رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی گرتنەوەی ئاو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەڵێت، "پەیوەندیی سیاسیی باش و بەردەوام رەنگدانەوەی بەسەر ئەم ئاڵنگارییانە دەبێت و رێگری لە کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات. بۆیە گرنگە پەیوەندیی سیاسی و هاوئاهەنگیی نێوان وڵاتان بەشێوەیەکی دروست هەبێت".
ساموێڵ وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەشداری لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای لە شەرم شێخ، میسر کردووە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شاهۆ ئەمین، پێشکێشکاری رووداو رایگەیاند، "گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێوەیە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا دەکات، لایەنەکان پابەندی کردەیی بنەما سەرەکییەکانی بن، نەک تەنیا گوتار و درووشم بەرزبکەنەوە."
عێراق پێنجەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان کە کاریگەریی زۆری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، جگە لەوەی لەڕووی ئەمنی و سیاسیشەوە وڵاتەکە ناسەقامگیرە، ئەوانەش کێشەیان بۆ پرۆسەی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دروستکردووە.
لەو بارەوە ساموێڵ وێربێرگ دەڵێت، ئەمریکا گەیشتووەتە "ئەو باوەڕەی کە دەبێ سەرباری هەموو ئاڵنگارییەکان کار بۆ ئەم کەیسە دژوارە بکرێت و لە ئێستاوە کاری بۆ بکرێت باشترە لەوەی سبەی نەتوانین دەستی بۆ ببەین و دواخستنی کارکردن لەسەر ئەم بابەتە هەڵەیە".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: واشنتن سەرکردایەتیی هەوڵە جیهانییەکان دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، ئێوە چاوەڕێی چی لەم کۆنفرانسە دەکەن و هیوای چ ئەنجامێکتان پێی هەیە؟
ساموێڵ: ئێوارەتان باش، سوپاس بۆ رووداو میوانداریتان کردووم. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لێرە لە شەرەم شێخی میسر لەم کۆنگرەیەدا، کۆنگرەی 27 چەند کارێکی لەپێشینەی هەیە. لە راستیدا کۆنگرەی 27 یەکێکە لە کۆنگرە زۆر گرنگەکان. گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێوەیە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێیوایە کاتی هاتووە لایەنەکان پابەندی کردەیی بنەما سەرەکییەکانی بن، نەک تەنیا گوتار و درووشم بەرز بکرێتەوە. بۆیە کاری لەپێشینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کارکردنە بۆ ئەوەی هەموو لایەنێک پابەند بن و ئەرکی سەرشانیان بەجێ بگەیێنن بەمەبەستی بەرگرتن لە قەتیسبوونی گەرما و بەرزبوونەوەی بە رێژەی 1.5 پلەی سەدی پێش 2030. لەم چوارچێوەیەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا چەندین دەستکەوتی گەورەی هەبوو بۆ ئەوەی جیهان بگاتە ئەنجامێک، بەڵام ئەمە بەس نییە، پێویست هەوڵەکان چڕتربکەینەوە. یەکێک لە ئەرکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بریتییە لە پارەدارکردنی ئەم بوارە. ئێمە وەک وڵاتێکی زلهێز و وڵاتە گەورەکانی دیکەی وەک چین، هیندستان و رووسیا دەبێ ئەوانیش بەهەمان شێوە لەم بوارە رۆڵ بگێڕین و تاوتوێی ئەو بابەتە بکەین کە چۆن بتوانین فەندی وڵاتە دواکەوتووەکان بکەین، بەتایبەتی لە کیشوەری ئەفریقیا و ناوچەکانی دیکەش. کەواتە ئەم هەموو کارە لەپێشینانەمان هەیە و چاومان لە گفتوگۆیەکی رژد و باش هەیە لێرە لە شەرەم شەیخی میسر لە چوارچێوەی کارەکانمان لەم کۆنگرەیەدا.
رووداو: واشنتن لەو هاوئاهەنگییە رازییە کە لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا؟
ساموێڵ: بەڵێ، هاوئاهەنگیی باش لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی ئەم ناوچەیە هەیە. ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە دۆخێکی سەختدا دەگوزەرێن و لەژێر کاریگەریی نەرێنیدان لە بواری گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی و لافاوەکان. بینیمان لافاوەکان چەند کاریگەریی خستبووە سەر پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەهەمان شێوە بینیمان وشکەساڵی چۆن کاریگەریی خۆی خستووەتە سەر عێراق و چەند وڵاتێکی دیکەشەوە. بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم هاوئاهەنگییانەدا بەردەوامە. هەندێک بەرنامەی تایبەتمان هەیە لەبارەی پارەدارکردنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ تەکنۆلۆژیا و تەکنیکی سەردەم رۆڵی تایبەتی خۆی بگێڕێت. پێشتر لە کۆنگرەی 26 لە گلاسکۆ، لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا لەپێناو دەستپێشخەرییەکی نوێ بەناوی سانتیاگۆ نێتوۆرگ هاوئاهەنگیمان کرد. ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە هاوکاریی وڵاتە پێشکەوتووەکان و دواکەوتووەکانیش دەکات پشت بە تەکنەلۆژیا و تەکنیکی نوێ و سەردەم ببەستن. ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن ئێمەوە دەستیپێکرد بۆ وڵاتانی دیکە بەمەبەستی سوودوەرگرتن و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیکەوە و بەچڕی لەگەڵ وڵاتانی ئەم ناوچەیە کاردەکات.
رووداو: عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە گرفتاری وشکەساڵی و کاریگەریی زۆر خراپی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە، ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژیدا لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا لەگەڵ عێراق کار بکات، تائێستا یارمەتییەکانتان چی بوون بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان؟
ساموێڵ: بەڵێ، لەماوەی چەند ساڵێکدا، دەتوانم بڵێم نزیکەی 20 ساڵە لە رێگەی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکیی USAID و چەند رێکخراوێکی دیکەی ناحکومییەوە بۆ ئەوەی هاوکاریی دارایی و تەکنەلۆژیا و تەکنیکی نوێ لەبارەی وشکەساڵی و رێژەی ئاوەکان و کشتوکاڵ پێشکێشی عێراق بکەین. بەڵام لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە کە بریتییە لەوەی ئەم وڵاتانە چۆن سوود لە سەرچاوەکانی ئاو وەربگرن؟ ئێمەش دەزانین کێشەی وشکەساڵی تەنیا لە عێراق بەدی ناکرێت، بەڵکو لە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقیا هەر لە ناکۆکی و ململانێی نێوان سوودان و ئەسیوبیا و میسر لەبارەی سەرچاوەکانی ئاوی نیل تا دەگاتە ناکۆکی و کێشەکانی رابردووی نێوان عێراق و چەند وڵاتێکی دیکەی دراوسێ لەبارەی سەرچاوەکانی ئاوی دیجلە و فورات. هەر بۆیە جەختم لەسەر هاوکاریی و هاوئاهەنگیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوڕێ و دۆستانمان لە عێراق و ئەم وڵاتانەدا کردەوە. عێراقییەکان بەگشتیی پشت بە سەرچاوەی ئاوی ئەم دوو رووبارە دەکەن.
رووداو: عێراق پێنجەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان کە کاریگەریی زۆری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، جگە لەوەی لەڕووی ئەمنی و سیاسیشەوە وڵاتەکە ناسەقامگیرە، پێتوایە حکومەتی عێراق دەتوانێ لەم دۆخەدا رووبەڕووی ئەم قەیرانە ببێتەوە؟ بەبۆچوونی ئێوە حکومەتی نوێی بەغدا دەبێ چی بکات؟
ساموێڵ: بەڵێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا درک بەمە دەکات، بۆیە هەندێکجار رووبەڕووی سەختی و دژواریی زۆر دەبێتەوە و ئاڵنگاری رووبەڕوو دەبێتەوە بەتایبەتی لەبارەی پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە نالەبارەدا. پێشتر پێمانوابوو گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی زۆر دوورە و لە داهاتوویەکی دووردا ئەم کارە دەکرێت، دواتر بۆمان دەرکەوت کە دەبێ لە رێگەی زۆر کارکردنەوە بەر لەم دۆخە بگرین. پێشتر ئێوە لە عێراق ئاڵنگاریی زۆرتان هەبوو، وەک شەڕی داعش و پێکهێنانی حکومەت بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتە ئەو باوەڕەی کە دەبێ سەرباری هەموو ئاڵنگارییەکان کار بۆ ئەم کەیسە دژوارە بکرێت و لە ئێستاوە کاری بۆ بکرێت باشترە لەوەی سبەی نەتوانین دەستی بۆ ببەین و دواخستنی کارکردن لەسەر ئەم بابەتە هەڵەیە. ئیدی جیهان گەیشتووەتە ئاستێک رۆژانە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بە زەقی دەبینرێن و هەستیان پێ دەکرێت. لە هەموو شوێنێک ئاگرکەوتنەوە و لافاو دەبینرێت. دووپاتی دەکەمەوە، پێویستە زۆر بە رژدی کار بۆ ئەم دۆخە بکەین. پێویستە ئێمە و حکومەتی نوێی عێراقیش پێکەوە لە یەک کاتدا بۆ ئەم کەیسە کاربکات نەک پشتگوێی بخات بەبێ گوێدانە بەر ئاڵنگارییە سیاسی و جیۆسیاسییەکان و بابەتی دیکەی پەیوەندیدار بە گۆڕانی کەشوهەوا.
رووداو: ئاو یەکێک لە گرفتە گەورەکانی عێراقە، بەدڵنیاییەوە تۆش ئاگاداری لە تورکیا و ئێرانەوە ئاوێکی زۆر لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان گیراوەتەوە، رۆڵی ئەمریکا چییە لە هەوڵەکانیدا بۆ چارەسەری کێشەی ئاو لەنێوان عێراق و دراوسێکانیدا؟
ساموێڵ: بەڵێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هەمان کێشەی ئاوی لە رووبارە هاوبەشەکانی نێوانمان لەگەڵ کەنەدا و مەکسیک هەیە و لەم سۆنگەیەوە درک بەم ئاڵنگارییانە دەکەین و دەزانین لە هەموو جیهان هەمان ئاڵنگاریی لە ئاوی رووبارە هاوبەشەکان لەنێوان دوو وڵات و چەند وڵاتی دیکە بەدی دەکرێت. ئێمە ئەزموونمان هەیە، تەکنەلۆژیا و تەکنیکی تایبەتمان هەیە، یاسا و رێسای پەیوەندیدارمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵنگارییەکانی تایبەت بە ئاوە هاوبەشەکان. بۆیە دەکرێ لە چوارچێوەی هەمان ئەزموون و رێگەچارە گونجاوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بگیرێتەبەر. بەڵام پرسیار لەوەدایە، ئاخۆ ویستی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتانە هەیە؟ ئایا عێراق تا چەند ئامادەیە لەم پرسە کار بکات و هاوبەشی ئەزموون و تەکنەلۆژیا بەرکارەکانی ئەم بوارە بکات بۆ ئەوەی کێشەی ئاو لەگەڵ ئەم وڵاتانە چارەسەر بکات.
رووداو: تۆ پێتوایە پەیوەندییەکی باشی سیاسی دەتوانێ بەشێکی زۆر لەو کێشەیە لەگەڵ ئێران و تورکیا چارەسەر بکات؟
ساموێڵ: بەدڵنیاییەوە پەیوەندیی سیاسیی باش و بەردەوام رەنگدانەوەی بەسەر ئەم ئاڵنگارییانە دەبێت و رێگری لە کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات. بۆیە گرنگە پەیوەندیی سیاسی و هاوئاهەنگیی نێوان وڵاتان بەشێوەیەکی دروست هەبێت، چونکە کێشەکە تەنیا ئەم چەند وڵاتە ناگرێتەوە، بەڵکو کاریگەریی بەسەر تەواوی مرۆڤایەتییەوە هەیە. کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، رەنگدانەوەی خراپی بەسەر ئاو و سەرچاوەکانی ئاویش دروست دەکات. هەرچەندە پەیوەندیی سیاسیی باش و خراپیشمان لەگەڵ یەکدی و لەنێوان وڵاتەکانیشدا هەبێت، زۆر گرنگە لە ئێستاوە کار بۆ ئەم ئاڵنگارییە زۆر گەورەیە بکەین کە کاریگەریی بەسەر تەواوی مرۆڤایەتییەوە هەیە و ئاراستەیەکی بۆ دیاری بکەین لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سەر گۆڕانی کەشوهەوا.
رووداو: ئەمریکا لە کاری وڵاتەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس رازییە؟
ساموێڵ: وەک دەزانن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەگشتی و ئیدارەی بایدن لە یەکەم رۆژی دەسەڵاتیدا دووبارە بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە رێککەوتننامەی پاریس. پێمانوایە ئەمە بابەتێکی سەروەرییە، بۆیە گرنگە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگەڕێتەوە نێو ئەم گۆڕەپانە و بەهێزەوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریی گۆڕانی کەشوهەوا بەشداربێت. بۆیە ئێمە پێشوازیی لە هەموو دەستپێشخەرییەکی وڵاتان و پابەندییەکانیان دەکەین و ئەم هەفتەیە لە کۆنگرەی شەرەم شێخ پێداگری لە جێبەجێکردنی پابەندیی وڵاتان بۆ ئەم رێککەوتنە دەکەینەوە، هەر لە رێککەوتنی پاریس و رێککەوتنەکانی دیکەش کە پەیوەندییان بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە.
رووداو: شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا لە زۆر بواردا کاریگەریی خراپی لەسەر جیهان داناوە، بەڵام چ کاریگەرییەکی لەسەر هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا هەبووە؟
ساموێڵ: ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە، کاریگەریی ئەم جەنگە دڕندەیەمان بینی کە سەرۆک پووتین و حکومەتی رووسیا لە دژی گەلی ئۆکراینا سەپاندوویەتی. بەداخەوە پووتین و رووسیا بەردەوامن لە هێرش و جەنگەکانیان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناچارە بە پێدانی هاوکاریی بەرگریی لەخۆکردن لە چەک و پاڵپشتیی لۆجیستی و ئابووریی و مرۆیی بۆ حکومەت و گەلی ئۆکراینا. دەبێ ئەوەش بزانن، ئەم جەنگە دڕندەیەی رووسیا لە دژی ئۆکراینا کردوویەتی، کاریگەریی زۆر مەترسیداری کردە سەر گۆڕانی کەشوهەوا، ئاسایشی خۆراک، وزە و ئاڵنگاریی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ