رووداو - تەندروستی
لە هەڤپەیڤینێکدا جێگری نوێنەری UNFPA لە عێراق باسی پلانی خێزانی دەکات و دەڵێت: پلانی خێزانی پێویستییەکی تەواوە بۆ هەر خێزانێک و پێویستە هاوژینان زانیارییان لەسەر پلانی خێزانی هەبێت.
گاریک هایراپێتیان، جێگری نوێنەری UNFPA لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی رووداودا ئاشكرای دەکات، لە عێراقدا بەکارهێنەرانی رێگەکانی رێگری لە دووگیانبوون زیادبووە و کاردەکەن بۆ ئاسانکردنی دەستڕاگەیشتن بە مەرجەکانی پلانی خێزانی.
گاریک هایراپێتیان گوتی، لە جیهاندا ئاستەنگی زۆر لەبەردەم پەیڕەوکردنی پلانی خێزانی هەن و هەڵە تێگەیشتنی زۆر لەبارەی پلانی خێزانییەوە هەن، بەجۆرێک لای خەڵک وایە کە ''پلانی خێزانی دژی زیادبوونی ژمارەی منداڵ و وەچەخستنەوەیە''، بەڵام بە پێچەوانەوە بە پەیڕەوکردنی پلانی خێزانی تەندروستیی دایک و کۆرپەلە دەپارێزرێت.
ئەو نوێنەرەی UNFPA گوتیشی، ''بە پەیڕەوکردنی پلانی خێزانی منداڵی تەندروست لەدایک دەبێت، چونکە پلانی خێزانی کار لەسەر تەندروستیی خانمانی دووگیان و کۆرپەلەکانیان دەکات''.
لەبارەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە تەمەنی خوار 18 ساڵییەوە گاریک دەڵێت: هاوسەرگیریی پێشوەختە تەندروستیی خانمان دەخاتە مەترسییەوە و دووگیانبوون لە خوار 18 ساڵییەوە، ئەگەری گیانلەدەستدانی خانمەکە زیاددەکات.
تەنانەت لەو بارەیەوە روونی دەکاتەوە، زیادبوونی هاوسەرگیریی پێشوەختە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئابووری وڵاتیش دروستدەکات و کچانی پێش 18 ساڵان زانیارییان بۆ پەروەردەکردنی منداڵ کەمە.
رێکخراوی سندووقی دانیشتووانی نەتەوەیەکگرتووەکان UNFPA تایبەتە بە باشترکردنی تەندروستیی زاوزێ و زۆربوونی دانیشتووان و باشترکردنی تەندروستیی دایکان لە سەرانسەری جیهان، رێکخراوەکە لە ساڵی 2008 پرۆگرامەکانی لە عێراق دەستپێکرد و لە ساڵی 2011 یەکەم بارەگای خۆی لە عێراق کردەوە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جێگری نوێنەری رێکخراوی سندووقی دانیشتووانی نەتەوەیەکگرتووەکان UNFPA لە عێراق؛
رووداو: بەڕێز گاریک زۆر سوپاس بۆ بەخشینی کاتت بە ئێمە، دەمەوێت لە پلانی خێزانییەوە دەستپێبکەم، دەتوانیت کەمێکمان لەبارەی پلانی خێزانییەوە بۆ باسبکەیت و مەبەستەکانی چین؟
گاریک هایراپێتیان: پرسیارێکی باشە، سەرەتا سوپاس بۆ ئەوەی من لە بەرنامەکەتدا بەشدارم، پلانی خێزانی لە بنەڕەتدا ئامرازێکە کە یارمەتی خێزانەکان دەدات بۆ پلاندانان بۆ خێزانەکە، پلانەکە لەسەر ئەوەیە کە دەیانەوێت چەند منداڵیان دەوێ لە کاتێکی دیاریکراودا کە دەیانەوێت ئەو منداڵانەیان هەبێت و ئەو ئامرازانە چین کە دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ ئەوەی بەپێی ئەوانە پلان دابنێن.
رووداو: لە عێراق و هەرێمی کوردستان تائێستا ئێمە کێشەی هۆشیارییمان هەیە لەبارەی پلانی خێزانییەوە، پلان و چالاکیی ئێوە چییە وەکو UNFPA بۆ زیادکردنی ئاستی هۆشیاری لەنێو خانمان بۆ پلانی خێزانی؟
گاریک هایراپێتیان: راستە، پێش ئەوەی راستەوخۆ بچمە سەر پرسیارەکەت، با وەڵام بدەمەوە بۆ ئەوەی دیدگەی جیهانیی زیاترتان پێبڵێم، پلانی خێزانی پێی دەگوترێت پێویستییەکی تەواو، کاتێک خێزانەکان یان خانمەکان دەیانەوێت پلانی خێزانی یان رێگری لە دووگیانبوون بەکاربهێنن و دەستڕاگەیشتنیان بۆ خزمەتگوزارییەکانی پلانی خێزانی نییە لە هەموو جیهاندا بەدی دەکرێت، لە هەندێک وڵات زیاتر و لە هەندێک وڵات کەمتر. بەڵام هەواڵە خۆشەکە سەبارەت بە عێراق و بە کوردستانیش ئەوەیە؛ لە نێوان دوو راپرسی کە UNFPA کردوویەتی، ئەنجامەکەی دەریدەخات کە لە راستیدا بەکارهێنانی رێگە نوێیەکانی رێگری لە دووگیانبوون لە کۆمەڵگەی عێراقدا زیادبووە. ئێمە وەکو UNFPA هەوڵدەدەین قسە لەگەڵ هەردوو لایەن؛ لایەنی داواکاری و لایەنی دابینکردن بکەین. هەروەها ئێمە لە شوێنە مرۆییەکان کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە خانمان لە شوێنە مرۆییەکاندا زۆرترین ئاسانکارییان بۆ بکرێت تاوەکو دەستیان بە پلانی خێزانی و ئامرازەکانی پلانی خێزانی و زانیاریی پلاندانانی خێزان بکات.
رووداو: ئەوەی تێبینیتان کردووە، بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پلانی خێزانی لەلایەن تاکەوە لە هەرێمی کوردستان و عێراق چین؟
گاریک هایراپێتیان: بەربەستی پێکهاتەیی و بەربەستی کولتووری هەیە، بەربەستی پێکهاتەیی دامەزراندنی پێکهاتەی بژاردەکانە بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە شێوازەکانی پلاندانانی خێزانی لە کاتی خۆیاندا دابینکراون و بە نرخێکی گونجاو بەردەستن، لە کاتێکدا لایەنەکەی دیکە کە دێتە سەر پرسە کولتوورییەکان، تێڕوانین و بەربەستەکان زیاددەبن، چونکە پلانی خێزانی بەجۆرێک گەیشتووە کە پەیوەندی بە کەمکردنەوەی توانای منداڵبوون و کەمکردنەوەی ژمارەی منداڵانەوە هەیە، بۆیە گرنگە کە تێبگەین؛ پلانی خێزانی پەیوەندی بە کەمکردنەوەی ژمارەی منداڵانەوە نییە لە خێزاندا، بەڵکو پەیوەندیی بە هەبوونی منداڵی تەندروست و دایکی تەندروستتر هەیە لە خێزان. وەکو گوتم، ئێمە کاری زۆر لەگەڵ سەرکردەکانی کۆمەڵگە و خێزانەکان دەکەین بۆ ئەمە، هەروەها ئێمە بۆ ئەوە هانی پیاوەکانیش دەدەین، چونکە پیاوان زۆرجار بڕیاردەرن لەسەر ئەوەی چەند منداڵیان هەبێت.
رووداو: با لەسەر هاوسەرگیریی پێشوەختە قسەبکەین کە تائێستاش کێشەیەکی جیدییە لە عێراق، بە گوێرەی هەندێک ئامار کە خوێندوومەتەوە، ئێستا 28٪ـی کچانی عێراق پێش تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیرییان کردووە و 7٪ـیش پێش تەمەنی 15 ساڵی هاوسەرگیریان کردووە، ئێوە چی دەڵێن لەسەر ئەمە و چی دەکەن؟
گاریک هایراپێتیان: باشە، ئەوە ئاشکرایە کە ئەمە لە نەریت و مێژوویەکی دوور و درێژەوە هاتووە، تەنیا ئەم کۆمەڵگەیەش نییە، چونکە هاوسەرگیریی پێشوەختە پرسێکە نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو تایبەتە بە بەشێکی جیهان کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. چەندین کاریگەری هەیە لەسەر ئەوە، یەکەم کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەندروستیی کچە گەنجەکان هەیە کە دەبنە دایکێکی گەنج، هەموو راپرسییەکانی جیهان دەریدەخەن کە کاتێک کچانی خوار 18 ساڵان دووگیان دەبن، ئەگەری گیانلەدەستدانی دایکەکە و منداڵەکەش بەرزدەبێتەوە کە کاریگەری لەسەر سیستمی تەندروستی و کاریگەرییە ئابوورییەکانیش دەکات بەهۆی خەرجکردن لە سیستمی تەندروستیدا. ئێمە راپرسییەکی دیکەمان کرد لێرە لە عێراق و کوردستان دەربارەی کاریگەریی هاوسەرگیریی پێشوەختە بۆ ئەوانەی وازیان لە خوێندن هێناوە، دەرکەوت؛ پەیوەندیی نێوان هاوسەرگیری پێشوەختە و رێژەی وازهێنانی کچان لە قوتابخانەکان نزیکەی 60٪ بوو، ئەمەش واتە کچان لە ژیانیاندا پەروەردەیەکی پێویستیان نییە. لەئەنجامیشدا؛ یەکەمیان ناتوانن بە باشی چاودێریی منداڵەکانیان بکەن، چونکە نازانن چۆن گرنگی بە منداڵەکانیان بدەن. دووەمیان لە هێزی کار دەرچوون و ناتوانن بەشداریی گەشەپێدانی ئابووری بکەن و منداڵ و خێزانەکەیان بەڕێوەببەن، سێیەم کێشەی تەندروستییان هەیە و دەبنە بارگرانی لەسەر کۆمەڵگە و لەسەر سیستمی کۆمەڵایەتی، کاریگەریی زۆر زیاتریش هەیە کە لێکەوتی نەرێنیی هاوسەرگیری پێشوەختە لەسەر کچان، منداڵ و خێزانەکانیان و لە ئەنجامیشدا بۆ هەموو کۆمەڵگە دەردەخات.
رووداو: زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ