەیشدا کار دەکات. لەگەڵ بەغدایشدا کار دەکات. لەگەڵ وەزارەتی بەرگرییشدا کار دەکات. بۆیە لە بابەتی شەڕی داعشدا، فەرماندەیی زۆر بەش بووبوو. تەنیا چەند هەزار سەربازێک لە عێراق بوون. پێشتر باسی 900 سەربازمان لە سووریا کرد. پێم وایە سیاسەتێکی ستراتیجیی راستەقینە نەبوو بۆ ئەوەی لە عێراق و سووریا چی دەکەین. 
 
رووداو: ئێوە هیچ نیگەرانییەکتان هەیە لە بارەی کاریگەرییەکانی ئێران و حەشدی شەعبی لەسەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە ئێوە خۆتان پەیوەندییەکی زۆر باشتان لەگەڵیاندا هەیە؟  
 
جۆو: ئەوە هەمیشە مایەی نیگەرانی بووە. نیگەرانی بووە لە حکومەتی عێراق. پێم وایە پەرژینی خۆپارێزی لەوە ئەوەیە ئۆپەراسیۆنی هەبێت، هێزەکانمان لەوێ بن، فەرماندەییەکی سەربازیمان لە بەغدا هەبێت و ئەو پەیوەندییە بەردەوام بێت. پێم وایە نیگەران دەبم ئەگەر ئیدارەیەکی دیکە لە واشنتن بێتە سەر حوکم و ئەو هێزانە لە عێراق بکشێنێتەوە. ئێستا بە راستی دەبینیت کاریگەریی ئێران زیاد بووە. یان یەکێک لەو هێرشە مووشەکییانەی بۆ سەر عێراق کارەسات و قوربانیی لێ کەوتووەتەوە. جا لێرە لە کۆنگرێسیش دەنگێک هەیە کە هێزەکانی ئەمریکا بکشێنرێنەوە کە ئەوە زیاتر دەستی ئێران لە بەغدا کراوەتر دەکات و رێیان دەدات کاریگەرییان زیاتر بکەن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە